لە نێوان هەڵوێستی تاڵەبانی وبارزانیدا كورد چی دەستدەكەوێت؟!
Wednesday, 13/06/2012, 12:00
ئاڵۆزی وكێشمەكێشی پرۆسەی سیاسی لەئێراقدا هێشتا بەردەوامەو لەوە ناچێ وا بەئاسانی سەقامگیری بەخۆوە ببینێت، مژاری سەندنەوەی متمانە لەمالكی ئەگەرچی نەیارەكانی بەردەوام جەختی لەسەردەكەنەوە بەڵام ئەویش سەنگەری بەرگری بەهێز دەكات وفشارەكانیش خاوبونەوەیەكی پێوەدیارە، لەم ئاڵۆزی وئاریشەیەدا كە تائێستا بەتەواوەتی بەلایەكدا لااسەنگ نەبووە پرسیارێكی گرنگ سەری هەڵداوە و پێویستە خەڵكی كوردستان وڵامەكەی دەست بكەوێت.
لە ڕاستیدا قەیرانی سیاسی ئێراق ئەوانەی پێوەی پەیوەندی دارن وئەوانی دورونزیك دەستیانی تێدایە هەریەك بە شێوازێك قازانجیان كردووە ئەگەر بەڕێژەیەكی كەم زیانیشیان بەركەوتبێت، بەڵام كەلی كورد تاكو ئەم ساتەوەختە بێ ئاگایە لە زیان وقازانجی ململانێكە، لە كاتێكدا بەشێك لەسەركردایەتی سیاسی كورد ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕن لە شەڕەكەدا بۆ لەكارخستنی سەرۆكی حكومەتی ئێراق، بەپێچەوانەوە بەشێكی تریش لە ناوبژیوان زیاتر وەك بەرگریكار دەردەكەون،
ئەوانەی لە ئاڵۆزیەكانی ئێراقدا سودیان بینیوە لە حزب وكوتلە سیاسیەكانەوە تا وڵاتانی دەوروبەروهەرێمی جیهانی تاڕادەیەك بەرچاوە، بێگومان دەسەڵاتداران وسیاسیەكانی ئێراق سەروەریەكانی وڵات لەدەستی خۆیاندانیە وئەوڵاتانەش كە دەستیان هەیە لەناو پرۆسەی سیاسی وپەلكێشكردنی ڕوداوەكان لە بەرژەوەندی خۆیاندا ئاشكران، لەم بارودۆخە نائارامەشدا لەوەدا قازانجیان كردووە شەڕوململانیەكانی خۆیان لە گۆڕپانێكی تردا ئەنجام ئەدەن وباڵانسی هێزی خۆیان لەهێزولایەنە وابەستەكانیانەوەدەبینن،
توركیاو چەند وڵاتێكی عەرەبی سونە مەزهەب كاردەكەن بۆئەوەی سیاسەتێك لە ئێراقدا باڵادەست بێت بەرژەوەندیەكانیان زیاتر بەرەوهەڵكشان ئاراستە بكات وبیپارێزێت، لەبەرامبەریشدا ئێران خاوەن ڕۆڵێكی كاریگەرە لەناو سیستەمی حكومڕانی ئێستای عێراقدا لەگەڵ ئەوەی ناخوازێت سەنگ وقورسای كەم بێتەوە هاوكات لە گەمەیەكی سیاسیشدا سەنگی دۆستەكانی تاقیدەكاتەوە و پەیامێكی دوولایەنەش ڕادەگەیەنێت،
لەلایەك پەیامێك بەنەیارەكانی ئەدات كەهێشتا گۆڕەپانەكە لە ژێركۆنترۆڵی خۆیدایە، لە لایەكی تردۆستەكانی بەئاگادێنێتەوە لەوەی بەبێ هاوكاری و پشتیوانی تاران هەرگیز ناتوانن خۆیان لەسەرپێ ڕابگرن، بەدەر لەودووبەرە نەیارە هێزی گەورەی خاوەن دەسەڵات ئەمریكایە هەڵبەتە ڕاكێشانی گوریسەكە بەهەرلایەكدا بكەوێت لەوەناچێت بۆئەمریكا زیانێكی ئوتۆی هەبێت،
ئەوەمان لەیادە لە هەڵبژاردنەكاندا لیستی ئێراقیە براوەو یەكەم بوو دەوڵەتی یاسا دووەم ئەوكاتیش ناكۆكیەكان هەشت مانگ برۆسەی سیاسی وڵاتی پەكخست وئێراق ریكۆردی جیهانی شكاند لەپێك نەهێنانی حكومەتدا، دواجار بەرژەوەندی نەیارەكانی دەرەوەی ئێراق هاوتەریب كراو رێكەوتن لەسەر دانانی مالكی، كەواتا مەلكی چەندە پارێزەری بەرژەوەندیەكانی ئێرانە ئەوندەش بۆ ئەمریكا گرنگە، ئەنجامی كیشمەكێشەكە هەرچی بێت پێی ناچێت كەس زیانی بەربكەوێت جگەلە كورد، گرفتی كورد تەنها ئەوەنیە دووهێزە سەرەكییەكە دابەشبون بەسەر دووبەرە نەیارەكەدا، بەڵكو گرفتەكە ئەوەیە ئاشكرانیە لە شكست وسەركەوتنی هەریەك لەو دووبەرەیە كورد چ قازانجێكی دەست دەكەوێت،
زۆر گرنگە گەلی كورد ئەوەبزانێت ئەنجامی هەڵوێستی توندی بارزانی سەبارەت بە لەكارخستنی مالكی چی دەسكەوتێكی بۆ كورد دەبێت؟ لە هەمان كاتدا پێویستە ئەوش ئاشكرابێت ئەنجامی هەڵوێستی تاڵەبانی بۆمانەوەی مالكی چی بۆ كورد دەستەبەردەكات؟
تائێستا ڕوون نیە ئەوەی لەدوای مالكی دەسەڵات دەگرێتەدەست كێیەو چۆن لە مافەكانی كورد دەڕوانێت، دیسان ئەوش نادیارە مانەوەی خودی مالكی لە پۆستەكەیدا تاچەند پشتگیری وهەوڵەكانی مام جەلال لەبەرچاودەگرێت ودەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێ كردنی دەستور، ئەگەر كورد لەم دوو حاڵەتەدا بەرچاوڕون نەبێت كەواتە لەكۆتایدا زەررمەنی یەكەم دەبێت، بۆیە زۆر پێویستە بەرلە كۆتایی هاتنی شەڕی دەسەڵات وبەرژەوەندی، كوردیش بەرژەوەندیەكانی خۆی لەبەرچاوبگرێت ولە هەرلایەك بێت گەرنتی بكات،
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست