شەهید هەڵەبجەی قامیشلۆ
Friday, 14/03/2014, 12:00
دوانزەی ئازار دەساڵا تێپەڕبوو بە سەر ئەو كۆمەڵكوژیەی لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان بەدەستی دڕندەكانی بەعسی سوری ئەنجامدرا، ئەو كۆمەڵ كوژیە لە ئەنجامی یاری تۆپی پێی نیوان دوو تیپ هاتە ئاراوە، بەڵام وەك ئەوەی مرۆڤ كوژەكانی ئەسەد لە دەرفەتێك بگەڕێن بۆ كوشتنی لاوەكانی كورد و پیشتر نەخشەیان بۆ كێشابوو خەڵكەكەیان دایە بەر دەسڕێژی گولەوهەر لەو شوێنەدا حەوت كەس شەهیدكران، دواتر بە شێوەیەكی دڕندانە كەوتنە وێزەی خەڵكی شارو بەگشتی زیاتر لە سی شەهیدو دیان برینداری لێكەوتەوە، لە ئەنجامی ئەو كۆمەڵكوژیەدا لە زۆربەی شارەكانی رۆژئاوای كوردستاندا سەرهەڵدانی جەماوەری ڕوویدا، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خەڵك رژێم دەستیكرد بە رەِشبگیركردن وزیاتر لە دوو هەزار هاوڵاتی كوردی ڕاپێچی زیندانەكان كرد،
ڕاستە ئەگەر بڵێن ئەو ڕوداوەی ساڵی دووهەزارو چوار هەنگاوی یەكەمی ئەو بەرەو ئازادیە بوو كە ئێستا سێ كانتۆنی خۆبەرێوەبەری لە جەزیرەو كۆبانی و عەفرین هاتۆتە ئاراوە، ئەوەی زیاتر مەبەستم بو لە نوسینەدا ئاماژەی پێبكەم شەهید كردنی هەڵەبجەی قامیشلۆو نۆ هاوڵاتی دیكەی ئەو شارەیە كە بە دەستی چوار تیرۆرستی خۆكوژی "داعش" ژیانیان لە دەستدا، هێشتا یەك ڕۆژی مابوو بۆ یادكردنەوەی شەهیدانی دوانزەی ئازار، ئەو خۆكوژانە شارەوانی شاری قامیشلۆیان كردە ئامانجی كارە تیرۆریستیەكەیان و كۆمەڵێ خەڵكی تری شارەكەیان كردەقوربانی، ئەوەی سەرنج ڕاكێشە لە ناو شەهیدەكاندا "هەڵەبجە تەها خەلیل" هەبوو كە كچی وڵاتپارێزێكی شاری قامیشلۆیەو بیست وچوار ساڵ بەر لە ئێستا باوكی وەك هاوسۆزی وهاوخەمی بۆ كارەساتەكەی هەڵەبجەو خاوەندەركەوتن لەو شارە شەهیدكراوە ناوی كچەكەی خوی دەكات هەڵەبجە،
ئەوەی بوبە جێی سەرنج و تێڕامان بۆ زۆر كەس ناوی هەڵەبجە بو، دیارە باوكی هەڵەبجە لە كاتێكدا ناوی هەڵەبجەی لە كچەكەی ناوە ڕژێمی بەعسی سوریا هاوشێوەی بەعسی ئێراق لەو پەڕی دڕندایەتی وبەهێزیدا بووە بە تایبەتی بۆ سەركوتكردنی گەلی كورد، بەڵام ئەو مرۆڤە وڵاتپارێزە بێگوێدانە هەر پێشهاتێكی خەراپ خەمەكانی هەڵەبجە لە ئامێز ئەگرێت و جگەر گۆشەكەی دەكات بە هەڵەبجە لە شاری كورد پەروەر ی قامیشلۆ دا،
ئەوەی كە زیاتر لە شەهیدكردنی هەڵەبجەی جوانەمەرگ خەمباری كردم، ئەو دووجیاوازیەیە، بیست و چوارساڵ بەر لە ئێستا لە قامیشلۆ كوردێك ناوی منداڵەكەی دەكات بە هەڵەبجە، كەچی ئێستا كە قامیشلۆ ئازاد بووە لاوی هەڵەبجەیی ڕەوانەی ناو گروپە تیرۆرستیەكانی داعش دەكرێن و شەڕدژی ئەو كوڕو كچە كوردانە دەكەن كە بە شەو و ڕۆژ لە پاراستنی دەسكەوتەكانی شۆڕش و ماڵ گیانی هاوڵاتیاندا پشو نادەن، بەڕاستی مایەی نیگەرانیە لاوی كورد بە ئاراستەیەكدا ببرێت كە لە خزمەتی دوژمنانی گەلەكەی خۆیدابێت و دژی ئازادیەكانی گەلی كورد شەڕبكات و مەرمەگڵاوەكانی دوژمنان جێبەجێ بكات،
ئایا كەس هەیە بەپرسیارێتی ئەو كارە ساتە بگرێتە ئەستۆ؟ ئایا ئەو لاوانە هەر لە خۆوە بە ببێ ئاراستەكردن و بڕوا پێهێنان بە كارە لە هەڵەبجەوە بەرەو سوریا بەڕێكەوتون؟! شەهید بونی هەڵەبجە لە قامیشلۆ پەیامێكە پێویستە هەموو كوردێ هەڵوەستەی لە سەربكات، ئایا ئەوە كام پەروەردەیە كاریگەری لە سەر كوردێك داناوە ناوی كچەكەی كردووە بە هەڵەبجە؟! ئەی ئەوە كام پەروەردەیە كوڕەكان ڕەوانەی شەڕی دژی ئازادیخوازانی قامیشلۆدەكات؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست