کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جەنابی شالایار پلانە یان یان پیلان ؟

Sunday, 06/07/2014, 12:00






خەڵكی هەرێمی كوردستان متمانەو باوەڕیان بەو پەیمان و بەڵێن و قەسە زۆرانەی بەرپرسان نەماوە، خەریكە تەواو ئەو قەناعەتە دروست دەبێت كە لایەنی پەیوەندیدار بە كێشەو گرفت و قەیرانە یەك لە دوای یەكەكان نایانەوێت چارەسەری ڕیشەیی بدۆزنەوە بەڵكو هەمیشە قەیران بە قەیرانێكی تر دادەپۆشن، ئەوەش ئاڵۆزی و سەرهەڵدانی ناڕەزایی و تەنانەت كێشەی كۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەگەر نوێترین كێشەو قەیران بێنینە بەرچاو تەنها لە ئەم ساڵدا كە نیوەی ساڵە هێشتا چاوەڕوانی زیاتریش دەكرێت نەهامەتی لە دوای نەهامەتی بەسەر خەڵكی كوردستاندا دابەشدەكەن، ئەگەر باسی وەردە گرفتەكانی ڕۆژانەش نەكەین تەنها گرفتی موچەی مانگانە و قەیرانی بەنزین و كەمی كارەبا بەجۆرێ خەڵكی سەرگەردان و ماڵ وێران كردوو مەگەر تەنها بەرپرسانی ئەم وڵاتە دركی پێنەكەن و خەمی لێ نەخۆن و بەهەندی وەرنەگرن، ڕەوشە نالە بارو ئاڵۆزەكەی هەرێم مانشێتی مێدیای دەرەوەی هەرێمیشە نەك ناوخۆ، ئەوەی كە ئێستا سەرەكیترینیانەو بێ موچەیی لە بیری خەڵك بردۆتەوە قەیرانی سوتەمەنیە بەتایبەتی بەنزین، كاتێ كە باسی قەرانی بەنزین دەكرێت ، بەرپرسی پەیوەندیدار بەومژارە زۆر بە لەخۆبایەوە شانازی بە پلانەكانی خۆی دەكات سەبارەت بە سیاسەتی نەوت،
 ئاخر جەنابی شالایار تۆ كە مژدەی ئەوە دەبەخشیتەوە هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان دەگەیەنی بە یەك ملوێن بەرمیل لە ڕۆژێكدا ، ئەو بۆ پلانێكت بۆ ئەم بارودۆخە ناهەموارە نەبوو كە بەرۆكی خەڵكی گرتووە؟ ئایا ئەو رێنمایە سەقەتەی ئێستا دەتانەوێت كاری پێبكەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانی بەنزین بەپلان دادەنێن؟ ئێوە بە هەمو بەپرسانی حكومەتەوە تاكە شتێك بەرلە هەڵبژاردنەكان شانازیتان پێوەدەكرد و هەمیشە وەك قەوان لێتان دەدایەوە باسی بەنزین و نەهێشتنی كۆبۆن و نرخی جێگیرو نۆرە نەگرتنی شۆفێران بوو، كەچی ئێستا دۆخەكە نەك وەك پێشو بگرە زۆر خەراپ تریش بووە ، ئەو بەناو پلانەی داتان ڕشتووە بۆ چارە سەركردن بەتەواوی قوڵكردنەوەی قەیرانەكەیە ئاخر لە كوێ دنیادا بەنزین وەك ئارد بە فۆرمی خۆراك وەردەگیرێت؟ بەنزینتان كردووە بە ئاوی زمزم لە وڵاتێكدا كە سەدان بیری نەوت و زیاتر لە سەد پاڵاوگەی گەورەو بچوك بونی هەیە، ئەوەی كە زۆر سەیرو سەمەرەیە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان باشترە بڵێین سامانە فرۆشراوەكان خۆی دەیەوێت بازرگانی بە بەنزینەوە بكات!!
 بڕیار وایە لە سێ پارێزگاكەی هەرێم چلوپێنج بەنزینخانەی حكومی بكرێتەوە بۆ فرۆشتنی بەنزین بەنرخی بازرگانی، نرخەكەش بۆ هەر لیترێك هەزارو دووسەدو پەنجا دینارە، ئەونرخە زۆر نەگونجاوە لە گەڵ دۆخی ژیانی خەڵك و ئەو دەریانەوتەی كوردستان، مژارێكی تر كە نەك هەر جێی سەرنجە بەڵكو جێ گومانیشە بڕیار وایە لە دەرەوەی هەرێم بەنزین هاوردەبكەن ئەوەش لە توركیا !! لە كاتێكدا نرخی بەنزین لەو وڵاتە بە پێنج لیرەیە كە دەكاتە زیاتر لە دوو دۆلار، لە بەرامبەردا لە ئێران نرخەكە زۆر جیاوەزەو نزیكی نیو دۆلارە ئایا ئەو بەنزینە موویەكی تیانیە؟! چ نهێنیەك لەو بازرگانیەدا هەیە لە كاتێكدا بە نیو دۆلار بەنزین ناكڕن بەڵام بە دوو دۆلار ئامادەن بیكڕن؟ ئەو مەرجەی بۆ بازرگانەكان دانراوە سەبارەت بە هاوردەكردنی بەنزین ئەوەش جێی گومانە ئایا كێ دەتوانێ شوێنی سی ملوێن لیتر بەنزین دابین بكات؟! ئایا ئەو مەرجێكی كۆت و بەند كردن نیە بۆ ئەوەی كەس نەتوانی جێبەجێی بكات؟
تۆ بڵیی ئەو وزارەتە بیوێت چی بكات بەو قەیرانەی كە دروستی كردووە؟ خۆ ئەگەر بیانووەكە ئاڵۆزیەكانی ئێراق بێت و رێگریەكانی هاوردنی بەنزینی پاڵاوگەی بێجی بێت، ئێخۆ بەرپرسانی هەرێم ئاماژە بەوە دەكەن شەش مانگ پێش ڕوداوەكان دركیان بە هاتنە ئارای ئەو ڕوشە كردووەو تەنانەت ئێراقیشیان ئاگاداركردۆتەوە!!
ئەی لە بەر چی ئامادەكاریان بۆ حاڵی خەڵكەكەی خۆیان نەكردووە؟ سەدان پرسیاری بێ وڵام ڕۆژانە سەر هەڵدەدات و مێشكی خەڵك جەنجاڵ دەكات بۆیە مافی خۆمانە بپرسین جەنابی شالایار ئەوەی دایدەڕێژن پلانە یان پیلان ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە