کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئاپۆو ئۆباما؟!!

Friday, 01/03/2013, 12:00




هەرچەندە سەدوشەست‌و دووجار سەر لێدانیان كردووەو داواكارییان پێشكەش بەسەردۆزگەری كردووە، بەڵام زیاتر لەپێنج سەدو هەشتا رۆژە ڕێگری دەكرێت لەچوونی پارێزەر بۆ دوورگەی ئیمراڵی، بەبیانوی خراپبوونی كەشتی‌و نالەباری كەشوهەوا، لەوماوە دوورودرێژەشدا ئۆجەلان چاوی بەپارێزەرەكانی نەكەوتووە، سەرەڕای ئەو گۆشەگیریەش، بەڵام پرۆسەی ئاشتی لەباكوری كوردستان‌و توركیا بەكۆششی ئۆجەلان، چەند هەنگاوێك چۆتەپێشەوە.

لەچەند رۆژی ڕابردووشدا بۆ جاری دووەم، شاندی پەرلەمانتارانی پارتی ئاشتی‌و دیموكراسی (بەدەپە) سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان كردو چاویان بەئۆجەلان كەوت، شاندەكە لەدوای گەڕانەوەیان ئاماژەیان بەوەشكرد كە بەڕێز ئۆجەلان گەشبینە بەدیدارو چاوپێكەتنەكانی لەگەڵ دەوڵەتی توركیا، ئێستا شاندێكی باڵای پارتی ئاشتی‌و دیموكراسی‌و كۆنگرەی جڤاكی دیموكراتی لەباشوری كوردستانن، لەگەڵ خۆیاندا ئەو نامەیەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان هێناوە كە بۆ بەرپرسەكانی قەندیلی ناردووە، هەوەك چۆن شاندێكیش نامەیەكیان بردووە بۆ بەرپرسەكانی پەكەكە لەئەوروپا.

ئۆجەلان لەو دیدارەی دواییدا لەگەڵ پەرلەمانتارانی (بەدەپە) ئاڵتان تان‌و پەروین بوڵدان‌و سری سورەیا ئۆنده‌ر، سێ نامەی ئاراستەی قەندیل‌و ئامەدو ئەورو پاكردووە، هاوكات بەوتەی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی پارتی ئاشتی‌و دیموكراسی كەچونە ئیمراڵی، ئێستا ئۆجەلان سەرقاڵی ئامادەكردنی نەخشەڕێیەكی ئاشتیەو لەنزیكترین كاتدا دەیخاتە بەرچاوی لایەنی پەیوەندیدار.

جێی ئاماژەپێكردنە لەساڵی دوو هەزارو نۆدا ئەوكاتەی دەسەڵاتدارانی ئەكەپە بانگەشەی ئەوەیاندەكرد پرۆژەی كرانەوەی دیموكراتی بەڕووی كورددا ئەنجامدەدەن، ئۆجەلان نەخشەڕێیەكی ئاشی ئامادەكرد كە پێكهاتبوو لەشەش بەش‌و سەدوو شەست لاپەرە، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا زیاتر لەیەك ساڵ دەستیان بەسەر ئەو نەخشەڕێیەدا گرت‌و رادەستی پارێزەرەكانیان نەكرد، هەڵبەتە سەرخستن‌و بەئەنجامگەیاندنی ئەو پرۆسەیەش كە ئێستا مژارێكی گەرم‌و گوڕەو بووە بەڕۆژەڤی میدیای كوردی‌و توركی‌و جیهانی لەقازانجی گەلی كوردو تورك‌و كەمەنەتەوەكانی تری توركیادایە.

هەروەك بەرپرسێكی باڵای حكومەتی توركیاش دەڵێت؛ 70%ی‌ هاوڵاتیانی وڵاتەكەی لەگەڵ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیدایە، كەواتە گەل ئاشتی دەوێت دەوڵەت‌و پەكەكەش بەهەمانشێوە باس لەچارەسەری ئاشتیانەی كێشەكە دەكەن ئەوەی دەمێنێتەوە جگە لەهەندێ لایەنی شەڕخواز كە كاریگەریەكی ئەووتۆیان نییە، هاوكاری‌و پشتیوانی وڵاتە زەلهێزەكان لەسەرخستنی پرۆسەی ئاشتی زۆر گرنگ‌و كاریگەرە بەتایبەتی ئەمریكا، ئەمریكا وەك وڵاتێكی گەورەهێزی جیهان‌و ئۆباماش وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە، قەرزاری گەلی كوردو خودی ئاپۆیە، وەك نوام چۆمسكی نوسەری ناوداری ئەمریكی دەڵێت "ئەو نەهانەتیانەی بەسەرگەلی كورد داهاتووە، بەچاوپۆشی ئەمریكا ئەنجامدراوە"، كەواتە ئەو وڵاتە قەرزاری گەلی كوردە، ئۆباما وەك سەرۆكی وڵاتەكە دوجار قەرزارە یەكەم؛ وەك سەرۆكی وڵات‌و دووه‌میش؛ وەك كەسێكی بەڕەچەڵەك ئەفریقی‌و خەڵكی وڵاتی كینیا، ئەو كینیایەی لەگەلەكۆمە نێودەوڵەتییەكەی سەرئۆجەلان لەساڵی 1999دا بوو بەتۆڕی پیلانگێڕەكان‌و سەركردەیەكی ئازادیخوازی كوردی تێدا دیلكرا.

باراك ئۆباما دیدارەكانی ئیمراڵی‌و دەوڵەتی توركیان بەگرنگ پێناسەكرد، بەڵام تەنها ئەوە بەس نییە، پێویستە هەروەك چۆن لەپیلانگێڕیەكاندا وڵاتەكەی ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، هه‌ر ئاواش خودی خۆیی‌و وڵاتەكەشی، ڕۆڵیان هەبێت لەسەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، گومان لەوەدانییە كاریگەری ئەمریكا لەسەر توركیا كاریگەرییەكی بەرچاوە، ئێستاش كاتی ئەوەیە ئۆباما پشتیوانی ئاپۆ بێت لەسەرخستنی پرۆسەی ئاشتیدا بۆئەوەی لەو پەڵەقێزەونەی ڕویانی داپۆشیوە، لەئەنجامی سیاسەتە نامرۆڤایەتیەكانیان لەبەرامبەر گەلی كورد كەمێك پاك ببنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە