بۆبێ دەنگن خوا ناسەكان؟!!
Saturday, 31/12/2011, 12:00
جارێكی تربەفروچیا
رەنگیان سوربوو
بەخوێنی گەشی لاوی كورد،
جارێكی ترتۆرانیەكان
مێژوی پڕشەرمەزاریان
بەدەستە خوێناوییەكانیان
قێزەوەنترو ڕەشتركرد،
جارێكی ترهەموجیهان
بەبێ دەنگی
ویژدانی خۆیان سوتان و
زمان لاڵ وچاونابیناو
گوێیەكانیشیان كەڕتركرد،
جارێكی ترلە دەڤەری
چیا سەركەشەكەی جودی و
شارەكەی نوحی پەیامبەر
پۆلێ لاوی بێ نان وژیان وئازادی
بۆمبی كۆكوژ
دڵی پڕلە هیوایانی
لەگەڵ خاكا ئاوێتەكرد،
نیشتمانێك داگیركرا
نەتەوەیەك ناسنامەكەی سوتێنرا
هۆزانێ بەستەیە پەیڤێ
هەرچی بۆنی كوردی لێبێت
یاساخ كرا،
ئیدی چۆن كچان وكوڕان
بۆئازادی گەل و وڵات
تفەنگی بەرگری ڕەوا ناكەنەشان؟
ئەی شەرمەزاربن نەیاران
كەی ڕەوایە
خۆپاراستن پێناسەدەكەن بەتاوان،
گوندیان روخان
كانییەكانیان وشك كردو
ڕەزو باخەكانیان سوتان
خەڵكیان بێ كاروبرسی كرد
ئیدی چۆن پیرو لاوی كورد
بەسەر"مین"وجەلادوجەندرمەكاندا
تێناپەڕن بۆلەتێ نان؟
خوێنی ئاڵی ئەو كۆمەرگە
بۆ كوردستان شەونمێكە
خونچەی گوڵی ئازادیمان
گەشتر ئەكات،
دوكەڵی بۆمبی یاساخی
ئەوكۆمەرگە
پەڵەیەكی قەترانیە
مێژو رەشی تۆرانیەكان
رەشترئەكات،
پیرە كەمتیارێكی روڕەش
بەناوی ئاینی خواوە
لەدوری هەزاران میل و
لە پایتەختی ئەمریكاوە
لە سێبەری كۆشكی سپی
دەم بەنزاو ڕوو لەئاسمان
بومەرگی كورد
بۆ وێران بونی كوردستان
پڕپڕبە گەروی ئەیلوران،
ئەوكەمتیارە
دارێژەری نەخشەی مەرگە
بۆ بكوژەكانی ژیان،
ئەودڕندەیەكی سام نا كە
لە بەرگی فریشتەیەكدا
خۆی پێشان ئەدا بەجیهان،
ئەومەرگەسات وكوشتنە
ئەوتاوان و خوێن ڕشتنە
كێ نازانێت بابزانێ
ئەنجامی فتوای "گولەنە"
گەرچی ئەوساڵە شومانەی
كەبەسەرچوو
خوێن مژەكانی كوردستان
گەلە گورگی كەمالیست بوو،
ئێستا هەمان ئەوگورگانە
هەربەولمۆزو كەڵبانە
گۆشتی منداڵی كورد ئەخۆن
ئەوەی ئێستا كە گۆڕاوە
گەلە گورگی كەڵبە درێژ
مێزەرێكی ئاینی یان لەسەرناوە؟!
بۆ بێدەنگن ئەی هەموباوەڕدارەكان؟
بۆبێدەنگن موسوڵمانان ؟
بۆبێدەنگن كریستیانان؟
ئەرێ ئێوە شوێنكەوتوی پەیامبەرانن؟
ئەرێ ئێوەن باوەڕدارو خودا ناس و
خاوەن ئینجیل و قورئانن؟
ئەگەر ئێوەن بۆ چەند ساتێ
لەپەرتوكە پیرۆزەكانتان بڕوانن
باوەڕداران،
دەی بزانن پەروەردگار
لەكام لاپەڕەو كام ئایەت
فەرمانیدا ئاسودەیی بۆ ئێوەبێ و
مەرگ ومەینەتی بۆكوردان؟
كوا لەكوێیە
پەیامی پەرتوكی پیرۆز
كوانێ ئاشتی و پێكەوەژیان؟
بەئاگابن پێشەنگەكانی موسوڵمان
ئەودووگورگەی
دەمیان لە خوێنی كورد دایە،
بەرگی ئاینیان لەبەرەو
ئەردۆغان وفەتحوڵایە،
گەربێدەنگ بن
میزەری ئێوەش ڕەش ئەكات
پەڵەی ڕەشی ڕوخساری ئەودووبەڵایە،
بەسە ئیتر
تاكەی كوردستان خاپوربێ،
هەتاكەی ستەم لێكراو
چوار ئەهریمەنی سنوربێ،
بابێدەنگی ئێوەش بەس بێ
ئەی قەشەكان
تاكەی ئێوە بێدار ناكات
دەنگی زەنگی كڵێسەكان؟
ئێستا یادی لە دایك بونی مەسیحە
یادی بونی فریاد ڕەسە،
لەم وڵاتەمەرگ ئەبارێ
بۆ نابینن
بێنەگۆ بێدەنگی بەسە،
نەوەكانی ئەم وڵاتە
لە كەشتییەكەی چیای جودی
دابەزیون،
لەسەرچیاكانی زاگرۆس
چرای ژیانیان داگیرسان و
لەهەمبەر هۆلاكۆو ئەسكەندەر
نەبەزیون،
ئیتر چۆن خۆری ئازادی
لە ئاسمانی ئەم نیشتمانە هەڵ نایا
هەتا قەندیلی سپی پۆش
سەربڵندبێ
لورەی كەمتیارەڕەشەكەی
بەرسێبەری كۆشكی سپی
وەكو گیزەی مێشولەیەك
بێ بەهایە.
ژیان وئاشتی وبەختەوەری
بابۆمرۆڤایەتی بێت
بەیەكسانی،
گەروانەبێت
ئیتر ئێمە بێدەنگ نابین
كەخەرمانی خۆشی وشادیتان
گڕی گرد
زۆربێ نرخەپەشیمانی.
1/1/2012
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست