کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆكوژیەكەی قەندیل لەنێوان هەڵوێست وبێدەنگیدا ؟!!

Friday, 14/10/2011, 12:00





دوژمنانی كورد بۆ ئەوەی بەردەوامی بەداگیركاریەكانیان بدەن لەسەرلاخاك و وڵاتی دابەشكراوی كوردستان، بۆ ئەوەی هەمیشە گەلی كورد بەسەركوتكراوی ومافخوراوی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەوستەمە هۆڤانەیەی بەسەرنەتەوەیەكی خاوەن مێژو و فەرهەنگ و ڕەسەنایەتی لانكەی مرۆڤایەتیدا سەپاندویانە كۆتایی پێ نەیات، ناڕەواترین ودڕندانەترین وقێزەوەنترین كردەوە ئەنجام ئەدەن، ئەوتاوانە دژەمرۆڤایەتیانەی كە لە باشوری كوردستان لە سەردەمی رژێمی بەعسی روخاودا لەهەمبەرگەلی كورد ئەنجام دراوە نەك لەلای هاوڵاتیانی كورد شاراوەنیە بەڵكو لەتەواوی جیهاندا دەنكی داوەتەوە، بۆیە پێویست بو ئێستا لەدوای ئەوكارەساتەمەزنانەی بەسەرگەلی كورد دا هات ئەوكۆمەڵكوژی وجینۆسایدو تاوانەپڕ لە ئازاروخوێناویانەی كەئاسەوارەكانی هەرگیز ناسڕێتەوە،كارێكی وا بكرایە ئاسایش وپاراستنی ژیان وماڵ وسروشتی ئەم كوردستانە لە روی نیودەوڵەتیەوە گەرنتی بكرایە، جێی رەخنەیەكی جدی و هەڵوەستە لە سەركردنە دەسەڵاتدارلاانی هەرێمی كوردستان لە دوای بیست ساڵ لەئازادكردنی بەشێكی خاكی باشوری كوردستان نەك ئەو كارەیان نەكردووە و بەلایدا نەچونە بەڵكو نەیان توانیوە یان مەبەستیان نەبووە وەك رێكخراوێكی مەدەنی چالاك ودڵسۆزی دۆزی جینۆسایدكردنی گەلی كورد كەرێكخراوی كوردۆساید"چاك"ە كاربۆ ئەو مەبەستەبكەن، ئەگەر حزبەدەسەڵاتدارەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەو دەرفەت وئیمكانە زۆرو زەبەلاحەی لەبەردەستیاندایە و لە بەرژەوەندی حزبیدا بەفیڕۆی ئەدەن، لە بەرژەوەندی نەتەوەیدا بەكاریان ببردایە و بە تایبەتی ئەودۆسیەگرنگەیان بكردایە بەرۆژەڤی سەرەكی وئەولەویاتی كارەكانیان ، ئێستا زەمینەیەك فەراهەم دەبو كەرێگەی لەدوبارەبونەوەی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی خەڵكی كوردستان بگرێت، بەڵام لەئەنجامی هەست نەكردن بەبەرپرسیارێتی و بەهەندوەرنەگرتنی مژارێكی هێندەگرنگ وگرنگیدان بەپەیوەندی حزبی و شتی لاوەكی وبەرژەوەندخوازی، ئەودەرئەنجامە تاڵەی لێكەوتەوە كە جارێكی تر بەبەرچاوی هەمو دنیاوە خەڵكی سڤیلی كورد كۆمەڵكوژبكرێت، ئەوكۆمەڵكوژیەی باڵەفڕەجەنگیەكانی رژێمی توركیای فاشی ئەنجامیان دا بەبڕیاری ئەردۆغانی دوورو كارەساتێكی ئەوەندە دڵ تەزێن وخوێناوی وكەم وێنەبو دەكرا زۆر بەگرنگیەوە هەڵوەستەی لەسەربكرێت و كاردەنەوەیەكی وا پێشانی دنیاومرۆڤایەتی بدرێت كە چیدی بێدەنگی هەڵنەبژێرن لەپێناوی بەرژەوەندیەكانیاندا ،ئەوەی لەبناری قەندیل رویدا لە بیستویەكی ئابدا دەكرا جیهانی پێ بهەژێنیت بێگومان زۆرتاوان ئەنجام دراوە و بە شاراوەیی ماوەتەوە و تاوانبارانیش لێی دەربازبونە بەهۆی نەبونی بەڵگەو دیكۆمێنتەوە،بەڵام تاوانە قێزەوەنەكەی جەڵادەكانی ئەردۆغان كە ژن وپیاو وگەورەوبچوكیان لەناوئاگروخوێن لەت لەت كردو جەستەی حەوت مرۆڤی بێ تاوانیان ئاوێتەی یەكتركرد، بەڵگەودیكۆمێنتێكی رون وئاشكراو لەبەرچاوە ئایابۆدەبێت كەس خۆی بەخاوەنیان نەزانێت وداكۆكی لە مەرگی بەناهەقیان بكات؟ بەكام یاساو رێسای دنیا رەوایە لەئاستی تاوانێكی ئەوەندە مەزندا بێدەنگی بنوێنی؟!سیاسەتكردن لەسەرخوێنی بەناهەق رژاوی خەڵكی كوردستان خیانەتكردنە لە نەتەوەونیشتمان ئەگەرهەركەس ولایەنێك ئەوكارەبكات مەحكومی نەفرەتی مێژوئەبێت، ئەوچالاكیەناڕەزایەتیانەی لەدژی ئەوتاوانەی رژێمی توركیا لەباشوری كوردستان بەرێوەچوو وێڕای دەستخۆشی لە ئەوكەسانەی پێی هەستان ، بەڵام دەكرێ ئەوەبڵێن كەهەرگیز لەئاستی گەورەیی تاوانەكەدانەبوو، جێی خۆیەتی لێرەدا روی رخنە ئاراستەی سەرجەم حزب ولایەنەسیاسیەكان بەدەسەڵاتدارو بەرهەڵستكارو بێكارەوە و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەگشتی بكەین، ئاخركەی رەوایە نزیكەی چل حزبی سیاسی وهەزاران رێكخراوی بەناومەدەنی لەسێ پارێزگای هەرێمی كوردستاندا نەتوانن تەنانەت بەقەد نیوەی ژمارەی موچەخۆرەكانیان نەك جەماوەرەكەیان خەڵك بهێنە سەرشەقامەكان و نارەزایی دەربڕن و ئەوتاوانە وەحشیگەرییە مەحكوم وشەرمەزار بكەن؟! بەراستی ئەوەش كارەساتێكی ترە ئەم بێدەنگییەی بووە بەنەریتێك وكەس خەمی نەتەوەو نیشتمان بەخەمی خۆی نازانێت، ئەو پەندەكوردیەی پێشینان وتویانە "ئاگرەسورە لەمن دورە" خەریكە بەتەواوی باڵ بەسەرئەم وڵاتەدا ئەكێشێت، بەدڵنیایەوە بەهەڵەدا دەچین ئەگەر بەو میتۆدە كاربكەین ،ئەبێت ئەوراستییە بزانین ئەگەر بەیەك هەڵویستی و یەك دەنگی ئەوئاگرە خامۆش نەكەین كە دوژمنان لەچوارلاوە گەشەی پێدەدەن دواجار هەمومان پێكەوەئەسوتێنێت، خۆ ئێمەی كورد ئەگەرئەزمون لە خەباتكاران وشۆڕشگێڕانیش وەرنەگرن بۆ بەگژداچونەوەی پیلانگێڕی وستەمكاری دوژمنان،ئەوە دەكرێت هەرلەخودی دوژمنەكانمانەوە فێربین كەچۆن خاوەندارێتی لە ناسنامە و خاك وگەلی خۆمان بكەین، هەمولایەك ئاگاداری ئەوەبوین حكومەتە خوێن مژەكەی ئەردۆغان لەدوای ئەوتاوانەی لەبناری قەندیل ئەنجامیدا زۆربێشەرمانە نكوڵی لەومەرگەساتەكردو دیمەنەكانی تاوانەكەشی بەدروستكراوو ساختەلەقەڵەمدا !! وەزارەتی دەرەوەی حكومەتەكەی ئەردۆغان وسەرفەرمانداری ئەرتەشەكەی كاتێك ئەو تیرۆرەی ئەنجامیان دابو نكوڵییان لێی كرد و بەناراست باسیان كرد ، ئەركی سەرۆكایەتی هەرێم وحكومەت وپەرلەمانی كوردستان بو هەڵوێستێكی زۆر توندیاندەربڕیایە، لەكاتێكدا سەرۆكایەتی هەرێم بەیان نامەی دەركردبو هەروەها سەردانی پرسەی شەهیدەكانی كردبو هاوكات پەرلەمانی كوردستان بۆئەوە مەبەستە كۆبونەوەی نائاسایی سازكردبو جگە لەخۆپێشاندانەكانی خەڵكی بەهەڵوێست لە زۆربەی شاروشارۆچكەكان، ئەونكوڵیكردنەی توركیا لەئەنجامدانی تاوانەكە جگەلەوەی بێرێزی بو بەخوێنی شەهیدەكان هەمان كات بێرێزی و سوكایەتی كردن بو بە خەڵك و دامودەزگافەرمیەكانی هەرێمی كوردستانیش، بەداخەوە لەدوای ئەوەی تاوانەكەشیان ئەنجام داو سوكایەتیەكەشیان بە خەڵكو بەرپرسەكانی كوردستانیش كرد هەڵوێستی جدی هەربەدی نەكراو بێدەنگیش بەباشترین رێگەچارە هەڵبژێردرا !! كاتێك ئاماژبەوە دەكەین كە دەكرێت هەندێ جار ئەزمون لە خودی دوژمنەكانیش وەرگرین مەبەستمان لە بەدەنگەوەهاتنی دڵسۆزانەیە بۆگەل ونیشتمان،پێویستە ئێستاش دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان هیچ نەكەن تەنها چاولە دەسەڵاتدارانی توركیابكەن بۆئەوەی خوێنی شەهیدانی كورتەك بەفیڕۆ نەڕوات، هەمومان ئاگادارین بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم كە بەرپرسیاری پاراستنی ژیانی خەڵكن زیاتر پێویستە ئاگایان لەوەبێت كەچۆن حكومەتی توركیا داكوكی لەمافی هاوڵاتیانی وڵاتەكەی خۆی دەكات، توركیا بۆ ئەوەی خوێنی ئەو حەوت كەسەی بەدەستی سەربازەكانی ئیسرائیل كوژران لەكاتی چونی كەشتی گەلی ئازادی كە كۆمەك وهاوكاریان بۆفەلەستین دەبرد ، ئامادەیە هەموفشارێك بخاتەسەر ئیسرائیل تا ئەوكاتەی داوای لێبورن لەوڵاتەكەی دەكات وقەرەبۆی زیانەگیان و ماڵییەكانیشی بۆدەكاتەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش باڵوێزی ئیسرائیلی لەوڵاتەكەی دەركردوو بریاری ئەوەشی داوە لەدادگای لاهای شكات لەئیسرائیل بكات ودۆزی لەبەرامبەربكاتەوە، جێی خۆیەتی بپرسین ئایا كورد هیچ كارتێكی فشاری بەدەستەوەنیە لە هەمبەر توركیا بەكاری بێنێت؟ ئایا ئەوسەدان كۆمپانیاتوركیەی لەكوردستاندا كارئەكەن فشاریان بخرێتەسەر گاریگەیان لەسەرسیاسەتی وڵاتەكەیان نابێت، لەكاتێكدا ئەگەرەی ئەوە هەیە زۆربەیان داهاتەكانیان بۆ سوپاو دەزگای هەواڵگری توركیابێت!!! ئایا بۆدەبێت دەسەڵاتدارانی كورد جورئەتی ئەوەیان نەبێت وەك دەسەڵاتدارانی توركیالەدادگای لاهای شكات لە ئەنجام دەرانی كۆمەڵكوژیەكەی قەندیل بكەن ، حەوت هاوڵاتیەكەی توركیا كەسانی مەدەنی نەبون و بەرەوخاكی وڵاتێكی دیكە دەڕۆیشتن بەهەرمەبەستێك بوبێت، بەڵام حەوت هاوڵاتیەكەی كوردستان كەسانی مەدەنی بون و ژن ومنداڵ بون منداڵی ساوای شەش مانگ لەناویاندابو لەسەرخاك وزێدی خۆیان شەهید كران و نەچوبون بۆ خاكی وڵاتێكی تر!! ئەگەر كردنەوەی دۆز لە بەرامبە ئیسرائیل لەدوای كوشتنی حەوت هاوڵاتیەتوركەكە رەوابێت، ئەوا بێگومان كردنەوەی دۆز لەدژی ئەردۆغان و حكومەت وسوپاكەی لەدوای ئەوتاوانە نامرۆڤانەیەی دژی كورد ئەنجامیان دا هەزار جارەوایەو پێویستە بەدواداچونی بۆبكرێت، دەبێت دەسەڵاتدارانی كوردستان ئەوەبزانن بێدەنگی لەبەرامبەردوژمن دەبێتەهوی كەم سەنگی ، بەدەنگ هاتن وهەڵوێست وەرگرتن دەبێتەهوی سەركەوتن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە