کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوەی روویدا كاری مەلایەك نەبوو؟!!

Tuesday, 06/12/2011, 12:00




گرژی و ئاڵۆزیەكانی رۆژی هەینی لە دەڤەری زاخۆ جارێكی تر خەڵكی كوردستانی نائومید كرد لەوەی كە ئەم هەرێمە بەرەو ئارامی و سەقامگیری و یاسا سەروەری هەنگاو بهاوێت ، بێگومان لە دوای رووداوەكانی شوباتی ئەم ساڵ وكپكردنەوەی دەنگی ناڕازی بەزەبری هێزو ئاسایی بونەوەی بارو دۆخی شارەكانی كوردستان ، خەڵك چاوەروانی ئەوەی دەكرد تاوانبارو تۆمەتبارەكان بدرێن بە دادگاو سزای یاسایی خۆیان وەربگرن ، سەرەڕای ئەوەی چەند بڕیارێك لە ئاستێكی باڵادا دەركرا بۆ ئەوەی تاوانباران دەسگیر بكرێن ، بەڵام بە شێوەی كرداری هیچ هەنگاوێك نەنرا ، بە داخەوە دیسان رووداوەكان بە ئاقارێكی ترسناك تردا ئاراستەكرایەوە، ئاڵۆزییە كانی دەڤەری بادینان هۆكارەكەی هەرچی بێت دواجار بە زیانی هاوڵاتیان كۆتایی دێت ، هەڵبەتە وتاری رۆژی هەینی چەند مەلایەك كراوەبە هۆكاری ئالۆزییەكان و هێرش بردنەسەرشوێنی مەی فرۆشی و مەساج وئوتێلەكان ، بەڵام ئەوەی بەدیدەكرا جەماوەرێكی زۆرو رێكخراوو توڕەبو كە بەشی هەرە زۆری لاووهەرزەكاربوو، گومان دەكرێت لەوەی ئەو لاوە هەرزەكارانە بە وتارێكی یەك كاتژمێری مەلایەك بەو جۆرە توندوتیژی وپڕلەحەماسەوە بڕژێنە سەر شەقامەكان و هێرش بكەنەسەر ئەوشوێنە دیاری كراوانە ، لەراستیدا تەمەن و تێگەیشتنی زۆربەی ئەوكەسانەی ئەوكارە یان ئەنجامدا لەوئاستەدا نەبو بەوتارێكی ئاینی ببن بەكەسێكی توندڕەو، لەوەش گوماناوی تر ئەوەیە كە دواتر ئاراستەی هێرش وپەلاماردان دەگۆرٍێت بۆ سەر بارەگاكانی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، كەوتە لە بنەڕەتدا رووداوەكان رووداوی سیاسیەو ململانێی نێوان دولایەنی سیاسیە، ئیدی هەركەس نەخشەدانەری پیلانەكەبوبێت پێویستە ئاشكرابكرێت ، بەڕاستی ئەوكلتورە نادیموكراتی و ناڕەواو قیزەوەنەی كە هەمیشە بە لۆژیكی هێز مامەڵە لە گەڵ پێشهاتەكاندا دەكات لە هەرجێیەك باڵادەست بێت نەهامەتی و ماڵوێرانی زیاتردەكات، سیاسەتكردن لەسەر ماڵ وژیانی خەڵك بۆ خۆاست ومەبەستێكی تایبەت چ جیاوازییەكی هەیە لە گەڵ تاواندا ؟ هۆكاروڕێخۆشكەری تاوان لە ئەنجامدەری تاوانەكە تاوانبارترە ئەگەر نەخشەی تاوانەكە لەبەردەستدا نەبێت ئیدی چۆن تاوان ئەنجام ئەدرێت؟ جارێكی تر ئاڵۆزی و بشێوی وترس و دڵە راوكێ كرایەوە بەدیاری بۆ خەڵكی كوردستان ، زیان گەیاندن بە بەهای دووملوێن دۆلار بەخەڵك وبرینداركردنی نزیك سی كەس و دەستگركردنی دەیانی تر لە پێناوی ئامانجێكی شارەوەدا لەبەرچی ؟! ئەم لۆژیكە شەرانگێزی و یەكترقبوڵ نەكردنە ساڵانێكی زۆرە بەرۆكی ئەمە گەلە ستەمدیدەیەی گرتووە ، پێشینان وتویانە "هەرئەقڵێك لە خەسارەیەك" بەڵام بەداخەوە حزبە سیاسیە كانی ئێمەی لە هەزاران هەڵەی كوشندەو خەسارەی گەورە ئەقڵێكیان وەر نەگرتووە ، لە دوای ئەو هەمو ئەزمونە تاڵە لە كوشتن و دژایەتی كردن و یەكتر ڕەتكردنەوە هێشتا لە خاڵی سفرداین ، خولانەوە لەوبازنەیەدا هەرچەند هەمیشە بەزیانی خەڵك تەواوبووە بەڵام دواجار خودی بەرژەوەندخوازەكانیش گیرۆدەی سەرەگێژی دەكات و سەریان دەخوات ، چونكە رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی هوشیاری خەلكی كوردستان بەرەوە هەڵكشان دەچێت و چیتر ئەو گەمە سیاسیە قبوڵ ناكات كە بەردەوام حزبە بەرژەوەندخوارزەكان بە دۆڕاوی لێی دەرچونە ، لەم كات و ساتە ناسك و هەستیارەدا كە ناوچەكە لە بەردەم گۆڕانكاریدایە و دوژمنانی كورد خەریكی نەخشەو پیلانن بۆ ئەوەی جارێكی تر دەسكەوتەكانی گەلی كورد بە تاڵان ببن ، لە جیاتی ئەوەی سەرجەم لایەنە كوردستانیەكان لە دەوری مێزێك كۆبنەوە بۆ بە دەست هێنانی ژیانێكی نوێ، كەچی نەخشەو پیلان لە دژی یەكتر دادەنێن و لە دوری گۆڕێك كۆدەبنەوە بۆ مەرگێكی هەتایی.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە