یادی گۆپتەپەوبەڵێنەكانی دەسەڵات؟!!
Wednesday, 04/05/2011, 12:00
ئەوكاتەى ڕژێمی بەعسی دڕندە لەهەوڵی خاپوركردنی كوردستان و جینۆسایدو قڕكردنی گەلەستەمدیدەكەى دابوو ،گوندی گۆپتەپەى ناوچەى قەڵاسێوكە یەكێك بو لەو هەزاران گوندەى بەر ئەو شاڵاوە شومە كەوت بەڵام مەرگەساتی ئەو گوندە لەوەدا بوو بێ گوێدانە بنەماكانی مافی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارە خوێن ڕێژكانی بەغداوە بە چەكی كیمیاویی قەدەغە كراو بۆردومان كراو 160 هاوڵاتی سڤیل لە ژن و منداڵ و پیرولاوو بوون بە قوربانی و ژیانیان لەدەستدا ،جگە لەوەى 500 كەس لەخەڵكی بێتاوانی گۆپتەپەو دەورو بەری بەر شاڵاوی بەد ناوی ئەنفال كەوتن و بوون بە خۆراكی بیابانەكانی عەرەبی شۆڤێنی، جێی وەبیر هێنانەوەیە گۆپتەپە جگە لەوەى لە گەڵ تەواوی كوردستاندا خاپوركراو كیمیابارانیش كرا ،پێش تریش لەساڵی 1985 دا یەكەم گوندی كوردستان بوو پێش خاپوركردنی سەرتاسەری تێكوپێكدراو سوتێنرا ،هەر لەو سەردەمەدا بوو شۆڕِِشی كورد بەڵێنی ئەوەى بەدانیشتوانی گوندی گۆپتەپە دا گەر لەئایندەدا شۆڕش سەركەوت و بەمافەكانی خۆمان گەیشتین ئەوا گۆپتەپە دەكەین بەشارێكی هاوچەرخ !! ئەوەى لێرەدا مەبەستمە ئاماژەى پێبكەم یادكردنەوەى ئەو رۆژە رەشەیە كە بووە بە نەریتێكی ساڵانەو هەموو ساڵێ لە 3/5 دا ژمارەیەكی زۆر لەبەرپرسانی حوكمی و حزبی لەگۆرستانی شەهیدان و لە بەردەمی پەیەكەری "هاوار"دا كە پەیكەرێكە گوزارشت لەو كارەساتە دەكات كۆدەبنەوەو ئەو ڕۆژە پڕ لەغەم و ئازارە بەبیری خەڵكی ڕەش پۆش و چاو پڕلەئەشكی خاوەن شەهیدان دەهێننەوە ، هەمیشەبەڵێنیان پێدەدەن خزمەتگوزاری پێویستیان بۆبكەن و قەرەبوی مەینەتیەكانیان بۆ بكەنەوە ،هەموساڵێك هەروەكو ساڵانی ڕابردو یادی كارەساتی 1988/5/3 دەكراێتەوە بەڵێنی تازە بەدانیشتوانی گۆپتەپە دەدرێت !! یادی بیست وسێ هەمین ساڵەى كیمیاباران كردنی گوندی گۆپتەپە ئەم ساڵیش تێپەڕی و وەك هەمیشە بەمەراسیمێك یادەكەبەڕێكرا،خەڵكی گوندەكە تەواو بێزاربون لەبەڵێنەكانی حوكمەتی هەرێم ،هەموساڵێك بەڵێنەكان نوێدەكرێنەوەو بەڵام جێبەجێ ناكرێن ، ئەوگوندەی لەساڵی هەشتاوپێنجەوە بەڵێنی پێدراوە بكرێت بەشارێكی هاوچەرخ هێشتا جادەیەكی هاوچەرخیشی بۆنەكراوە !!ئەوبەڵێنانەی لەوچەندساڵەی ڕابردوودا حكومەت بەخەڵكیداوە ئەوەندەی من بزانم شەش ساڵ پێش ئێستا بەڵێن دراوە یەك ملیۆن دۆلار تەرخان بكرێت بۆ پرۆژەى خزمەتگوزاری گۆپتەپەو دەڤەرەكە بەگشتی ،بەڵام ئەوەى جێی سەرەنج و تێڕامانە ئەوە بوو هەرئەوكاتەخەڵكی گوندەكە هیچ خۆشحاڵ نەبوون بەو بەڵێنەى حوكمەت و لەوباروەڕەدا نەبوون ئەو بڕە پارەیە سەرف بكرێت.
هێژای گوتنە لەساڵانی ڕابردووشدا بەڵێنی لەو جۆرە دراوەو بەڵام هیچ دەرئەنجامێكی نەبووە هەروەك یەكێك لەدانیشتوانی گوندەكە ئاماژەی بەوەكرد، ئەمە یەكەمین جار نییە بەقسەپارەو شتی تر بۆ ئێمە تەرخان دەكرێ و هیچ كەس نایبینێ سێ كابینەى حوكمەتی هەرێم ئیدارەى سلێمانی لەرابردودا بەڵێنی پێداین و جێبەجێ نەكرا ،لەكابینەی حكومەتی كۆسرەت رەسوڵەوە بەڵێن درا پێنچ سەد هەزار دیناری سویسری ئەوكاتە بۆ گوندەكەمان بكات بەدیاری ، دكتۆر بەرهەم بەڵێنی دوو سەد خانوی پێداین دواتریش بڕیار درا یەك ملیۆن دۆلارمان بۆ سەرف بكرێ هەرچەندە بەگومان بوین لەجێبەجێكردنی، بەڵام ئاواتە خوازبوین جارێك خاوەن قسەی خۆیان بن وبەڵێنەكانیان ببەنەسەر ، بەڕاستی ئەگەر ئەم یادكردنەوەیە تەنها بۆ كولانەوەى زامەكانمان بێ و نەبێتە مایەى كەم كردنەوەى مەینەتیەكانمان نەكرێ زۆرلەوە باشترە، دڵنیا بن ئەگەر بەم شێوازە یادی ئەو مەرگەساتەمان بۆ بكەنەوە تەنها كۆكردنەوەى كۆمەڵێ خەڵك بێ لەو ڕۆژەداو بەڵێن بدەن و جێبەجێ نەكرێ ئێمەش ڕێگەنادەین بەهیچ كەسێ بێت زامەكانمان بكولێنێتەوە هیوادارین دەستی یارمەتی حوكمەت بگات بەتەواوی گوندەكانی كوردستان كە ساڵانێك لانكەى شۆڕش بوون ،هیوادارین یەك بەڵێنی خۆیان جێبەجێ بكەن بۆ گۆپتەپەی شەهید ئەوكاتە بەشداری كردنی دەسەڵاتداران لەخەمەكانی ئێمە واتای دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست