کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دوو ڕۆژ ماوە بۆ تۆبەکردن؟

Sunday, 01/11/2015, 2:56


میژوی کورد لە گەڵ خەبات و بەرخۆدانەکەیدا هێڵێکی ناپاکی وبەکرێگیراوی هاوتەریب لە هاوشانی هاتووە، تا ڕۆژگاری ئەمڕو نەک کۆتایی نەهاتووە بەڵکو بەناوی کوردایەتیەوە زۆر بەباشی تۆخکراوەتەوە، پێشنان وتویانە "سەد گوناح و یەک تۆبە" ئێستاش ئەو کوردانەی کەوتونەتە سەنگەری دوژمنان لە بەرامبەر نەتەوەکەی خۆیان دەرفەتیان هەیە لە دوای ناپاکیە کەڵەکەبووەکانیان تۆبەیەکی ڕاست و دروست بکەن و بگەڕێنەوە سەنگەری وڵاتپارێزی و ملی خۆیان لە پەتی دەستی دۆژمنان ئازادبکەن.
بڕوام وایە کورد لە هەمو گەل و نەتەوە بندەستەکانی دنیا زیاتر دۆژمنی خۆی دەناسێت ، بەڵام لە جیاتی ئەوەی دوژمنەکەی بەخڵکی تر بناسێنێت و ڕوی دزێوو دڕندانەی بە جیهان پێشان بدات بەپێچەوانەوە میکیاژی جوانکردنی بۆ دەکات و بەدۆست و فریاد ڕەس و پشت و پەناپێناسەی دەکات، هەڵبەتە ئەوەی ئاماژەی پێکرا بەشێک لە کوردی پەرژەوەندی پەرست و پولەکی و دەسەڵاتخواز و جاشی دۆست ئەو خولیاو ئارەزووە تێکەڵی خوێنیان بووە، گەلی کورد دۆستی کەمە و دوژمن و نەیاری زۆرە ، لە ناودوژمنەکانیشدا سەرسەخترین و دڕندەترینیان تورکی فاشی و نەتەوەپرستە بە هەمو بیروڕاجیاوازەکانیانەوە.
زۆرکەمن ئەو تورکە دیموکرتخوازانەی باوەڕیان بە پێکەوەژیان و مافی ئەویترهەیە، ئێستا تەنها دووڕۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی گەل بۆ پەرلەمانی تورکیا، بێگومان هەمولایەک ئاگادارین ئەنجامی هەڵبژاردنی حەوتی حوزەیرانی ئەم ساڵ سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی گەلانHDP و شکستی پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدارAKP بوو،
دیارە ئەکەپەو ئەردۆگان هیچ نەما نەیکەن لە تیرۆر و تۆقاندن و تەقینەوە بۆ ئەوەی هەدەپە بەربەستی10 % تێنەپەڕێنێت، بەڵام سەرئەنجام ئەوبەربەستە شکاو هەشتا نوێنەر هەڵبژێردران بۆ پەرلەمانی تورکیا، ئەوەش ئەردۆگانی توشی شۆک کرد بۆیە وەک گای شێت کەوتە قۆچدان بەهەمولایەکدا، بەئاشکرا ئەردۆگان هەوڵی ئەوەی ئەدا حکومەت پێک نەیەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، دواجار پیلانەکەی سەریگرت و 1/11/2015 دیاریکرا بۆ دوبارە هەڵبژارن، لە دوای حەوتی حوزەیرانە تا ئەمڕۆ کە دوو ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکە ئەردۆگان و دارو دەستەو دۆستەکانی هێچ نەما لە کردەوەی نامرۆڤانە لە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامی نەدەن، ئەمجارەیان نەک هەر لە باکوری کوردستان بەڵکۆ تەقینەوەو کۆمەڵکوژی گەیشتە پایتەختەکەی خۆشیان و گردبونەوەی جەماوەری هەدەپە لە ئەنکەرە کرایە ئامانج و سەدان شەهید و برینداری لێکەوتەوە، هەر وەها جگەلەوەی شەڕێکی دژوار لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی پێکردەوەو ئاگربەست شکێنرا هێرش کرایە سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەڕەشەی دەستێوەردانی زیاتریش دەکرێت.
هاوکات قەیران و ناکۆکی و ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتی بەرۆکی باشوری کوردستانی گرتووە هیچ بەدور نازانرێت کە ئەوەش پەیوەست بێت بەپیلانەکانی ئەردۆگان و ڕەوشی تورکیاوە، پوختەی مەبەست ئەوەیە دووڕۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردن ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن جارێکی تر ئەردۆگان شکست دەخوات و گەلی کوردو گەلانی دیموکراتخوازی تورکیا براوە دەبن، بۆیە جێی خۆیەتی هەرچی زووە ئەوانەی لە سەنگەری کوردایەتی و دیموکراتی هەڵهاتون و خۆیان خستۆتە باوشی ئەردۆگانەوە لە ئەو دووڕۆژەدا بگەڕێنەوە بەرەی گەل و تۆبە لەکردەوەکانیان بکەن، بێشک و گومان ئازادی سەردەکەوێت دیموکرسی گەشەدەکات بەرخۆدانی گەلی کورد بەرەو دواوە ناگڕێتەوە، بەکرێگیراو و ناپاکەکان هەرچەندە ئێستا ژێر دارەکەیان سێبەرە، بەڵام ئەودارە دارێ بێبەرە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە