ناتەبایی و دەوڵەتێكی بێ دڵ!!
Wednesday, 28/05/2014, 12:00
نەتەوەی كورد كە نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتە هەمیشە بە هیوای ئەو ڕۆژەیە خەونی مێژوویی بەدی بێت و بگات بە سەربەخۆیی، بۆ ئەوەی وەك هەر نەتەوەیەكی تری ئەم گۆی زەوییە بە پێواژۆی دەوڵەتبووندا تێپەڕێت و چێژی ئەو مافەڕەوایەی بكات كە لیێ زەوتكراوە، دەیان ساڵە كورد خەبات بۆ سەربەخۆیی دەكات و قوربانی ئەدات و وەكو خەونێكی شیرین دەوڵەتی بۆ پێناسە دەكرێت، ئەو خەونەی تا ئەم ساتەوەختە ڕۆژلەدوای ڕۆژ بۆ بەرژەوەندی تایبەت كارلەسەر شیرینتركردنی دەكرێت لە لایەن هەندێ پارت و رێكخراوی دیارەوە، لە كاتێكدا دەرفەت و دەسەڵاتیش هەندێ جار لە بار بووە بۆ ئەوەی مێكانیزمی گەیشتن بەو خەونە ڕاستەڕێ بكرێت، كەچی بارودۆخی گونجاو بەهەند وەر نەگیراوە، تەنانەت لەلایەن خودی ئەو هێزو لایەنە دیاریكراوانەشەوە كە خۆیان بە هەڵگری ئەوچەمكە دەزانن، هیچ كاتێك هەنگاوی كرداری بەدی ناكرێت لە ئامادە سازی لە بوارەكانی سیاسی و ئابوری كۆمەڵایەتی دیبلۆماسی هتد،
هەڵبەتە بۆ هەر گەلێكی مافخوراو و بندەست و خاك داگیركراو و دابەشكراو گەیشتن بە مافی چارەنووس و بەدەوڵەتبوون هیواو ئامانجێكە كارو خەبات بۆ بەدی هێنانی دەكرێت، ئاشكرایە هاوشێوەی نەتەوەی كورد لە ژمارەی هاوڵاتی و ڕووبەری خاك و دوژمنی زۆرو بێ پشتیوانی و بێ دۆستی دڵسۆزنمونەی نییە، سەڕەای ئەوانەش لە ناتەبایی و یەكتر قبوڵ نەكردن و خۆ بەزلزانی و بەرژەوەندیخوازی و پارچەگەرێتی و حیزبگەرێتی بنەماڵەگەرێتی بەهەمان شێوە بێوێنەیە، هەرئەوەشە هۆكاری پەرتەوازەیی و دابڕان و لێكترازای و نەگەیشتنی بە مافە ڕەواكانی لەگەڵ ئەوەی قوربانیەكی زۆریشی بۆدراوە.
بێگومان ئەگەر ڕەخنەی ڕابردووی دوور و نزیك بكەین هەویرێكە دەریایەك ئاوی دەوێت، بە پێویستی نابینم كات بەڕابردۆوە بە فیڕۆ بدەین چونكە ئەوەی ئێستا هەیەو ئاماژەكانی بەرچاو بۆ ئایندە پێمان دەڵێن هێشتا لە نێو بازنەیەكی داخراودا دەخولێینەوە، هێشتا گفتارەكان ئەوەندە زەبەلاح و پڕ بریق و باقن كردار لە بەرامبەریدا گەردیلەیەكی نەبینراوە، ئەوی ئێستا بەناو پێشەنگایەتی تێكۆشانی گەیشتن بە دەوڵەت و سەربەخۆیی دەكات، ئەو كەشتی وانە بە ئەزموون و بەتوانایەنیە كە كەشتیەكە بگەیەنێت بە كەناری ئارامی و ئاسودەیی، لەگەڵ ئەوەی كەشتیەكەی بە دەیان تاشەبەردی جەرگ بڕوگێژاوی ماڵوێرانكەرو پڕمەرگەساتدا كێشاوە و ڕوبەڕووی سەدان شەپۆل و زریانی بە تەوژم و رێی هەڵەدا بردووە، كەچی پێی وایە هەر خۆی شایەنی كەشتی وانیەو تاكە فریادڕەسە بۆ دۆزینەوەی مەملەكەتی ئارامی.
ئەوەی زیاتر گوێبیستی دەبین لە باسكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ حاڵی حازر لە زاری دەسەڵاتداری باشوری كوردستانەوەیە، ئەو بابەتەش زیاد لە پێویست قسەی لەسەر كراوە هیچ كردارێكیشی لە گەڵدا نەبووە، ماوەیەكە لە دوای ناكۆكی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئێراق لە سەر دۆسیەی نەوت، دیسان مژاری جیابوونەوەو ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ كراوەتەوە بە ڕۆژەڤ، ئەوەش لە كاتێكدایە بەهۆی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمەوە بۆ توركیاو بەبێ ڕەزامەندی بەغدا گرفتێكی گەورە بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرتووە، ئاشكرایە گرفتەكە نەبوونی پارەیە لە بانكەكان و پەكخستنی سەرجەم پڕۆژەكان و دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرو سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێم.
ئێستا خەمی گەورەی خەڵك بووە بە خەمی بێ پارەیی و وەرگرتنی موچەی مانگانە، چونكە لە سایەی دەسەڵاتداری كوردەوە بیست ساڵە كار لەسەر بێبەرهەمكردنی خەڵك دەكرێت تەنها لەپێناو ئەوەی هەمیشە پێویستی بە حیزب بێت و دەستی بۆ پان بكاتەوە، بۆیە ئێستا خاوەنی خاكێكی بە پیت و وڵاتێكی پڕلە كانزاو دەوڵەمەندو گەلێكی دەستەوەستان و بێبەرهەمین و بەرگەی یەك مانگ ئابڵوقەدان ناگرین و تووشی كارەسات دەبین.
بەڕاستی چی كراوە بۆ ئەوەی باس لە ڕاگەیاندنی دەوڵەت بكرێت؟ ئایا ئەو دەوڵەتەی سۆزی خەڵكی پێ ئەجوڵێنن لە سەر كام جوگرافیاو كام بنەمای سیاسی و تەبایی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و ئابوری بەهێز بنیاد دەنرێت؟ ئایا تەنها ناوێك كەپێی دەوترێت دەوڵەت بەسە بۆ ئەوەی خواستی دێرینی گەلی كورد فەراهەم بكات؟ تۆبڵێی كام هێزی سیاسی كورد جورئەتی ئەوەبكات لە سەرئەو سنورە ئیداریەی ئێستای هەرێمی كوردستان دەوڵەتۆكەیەك ڕابگەیەنێت و دەستبەرداری لە سەدا چلی خاكی باشوری كوردستان بێت بە كەركوكی بەدڵ پێناسەكراویشەوە؟! جڵەو كردنی سۆزو دڵ سۆزی خەڵكی كوردستان و بەرەو هەڵدێر بردنی بەمەرامی سیاسی و بەرژەوەندی حیزبی هیچی لەو تاوانە پڕ لە ئازارانەكەمتر نییە كە دوژمنان لە هەمبەر گەلی كورد ئەنجامیانداوە، چەند ساڵێكی كەمە گەلی كورد لە دوای نەهامەتیەكی مەزن هەندێك بە ئاسودەیی گەیشتووە، دەكرێ ناوی وێستگەی یەكەمی لێ بنرێت بۆ گەیشتن بە خەونەگەورەكە، ئەم وێستگەیە پێویستە بكرێت بە شوێنی پشودانێكی كاتی لە دوای ماندوبوونێكی زۆر بۆ ئەوەی هەنگاوی دووەم شكستخواردوو نەبێت و سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانج بەدڵنیایی گەرنتی كرابێت.
ئاماژە ترسناكەكانی وێستگەی یەكەمی رێگا پڕ لە هەورازو نشێوەكەمان ئەوەمان پێدەڵێت كە مەترسی گەورەتر لە پێشمانەوەیە ئەگەر ئامادەكاری پێویست نەكرێت، كورد هیچ دەوڵەتێكی هاوزمان و هاو ئایینی نییە پشتیوانی لێ بكات بۆ كاتی پێویست خەمخۆرێكی نییە خودی خۆی نەبێت، خۆیشی بەو هەموو ناكۆكییەوە نەك ناتوانێت دەوڵەت دروست بكات بەڵكو ئەو دەسكەوتانەی كە هەیە لە بەردەم مەترسیەكی زۆر گەورەدایەو ئەگەری لە دەستچوونی نزیكە، ئاڵۆزاكانی نێوان هێزێكی خاوەن دەسەڵات لە باشوری كوردستان كە پەدەكە یە لەگەڵ لایەنە كاریگەرەكانی كوردستان پەیەدەی رۆژئاواو و پەكەكەی باكور و ناكۆكی لە گەڵ هێزێكی تری گاریگەری باشور كە یەنەكە یە ئەوەمان پێدەڵێن كە ئاسۆی دوارۆژی كورد ڕوون نییە ئەگەر ئەو ئاوەز و لۆژیكە بەردەوامی بە خۆی بدات، ئەگەر لە هەنگاوە سەرەتایەكانەوە دەست پێنەكەین گەیشتن بە لوتكە زۆر محاڵەو فڕین خەونێكی بەدینەهاتووە، پشت بەستن بە هێزی بێگانە دووبارەكردنەوەی مێژوی پڕ لە شكستی ڕابردووە، ڕاگەیاندنی دەوڵەت لە باشوری كوردستان خەونی هەموومانە بەڵام دەوڵەتێك بە شاری كەركوكی كوردپەروەرو سەرجەم خاكە داگیركراوەكانەوە، دەوڵەتێك بە پشتیوانی سەرجەم لایەنەكانی باشوری كوردستان، دەولەتێك بە پشتیوانی گەلی بەرخۆدانڤانی باكورو تەڤگەرەكەی، دەولەتێك بە پشتیوانی گەلی خۆڕاگری رۆژئاواوی وڵات و هێزە كاریگەرەكەی، دەوڵەتێك بە پشتیوانی هێزە خەباتكارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و خەڵكە تێكۆشەرەكەی، هەزار جار بەڵێ بۆ ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەی تەنها كورد پشتوپەنای بێت، بەڵام نەخێر بۆ دەوڵەتۆكەیەكی بێ كەركوك و بێ پشتیوانی نەتەوەی كورد، نەخێر بۆ دەوڵەتۆكەیەی هاوشێوەی قوبرس بەڵام كویلەتر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست