کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سڵاویكی پڕ لە پیلان ؟!

Sunday, 21/10/2012, 12:00




بەدرێژایی مێژو نەهامەتی ودەردی كوشندەی كورد پەرتەوازەیی ناخۆیی و ناتەبایی وخۆخۆری بووە، هاوكات خۆگرێدان و پەیوەستبون وتەسلیم بون بە سیاسەتی داگیركرانی كوردستان وەك نەریتێكی دەست لێبەرنەدراو لەهەمو ساتەوەختێكی مێژوویی دا هەمیشە بونی هەبووە ، ئەوەی تاكو ئێستاكورد لەدیرۆكی خۆیدا ئەزمونی نەكردووە تەنها یەك ریزی ویەكێتی نەتەوەییە، بە پێچەوانەی ئەومژارە گرنگەوە هەموجۆرە دژایەتییەكی ناوخۆیی و دەستێكەڵكردنی بەداگیركەرانەوە تاقیكراوەتەوە، گومان لەوە دا نییە سەرجەم هێزە سیاسەكانی كوردستان لەڕوی تیۆریەوە خەمخۆری گەل وخاك و نەتەوەی كوردن ، بەڵام لە پراكتیكدا هیچ هەنگاوێكی بەرچاو بەدی ناكرێت لەخزمەتی ئەودروشمانەدا بێت كە بەرزیانكردۆتەوە،
 ئەوەی ئاشكرایە بەكاروكردەوە بەرژەوەندی حزبیی لەسەروی بەرژەوەندی گشتیەوە لەبەرچاوگیراوە، بەڕاستی مایەی نەگبەتیە هەزاران داواكاری وتكاونزای گەلی كورد وهەندێ لایەنی خەمخۆری نەتەوەیی بۆ یەكێتی ویەكڕیزی ناوماڵی كورد ئاوەڕی لێنادرێتەوە بەڵام سڵاوێكی پڕلە پیلانی دوژمنێگی سەرسەختی كوردستان دەكرێت بەمانشێتی میدیاكان وگرنگی پێدەدرێت وڕەنگدانەوەی لە ناوخەڵكدا دەبێت!





شاراوەنییە هێزی دەسەڵاتدار لە باشوری كوردستان هەروەكو سەردەمی میرنشینەكانی كورد و ئیمپراتۆرەكانی عوسمانی وسەفەوی دابەش بونە بەسەردوو جەمسەردا ئەگەرچی نكوڵی لەوراستییە بكەن بەڵام لە كردەوەدا دیارە، خەڵكی باشوری كوردستان قوربانییەكی زۆری بەخشی تاگەیشت بەئەم رۆژە، ئێستا بەرهەمی ئەوخەبات وقوربانییە گەلی كورد نایچنێتەوە بەڵكو هەمان عوسمانی و سەفەویەكۆنەكە لەبەرگێكی نوێدا دەستیان بەسەرداگرتووە وبەتاڵان ئەیبەن چەند پارویەكی چەوریش ئەبەخشن بە میرەكانی دۆستیان.
دەسەڵاتدارانی كورد هەتاخاوەنی ستراتیژی نەتەوەیی نەبن كوردستان ئازادی بەخۆیەوە نابینێت، سیاسەتی حزبگەرێتی وپارچەگەرێتی ڕەوایەتیدانە بەودابەشكردن وداگیركارییەی دوژمنان بەسەر كوردستاندا سەپاندوویانە، كۆمەڵناسی ناوداری تورك ودۆستی گەلی كورد ئیسماعیل بێشكچی وتەیەكی زۆرجوانی هەیەدەڵێت" دەستەواژەی كوردستانی توركیا، كوردستانی ئێران، كوردستانی عێراق، كوردستانی سوریا، لەلایەن كوردەكانەوە بەكاردەهێنرێت، ئەی باشە پێم ناڵێن ئەگەركوردستان هی ئەو وڵاتانەیە كوردستانی كورد لە كوێیە؟!! لەڕاستیدا ئەوە پرسیارێكی زۆر گرنگەو پێویستە سیاسیەكانی كورد وڵامی بدەنەوەى، ململانێی هێزی هەرێمی ڕەنگدانەوەیەكی بەرچاوی هەیە لە سەرباشوری كوردستان بەتایبەتی لەسەر هێزە دەسەڵاتدارەكان ، ئەگەركاروابڕوات باشوری كوردستان بەدەردی قوبرس دەچێت و چەند ساڵێكی تر ئەبێت بەدوو بەشەوەو ناوی لێدەنرێت بەشە ئێرانەكەو بەشە توركیەكە ئەوكاتەش ئەبێت"ڕەحمەت بنێرین بۆ كفن دز"وخوزگە بخوازین بەناوە ناڕەواكانی وەك باكوری ئێراق یان كوردستانی ئێراق!!
بەشێك لە سیاسیەكانی كورد لەگەڵ ئەوەی كاربۆپرۆژەی ستراتیژی نەتەوەیی كوردستان ناكەن، پشتگیری لە پرۆژە كانی داگیركەرانی كوردستانیش دەكەن، ئاشكرایە كۆنگرەكەی پارتی داد وگەشەپێدان ئەكەپە لە كۆتایی مانگی نۆ بەسترا ستراتیژیەت وبەرنامەی كاری خۆی بۆ یازدە ساڵی تر داڕشت، هەڵبەتە ئەوپارتە توانیوێتی لە دووانزە ساڵی ڕابردوودا متمانەی زۆرینەی هاوڵاتیانی وڵاتەكەی جگە لە كوردبەدەست بێنێت بۆیە ئێستا سەرجەم پایەگرنكەكانی وڵاتی لەژێردەستدایەوهەندێ گۆڕانكاری ئەنجامداوە، بەڵام ئەوە بۆ گەل و وڵاتی خۆی نەك بۆ كوردوكوردستان، بۆیە نەك مایەی نیگەرانیە بەڵكو مایەی شەرمە كورد بكەوێتە ژێر هەژمونی سیاسەتی ئەكەپەوە، ئەردۆغان لەهۆلی كۆنگرەكەیەوە سڵاوی دەنارد بۆ هەولێرو سلێمانی ودهۆك ، خەڵكانێك لێرەوە كەوتبونە هەلەكە سەما بۆسڵاوەكەی ئەردۆغان، بێ ئەوەی چاویان ببینێت لە گەڵ سڵاوە پڕ لە پیلانەكەیدا فڕۆكە جەنگییەكانی سنوری ئەوسێ شارەیان بۆردومان دەكردو زیانیان بە هاوڵاتیانی باشوری كوردستان دەگەیاند، لەوكاتەوە ئەكەپە دەسەڵاتی گرتۆتە دەس ئەوە شەشەمین جارە پەرلەمانی توركیا دەنگ لەسەر ئۆپراسیونی دەرەوەی سنور دەدات كەزۆرینەی پەرلەمانتارەكانیش سەربە ئەكەپەن، لەو كاتەوە جگە لە زیانی ماڵی دیان هاوڵاتی بێتاوانی باشوری كوردستان بونەبە قوربانی دیارترینیان ئەوخێزانە بو لە كورتەك فرۆكەجەنگییەكانی توركیا بەبڕیاری ئەردۆغان وبەچەكی قەدەغەكراو بەدڕندانەترین شێوازشەهیدكران ، سوتاندنی ئەومنداڵەچاوگەشانە پەڵەیەكی ڕەشە بەتەوێڵی ئەردۆغان و ئەكەپەوە ئەوەی تۆزقاڵێ ویژدان لەناخیدا هەبێت جەستەی ناسكو چاوەگەشەكانی سۆلین وسۆنیای هەرگیزلەیاد ناچێت ، بەڵام هەندێ لایەنی كوردی نای بینێت یاخود ناخوزێت بیبینێت، پێویستە ئەوڕاستییە بزانرێت ئەگەر ئەردۆغان نێتی ئاشتی و برایەتی هەیەو سڵاو بۆكورد دەنێرێت، بێگومان خەڵكی ئامەد پێویستی بەئاشتی و پێكەوەژیان وبرایەتی دۆستایەتی وسڵاوە نەك شارەكانی باشوری كوردستان، ئەگەر سڵاوێكی ڕاستگۆیانە لە ناخی ئەردۆغاندا بونی هەبێت لە ئێستادا خەڵكی باكوری كوردستان چاوەڕوانی ئەوسڵاوەیە، بەڵام بێگومان لەپشتی ئەوسلاوەوە پیلانێكی گەورە هەیە زۆر گرنگە دركی پێبكرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە