چاوپێكه‌وتنی خالید محه‌مه‌دزاده له‌گه‌ڵ دانیال میتیران دانیال: جیهان ئاگاداری خه‌باتی كورده‌كانه
Thursday, 03/08/2006, 12:00
[دیمانه له‌گه‌ڵ دانیال میتران]هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو سه‌رده‌می چه‌وسانه‌وه و نه‌هامه‌تییه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی كورده. له‌م ده‌ورانه‌دا به پێچه‌وانه‌ی ئێستا كه كێشه‌ی كورد به ڕێژه نێونه‌ته‌وه‌یی بووه و له كۆشكی سپی و باكینگهام فه‌رشی سوور له‌ژێر پێی ڕێبه‌رانی كورد ڕاده‌خرێ، هاواری مه‌زڵومییه‌تی گه‌لی كورد له هیچ شوێنێكی ئه‌م جیهانه نه‌ده‌بیسترا، ڕێك له‌م زه‌مانه تاریكه‌دا و له بێده‌نگی ڕۆژاوا و ڕۆژهه‌ڵات ته‌نیا ده‌نگی زوڵاڵی خاتوو دانیه‌ل میتران و بونیادی فرانس لیبرتێ بوو كه هاواری لایه‌نگری له گه‌لی كوردی به‌رزكردبۆوه و به قسه و به كرده‌وه هه‌نگاوی هه‌ڵده‌هێنا. به‌ڵام ئه‌مڕۆ له سه‌رده‌می به‌جیهانیبووندا ئه‌م ده‌نگه ناسراوه به شێوه‌یه‌كی هه‌ستپێكراو بێده‌نگه. ڕه‌نگه دوایین هه‌ڵوێستگرتنی خاتوو دانیه‌ل میتران له‌مه‌ڕ كێشه‌ی كورد نامه به ناوبانگه‌كه‌ی بۆ ڕێبه‌رانی كوردی عێراق به‌ر له هێرشی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئه‌م وه‌ڵاته و ڕه‌خنه‌ی له هاوپه‌یمانه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م وه‌ڵاته‌دا بێ. له‌م دیمانه‌یه‌دا تێكۆشاوم چه‌ند پرسیارێكی تایبه‌ت به پرسی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌م خاتوونه به‌ڕێزه بهێنمهگۆڕێ.
ئه‌وه كه تۆ هاوسه‌ری فرانسوا میتران بووی، چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ڕوانینی تۆ له دنیا و له سیاسه‌ت هه‌بووه؟- فرانسوا میتران تێڕوانینێكی ورد و واقعبینانه‌ی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هه‌بوو. فرانسوا میتران ئه‌و ئاره‌زووه‌ی له مندا پێكهێنا كه بمه‌وێ له‌و ڕووداوانه ئاگادار بم كه له دنیادا ڕووده‌ده‌ن و له بنج و بناوانی شته‌كان بكۆڵمه‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه ئه‌منی هێنایه سه‌ر ئه‌وه‌ی به نۆره‌ی خۆم له به‌رامبه‌ر ناعه‌داڵه‌تییه‌كان و پێشێلكردنی مافی مرۆڤدا هه‌ڵوێست بگرم. كاتێكیش فرانسوا بوو به سه‌رۆككۆماری فه‌رانسه، بیر و هه‌ڵوێستی من هیچ گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هات. ئێلیزه (كۆشكی سه‌رۆككۆماری فه‌رانسه) بۆ من له ده‌فته‌رێك زیاتر نه‌بوو كه توانیم تێیدا كار بكه‌م، به‌و جیاوازییه‌وه كه سكرتاریایهكی به‌رین و لێهاتوویشم له‌به‌رده‌ستدا بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌من هه‌موو ڕۆژێ شایه‌تی و ڕاپۆرته جۆربهجۆرهكانم له بواری مافی مرۆڤدا پێده‌گه‌یشتن و به‌م جۆره درێژه‌م به زانیاری كۆكردنه‌وه دا. ئه‌من هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی پێكهێنانی كۆمه‌ڵه‌ی جۆربه‌جۆری مرۆڤدۆستی كه بۆخۆم سه‌رۆكیان بووم توانیم له بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییه‌كاندا نه‌خشم هه‌بێ و به جۆرێك ببم به قسه‌كه‌ری كه‌سانێك كه ده‌نگیان وه هیچ جێیه‌ك ڕانه‌ده‌گه‌یشت.
كه‌نگێ و به چ بۆنه‌یه‌ك بۆ یه‌كه‌م جار وشه‌ی "كوردستان"ت بیست؟- ئه‌من خوێندنی كلاسیكم له بواری مێژوو و جوغرافیادا بووه و له‌و ڕێگایه‌وه بوو كه له بوونی كورده‌كان و له هێندێك شتی مێژووی وان ئاگادار بووم. به‌ڵام بۆ یه‌كه‌م جار له كاتی دادگاییكردنی مێهدی زانا، شارهرداری دیاربه‌كر، دا بوو كه بۆ پشتیوانیكردنی به‌كرده‌وه له كورده‌كان هاتمه مه‌یدان. مێهدی زانا ئه‌وده‌م به تاوانی ئه‌وه كه له‌گه‌ڵ شارۆمهندهكانی حه‌وزه‌ی خۆی به زمانی كوردی قسه‌ی كردبوو زیندانی كرابوو.
به بڕوای تۆ بۆچی كورده‌كان ئه‌وه‌نده تۆیان خۆشده‌وێ و ته‌نانه‌ت نازناوی "دایكی كوردان"یان پێداوی؟- ئه‌وه كه ئه‌وان به من ده‌ڵێن "دایكی كوردان" بۆ من به‌ڵگه‌ی دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستییه‌كه كه ئه‌وان بۆ منیان هه‌یه. هۆیه‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه كه ساڵه‌های ساڵ له سه‌رده‌مێكدا كه ته‌واوی دنیا چاره‌نووسی وانی پشتگوێخستبوو و سه‌رۆكه گه‌وره‌كانی دنیا له ئاست كاره‌ساتی وان‌دا كه‌ڕ بوون، ئه‌من ته‌نیا موخاتبی وان بووم و گوێم بۆ شل ده‌كردن. ئه‌وه‌ش كه من هاوسه‌ری سه‌رۆككۆماری فه‌رانسه بووم، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێدام كه له‌لای سه‌ركرده‌كانی جیهان مه‌سه‌له‌ی وان بێنمه گۆڕێ.
به بڕوای تۆ هه‌ڵه‌ی ڕێبه‌رانی كورد له چیدایه كه تا ئێستا خه‌باتی وان به ئامانجی یه‌كجاری نه‌گه‌یشتووه؟ له چیدا سه‌رزه‌نشیان ده‌كه‌ی؟- ئه‌من له وهزعییهتێكدا نیم كه خه‌ڵك سه‌رزه‌نش بكه‌م. مه‌ئموورییه‌تی بیناتی فرانس لبیرتهش ئه‌وه نییه كه قه‌زاوه‌ت له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك بكات. به‌ڵكو كاری ئه‌وه‌یه كه وهزعییهتهكان لێكبداته‌وه و بۆچوونێك بباته پێش و به گوێی دنیای بگه‌یه‌نێ. له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورده‌كانیشدا بۆوێنه ئێمه شه‌ڕی نێوان دوو پارتی سه‌ره‌كی له باشووری كوردستان‌مان له سه‌رده‌مێكدا كه بیروڕای گشتیی كورد خوازیاری ئاشتی بوو مه‌حكوم كرد.
پێوه‌ندیت له‌گه‌ڵ پارته سیاسییه كوردییه‌كان چۆنه؟ ئایا ڕێبه‌رانی كورد ئامۆژگارییه‌كانت وه‌به‌رچاو ده‌گرن؟- ئه‌من ئیددیعا ناكه‌م كه ڕاوێژكاری سیاسیی هیچ كه‌س و لایه‌نێك بم. هه‌روه‌ك پێشتر باسم كرد ته‌نیا ده‌توانم هه‌ست و بۆچوونی خۆمیان پێ ڕابگه‌یه‌نم. بۆوێنه ڕێبه‌رانی كورد چاك ده‌زانن كه بیروباوه‌ڕی دیموكراتیكی من له‌گه‌ڵ وه‌زعییه‌تی شه‌ڕی سیڤیلدا كه له سێبه‌ری داگیركرانی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه ساز بووه یه‌ك ناگرنه‌وه. هه‌رچه‌ند زۆر خۆشحاڵم له‌وه كه به خۆشییه‌وه تا ئێستا به‌شی ئۆتۆنۆمی كوردستان له ئه‌ماندا ماوه.
كام یه‌ك له ڕێبه‌رانی كوردت زیاتر به‌دڵ بووه؟(مادام میتران وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ناداته‌وه)ئایا پێتوایه كورده‌كان توانیویانه مه‌سه‌له‌ی خۆیان نێونه‌ته‌وه‌یی بكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر نا، پێتوایه ده‌بێ چی زیاتر بكه‌ن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته؟- به‌ڵێ مه‌سه‌له‌ی كورد به نێونه‌ته‌وه‌یی كراوه. ئه‌مڕۆ هه‌موو كه‌س له مه‌وجودیه‌ت و خه‌باتی كورده‌كان ئاگاداره. به‌تایبه‌تی له باشووری كوردستان بنیاتنانه‌وه‌ی وه‌ڵاته‌كه‌یان له‌پاش كارهساتگهلی وه‌ک ئه‌نفال و شه‌ڕی ئێران و عێراق و شه‌ڕی نێوخۆیی جێگای ئافه‌رینه. كوردستان سه‌رزه‌مینێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌تایبه‌تی له باری سه‌رچاوه‌كانی ئاوه‌وه و به‌بێ شك ته‌ماح و ڕكه‌به‌ری و ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌ملا و ئه‌ولا ڕاده‌کێشێ. گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌كانی ئاوی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له كوردستاندا هه‌ڵكه‌وتوون. له‌و باره‌وه ئه‌وه‌ی ئێستا زیاتر له هه‌موو شتێك مێشكم مه‌شغوڵ ده‌كا ریسكی ئه‌و مه‌ترسییانه‌یه كه له‌سه‌ر حه‌زی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی كوردستاندا ساز ده‌بن، چونكه هه‌ر ده‌وڵه‌تێك كۆنتڕۆڵی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌ده‌ستدا بێت و دیجله و فورات بكاته هی خۆی زۆر به‌هێز ده‌بێ.
بۆچی فه‌رانسه دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ هێرشی ئه‌مریكا بۆسه‌ر عیراق كرد و هه‌ڵوێستی خۆت له‌و باره‌وه چی بوو؟- ئه‌مه پرسیارێك نییه كه من بۆخۆم وه‌ڵامده‌ری بم. فرانس لیبرتێ ڕێكخراوێكی غه‌یره ده‌وڵه‌تییه و بۆی نییه به ناوی ده‌وڵه‌تی فه‌رانسه‌وه قسه بكات. ئه‌وه حكومه‌تی فه‌رانسه‌یه كه به‌رپرسیاری ئه‌و بڕیار و هه‌ڵوێستانه‌یه كه له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییدا هه‌ڵیانده‌بژێرێ. بۆچوونی خۆیشم وه‌ك شارۆمه‌ندێكی ئاشتیخواز دژایه‌تییه له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره شه‌ڕێك كه كوشتار و ماڵوێرانیی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی به‌دواوه بێت.
ئایا پێتوایه فه‌رانسه ئه‌ركی ئینسانیی خۆی ده‌رهه‌ق به كورده‌كان به‌جێگه‌یاندووه؟- هه‌ر كه بیروڕای گشتی له وه‌زعی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه ئاگادار بوو، فه‌رانسه بڕیاری دا به‌شێك له زیانپێگه‌یشتووه‌كان له‌سه‌ر خاكی خۆی په‌نا بدا. له كاتی كۆڕه‌وه‌كه‌ی ساڵی 1991دا ته‌واوی نهسلهكانی فه‌رانسه به‌پیل ئه‌و بانگه‌وازی یارمه‌تیدانه‌وه هاتن كه بۆ وان له فه‌رانسه وه‌ڕێخرا. فڕانس لیبرتێش به نۆره‌ی خۆی له بیناتنانه‌وه‌ی كوردستاندا نه‌خشی بووه چونكه 400 قوتابخانه‌ی لێ ساز كرد. به‌ڵام ئه‌و شتانه ڕێگه‌چاره‌ی سیاسی له درێژخایه‌ندا نین. سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تێكی به‌رپرسیار نابێ ئه‌وه بێ ئه‌مڕۆ به یارمه‌تی به دروستبوونی كاره‌ساتێك بدا و سبه‌ینێش بێت برینه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته پانسمان بكات.
به بڕوای تۆ ئه‌مریكاییه‌كان به‌ڕاستی دۆستی كوردن؟ له‌نێوان سیاسه‌تی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به كورد و سیاسه‌تی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به كورد كامه‌یانت پێ باشتره؟
(مادام میتران وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ناداته‌وه)به‌بڕوای تۆ به‌رپرسیارێتیی ئه‌وروپاییه‌كان ده‌رهه‌ق به كێشه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا چییه؟(مادام میتران وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ناداته‌وه)ئایا پشتیوانی له فكری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی ده‌كه‌ی؟- سه‌ره‌نجام چه‌مكی ده‌وڵه‌ت یا ناسیۆن زۆر گرینگ نین. ئه‌و ئه‌وروپایه‌ی نه‌سلی من خه‌ونی پێوه دیوه ئه‌وروپای گه‌لان بوو نه‌ك ئه‌وروپای ده‌وڵه‌تانی میلله‌تی كه هێشتا ده‌یبینین. بۆ ئه‌و ناوچه‌ی جیهانیش كه كوردی لێ ده‌ژی ئاره‌زووم ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ئیدیالهی ئێمه‌ی ئه‌وروپایی وه‌دیمان نه‌هێناوه ئه‌وان وه‌دیبێنن و ده‌وڵه‌ته‌كانیان ده‌وڵه‌تی میلله‌تی نه‌بن. به‌رهه‌می مێژوو وای كرد كه كوردستان به‌سه‌ر پێنج پارچه‌دا دابه‌ش بێ و ڕۆژئاواییه‌كانیش سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی و نفووزه ژیۆپۆلیتیكهكانی له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش بكه‌ن. دوای ئه‌مه كوردستان بارودۆخێكی ته‌واو ناپهیداری بووه و كورده‌كانیش ده‌ستیان داوه‌ته خه‌بات چونكه سروشتییه كه گه‌لێكی له‌تله‌تكراو و دابه‌شكراو ته‌نیا بیر له یه‌كگرتنه‌وه و وهسهریهككهوتنهوه ده‌كاته‌وه. به‌ڵام چ له ئێران، چ له عیراق، چ له توركیه یا سوریه جێگیر بوونی دیموكراسی ده‌توانێ هه‌ر كام له‌و وه‌ڵاتانه بكاته په‌ناگایه‌كی ئاشتی بۆ كورد و گه‌لانی دیكه‌یش؛ دیموكراسییه‌ك كه ڕێزگرتن له فه‌رهه‌نگ و مێژوو و باوه‌ڕی هه‌موو گه‌لانی پێكهێنه‌ری وڵاتی تێدا بێ، دیموكراسییه‌ك كه له‌ودا دین له ده‌وڵه‌ت جودا كرابێته‌وه و ئیمكاناتی وه‌ك یه‌ك بۆ هه‌موو لایه‌ك له بوارگه‌لی وه‌ك په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و گه‌شه‌كردن له نه‌زه‌ر بگیرێ. هه‌روه‌ك ده‌بینین كورده‌كان بۆخۆیشیان ئه‌مڕۆ داوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ناكه‌ن.
چیت هه‌یه به‌و حكومه‌تانه‌ی بڵێی كه هه‌روا مافی كورده‌كان پێشێل ده‌كه‌ن؟- ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه نییه كه ئه‌من به وانی ده‌ڵێم، گرینگ ئه‌وه‌یه كورده‌كان له‌پێشدا حسێب له‌سه‌ر خۆیان بكه‌ن و بزانن كه ده‌توانن به‌هێز بن. هیوادارم گه‌لی كورد وه‌ها خۆی ڕێكبخات كه بۆخۆی بتوانێ ده‌وڵه‌تانی حاكم ناچار بكا كه ڕێز له مافه‌كانی بگرن.
ماوه‌یه‌كه زۆر به كه‌می له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد قسه ده‌كه‌ی. بۆچی فرانس لیبرته ئه‌مڕۆ وه‌ك ڕابردوو له كوردستان چالاك نییه و مه‌ئموورییه‌تی ئێستای فرانس لیبرته چییه؟ئێمه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا به‌شی زۆری ئه‌ركی خۆمان به‌جێگه‌یاندووه كه بریتی بوو له‌وه‌ی كه له سه‌رده‌مێكدا كه جیهان حازر نه‌بوو دان به بوونی كورددا بنێ، ئێمه دۆزی كوردمان به دنیا ناساند. دیاره فرانس لیبرته ئێستایش خۆی له كورده‌كان به نزیك ده‌زانێ. به‌ڵام به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كیی بنیاتهكهمان ئه‌مڕۆ بۆ مه‌سه‌له‌ی ئاو ته‌رخان كراوه، واته مافی ده‌ستڕاگه‌یشتنی یه‌كسان و ئازادی مرۆڤه‌كان به ئاوی پاك. ئه‌مڕۆ من زۆرتری هه‌وڵی خۆم بۆ ئه‌وه ته‌رخان ده‌كه‌م كه سه‌رنجی دانیشتووانی سه‌رڕووی زه‌وی كه كورده‌كانیش ده‌گرێته‌وه بۆلای مه‌ترسیداربوونی كێشه‌ی ئاو بۆ داهاتووی مرۆڤایه‌تی ڕابكێشم. ئه‌گه‌ر كورده‌كان داوام لێ بكه‌ن حازرم پرۆژه‌ی هاوبه‌شیان له بواری چاككردنی باری ژینگه له‌ڕێگه‌ی ئاو چ له كوردستان و چ له سه‌رجه‌م ناوچه‌دا له‌گه‌ڵ وهرێبخهم. ئینسانه‌كان هه‌ژار یا ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌موو وه‌ك یه‌ك گیرۆده‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ن. ئاو پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كیی ژیانه و هه‌موو لایه‌ك ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه ڕوونه‌یان له‌بیر بێ و ئه‌مه ئه‌ركێكی سۆلیداریتهی مرۆڤایه‌تییه.
سازدانی دیمانه:خالید محه‌ممه‌دزاده
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست