زەوی بێ نیشتیمان و نیشتیمانی بێ زەوی
Thursday, 25/11/2021, 8:03
ووشک بوونی وەلای نیشتیمانی لای تاکەکانی کۆمەڵ پەل دەهاوێژێ بۆ لامبالات وگوێ پێ نەدانی نیشتیمانی، ئەوکاتانەیە دەردی کورد ووتەنی تاکەکانی کۆمەڵ دەسیان بەرداوە و یان دەلێ:دەسیان لە هەموو شتێک شۆردوە ویان : بەتەمای هیچ نەماون
هەر ئەمەش دیسان پەل دەکێشێ بۆ نەمانی وەلای حیزبی تەنانەت لای ئەتوانم بڵێم ٨٥-٩٠% ئەندام و لایەنگرەکانی حیزبی حوکمڕانیش ،چونکە ئەوانش حاڵی بوون ئیتر دەسەلات و حوکم ڕانی ولاتەکەی هێز وتوانای لەبن نەهاتووی خەڵک نایبات بەڕێوە ، بەڵکو ئەوەی ئەیانبات بەڕێوە دوو هێزی سەرەکیە بریتین لە
- هێزی دەرەوە : هێزە ئابووریە زەبەلاحەکەی، کە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کە بەهۆی ڕێکەوتنەکانیان لە پشت پەردەی شانۆگەری حوکم ڕانی ، ڕاوەستاوی کردووە .
- هێزی دووەمی هێزی ناخۆیە :
بریتیە لەو هێزەی ئیدارەی ترساندن چاوسوورکردنەوەی ناوخۆ دەبات بەڕێوە ، هەر ئەم دوو هێزەیە دەسەڵات و حوکم ڕانی دەبەن بەڕێوە .
لەم جۆرە سیستەمە ، حیزب زیاتر ڕۆڵی کۆمپانیای گەورە وزەبەلاح دەبینێ ، بەو مانایەی تا سەرمایەی زیاتر بێت جێگە وپێگەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی قایمتر دەبێت و هەکاتێکش حیزب لە ڕووی ئابووریەوە ئیفلاسی هێنا ئەوا خۆی بێ چەندوچون وبێ ئازاردانی کەس وخۆ ناشرین کردن گۆڕەپانی حوکم ڕانی جێ دێڵێ بۆ حیزبێکی تر کە بانقی مێزەکەی لێدا وبردیەوە .
هەر ئەمەشە وا دەکات حیزب لەو شوێنانە و لەسایەی ئەو جۆرە سیستەمانە، منەتی بە خەڵک نەمێنێ ، لە خەڵکش قەبوڵ نەکات لەنجەی تاوسانەی بەسەردا بکات و بڵێ من تۆم گەیاندە دەسەڵات و دەشتوانم لەدەسەڵات لاتبەم ئەو کاتانەی خزمەتی جوان بە خەڵکی برسی و ڕەش وڕووتەکانی ووڵاتەکەم نەکەیت .
بە کوردیەکەی لەو جۆرە لە سیستەمی حوکمڕانی حیزب منەتی بە شەقام نامێنێ وپارەی خۆی دەدات وقنج هەڵدەپەڕێ ..
هەرئەمەش وا لە تاکی کۆمەڵ دەکات شتێک لە زهنیا نەمێنێ بە ناوی نیشتمان ، چونکە لە زهنی ئەودا نیشتمان بۆتە زەویەکی بەپیت و بەرەکەتی وەبەرهێنان بۆ سەرمایەدار وخاوەن حیزبە وەبەرهێنەرەکان .
لەو شوێنانە جگە لە سەرمایەدارەکان خەڵکەکەی تر ڕەنگی پێستیان هەرچۆنێک بێت و زمانیان هەرزمانێ بێت( بەو مانایەی بێگانە بێت یان خەڵکی ڕەسەنی شوێنەکە)، ڕێژە وژمارەیان هەرچەند بێت ، جگە لە کرێکار وبەکاربەر(مستهلک، واتە کڕیاری شت ومەکی بازاڕی سەرمایەدارەکان) لەو ووڵاتە، هیچی تر نین.
ئەگەر بڕوانین لە هەموو ئەو ووڵاتانەی خەڵک لێی کۆچ دەکەن و سەر خۆیان هەڵدەگرن ودەڕۆن بەرەو شوێنی ئارام ، ئەگەر لێکۆڵینەوە بکرێ زۆربەیان لەبەر بێ کاسبی و برسێتی و هەژاری نیە دەڕۆن بەڵکو لەبەر هەست کردن بە بێ نیشتیمانیە دەڕۆن، ئەو دەمارە دەزوەلەییەی ناو مێشکی مرۆڤ کە دەیبەستێتەوە بە نیشتمان ، قرتێندراوە( ئەکرێ چاک بکرێتەوە) ، دەڕۆن بە دوای نیشتیمانێک دەگەڕێن تیایدا ئارام ببنەوە ووەک مرۆڤ ڕێزیان لێبگیرێ ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست