هەڵدانەوەى دیوەكەى دیكەى ژیانى لەشفرۆشان
Friday, 22/01/2010, 12:00
لەشفرۆشەكان ، ماركیزو زەردەشتى نیتشە دەخوێننەوە
عیماد زەنگەنە
بۆ رەواندنەوەى دڵە راوكێ !!
كە دەرگا لە باسى ژیانى ژنە لەشفرۆشەكان دەكرێتەوە ، سەرجەم بەسەرهاتەكانیان لە دوو خاڵدا كۆ دەكرێنەوە ، یا باسى سەرگوزشتەى سەرسورهێنەرى سەرچڵییان لەگەڵ كریارەكاندا دەگێڕنەوە ،یا باسى كێشەى كۆمەڵایەتى و ئازارەكانیان دێتە گۆڕێ ، بەڵام ئەگەر پرسیارى ئەوەیان لێبكرێت : ئایا ئەوان كتێب دەخوێننەوە یا نا ، ئەگەر ئا چ جۆرە كتێبێك دەخوێننەوە ؟ لە بەدواداچونێكدا ئەم پرسیارەمان روبەرووى چەند كەسێك لەوانە كردەوە و ، ئەوانەى ئامادەیى خۆیان نیشاندا بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارەكە لە پەنجەى تەنیا دەستێك تێپەریان نەكرد ، بەڵام وەڵامەكانیان باسى سەرسوڕهێنەریان لێكەوتەوە ، هەموو ئەوانەى وەڵامى ئەم پرسیارەیان دایە جەختییان لەوە كردەوە كە بە هۆى شێوازى ژیانیانەوە و بەمەبەستى رەواندنەوەى دڵە راوكێى رۆژانە پەنا دەبەنە بەر خوێندنەوەى كتێب ، بەڵام چ جۆرە كتێبێك ، ئەمە بوو پرسیارى بەدواداچوونەكەى ئێمە .
لەشفرۆشى بەرامبەر بە بژێوى ..
وەڵامەكان جێى بایەخ و سەرسوڕمان بوون ، چونكە ئەوان ئەوەیان دووپاتكردەوە كە هەوادارى چیرۆكە رۆمانسییەكانن و بەهیچ شێوەیەك بڵاوكراوە ئیرۆتیكییەكان جێى بایەخ و سەرنجیان نین و هەندێك لەوانە حەز بە خوێندنەوەى چیرۆكى پۆلیسى دەكەن و بەو مەبەستەش چەند جارێك ناوى ئەگاتە كرییستى هاتە گۆڕێ ، حەنان - ژن عەرەبێكى تەمەن 31 ساڵانەو ، خەڵكى شارى بەغدایە ، ئەو وەك خۆى ئاماژە بەوە دەكات دەرچووى زانكۆیەو ماوەى نۆ ساڵە كارى لەشفرۆشى دەكات بە مەبەستى دابینكردنى بژێوى خێزانەكەى كە لە پێنج كەس پێكهاتوون ، حەنان دەڵێت : زیاتر حەز بە خوێندنەوەى رۆمانەكانى ماركیز و یۆسا دەكەم ، بە تایبەتى ئەواەى ماركیز بوونەتە بەشێك لە ژیانم و ناتوانم دەستبەرداریان بم ، وتیشى : لە زانكۆ جیاواز لە كچە هاوەڵەكانم هەمیشە حەزمدەكرد ئەو كەسانەى دیاریم پێشكەش دەكەن دیارییەكانیان كتێب بێت .
كتێبى نیتشە دەخوێننەوە !
كەسێكى دیكە كە وەك خۆى دەڵێت ناوى موهجەیە وتى : من كتێبەكەى زەردەشتى نیتشەم بۆ چەند جارێك خوێندۆتەوە و بە راستى ئێستا عاشقى ئەو كتێبەم ، لە وەڵامى پرسیارێكدا سەبارەت بەوەى پاش خوێندنەوەى كتێبەكەى توانیوویەتى لە زەردەشتى نیتشە بگات ؟ ئەو لە وەڵامى بنبڕدا پێى وتین : خودا دۆزەخى هەیەو خۆشەویستیشى بۆ مرۆڤ هەیە))
بە پێى ئەو ئامارانەى كە لە چوارچێوەى پیشانگاى كتَێب لە پاریس بڵاوكراوەتەوە لەماوەى تەنیا ساڵێكدا 480 ملیۆن كتێب لە وڵاتى فەرەنسادا فرۆشراوە ، ئەمەشبە بەراوردێكى سادەو بە پێى رێژەى دانیشتووانى ئەو وڵاتە كە خۆى لە 60 ملیۆن كەس دەدات ، بۆمان دەردەكەوێت كە هەر تاكێكى ئەو وڵاتە 8 كتێبى لە ساڵێكدا بەردەكەوێت ، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ژمارەى كتێبە فرۆشراوەكانى ساڵیپارو رێژەى كوردى دانیشتووى هەرێمى كوردستان ئەو راستییە دەردەخات كە هەریەكێك لە ئێمە لە بڕى كتێب تەنیا پێنج دێڕ خوێندنەوەمان بەر دەكەوێت .
ئەرێ بڵێى هەندێك لە نوسەر و بیرمەند و شاعیرەكانى لاى خۆمان بە خیلى بە ماركیز و نیشتە نەبەن لەسەر بوونى خوێنەرانى وەكو حەنان و موهجەو هاوشێوەانیان ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست