پیرە پیاوانى سیاسى لە كۆنفرانسى نەتەوەیى كورد دەترسن!!
Wednesday, 20/04/2011, 12:00
هەرچەندە تا ئێستا ئامارێكى رەسمى نەكراوە لە تەواوى كوردستاندا بۆئەوەى ژمارەى راست و دروستى نەتەوەى كورد بزانرێت، بەڵام زۆر لە مێژە كە باس لە نەتەوەى كورد دەكرێت بە چل ملیۆن كەس هەژمارى دەكەن، هەڵبەتە كورد لە چوار بەشى كوردستان و تەواى جیهاندا بڕوام وایە ئێستا لەو ژمارەیە زۆر زیاتر بێت، ئاشكرایە كە نەتەوەى كورد تەنها نەتەوەیە لەسەر ئەم هەسەرەیەدا كە خاوەنى وڵاتى سەربەخۆ نییە و خاكەكەى بەسەر چوار وڵاتدا دابەشكراوە، ئەو دابەشكردن و لێكترازانەش بە بێ خواست و ئارەزووى خۆى بووە، هەر یەك لە وڵاتانى داگیركەرى خاكەكەشى كە سێ نەتەوەى جیاوازن هەرگیز كوردیان بە بەشێك لە هاونیشتمانیانى خۆیان نەزانیوە، بۆیە هەمیشە لە هەوڵى پاكتاوكردن و وەكخۆلێكردن و كۆمەڵكوژ و جینۆسایدكردنى كوردان درێغیان نەكردووە، هەمیشە وڵاتانى داگیركەرى كوردستان ناكۆكییەكانى نێوان خۆیان وەلا ناوە و لە سەركوتكردن و لەناوبردنى گەلى كورددا تەبا و هاوڕا بوونە، بە جۆرێك هاوهەڵوێست بوون لە پیلانگێڕیدا، ئەگەر دەروازەى رێگە چارەیەك لە هەریەك لەو وڵاتانەدا بەدیبكرایە ئەوانى دیكە دەستێوەردانى راستەوخۆیان دەكرد بۆئەوەى ئەنجامگیر نەبێ. دوژمنانى كورد ئەو راستییە باش دەزانن هەر بەشێكى كوردستان بە مافە رەواكانى بگات كاریگەرى لەسەر بەشەكانى دیكەش دەبێت.
بۆیە بەردەوام هاوكار و هاورا بوون لە پیلانەكانیان بۆ سەركوتكردنى شۆڕشەكانى گەلى كورد، نمونەى هاوپیلانییان زۆرە لە مێژوودا، پێویست نییە لێرەدا ئاماژەى پێبكەین، ئازادبوونى بەشێك لە خاكى باشورى كوردستان لە ساڵى (1991) سەرەڕاى شۆڕش و قوربانیدانێكى زۆر لە ئەنجامى بارودۆخى هەرێمى و نێودەوڵەتیدا هاتە ئاراوە، بەڵام دیسان دوژمنانى كورد ئەو روداوەیان پێ قبوڵ نەكرا و بەشێوازێكى دیكە دەستێوەردان و پیلانگێڕییەكانى خۆیان بەردەوام كرد، ئەو دوژمنكاریە نوێیەشیان لەو مەرگەساتانە دژوارتر بوو كە لە رابردوودا ئەنجامیان دابوو، دواى ئازادبوونى ئەو بەشەى كوردستان وڵاتانى داگیركەر وەك چوار گورگى برسى نیگاكانیان ئاڕاستەى باشورى كوردستان كرد، پیلانە نوێیەكەى دوژمنان بەگژیەكداكردنى كوردان بوو لە ناوخۆى باشورى كوردستان لەلایەك و باشور و بەشەكانى دیكە لە لایەكى تر، ئەو سیاسەتەى دوژمنان تا ئاستێكى بەرز سەركەوتوو بوون تێیدا، گیانى دووبەرەكى و حزبپەرستى و پارچەگەرێتى لەو ساڵانەدا سەریهەڵدا و بەردەوام تۆختر بۆوە، هەرچەندە چوار وڵاتە داگیركەرەكەى كوردستان بەهۆى چاودێریكردن و رێپێنەدانى وڵاتە زلهێزەكانى جیهان نەیاندەتوانى هێرشى راستەوخۆى سەر باشورى كوردستان بكەن، بەڵام لە ئەنجامى پیلانەكانیاندا كارێكى وایان كرد هەریەك لە عێراق و ئێران و توركیا بە رەزامەندى هێزەكانى باشورى كوردستان لەشكركێشى بكەنە سەر ئەو خاكەى كە جێگەى ئومێدى هەموو كورد بوو، ئەو ناكۆكى و دووبەرەكى و ململانێیەى نێوان هێز و لایەنە كوردییەكانى كوردستان بە گشتى، مەودایەكى زۆرى خستە نێوان گەلى كوردەوە، خواستى دژایەتى و قڕكردنى یەكتر زیاتر بوو لە خواستى یەكڕیزى و تەبایى و یەكێتى نەتەوەیى!! بێگومان ئەو رق ئەستوریە لە باشورى كوردستان زیاتر پەرەى سەندبوو، چونكە دوژمنان بە جۆرێك بەرنامە رێژیان كردبوو بۆ پیلانەكانیان كە درك بەوە نەكرێت سەرچاوەى پیلانەكان لەكوێوەیە، هەڵبەتە ئەوەش بۆ ئەو مەبەستە بوو كە كوردى بەشەكانى دیكەى كوردستان، وەك هۆكارى ئەو نەهامەتیانە پیشان بدەن كە خەڵكى باشورى گیرۆدە كردبوو. لەشكركێشى و تۆپبارانكردن و بۆمباڕێژكردنى كوردستان بە فڕۆكە جەنگییەكان بە بیانوى شۆڕشێڕە كوردەكانى بەشەكانى دیكەى كوردستان، چەندە بە مەبەستى شەڕى سەربازى بوو لە دژى نەیارەكانیان، سەد ئەوەندە بۆ لێكترازانى كوردان و رق و كینە دروستكردن بوو لە نێوان كورداندا، دوژمنانى كوردستان دركیان بەوە كردبوو، ئەو دەروازەیەى كە لە باشورى كوردستانەوە بە رووى كورددا كراوەتەوە، ئەگەر ئاژاوە و پشێوى تێنەكەوێت ئەنجامێكى گرنگى دەبێت بۆ گەلى كورد، دەیانزانى كورد ئەگەر لەو ئەزمونەدا سەركەوتووبێت، واتا بەردى بناغەى كوردستانى سەربەخۆى داناوە، بە پێچەوانەشەوە سەرنەكەوتنى، كورد بەرەو ئاڕاستەیەك دەبات، كە بۆ هەمیشە نوقمى گێژاو بێت. دوژمنانى كوردستان لەو نەخشە و پیلانەى دایانڕشت و ئەو تەڵەزگەیەى بۆ كوردیان دانا لێى نائومێد نەبوون، بە خواستى دڵى خۆیان نیشانیان پێكا، ئێستا لە دواى چەند ساڵ نەهامەتى و بەفیڕۆدانى زۆر دەسكەوتى مەزن، بە بێ ئاگایى و بە ئاگایى، جێى خۆیەتى ئاوڕێك لە رابردووى خۆمان بدەینەوە و سەرجەم ئەو خاڵە لاوازانە دەستنیشان بدەین، كە زیانى نەتەوەیى پێگەیاندوین، پێویستە دەسەڵاتداران و بەرپرسانى كوردستان دڵسۆزانە ئەزمون لە روداوەكانى رابردوو وەرگرن و بەردى بناغەى یەكێتى نەتەوەیى دابنێن.
بەستنى كۆنفرانسێكى نەتەوەیى لەم كات و ساتەدا پێویستییەكى لەپێشینەیە بۆ گەلى كورد، بارودۆخى ئەمڕۆى كوردستان لە هەر چوار بەشەكەیدا گەیشتووە بە ئاستێك پێویستى بە هەڵوەستە لەسەركردنێكى جدى هەیە، بۆ ئەمەش هەموو لایەنە سیاسیەكان بەرپرسیارێتى دەكەوێتە ئەستۆیان خۆ دوورگرتن لە بەستنى كۆنفرانسى نەتەوەیى كوردستان هیچ پاساوێكى نییە، كارێكە لە خزمەتى تەواوى نەتەوەى كورددایە، هەر لایەنێكى سیاسى لە كوردستانى گەورەدا خاوەن بەرنامە و فیكر و ئایدیاى خۆیەتى، هەریەكەیان بە شێوازێك كار و خەبات دەكات بۆ گەیستن بە ئامانجەكانى، گومان لەوەدا نیە لە هەر لایەنێكى سیاسى بپرسیت لە پێناوى چیدا خەبات دەكەیت؟ وەڵامەكەى ئەوەیە "كە لەپێناو كورد و كوردستاندا خەبات و تێكۆشان ئەنجام دەدەین!!" كەواتە خەباتى هەرە لەپێش كە لەپێناو بەرژەوەندییەكانى گەلى كوردا بێت بەستنى كۆنفرانسێكى نەتەوەییە، لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە، ئایا هۆكار چییە كە هێز و لایەنە سیاسییەكان نایەنە لاى یەكتر و بەرنامەیەكى كار پێكەوە داناڕێژن بۆ خەباتێكى هاوبەش لەپێناو گەیشتن بە سەرجەم مافە رەواكانى گەلى كورد، ئایا ئەو ترسە چییە كە لایەنە سیاسیەكان سڵى لێدەكەنەوە؟! زۆربەى نەتەوە و وڵاتانى جیهان كۆمەڵە و یەكێتى تایبەت بە خۆیان هەیە. لە نمونەى (وڵاتە یەكگرتووەكان، یەكێتى ئەوروپا، یەكێتى وڵاتانى عەرەبى و...هتد) هاوكات خاوەنى وڵاتى سەربەخۆى خۆیشیانن، گەلى كورد كە خاوەنى وڵاتێكى سەربەخۆ نیە و خاكەكەى دابەش و داگیركراوە، دەكرێت خاوەنى كۆنگرەیەكى نەتەوەیى بێت، بۆئەوەى ئاریشە و پرسەكانى خۆی تێدا بخاتە بەر باس و گفتوگۆ و رێگەچارەیان بۆ دەستنیشان بكات، ئەمەش مافێكى رەواى خۆیەتى و هیچ دوژمنێكیش ناتوانێت دەست بخاتە رێگەى، ئەگەر خۆى خاوەنى ئیرادە بێت و تەنها بیر لە بەرژەوەندى نەتەوەیى كورد بكاتەوە.
كۆكردنەوەى سەرجەم بیرورا جیاوازەكان لە دەزگایەكى نەتەوەیدا جگە لەوەى كێشە ناوخۆییەكان بەر لەوەى تەشەنە بكات و دەستى نەیارانى پێبگات چارەسەر دەكات، هاوكات كۆدەنگییەكى كوردانە كە دوژمنان ناچار دەكات بە موخاتەب بیانبینن و بۆ دیالۆگ و چارەسەركردنى كێشەكان رووى تێبكەن، ئەمەش دەبێتە دەسكەوتێكى مەزن بۆ نەتەوەى كورد و كاریگەرى ئەرێنى زۆر بەرچاوى دەبێت. ئەوەندەى ئاگادار بم داخوازى بەستنى كۆنفرانسى نەتەوەیى (15) ساڵ دەبێت لەلایەن بزاڤى ئازادیخوازى باكورى كوردستانەوە دەخرێتەڕوو، هەرچەندە لە ساڵى (1999)دا تا رادەیەك ئەو خواستە بەدیهات و كۆنگرەى نەتەوەیى كوردستان (KNK) دامەزرا، بەڵام بەداخەوە هەر زوو بەهۆى بەرژەوەندى حزبییەوە بەشێك لە ئەندامانى كشانەوە، ئەمەش وایكرد ئەو كۆنگرەیە سەرەڕاى كارە باشەكانى، كە تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام نەبوو بەو كۆنگرەیەى كە بە فەرمى هەموو پارتە سیاسیەكان بەشدارى تێدا بكەن و جێگەى خواست و هیواى گەلى كوردستان بێت، دیسان پرسیارى گرنگ ئەوەیە، ئایا بۆچى ئەم داخوازیە تەنها لە باكورى كوردستانەوە جەختى لەسەر دەكرێتەوە، دیارە بەستنى كۆنگرەیەكى بەو رەنگە لە بەرژەوەندى تەواوى گەلى كوردستاندایە، هەرچەندە ئەم مژارە هەمیشە لە رۆژەڤى خەباتكارانى باكوردایە، بەڵام تا ئێستاش بەدەنگەوە چونێكى جدى بەدی نەكراوە لەلایەن هیچ هێزێكى دیكەى بەشەكانى ترى كوردستانەوە، لە ئەنجامى پێداگرى و رشتبوونى گەلى باكورى كوردستان بۆ ئەو دەسكەوتە نەتەوەییە، لە ماوەى یەك ساڵى رابردوودا لەسەر بانگهێشتى پارت و رێكخراوەكانى باكور، تا ئێستا چوار كۆنفرانس لە شارى ئامەد بەستراوە، ئەوانەش (كۆنفرانسى ژنان و هونەر و وێژە و تەندروستكاران و لاوان) و بەرنامەى چەند كۆنفرانسێكى دیكەش هەیە لە داهاتوودا، هەموو ئەو كۆنفرانسانەش كە لە شارى ئامەد بەستراون نوێنەرى زۆربەى لایەنە سیاسییەكانى هەر چوار بەشى كوردستان تێیدا بەشداریان كردووە، هەموو لایەك ئەوەى بۆ دەركەوت، كە بەستنى كۆنفرانسەكان مایەى دڵخۆشى گەلى كورد بوو هەمان كات هیچ كاردانەوەیەكى نەیارانى كوردیشى بەدواى خۆیدا نەهێنا، كەواتا بەستنى كۆنفرانسێكى نەتەوەیش كە تەواوى لایەنە سیاسییەكان لەخۆ بگرێت دەسكەوتێكى مێژوویى دەبێت بۆ كوردستان و هەروەكو ئەو كۆنفرانسانەى كە باس كرا هیچ كاردانەوەیەكى لەلایەن نەیارانى كوردەوە لێ ناكەوێتەوە و ئەو ترسەى كە لە ناخى خۆماندا چاندومانە جگە لە خەیاڵێكى پوچ هیچی دیكە نییە.پەندێكی پێشینان هەیەدەڵێت "مشتەكۆڵە لە درەوشە دەگەڕێتەوە" كەوایە دوژمنانی كوردستان لەیەكگرتوویی نەتەوەی كورد سڵدەكەنەوە لەوپیلانگێڕییانەی كەبەردەوام كاری لەسەر دەكەن و لەپرش وبڵاوی لایەنە سیاسیەكانی كوردیشدا هەمیشە سەردەكەوتوبون تێیدا،ئێستا كە چوابەش لە چینو توێژەكانی كوردستان كۆنفرنسی نەتەوەیی یان بەست و بەسەركەو تویی كۆتاییان بەكارەكانیان هێنا ،لەكۆتاییدا دەبێ بڵێین ئەوەی كەرێگرە لەبەستنی كونگرەی نەتەوەیی كوردستان پیرە پیاوانی سیاسین !!ئەگەرواش نیە دەفەرمون قۆڵی كوردایەتی لێ هەڵماڵن و كۆنگرەیەك ببستن كەسەرجەم لایەنەسیاسیەكانی چوار بەشی كوردستان بەشداری تێدابكات وهەمو ئەو كێشەو ئاڵۆزییانەش كەئیستا كوردستانی گرتۆتەوە لە بەرژەوەندی گەلەكەماندا بەدیالۆگ وبەشێوەیەكی ئاشتیحوازیانە بەبێ هەڵچون ورەتكردنەوەی یەكترچارەسەری بكەن ،.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست