بڕێك پارەو چەپكێك بەڵێن
Monday, 18/01/2010, 12:00
رەحمەت لە داپیرەم كە هەمیشە رەشپۆش بوو سەرەراى ئەوەش لە خۆشى و ناخۆشیدا فرمێسكى دەرشت ، كرمۆڵەى دابوو ، چاوەروانى ئەو خۆشەویستانەى بوو كە دواى سى ساڵ لە دابڕان چاوەڕێى گەڕانەوەیانى بوو ، تا ئێستا بۆنى مێخەك لە كەل و پەلەكانى دێت كە بەردەوام دەیشۆرى و، زۆریش ئاگرى دەخستە ژێر ئەو دەنكە ماشەى كە هەندێك پروزە گۆشتى تێكەڵ كردبوو و دواتر بە خێر دابەشى دەكرد ، دڵى زۆر پاك و ساكار بوو بەڵام هیچى لە ئابورى نەدەزانى و تەنیا لە ژێر قازانە ماشەكە نەبێت هەرگیز لە نێوان خەڵكى ئاگرى نەدەكردەوە .كەڵە پیاوى ئابوورى زان ، زاناى سیاسەتباز ، ئۆردوو ، بەرهەڵستكار ، خاوەن پرۆژە ، وەزیرى سێبەر ، وەزیرى ژێر تیشكى خۆر ، وەبەرهێن .. هێشتا لە شوێنى خۆمان چەقیوین وەكو دارى سنەوبەر ، ئاگریش بە دوامانەیەو ئاودامانى كراسەكەمانى خواردووە و بەرەو ئێسك و گۆشت بژێوى ژیانمان هەڵدەكشێت كەچى لەگەڵ هەر تەقینەوەیەكدا خاوەن قوربانییەكان بڕێك پارە و چەپكێ بەڵێنى بۆش و بەتاڵییان دەدرێتێ ، دەڵێن وڵاتى هوڵاند لانكەى گوڵەو ئەمریكاییەكانیش گەورەترین وڵاتى هاوردەى گوڵن ، كێ كەسێكم نیشان دەدات ، زۆر پێویستیم بە چەپكە گوڵێكە تا لەسەر گۆڕى داپیرەم دایبنێم ، داپیرەم مرد وهیچ جۆرە جلێكى سەربازى لەبەر نەكرد ، لە گۆڕێكى بە كۆمەڵیشدا نەنێژرا ، رەشپۆش بوو ، قەبرەكەى دەور دراوە بە قەبرى هەندێك مردووى نەناسراوو بزر بوو كە زۆربەیان هیچ ناووناونیشانێك لەسەر كێلى گۆڕەكەیان نەنوسراوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست