پێویست بو گەشتەكەی بارزانی بەرەو بەغدا بوایە؟!
Friday, 20/04/2012, 12:00
لە دوای گەشتەكەی بۆ ئەمریكاو ئەوروپا بارزانی رۆژی پێنج شەممە بە گەشتێكی دوورۆژە لە پایتەختی سویسراوە بە فڕۆكەیەكی تایبەت گەیشتە ئەستەمبوڵ، دوای ئەوەی لە فڕۆكەخانە لە لایەن راوێژكارێكی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێكرا دواتر لە گەڵ ئەردوغان كۆبۆوە ، ئەو سەردانەی بارزانی لە كاتێكدایە كە رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان وبەغدای پایتەخت لە زیاد بوندایە، هەڵبەتە ناكۆكیەكان لە دوای وتارەكەی سەرۆكی هەرێمەوە پەرەی سەند كاتێك هێرشی توندی كردە سەر نوری مالكی وبە دیكتاتۆر ناوی برد، ئەوەی دمەوێت ئاماژەی پێبكەم چۆنێتی تێڕوانینەكانی بارزانییە سەبارەت بە مالكی وئەردۆغان ، لە راستیدا ئەوەی لەبارەی بە مالكی دەوترێ كە بەرەو دیكتاتۆریەت دەڕوات وسەرجەم دامودەزگاكانی وڵاتی قۆرخ كردووە ، هیچ سەرەنجێكم لە سەری نییە، پێم وایە ئەوقسانە زۆر درەنگ وەخت كراوە لە مێژە خەڵكی دڵسۆزی كوردستان دەسەڵاتدارانی هەرێم ئاگاداردەكاتەوە لەوەی بنیاد نانەوەو بەهێزكردنەوەی ئێراق بەبێ مەرج هەڵكەندنی گۆڕە بۆ دەسكەوتەكانی گەلی كورد، لە مێژە خەڵك هیوای بەو ئێراقە نییە كە خودی دەسەڵاتدارانی كورد بە ئێراقی هیواو ئاشتی ناویان دەبرد، ئەوە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بوون هەمیشە كوردیان فەرامۆش دەكردوو شانیان دەخستە بەر كۆڵەگەی شكاوی ماڵە وێرانەكەی ئێراق بۆ ئەوەی لە هەرەس هێنان بیپارێزن، ئەوكاتانەی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی ئێراق پێگەیان لاواز بوو هێشتا خۆیان لە سەرپێ ڕانەگرتبوو، ئایە كێ بو بە هەموهێزو تونایەوە لە هەوڵی بەهێز كردنی پایەكانی دەسەڵاتەكەیاندا بوو؟ دەسەڵاتدارانی كورد بە ئەندازەیەك دەستیان بە حكومەتی تازە پێگرتووی ئێراقەوە گرتبوو، تەنانەت هەندی جار كوتلەی عەرەب لە حكومەتی بەغدا دەكشایەوە لە پێناوی هەندی بەرژەوەندی تایبەتدا كەچی دەسەڵاتدارانی كورد لە پێناوی بەرژەوەندی نەتەوەیەكدا هیچ كاتێك بە حكومڕانەكانی ئێراقیان نەوتوە پشتی چاوتان برۆیە، ئەوەی ئەمڕۆ دەكرێت دەبوو ئەو كاتە بكرایە كە وادەی دیاری كراوی جێبەجێكردنی مادەی سەدوچل بەسەرچوو بێ ئەوەی هەنگاوێك بنرێت لەو سێ قۆناغی بۆی دیاری كرابوو، ئەگەر بێینەسەر وردەكاری زۆری دەوێت بەڵام تەنها ئاماژەدان بە ئەوبڕگە دەستوریە بەسە بۆ ئەوەی ئەگەر كورد توانای هەڕەشەكردنی هەیە بۆ لە كاتی پێویستدا نەیكرد؟ ئەوە ئاشكرایە كە لەوسەردەمەدا پێگەی كورد بە هێزتربوو لە پێگەی ئێراق لە كاتێكدا ئێستا پێچەوانەكەی ڕاستە بە جۆرێك بەراورد ناكرێت، بە وتەی خودی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان وئەمری واقعیش ئەوەمان پێدەڵێت باشوری كوردستان بەشێكە لە ئێراق، كەواتا پێویستە هەرگرفت و ئاریشەیەكمان هەبێت لە ئێستادا دەكرێت لە گەڵ دەسەڵاتدارانی ناوەند لە بەغدا گفتوگۆی لەسەربكرێت و بەدوای ڕێگە چارەدا بگەڕێن، هیچ كاتێك كێشەو ناكۆكییەكان بە دورە پەرێزی وئاخاوتنی توندو قوڵكردنەوەی مژارەكە بە ئاراستەی چارەسەری ناچێت، ئەوراستیەش هاشای لێ ناكرێت لە دوای هەموو شەڕوناتەبایەك ئاشتی و تەباییە، لێرەوە دەگەینە ئەوباوەڕەی ئەگەر دەسەڵاتداری هەرێم پێویست بێت سەردانی وڵاتانی دەوروبەربكات ئەوا دەبێت بەرلە هەروڵاتێك سەردانی بەغدا بكەن، چونكە لە سەرەتای بنیاد نانەوەی ئێراقەوە هاوبەشی دەسەڵاتەكانی بوونە، سەردانیكردنی توركیا لە ئەم بارودۆخەدا دەبێت چ سود وقازانجێك بە كورد بگەیەنێت جگەلە زەرەو زیان، خۆئەگەر مالكی هەرچەندە تاكڕەوو دیكتاتۆروخۆسەپێن وبێ بەڵین ودژبەمافەكانی گەلی كوردبێت ، ئەوە روون وئاشكرایە ناگاتە پاژنەی پێی شۆڤییەنیەكی وەك ئەردۆغان و هاوبیرەكانی لە توركیادا، هیچ نەبێت مالكی نكوڵی لە گەلی كوردو خاكی كوردستان ناكات وبەفەرمی دانی پێداناوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورك نەك باوەڕیان بەبونی كوردو خاكی كوردستان نیە لە باكوری كوردستان كە داگیریان كردووە بەڵكو باوەڕیان بەوڕاستیەنیەكە كورد لە هیچ جێیەكی دنیادا بستی خاكی هەبێت ونەتەوەیەك بێت وخاوەنی ناسنامەو فەرهەنگ وتایبەت مەندیەكانی خۆی بێت، هەروەك تائێستاش دان بەهەرێمی كوردستاندا نانێن سەرەڕای ئەو بەرژەوەندییە زەبەلاحەی لەم بەشەی كوردستان هەیانە، دواجار بەرێنمای وپیلانی سەرانی تورك كەسێكی وەك بورهان خلیونی سەروكی ئۆپوزسیونی سوریا كە هێشتا خەوبەدەسەڵاتی دوای ئەسەدەوە دەبینێت، بەهەمان شێوەی ئاغاكانی ئەنقەرەو ئەستەمبوڵی نكوڵی لە بونی كوردستان دەكات لە چوارچێوەی سوریادا ، زۆر راشكاوانە دەڵێت ئامادەنیین ئۆتۆنۆمیش بەكورد بدەین؟! پرسیارەكە ئەوەیە ئایا سەردانەكەی بارزانی بۆ توركیا بەچ مەبەستێكەولە بەرژەوەندی كێدایە؟لە كاتێكدا ئەردوغان ئاماژەبەوەدەكات كە بانگهێشتكردنی بارزانی بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر (تیرۆر) ورەوشی سوریا ،هەروەها دەڵێت"هیوادارم دیدارەكەی من وبارزانی لە كاتێكی نزیكدا كاریگەری خۆی لێبكەوێتەوە" كەواتا بێ پێچوپەنا توركیا مەبەستی خۆی ئاشكرا كردووە پیلانێكی تری بە دەستەوەیە، هەمو كوردێك ئەوە دەزانێت ئەگەربە باوش گوڵ بەری بۆتوركیا بەكۆل دڕك دێنیتەوە بۆ كوردستان، ئەوە سیاسەتی جێگیری توركیایەو زەحمەتە گۆڕانی بەسەردابێت، باشتر وابو لە پێناوبەرژەوەندیەكانی نەتەوەی كورد بارزانی گەشتەكەی بۆ بەغدابوایە نەك بۆ ئەستەمبوڵ وئەنقەرە، مادام بە بڕیاروخواستی ئێوەی خاوەن دەسەڵات بوینەوە بە بەشێك لە ئێراق ،دواجا هەردەبێت كێشەكان لە چوارچێوەی ئەو ئێراقەدا چارەسەربكرێت ئیتر هیچ شورەیی نییە سەردانی بەغدا بكرایە هیچ كەسێكیش گومانی نابوو لە دڵسۆزیتان بۆ دۆخەكە، بەڵام ئێستا كاتێ گەشتەكە بەرەو ئەستەمبوڵە گومانەكان پێچەوانەكەیەتی، خەڵكی كوردستان مافی خۆیەتی دڵی دالەرزێت لە هەرنزیكبونەوەیەك لەو ئاوەزو لۆژیكەی لە گۆشەنیگایەكی بەرتەسكی شۆڤییەنیانەوە هەمیشە لەكورد دەڕوانێت، چونكە ئەزمونێكی تاڵی هەیە بەوهیوایەی هەگیز دووبارەنەبێتەوە،
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست