روخاندنى پرد و دروستكردنى دیوارى كۆنكریتى
Saturday, 16/01/2010, 12:00
نازانم گوێتان لەناوى (جان مارى مولەر) بووە؟
ئەو وەك خەباتكارێك خۆى دەناسێنێت ، بەڵام شێوازى خەباتى ئەو لەو جۆرە نیە كە ئێمەمانان پێى خۆشحاڵین، مولەر خەباتكارێكى دژە (تیرۆر)ە، ئەو بڕواى وایە كە دژایەتیكردنى تیرۆر هەقە و، لە ناهەقى نیە ، هەروەها لەو بڕوایەدایە كە راستیىو دژە تیرۆر رووى یەك ناوەڕۆكن، هەر هەقێكیش دەرەنجامى كوشتن بێ، جا هەر چییەك بێت ، ناهەقییە، ئەمانە چەند بیرۆكەیەكى مۆلەرن ، نەك ئایدلۆژیا ، چونكە ئەو قینى لەو زاراوەیەیە، (ئایدیۆلۆژیا) رەنگە ئەمەش لەبەر ئەوە بێ كە ئەمڕۆ زۆرێك لە ئایدیۆلۆژیاكان بوونەتە مایەى پڕكردنى جبەخانەكانى چەك، ئەم پیاوەش قێزى لە چەكو هەڵگرانى چەك دەبێتەوە.
ناوى ئەم پیاوە بە گوێمان نامۆیە، چونكە هەرگیز رۆژێك گوێمان لە ناوى خەباتكارێك نەبووە كە ڕقى لە چەك بێ، لەبەر ئەوەى خەباتكار لە زیهنى ئێمەدا بە سروشتو وەك چۆن حزبو حكومەتو كلتوورى دوورو نزیكمان فێریان كردووین یەك وێنەو روخساریان هەیە: دڵرەق، مۆنو رووگرژ كە هەردەم پەنجەكانى لەسەر پەلەپیتكەى تفەنگەكەیدایە.
خەباتكار لە عورفى ئێمەدا، بە زەرورەت پیاوكوژە، بەڵام نوێنەرایەتى راستیىو هەق دەكا، ئەو بە نوێنەرایەتى هەق، دژى ناهەقەییەك، پیاو دەكوژێ. كەچى مۆلەرو هاوڕێكانى، دەیانەوێ ئەم ئولگۆیە لە خەباتكار بگۆڕدرێت ، ئەوان پێیانوایە هەقو كوشتن لەهیچ خاڵێكدا یەكناگرنەوە، ئەگەر هەر هەقێك لە دوائەنجامدا بە كوشتن كۆتایى بێ، ئەوا ناهەقییە ، جا ئەگەر دەیان كتێبى ئاسمانىو پیرۆزیش بانگەشەى بۆ بكەنو بە راستیى بزانن.
پێموایە كاتێكى دوورو درێژو خوێنێكى زۆرمان لەپێشدایە، تا ئەو رۆژە دێ كە بتوانین مەغزاى خەباتەكەى مولەر تێبگەین، ئێمە ئێستا سەرسامیى گومڕایى خۆمانین، كە تا ئاستى یەقین بڕوامان پێیەتى، تا ماوەیەكى زۆر پیاوكوژ(خەباتكار) بەشكۆدارو كوژراو (شەهید) بە پیرۆز رادەگرین، بەمەرجێ ئەو شەهیدانە لە (هۆزو خیڵو ئایینو نەتەوە)كەى خۆمان بن. قینیشمان لە كوژراوى ئەوانى تر، بەرامبەركانمان دەبێتەوە.
دەیان ساڵ، كۆمەڵگەى ئێمە دوورە، لەگەڵ ئەم جۆرە رۆشنبیرىو كلتوورەدا، بەڵام خۆ رەنگە ئێستا بتوانین سوود لە هەندێ لە قسەكانى مولەر وەربگرین.
مولەر لە یەكێك لە وتارەكانیدا بە ساكارى دەڵێت :"دەرەنجامى توندوتیژیى جگە لە دروستكردنى دیوارى كۆنكریتى و روخاندنى پردەكان هیچى تر نیە" هەروەها دەڵێت:"ئێمە بۆیە دیوار دروست دەكەین، چونكە لە دروستكردنى پرد ئاسانترە"لە پەرگرافێكى دیكەشدا جەخت دەكاتەوەوە كە :"ئەگەر بمانەوێ بەپێى یاساى كێشكردن كار بكەین:ئەوا بیناسازى دیوار، گێلانەترین بیناسازییە، بەڵام لە دروستكردنى پرد دا، پێویستە بەسەر كێشكردندا زاڵ بین، بۆیە دەبێ زیرەكیىو هۆشیارییەكى بێ ئەندازەو بڕێكى زۆرتر لە ئازایەتىو دانبەخۆدانمان هەبێت .
ئەگەر ئەم جڤاتكارە روناكبیرە راست بكا، كە پێموایە زۆر راستگۆیە، ئەوا ئێمە ئەوەى نیمانە ژیریىو هۆشیاریىو دانبەخۆداگرتنو ئازایەتییە، لەبەرئەوەى سەردەمانێكى دووردو درێژە، ئێمەى پیشەمان روخاندنى پردەكانو بیناكردنى دیوارەكانە.
كەركوك
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست