کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە كەركوكەوە بەرەو كردار!!

Sunday, 22/06/2014, 12:00






جارێكی تر دۆخێكی ئاڵۆز و ناسەقامگیر بەرۆكی ئێراقی گرتەوە، ئەوەی ئێستا دەگوزەررێت هەنگاونانە بەرەو ئایندەیەكی تاریك و پڕمەترسی، هەڵبەتە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین كەوتۆتە ناو گێژاوێكە دەرئەنجام سەرجەم گەلانی ناوچەكە زەرەرمەندی هاوبەش دەبن. هەرچەندە حاڵی حازر چەند وڵاتێك داینەمۆ و هێزی پشت ئەو قەرانە ترسناكەن و پێیان وایە ئاگرەكە لە خۆیان دورە، بەڵام پەرەسەندنی ئەو ئاگرە و جۆشدانی لە لایەن وڵاتانەوە بە تایبەتی وڵاتانی هەرێمی دواجار تەقینەوەیەكی ئەوتۆ بەدوای خۆیدا دەهێنێ كە هیچ لایەك بێ زیان لێی دەرباز نابێت، پێكهاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ڕوی ئاینی و نەتەوەیەوە لەگەڵ ئەوەی فرە ڕەنگە، بەڵام زێدە ئاڵۆز و دور لە یەكتر نیە تا بەو ئاستە یەكتر قەبوڵ نەكردن و دوژمنایەتی و هەوڵدانی پاكتاوكردن هەڵكشێت و دەستی پێڕانەگات بۆ سەقامگیری و ئارامی و پێكەوەبون.

ئەگەر لە ڕوی نەتەوەییە سەیری بكەین تەنها لە چوار نەتەوەی سەرەكی پێكهاتووە، ئەو چوار نەتەوەیەش لە ڕوی ئایینیەوە خاوەنی یەك ئاینی هاوبەشن ئەگەرچی جیاوازی لە ئاینزادا هەیە، بەڵام وەك كەسایەتییە ئایینیەكانی نەتەوە جیاوازەكان ئاماژەی بۆ دەكەن"خاوەنی ئاینێكن هەڵگری پەیامی ئاشتی و برایەتییە" كە واتا ئەو هەموو شەڕ و خوێنڕشتن و پاكتاوكارییە لە پای چییە؟. ئارامی و پێكەوەژیانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین دەستەبەری ژیانێك دەكات كە هاوشێوەی كەم بێت لە جیهاندا، بەڵام تا ئێستا هیچ فكر و فەلسەفە و ئایدیایەك بە خودی ئاینەكەشەوە كە تەوای نەتەوەكان پەسەندیانكردووە نەیتوانیوە ئەو ژیانە شایستەیە فەراهەم بكات بەپێچەوانەوە بەدرێژایی مێژووی هەزار ساڵی رابردوو ناكۆكیەكان هەرە زێدە مۆركی ئاینزای ناوئایینەكەی لە خۆگرتووە، ئەگەر لە نێو ئەو گێژاوەدا ئێراق لەبەر چاو بگرین دەبینین لە دەسپێكەوە پێشەنگی ناتەبایی شەڕ و مەرگەساتەكانە. نەوەت ساڵە وڵاتێك بە ناوی ئێراق هەوڵی دروسكردنی دەدرێت بە سێ پێكهاتەی جیاوازی خاوەن یەك ئاین و دوو ئاینزا و دوو نەتەوە، ئەگەر چی بەجیاوازیەكانیشەوە لە خاڵێكدا یەكدەگرنەوە، بەڵام تا ئێستاش نەتوانراوە ئەزمونێكی سەركەوتوو دەستەبەر بكرێت، ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەزمون لە هەڵەكان وەرناگیردرێت و لە دوای سەدان شكست و كارەساتی خوێناوی هەمیشە دەستكردنەوەیە بە گەمەیەك كە تەنها سوڕانەوەیە لەناو بازنەیەكی ئاگریندا و گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر.

پێكهاتەی سەرەكی گەلانی ئێراق كورد و عەرەبە كە هەر یەكەیان خاوەنی بنەماكانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن. كورد لە ڕوی نەتەوەییەوە لە عەرەب جودایە و لە ڕوی ئاینیەوە هاوبەشە، عەرەب لە ڕوی ئاینی و نەتەوەییەوە یەكە و لە ڕوی ئاینزایەوە جیاوازە، ئەوەش هۆكاری سەرەكی نەگونجانی پێكەوەبونی ئەو پێكهاتانەیە. بڕوام وایە ئەگەر ئاوەز و لۆژێكی تەندروست بونی هەبوایە جیاوازیەكان نابونە ڕێگر لە پێكەوە ژیانێكی ئارەزومەندانەی دوور لە توندوتیژی. كاتێك ناكۆكیەكان باڵادەست بوو ناتەبایی هەیمەنەی بەسەر تەواوی جومگەكاندا هەبوو ئیتر شتێك نامێنێتەوە مرۆڤ هیوای لەسەر هەڵچنێت، لە كاتێكی وەهادا تەنها بژاردەی لۆژیكی كە دەمێنێتەوە جیاكردنەوەی ئەو پێكهاتەنەیە كە بە زۆر و بە بێ خواستێكی دڵگیر پێكەوە لكێنراون.

گەلی كورد قوربانیەكی زۆر مەزنی بەخشی و بۆ دەربازبون لەو تەوقەی بەناوی دەوڵەتی ئێراقەوە خراوەتە گردنی، ئەوەش لە ئەنجامی شەڕانگێزی خۆی نەبووە؛ بەڵكو لە ئەنجامی ئەو ستەمە قرێژەدا بووە كە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێراقەوە بەسەریدا سەپێنراوە، گەلی كورد لە باشوری كوردستان لە مێژووی خەبات و قوربانیدانیدا چەند جارێك دەرفەتی زێڕینی بۆ هاتۆتە پێش، بەڵام ئەو دەرفەتانە بەهەر هۆكارێك بێت نەقوازراوەتەوە و لە دەست چووە. لە دوای كۆتایهاتنی دەسەڵاتی سی و پێنج ساڵەی بەعسی فاشیست، كورد هێزێكی سەرەكی بوو لە گۆڕانكاریەكان و بنیادنانەوەی ئێراق، بەڵام بەدەسكەوتن و فەراهەمكردنی سەرجەم مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان ئەنجامگیر نەبوو.

گرنگترین مژار لە سەرەتای شۆڕشەكانەوە بۆ كورد شاری كەركوك بووە و بەشی هەرە زێدەی قوربانیەكانیش لە دوای ئەوە بوو لەسەر كەركوك لەگەڵ حكومەتی ئێراقدا پێكنەهاتن كە چی دەسەڵاتدارانی كورد لە دووبارە هەڵەكردنی دروستكردنەوەی ئێراقدا شاری كەركوكیان رادەستی چارەنوسێكی نادیار كرد. گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەسترایەوە بە بڕگەی "140"ی دەستوری ئێراق دوا وادەی جێبەجێكردنی ئەو بڕگەیەش كۆتایی ساڵی "2007" بوو. لە دوای تێپەڕبونی حەوت ساڵا بەسەرئەو كاتە دیاریكراوەدا و یانزە ساڵ دەسەڵاتی حكومەتە بە ناو فیدراڵی و دیموكراتیەكاندا هیچ بە هیچ نەكرا، هەر ئەو دەسەڵاتەی بڕگە دەستوریەكەی جێبەجێ نەكرد دووجار دەسەڵاتداری كورد متمانەی پێی بەخشیەوە و ئەگەری سێیەمیش لە ئارادایە.

هەرچەندە ئێستا چارەنوسی ئێراق بە هۆی هێرشەكانی گروپی تیرۆرستی داعشەوە نادیارە و ئایندەی تاریكە، بەڵام دیسان كورد دەرفەتێكی مێژویی بۆ هەڵكەوتووە، ئێستا تەواوی خاكی باشوری كوردستان بە شێوەیەكی دیفاكتۆ بێ ئەوەی هیچ لایەنێك ناڕەزایی دەرببڕێت كەوتۆتەوە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. ئەوەی چاوەڕوان دەكرا دەسەڵاتی حكومەتی ئێراق جێبەجێ بكات و نەیدەكرد ئێستا بە ئەمری واقع جێبەجیكراوە، ئەگەر بە شێوەیەكی یاسایی لە دەستوردا ئاماژە بەوە كرابێت ئەو ناوچانە بە ڕاپرسی چارەنوسی خۆیان یەكلایی بكەنەوە، هەروەها بەكرداریش ئێستا ناوچەكە هێزی پێشمەرگە دەیپارێزێت و دانیشتوانەكەشی بە سەرجەم پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان و كلد و ئاشوریەوە خۆشحاڵن بەو پارێزگاری كردنە، ئیتر بۆ دەبێت دەستبەجی ڕاپرسی نەكرێت بۆ ئەوەی ئەو كێشە مێژوییە بە دوا وێستگەی چارەسەری بگات.

زۆر لە مێژ نیە و هێشتا لێدوانەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان گەرم و گوڕە كە بانگەشەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردیان دەكرد، ئەو كاتە ڕەخنەكانمان لەسەر ئەوە بوو كە دەوڵەتێك بە بێ كەركوك و ناوچەكانی تری دەرەوەی هەرێم لاشەیەكی بێگیانە و نەبونی باشترە، بەڵام ئێستا زۆر جیاوازە و تەوای خاكی باشوری كوردستان ئازادە، لە مێژوی ئێراقدا هیچ كاتێك وەك ئێستا تەواوی خاكی باشور لە سایەی هێزی پێشمەرگەدا پارێزراو نەبووە، هیچ كاتێكیش ئێراق وەك ئێستا پڕ لە كێشە و ئاڵۆزی و ئایندەی تاریك نەبووە، بەشێوەیەكی سروشتی باشوری كوردستان لە ئێراق جودابوتەوە و ئیتر هیچ بەهانەیەك نەماوە بۆ ئەوەی كورد ماڵی خۆی رێكنەخات و نەیپارێزێت. هەموومان پشتیوانی بڕیارێكی دروست و كوردانەین بۆ ئەوەی بێ متمانەیی زیاتر دروست نەبێت بە گفتار ئێستا كەركوك ئازادە گەل چاوەڕوانی بڕیار و كردارە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە