**ئاسمانی چی**
Saturday, 29/01/2011, 12:00
قرچەی دڵی سەرپۆش ڕەشی
ژێر دار تووەكەی گردی سەیوان
گەی یە ئاسمان
ھەنسكی خنكاوی سینەی
مناڵی بەر دەرگاو كۆڵان
ئاوێتەی فرمێسك و
چڵمی سەر لێوان
گەی یە ئاسمان
نیگای چاوەڕوانی ڕیش سپی یەكەی
پڕ تاسە و ڕامان
سەر جێگا و دەرمان
گەی یە ئاسمان
نیگاری پێست و ئێسكی ھەژارانی
بێ دەرەتان
بێ ماف و ژیان
گەی یە ئاسمان
ئاسمانی چی ؟
نە بای دیوە و نە باران
نە ھی منە ،نە ھی ئەوان
بێ ھەستێكی بێ ویژدان
بۆتە ھاوڕێ ی درۆ و گیرفان
تەریبێكی دەستباڵایە و
بۆتە گۆچانی بەر پرسان
من ئەبێ لێ ی بێ خەبەر بم
یا ئەو لە ئەسڵا نەبووە لە ژیان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست