کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەڕی عەرەب بۆدێنن بۆماڵی كورد؟

Saturday, 31/12/2011, 12:00




زۆرجار ئاماژە بەوە كراوە كە بنیات نانی دەوڵەتی ئێراق هەرلەسەرەتاوە لەسەربنەمایەكی بەهێز نەبووە ، پێكەوە لكاندنی سێ پێكهاتەی جیاواز لە چواچێوەی دەوڵەتێكدا بەبێ ئەوەی لەسەرخواستی خودی پێكهاتەكان بێت وتەنها بەرژەوەندی زلهێزە داگیركەرەكان لەبەرچاوگیرابێت ، ئەوەی لێ بەرهەم دێت كە بەدرێژایی مێژوی ئێراق رویداوەو لە نەهامەتی زیاتر بۆ گەلانی ئەم وڵاتە پڕلە ئاریشەیە هیچی دیكەنەبووە، ئەگەرتاروخانی رژێمی بەعس خەمە گەورەكە ئەوەبوبێت كەزلهێزەكان ستەمیان لە بەرامبە خەڵكی ئێراق كردووە ولە جیاتی سێ دەوڵەت لە چوارچێوەی دەوڵتێكدا كۆیان كردونەتەوە كە هیچ كاتێ ئاسودەیی بەدی نەهێنا ، ئەوا بێگومان لەوە خەمتر دووبارەكردنەوەی هەڵە كوشندەكەی رابردوو بوو جارێكی ترلە سەردەستی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی ، ئەزمونی زیاترلەهەشتا ساڵ لە كوشتن و خوێن رشتن وماڵوێرانی، ویژدانی داگیركەرانی نەجوڵاند بۆئەوەی چیتر تەنها بەرژەوەندی خۆیان لەبەرچاونەگرن و ئەو برینە ساڕێژ بكەن كە خویان لە جەستەی ئەم وڵاتە دروستیان كردووەو هەمیشە خوێنی لێ ئەچۆڕێت ، لە دوای هەشت ساڵ داكیركاری و رشتنی خوێنی یەك ملوێن ئێراقی و تۆخكردنەوەی شەڕی ئەتنیكی و ئاینی و ئاینزایی و هەزاران كێشەوگرفتی تر دواجار ئەمریكا هێزە سەربازیەكانی گەڕاندەوە بۆ وڵاتی خۆی، بەڵام چی بۆ خەڵكی ئێراق بەجێهێشت؟ كێشەی كورد لە گەڵ حكومەتی ناوەند هەمیشە لە هەمو شۆڕشەكاندا كەركوك و ناوچە كانی دەوروبەری بووە ، ئەمریكاش رۆیی و گرفتەكە وەكو خۆی ماوە، كێشەی شیعەو سونە یەكتر قبوڵ نەكردن و هەوڵی سڕینەوەی ئەوەی تربووە لە لایەن دەسەڵاتدارەوە، ئەوگرفتەش بەبێ چارەیی ماوەتەوە تەنها مژارەكە پێچەوانەبۆتەوە ئێستا چەوساوە بوەبە چەوسێنەرو بێدەسەڵا بووە بە دەسەڵاتدارو لە هەوڵی توڵە سەندنەوەی رابردوودایە، زەقبونەوەی ناكۆكیەكانی شیعەوسونە لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەڵگەیەكی زیندوی ئەوراستیەیە كە ئەم سێ پێكهاتەیەی ئێراق یەك سەدەی تریش بەزەبری هێز هەوڵی پێكەوە لكاندنیا ن بدرێت بێ هودەیە، رەنگە ناكۆكی شیعەو سونە بۆ سەدان ساڵ بەرلەئێستا بگەڕێتەوە نەك ئەم هەشت ساڵەی دوای نەمانی دیكتاتۆر، بەڵام جیاوازیەكە ئەوەیە لەمێژوی هاوچەرخدا وەك ئەو هەشت ساڵە لە سەرناوی علی وعومەر شمشێرەكان خوێناوی نەكراون، ئێستا كورد كەخۆی دەردەدارو بارگرانە ئایا بە كام یاساو رێسا رەوایە كام ئەقڵ و لۆژیك پەسەندی دەكات دەردی خەڵك چارەسەربكات و باریگرانی بۆسوك بكات؟! لەدوای تێوەگلانی تارق هاشمی بە هاوكریكردنی تیرۆرسەركردایەتی سیاسی كورد بەهیچ و خۆڕایی تۆپی شەڕەكە بەرەو گۆڕەپانی خۆی دەهێنێت، ئاخر شەڕی ئەوان بەو ڕەگوڕیشە قوڵەوە چۆن بەكورد چارەسەرئەكرێت؟لەكاتێكدا كورد دەردی خۆی پێ چارەسەرناكرێت، داڵدە دانی تارق هاشمی لە هەرێمی كوردستان چ دەسكەوتێكە بۆ گەلی كورد؟ ئەگەر خەڵك بەیەك بەرد دووچۆلەكە بكوژێت، ئەوەی ئێمەی كورد بەپێچەوانەوە دووچۆلەكەی خۆمان بەكوشت ئەدەین بەیەك بەردی خەڵك!! هەوا ڵەكان ئاماژەیان بەوەكرد لەسەرداوای سەرۆك كۆمار رێگەبە هاشمی دراوەلەفرۆكەخانەی بەغداوەبگاتەهەرێمی كوردستان،هەمان كات سەرۆكی هەرێمیش پێشوازی لێكرد، ئێستاش دەوترێ ئەولیژنەیەی لیكۆڵینەوەی لە دۆسەی هاشمی كردووە سەرۆك كۆمارپێكی هێناوە، ئەگەرلیژنەكەی سەرۆك كۆمار تۆمەتەكەی بەسەرهاشمیدا ساغكردبێتەوە كەواتە سونەكان رق لەكورد هەڵ ئەگرن، كاتێ سەرۆكی هەرێمیش پارێزگاری لە هاشمی دەكات ،شیعەكان رقمان لێ هەڵدەگرن، كەواتا كورد خەریكی چ بەزمێكە؟ بۆشەرێ عەرەب دێننە ماڵی كورد؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە