کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەزم و ڕەزمی دوای دەنگدان !

Thursday, 26/09/2013, 12:00









هەڵبژاردنەكەی ئەم ساڵ
نیوەی شیرین و نیوەی تاڵ
بۆ هەندێ شایی و هەنگوین بوو
بۆ هەندێ تر تاڵی وشین بوو
دەسەڵاتدارەكە مایەوە
دەنگیشی كەم نەكرایەوە
هاوبەشەكەشی لەم لاوە
ئەڵێن لە قافا گیراوە
هاوبیرو هاو سەنگەرەكان
ئەوانەی كە لە یەك تۆران
ئەولاتریان بیر نەماوە
دەستیان لە بینی یەك ناوە
یەكێ‌ ئەڵێ‌ ئەنجامەكان
ئاماژەن كە ئێوە دۆڕان
ئەوی تریشیان هەستاوە
دەڵێ‌ دەنگم دزراوە
لەوبەزمو ڕەزم و هەرایە
هەمووی لەو بەر بێ ئاگایە
لەناو پایتەختەكەی وڵات
كیسەڵ باری لۆری ئەبات
كەسێ‌ نییە لە هیچ لایە
بەوە بڵێت ناڕەوایە
دەڵێن لە پانزە بنكەوە
دەنگەكانیان كۆكردەوە
یەك لۆری بووە بارەكە
دەنگی هاوڵاتی شارەكە
هەرچەند دە خولەك بوو ڕێگا
هیچ باربەرێك نەبوو بیبا
شار گەڕان لەم سەر بۆ ئەو سەر
لە بێ‌ گیان و لە گیان لەبەر
ئەوەی كە بەدەنگەوە هات
ئەو بارە سندوقە ببات
بەتەنها هەر كیسەڵ گیان بوو
بەڕاستی خۆی پاڵەوان بوو
تۆ سەیری خەڵكی پێنەزان
چەند بێ‌ ویژدانن هەموویان
لەجێگەی سوپاسگوزاری
لە جێگەی پاداشت و دیاری
ئەڵێن كیسەڵ زۆری پێ‌ چوو
تەنها باری لۆریەك بوو
ئەو ڕێگا دەخولەكییە
دوانزە كاژێری بۆچییە
بێگومان شتێ‌ ڕوی داوە
هەبێ‌ و نەبێ‌ فێڵ كراوە
كیسەڵ بگرن و سزای بەن
لەناو خەڵكا بیكەن بەپەن
بیكوتن پشتی بشكێنن
هەتاكو پێی ئەدركێنن
من سەر لەو بەزمە دەرناكەم
نازانم هانا بۆ كێ بەم
كێ‌ ئەزانێ‌ ئەو مەتەڵە
ئایە تاوان بار كیسەڵە؟
توخوا ئەگەر پێتانزانی
بانەمێنێ‌ بە پەنهانی
بڕۆن بە كۆمیسیۆن بڵێن
ئەرێ برا ئێوە لە كوێن
ئەو كیسەڵە بەسزمانە
ئاخر كەی هین بارهێنانە؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە