کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


برسیكردنی كورد، بۆ ڕازیكردنی تورك؟!

Wednesday, 09/01/2013, 12:00






"ئه‌وه‌ی به‌دوای ئازادیه‌وه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت... نه‌ك ئه‌وه‌ی به‌دوای‌ نانه‌وه‌یه‌"

ئه‌وكاته‌ی ڕژێمی به‌عسی سه‌دام له‌ئه‌نجامی تاوانه‌ قێزه‌ونه‌كانیدا گڵۆڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كه‌وته‌ لێژی‌و به‌ره‌و هه‌ڵدێرو شكست‌و له‌ناوچون رێگای گرته‌به‌ر، ده‌روازه‌یه‌كی ئازادی به‌ڕوی گه‌لی كوردی باشوری كوردستاندا كرایه‌وه‌و ئه‌و سته‌م‌و تاوان‌و سه‌ركوتكردنه‌ی ده‌یان ساڵ بوو به‌رۆكی گرتبوو تاڕاده‌یه‌كی باش كه‌مبۆیه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ شه‌ڕی حزب له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تدا ئازادیه‌كه‌ی له‌خه‌ڵك كرد به‌زه‌هری مارو نه‌هامه‌تیه‌كی تری خسته‌سه‌ر خه‌رمانی نه‌هامه‌تیه‌كان، كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانی كارێكی وایكرد خاكی داگیركراوی باشوری كوردستان به‌شێكی زۆری به‌داگیركراوی بمێنێته‌وه‌، له‌قۆناغی دووه‌می هه‌ره‌سی به‌عسیه‌كانیشدا دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و كۆتاییهاتنی سیسته‌می دیكتاتۆری، ئێستاشی پێوه‌ به‌ئازادی ته‌واو نه‌گه‌یشتووه‌، روون‌و ئاشكرایه‌ ئه‌و ئازادییه‌ی به‌ده‌ستهاتووه‌ ئه‌نجامی خه‌بات‌و تێكۆشان‌و ڕه‌نج‌و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌مان بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی بۆ گه‌ل نه‌بوو، ئه‌مه‌ش مژارێكی تره‌و قسه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی پێبكه‌م ئه‌و ڕه‌وشه‌ ئاڵۆزو ناله‌بارو پڕ له‌نه‌هامه‌تییه‌یه‌ كه‌ له‌به‌شێكی تری كوردستاندا هاتۆته‌ ئاراوه‌، هه‌وه‌ك چۆن له‌به‌هاری ساڵی 1991دل ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ ئازادی باشوری كوردستان كرایه‌وه‌و له‌هه‌موولایه‌كه‌وه‌ پیلانگێڕی ڕووی تێكرد.
ئێستاش له‌دوای 22 ساڵ خه‌ریكه‌ به‌شێكی تری كوردستان به‌ئازادی ده‌گات هه‌مان ده‌ردی ڕابردووی باشور ڕووی تێكردووه‌، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج‌و تێڕامانه‌ هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی‌و كوردانه‌ی ئه‌وكاته‌ی به‌شه‌كانی تری كوردستان له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی باشورو هه‌ڵوێستی نانه‌ته‌وه‌یانه‌و ناكوردانه‌ی ئێستای ده‌سه‌ڵاتداران‌و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی باشوری كوردستانه‌ له‌هه‌مبه‌ر سێ‌ به‌شه‌كه‌ی تری كوردستان، به‌تایبه‌تی ڕۆژئاوای كوردستان كه‌ئێستا له‌قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاردایه‌و له‌چوارلاوه‌ په‌لامار ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌بات‌و تێكۆشانه‌كه‌یان شكستبێنێت، ده‌یان ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتی دڕندانه‌ی به‌عسیه‌ ئه‌سه‌دیه‌كان هاوشێوه‌ی به‌عسی سه‌دام گه‌لی كورد له‌و به‌شه‌ی وڵات سه‌ركوتده‌كات‌و له‌هه‌موو مافێك بێبه‌شیكردوون، ئێستاش كه‌ گڵۆڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی سوری كه‌وتۆته‌ لێژی، گه‌لی رۆژئاوای كوردستانیش به‌ره‌و ئازادی هه‌نگاوده‌نێت.
بێگومان له‌یادمانه‌ له‌كاتی ئاواره‌بون‌و لێقه‌مانه‌كانی خه‌ڵكی باشوری كوردستاندا گه‌له‌كه‌مان له‌به‌شه‌كانی تری كوردستان به‌هه‌موو توانایانه‌وه‌ هاوكارو هاوخه‌م‌و پشتیوانی ئێمه‌بوون، ئه‌وان به‌خۆراك‌و پۆشاك‌و پێخه‌فی ماڵی خۆیان ئێمه‌ی بێماڵ‌‌و حاڵیان پۆشته‌ده‌كرده‌وه‌، ئه‌وان له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌روه‌كو ئێستا ژێرده‌سته‌ی ڕژێمێكی داگیركه‌رو سته‌مكارو سه‌ركوتكاربوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بۆخۆشیان خاوه‌نی ژیانێكی ئه‌وتۆ نه‌بون به‌شی هه‌ره‌ زۆریان گوزه‌رانیان له‌ئاستی هه‌ژاریدا بوون، به‌ڵام خاوه‌نی هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانی‌و مرۆڤایه‌تی بوون، چاوی خۆیان دانه‌خست له‌ئاست ئه‌و نه‌هامه‌یانه‌ی به‌سه‌ر هاونه‌ته‌وه‌كه‌یاندا هاتبوو، به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ی خه‌ڵكی باشوری كوردستان نه‌ژێرده‌سته‌ی ڕژێمێكی داگیركه‌رین نه‌وه‌ك ڕابردوو كه‌مده‌رامه‌ت‌و هه‌ژارین، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌شه‌كانی تر بۆ ئێمه‌یان كرد پێویسته‌ ئێمه‌ ده‌ به‌رمبه‌ر پاداشتیان بده‌ینه‌وه‌، له‌ئێستادا ڕژێمی به‌عسی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ڕوخان نزیكبۆته‌وه‌، به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ دیكتاتۆریه‌ی ناسنامه‌شی بۆ گه‌لی كورد به‌ڕه‌وا نه‌ده‌بینی‌، ده‌روازه‌یه‌كی تر بۆ كورد واڵاده‌بێت به‌مه‌رجێك پیلانگێڕیی كاریگه‌ری له‌سه‌رنه‌كات، به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ تاڕۆژی ئه‌مڕۆ ئازادیخوازانی كورد له‌ڕۆژئاوای كوردستان شكستیان به‌پیلانه‌كان هێناوه‌ هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زیاتر پیلانگێڕی ده‌ره‌كی‌و ناوخۆیی ڕووبه‌ڕوویان ده‌كرێته‌وه‌، دژایه‌تیكردنی كوردی ئازادو خاوه‌ن بڕیاری سیاسی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن دوژمنانه‌وه‌ شتێكی ئاسایی‌و چاوه‌ڕوانكراوه‌، به‌ڵام له‌كاتێكدا ئه‌و دژایه‌تیكردنه‌ی كوردی ئازادو سه‌ربه‌خۆ، كوردی وابه‌سته‌ی سیاسه‌تی دوژمنان‌و داگیركه‌ران پێی هه‌ستێت‌و كار بۆ ڕازیكردنی دژه‌ كورد بكرێت، ئایا شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ چ ناوێكی لێ بنرێت؟! ئایا برسیكردنی منداڵانی كورد ته‌نها بۆ باره‌كه‌ڵایه‌كی شۆڤێنیه‌كی توركه‌؟ ئه‌گه‌رنا چ پاساوێكی بێبنه‌ماو پڕوپوچی تر هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی پاكانه‌ی پێبكه‌ن، سه‌باره‌ت به‌گه‌مارۆدان‌و ته‌لبه‌ندكردنی ئه‌و سنوره‌ی دوژمن له‌سه‌ر خاكی كوردستان كێشاویه‌تی؟.
گومان له‌وه‌دانییه‌ ئه‌و هێزه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌ی ئێستا له‌ڕۆژئاوای كوردستان خاوه‌ن رۆڵ‌‌و كاریگه‌رییه‌و ده‌رفه‌تی نه‌هێشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوژمنان گه‌راكانی خۆیان بخه‌نه‌ ناوی خاكی رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌، له‌چوارلاوه‌ هه‌وڵی بێكاریگه‌ركردنی ده‌درێت، ئه‌و دژایه‌تیكردنه‌ش ڕاسته‌وخۆ ڕژێمی توركیا ده‌یكات‌و هاوكاری له‌هاوپه‌یمانه‌كانی وه‌رده‌گرێت، ئاشكرایه‌ هه‌ر حزبێكی به‌ناو كوردی كه‌ رێنمایی له‌توركیاوه‌ وه‌ربگرێت‌و به‌رپرسه‌كانی له‌كه‌یف‌و سه‌فای ئیستانبوڵدا بژین، جگه‌ له‌نۆكه‌رو ئه‌ڵقه‌ له‌گوێی دوژمن هیچی تر نییه‌، ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌ته‌ ته‌سلیمكاریه‌ش له‌مێژوی حزبی سیاسی كوردیدا نمونه‌ی زۆره‌، به‌ڵام ئه‌نجامێكی خراپی هه‌بووه‌ بۆ دۆزی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌یی كورد.

زۆر پێویسته‌ ئه‌و ڕووداوه‌ ڕه‌شانه‌ی له‌مێژوودا تۆماركراون به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ نه‌درێت دووباره‌ بكرێته‌وه‌، برسیكردنی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ته‌سلیمی سیاسه‌تێكی دیاریكراو بكرێت، كارێكی ناڕه‌واو بێئه‌نجام‌و شكستخواردووه‌، چونكه‌ ئه‌وكاره‌ نامرۆڤانه‌یه‌ له‌سه‌رخه‌ڵكی باشوری كوردستانیش تاقیكرایه‌وه‌ له‌ساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا، به‌ڵام دواجار گه‌لی كورد سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر پیلانگێڕیه‌كه‌دا، ئێستا ئه‌و ڕێگریه‌ی له‌بردنی خۆراك‌و ده‌رمان‌و سوته‌مه‌نی‌و پێویستیه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ ده‌كرێت بۆ رۆژئاوای كوردستان، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، دووباره‌ كردنه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و ئابڵوقه‌دانه‌ سنور داخستنانه‌یه‌ كه‌ دوژمنان له‌ڕابردوودا له‌به‌رامبه‌ر باشوری كوردستان ده‌یانكرد، ئه‌گه‌ر ئه‌وكاره‌ ناڕه‌وایه‌ به‌هه‌ربیانویه‌ك بێت‌و هه‌رلایه‌نێكی دیاریكراو ئه‌نجامی بدات، بێده‌نگی له‌به‌رامبه‌ریدا تاوانه‌و هاوبه‌شیكردنه‌ له‌و پیلانه‌ی ته‌نها دوژمنانی كوردستان سودی لێده‌بینن، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و ته‌واوی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، به‌پشتیوانی هاوڵاتیان له‌سه‌رجه‌م چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، بێده‌نگی بشكێنن‌و ئه‌و پیلانه‌ شكستپێبێنن كه‌هه‌وڵی ده‌سته‌مۆكردنی تاكی ئازادو سه‌ربه‌خۆی كورد ده‌دات.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و قه‌یران‌و ئاریشه‌یه‌ كۆتایی پێدێت ئه‌گه‌ر به‌باجێكی گرانیش بێت، به‌ڵام بۆ ڕێگه‌بدرێت گه‌له‌كه‌مان ئه‌و باجه‌ بدات كه‌ پێویست نییه‌، هه‌موومان ده‌زانین پیلانی نه‌یارانی ئازادی رۆژئاوای كوردستان له‌ڕووی سیاسی‌و سه‌ربازیه‌وه‌ شكستیهێناوه‌، ئێستا ده‌یانه‌وێت به‌پیلانی برسیكردنی خه‌ڵك شكست به‌ئازادی بێنن، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ دوژمنان ده‌یانه‌وێت به‌ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی بكه‌ن، ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌مولایه‌كه‌ رێگری بكات له‌وه‌ی ئه‌و په‌ڵه‌ڕه‌شه‌ ته‌وێڵی باشوری كوردستان بگرێته‌وه‌، گه‌لی كورد پێویستی به‌یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌ نه‌ك په‌رته‌وازه‌یی‌و ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ‌ دوژمنان، ئه‌وه‌ی به‌دوای ئازادیه‌وه‌یه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی به‌دوای‌ نانه‌وه‌یه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە