کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئاشتیان دەوێت یان ئاشبەتاڵ؟!!

Friday, 19/04/2013, 12:00






گومان لەوەدانیە قسەكردن‌و دەستبردن بۆ پرۆسەی ئاشتی لەتوركیادا، كارێكی زەحمەت‌و دژوارە، چونكە دەیان ساڵە دەسەڵاتدارە یەك لەدوای یەكەكانی توركیا چەندین نەوەیان بەهەست‌و بیری نەتەوەپەرستی‌و دەمارگیریی‌و دژەكورد پەروەردەكردووە، ئەوان زیاتر لەنەوەد ساڵە بەخەڵكی ئەو وڵاتە دەڵێن توركیا خاك‌و وڵاتی توركەو ئەوگەلەی لەتوركیادا بژی‌ یان دەبێت تورك بێت یان نۆكەری توركه‌؟!.

پەروەردەو فێركردنی منداڵانی ئەو وڵاتە لەسەر ئەو بنەمایە بووە، بۆیە دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە پڕ لەخۆپەرستی‌و شۆڤێنیستی‌و دژە پێكەوەژیانە، كۆمەڵگەیەك هاتۆتە بەرهەم كە ئاسان نییە هەست‌و سۆزی مرۆڤایەتی‌و ئاشتی‌و پێكەوەژیان‌و هاوبەشی لەماف‌و هاوڵاتیبوون بەبێ جیاوازی لەناخیدا جێگیربێت، گرفتەكە لەوەدایە دەسەڵاتدارانی توركیا هەمیشە لەبەرامبەر گەلی كورد دوژمنكارانە هەڵسوكەوتیان كردووە، نە چەپەكان بەفكرو فەلسەفەی ماركسی كاریان كردووە نە سۆسالدیموكراتەكانیش بەلای ناوەڕۆكی ئەو بەرنامەیەدا ڕۆیشتون‌و نە ئیسلامیەكان بنەماكانی ئایین‌و شەریعەتیان لەگەڵ گەلانی تردا پەیڕەوكردووە.

ئەوه‌ی سەرجەم بیروباوەڕە جیاوازەكان لەسەری كۆك‌و تەبابوون، وتنەوەی دروشمی یەك وڵات یەك نەتەوە یەك ئاڵا یەك زمان بووە، ئەو یەكەش كە هەموویان لەسەری هاوڕابوون جگە لەیەك درۆی گەورە هیچی تر نەبوو، ئێستا لەدوای دەیان ساڵ لەدووبارەكردنەوەی ئەو درۆ گەورەیە، دەیانەوێت بەناچاری دان بەو ڕاستییەدا بنێن كەتوركیا تەنها توركی تێیدا ناژێت، بەڵكو گەلانی تریش هەیە لەم وڵاتەدا، بۆیە كارێكی زەحمەتە نەتەوەپەرستەكان باوەڕ بەوە بهێنن جگە لەخۆیان كەسانی تر هەیە خاوەنی ناسنامەی جیاوازەو مافی ژیانكردنی هەیە.

پرۆسەی ئاشتی‌و گفتوگۆكردن بۆ كۆتاییهێنان بەشەڕو نائارامی ئەو وڵاتە ئەگەر هەنگاوی بەرچاوی نەنابێت‌و بەرەو پێشچونیشی بەخۆوە نەبینیبێت، بەڵام هاویشتنی یەكەم هەنگاو كارێكی باشەو پێویستە هەرلایەك بەئەركی خۆی هەستێ‌و بەرەو پێشی ببات، پێویستە ئەوه‌شمان لەیادنەچێت وەك هەمیشە ئەمجارەش گەلی كورد هەنگاوی یەكەمی ناوە بۆ ئاشتی، هەرچەندە هەندێ لایەن ئەو هەنگاوە بەدەستپێشخەری ئاكەپەو ئەردۆغان باسدەكەن جێیداخە كە لایەنی كوردیشی تێدایە بانگەشەی لەو جۆرە دەكەن، هەموولایەك ئەوە دەزانێت لەبیست ساڵی ڕابردوودا بزاڤی ئازادیخوازی كورد لەباكوری كوردستان پێشتر نۆجار یەكلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاندووەو قوربانیشی بۆداوە، بەڵام وەك ئاشكرایە هەمیشە بێئەنجام بووە، چونكە دەسەڵاتدارانی تورك ئەوەی كە ده‌یانەوێت ئاشتی نییە لەگەڵ شۆڕشگێڕانی كورد، بەڵكو ئەوان ئاشبەتاڵ دەخوازن‌و دەیانەوێت ئەو سیاسەتەی خۆیان بسەپێنن‌و ئەو درۆیەی دەیان ساڵە دوبارەی دەكەنەوە، بەڕاست بیدەنە قبوڵكردن، گەلی كورد خەبات‌و تێكۆشانی بۆ مافە زەتكراوەكانی خۆی كردووە هیچ كاتێك دەستی بۆ مافی كەسانی تر نەبردووە، ئەو شۆڕش‌و بەرخۆدانەش تەنها لەچوارچێوەی بەرگری ڕەوادیە، چونكە كورد لەتوركیادا نەك تەنها خاك‌و زمانی داگیركراوە، بەڵكو ناوەكەشی سڕاوە لەسەر نەخشەی ئەو وڵاتە، ئەوەی لەم پێواژۆیەدا گرنگە بۆ كورد بەر لەهەرشتێك پێداگریە لەسەرئەوەی دەوڵەت حكومەتی توركیا ناوی كورد لەدەستوری نوێدا تۆماربكات بەفەرمی ئاماژەی پێبكرێت، ئەگەر لەدەستوری وڵاتدا شتێك نەبێت بەناوی گەلی كود، بێگومان مافێكیش نابێت بۆگەلێك كەلەدەستوردا بونی نەبێت، ئەوەی مرۆڤ ڕەشبین دەكات لەگفتوگۆكانی ئاشتی نێوان حكومەت‌و ئیمراڵی‌و قەندیل هەنگاوە سستەكانی حكومەتە، بڕوام وایە حكومەتی ئەكەپەو خودی ئەردۆغان لەپرۆسەی ئاشتیدا زۆر جدی نین‌و وه‌ڵامدانەوەشیان لەئاستی دەسپێشخەریی‌و هەنگاوەكانی بزاڤی ئازادیخوازی كورددا نییە.

دەسەڵاتدارانی حكومەت ئەگەرچی بەكردەوە هەنگاوی ئەو تۆیان نەناوە لەگەڵ ئەوەشدا لێدوانەكانی ئەردۆغان تەم‌و مژاویەو ئاسۆیەكی ڕوونی لێبەدی ناكرێت، پێش هەرشتێك دەستور گره‌نتی ماف‌و ئازادیەكانە ئەگەر بەشێوەیەكی ڕاست‌و دروست كاری پێبكرێت، گەلی كورد دەیان ساڵە گیرۆدەی مەینەتیە بەدەستورێكی نادیموكراتی‌و دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری مامەڵەی لەگەڵ كراوە.

ئێستاش كە حكومەتی ئاكەپە دەیەوێت دەستوری وڵات بگۆڕێت‌و ڕەشنوسێكی ئامادەكردووە، بەهەمانشێوەی ڕابردوو بۆ گەلانی توركیا دەستەواژەی گەلی توركیای بەكارهێناوە كەواتە گەلی كورد، بوونی نییە لەڕەشنوسی دەستورەكەی ئاكەپەدا، ئەو دەستەواژەیە پێداگریە لەسەر هەمان درۆی ساڵانی ڕابردوو، هەموولایەك ئەوەدەزانێت بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەسپێشخەری بۆ ئاشتی كردووەو حكومەتی ناچاركردووە دەستی ئاشی درێژبكات، بەڵام ناكرێت متمانەی تەواو بەو دەستدرێژكردنەی حكومەت بكرێت تائەوكاتەی هەنگاوی كرداری دەهاوێت، جارێكی تر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن كەجەكەو هێزی پاراستنی گەلەوە هەنگاوێكە پێویستە لایەنی بەرامبه‌ریش هەنگاوێك بێتە پێش.

بڕوام وایە بەبێ گره‌نتی یاسایی هەوەك بەڕێوەبەرانی كەجەكەش ئاماژەیان پێكردووە، كشانەوەی هێزەكانی گەریلا بۆ دەرەوەی سنوری توركیاو باكوری كوردستان هەڵەیەكی كوشندەیە، ئەوەی گومان لەهەڵویستی حكومەت زیاتر دەكات قسەكانی ئەردۆغانە كە بەوەش ڕازی نییە هێزی گەریلا بەچەكەكانیانەوە بچنە دەرەوەی سنور، بەڵكو دەڵێت پێویستە چەكەكان ڕادەستبكرێنەوەو بەبێ چەك وڵات چۆڵ بكەن!! ئەو داواكاریەش داواكاری ئاشبەتاڵە نەك ئاشتی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە