کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە كەركوك ژمارەیان لە زیادبووندایە

Monday, 18/01/2010, 12:00


توشبووانى نەخۆشییە دەرونییەكان وەزارەتى تەندروستى حكومەتى ناوەند ئامادەیە لە خۆیان بگرێت بەڵام بەر پرس نییە لە كۆكردنەوەیان لەسەر شۆستەو شەقامەكان !!
بەمدواییە دیاردەى بڵاوبوونەوەى نەخۆشانى دەروونى لە شەقامەكانى كەركوك زیادیكردووە بەو هۆیەى لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەو توێژەى بە تەواوى پشتگوێ خستووە ، زۆرینەى خەڵكى شارەكە ئەم دیاردەیە بە دیاردەیەكى مەترسیدار دەزانن بە تایبەتى ئەمە لە كاتێكدا هەندێك لەوانە لە ماوەى رابردوودا لەكردەوە تیرۆریستیەكاندا بەكار هێنراون ئەمەش دەرەنجام بووەتە مایەى ترس و دڵەراوكێى هاوڵاتییان بە تایبەتى پاش بەرزبوونەوەى رێژەیان لەشەقامەكانى شارەكەدا ئەمە سەرەراى ئەوەى كە دیاردەیەكى ناشارستانییەو شایەن بە دیمەنى شارى كەركوك نییەو ، زۆرینەى بەشداربووانى ئەم ریپۆرتاژە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكانى وەكو فەرمانگەى تەندروستى دەكەن كە خانەى تایبەتییان بۆ تەرخان بكات بەمەبەستى چارەسەركردنیان یا رەوانەى نەخۆشخانە تایبەتەكانى بەغدا بكرێن بەو هۆیەى خانەى تایبەتى لەو جۆرە لە شارى كەركوكدا بوونى نییە .
خەلیل محەمەد ، تەمەن 35 ساڵ ، مامۆستا پێى وایە : ((دیاردەى بڵاوبوونەوەى ئەو كەسانەى گرفتارى نەخۆشى دەروونى بووە دیاردەیەكى ناشرینەو رووى گەشى شارەكە دەشێوێنێت و كاریگەرى بەسەر خەڵكى شارەكەوە هەیە و بەمدواییەش ئەم دیاردەیە زیادیكردووە بە هۆى پشتگوێخستنى لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە و ئەم توێژە زۆربەى هەرە زۆریان قوربانى رژێمى پێشوون)) لە بەرامبەردا كاكل حەمە ئەمین ئاماژە بەوە دەكات : ((هەندێك لەو خێزانانەى كە خاوەنى كەسانى لەو جۆرەن بە شێوەیەك لە شێوەكان خۆیان لەوانە رزگاركردووە ئەویش بە بەڕەڵاكردنیان لەسەر شەقامەكان و بە راستى ئەمە كارێكى ناڕەوایە كە دەرهەق بەو جۆرە كەسانە دەكرێت لەلایەك كەس و كارییان دەسبەردارییان دەبنەوەو لەلایەكى دیكەوە لایەنێكى دیاریكراو نییە كە بایەخییان پێبدا)) ئاسۆ عەزیز ، خوێندكار ، لە دوا ناوەندى ئیمام قاسم ى كوڕان جەخت دەكاتەوە كە : ((بەرزبوونەوەى رێژەى ئەو كەسانە دەەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕو كردەوە تیرۆریستییانەى كە لەم شارەدا پیادە كراوە و زۆربەى ئەوانەى كە توشى نەخۆشییەكانى دەروون بوون و ئێستا لە شۆستەو شەقامەكانى كەركوكدا دەخولێنەوە تووشبوونیان بە هۆى سەدمەوە بووە بۆیە چارەسەركردنیان نزیكە لە مەحاڵەوە بەڵام گرفتى ئەو تویًژەى كۆمەڵگەى ئێمە لەوەدایە نەكەس و كارییان دەیانگرنە خۆ و نە حكومەت پرۆگرامێكى هەیە بۆ چارەسەركردنیان یا دوورخستنەوەیان لە خەڵكى))هاوكات دكتور مەحفوز كە پسپۆری بوارى نەخۆشییە دەرونییەكانە لەكەركوك جەخت لەوە دەكاتەوە كە توشبووانى نەخۆشییە دەروونییەكان جیاوازى زۆر لە نێوانیاندا هەیە بۆ نموونە نەخۆش هەیە بە بەرنامەو بە چارەسەرى پزیشكى دەگەڕێتەوە دۆخى جارانى ، لەبەرامبەردا هەندێكییان مەیلى خۆ كوشتنیان هەیەو هەشیانە بە تەواوى مەترسى دروستدەكەن لەسەر ژیانى ئەوانیتر و زۆربەى ئەو نەخۆشخانە بە سەدمەى كارەبایى چارەسەر دەكرێن و ئەوانە ڤالیوم یان دەدرێتى بەر لەوەى بە كارەبا چارەسەر بكرێن ، من لەلاى خۆمەوە گەلێك حاڵەتى سەختم چارەسەر كردووە بەڵام بۆ چارەسەركردنى هەر حاڵەتێك دەبێت كەسێك هەبێت بایەخ بە نەخۆشەكە بدات ، رێژەیەكى باشى پزیشكەكانى كەركوك ئەزموونى تەواویان لەو رووەوە هەیە من بە خۆم بە دەیان نەخۆشم لە وڵاتانى سوریاو ئوردنەوە بۆ هاتووە و چارەسەرم كردوون بەڵام گرفتى ئێمە لەوەدایە كە نەخۆشخانەى تایبەت بە نەخۆشییە دەرونییەكان بوونى نییە و ئەمە سەرەراى نەبوونى هەندێك ئامێرى گرنگ و تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەكان لە شارى كەركوك و تەنانەت لە شارى بەغداش ئەو ئامێرە تایبەتانە تا رادەیەك بوونیان نییە)) هەر لەو رووەوە دكتۆر جەبار خەلیفە ، پزیشكى نەخۆشییە دەروونییەكان سەبارەت بە هۆكارەكانى توشبوون بە نەخۆشییە دەرونییەكان دەڵێت : ((هۆكار زۆرە بۆ توشبوون بەو نەخۆشییانە لەوانە پاڵەپەستۆى دەروونى لەلایەن خێزانەوە بۆ سەر ئەو كەسانە یا بە هۆى سەدمەیەكى كتوپرەوە یا لە دەستدانى كەسێكى ئازیز یا بەهۆى ئەو فشارە دەروونییەى كە بەهۆى هەژارى و بێكارى دێتە ئاراوە لەگەڵ هەندێك حاڵەتى زگماك و لە دایكبوون كە لەكاتى خۆیدا چارەسەر ناكرێت و پاش تێپەربوونى ماوەیەكى دیاریكراو چارەسەركردنى مەحاڵ دەبێت)) هاوكات سەبارەت بە رۆڵى حكومەت بۆ چارەسەركردنى ئەو كەسانە دكتۆر جەبار دەڵێت ((بەراستى تا ئێستا هیچ پرۆگرامێكى حكومى نابینم بۆ كەمكردنەوەو چارەسەركردنى ئەو دیاردەیە و بەراستى وەكو لایەنى مرۆڤایەتى و ویژدانى حكومەت و خێزان بەر پرسیارن لەو كەسانە چونكە گەر حكومەت پرۆگرامێكى لەو شێوەى نەبوو ئەوە دەبێت خێزان ژینگەیەكى لەبارى بۆ دابین بكات بەڵام بەو هۆیەى ئێستا زۆربەى هەرە زۆرى خێزانەكان كێشەى تایبەتییان هەیە بۆیە دەبێت حكومەت ئەو كەسانە لە شەقامەكان كۆبكاتەوەو رەوانەى نەخۆشخانەكانیان بكات با ئەو جۆرە نەخۆشخانانە لە بەغداش بن چونكە ئەوە ئەركێكى مرۆییە و كە خانەى تایبەتییان بۆ دابین بكات و لەلایەن پزیشكەكانیشەوە سەرپەرشتى چارەسەر بكرێن ئەمە لە هەموو وڵاتانى دونیادا وایەو بووە بە سیستم بەڵام لە وڵاتێكى وەك عیراقدا لە گرێژنە دەرچووە)) وتیشى : ((رێنمایى ئەوە هەیە لە وەزارەتى تەندروستى حكومەتى ناوەندەوە كە بریاردراوە وەزارەت هەموو ئەو حاڵەتانە لە خۆى بگرێت چى ئەوانەى لە پایتەخن یا ئەوانەى لە پارێزگاكانن پاش ساغبوونەوەى حاڵەتەكان و من خۆم بەمدواییە سەردانى وەزارەتى تەندروستى حكومەتى ناوەندم كرد و دكتۆر ئوسامە خیلانى راوێژكارى وەزارەتى تەندروستى پێى وتم : وەزارەت ئامادەیە هەموو ئەو حاڵەتانە لە خۆبگرێت بەڵام وەزارەت بەرپرس نییە لە كۆكردنەوەیان لەسەر شۆستەو شەقامەكان بە راستى من گاڵتەم بەو بریارەى وەزارەت دێت و پێم وایە جدى نییە لە مەسەلەكەدا چونكە گەر لایەنێك نەبێت ئەركى كۆكردنەوەیان بگرێتە ئەستۆ ئیدى ئامادەیى وەزارەت لە چیدایە ؟)) .
كەركوك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە