کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سروودێك بۆ ئێوارەیەكی خوێناوی

Thursday, 20/02/2014, 12:00




چاوەڕوان بووین شەقامەكان هەمیشەپڕ لە جوانی بێ
وڵات پڕ لە خۆشەویستی و ژیان و ئاوەدانی بێ
كە دێوەزمەی گەندەڵی وڵاتی وێران كردبێ
خەونەكانمان وەكو سەراب دەڕوا و لەبەرچاو ون دەبێ
ئێوە بۆچی توڕە دەبن گەل لە ئێوە توڕە بووە
ئەو شەقامەچی كردبوو لەبەرچی خوێناوی بووە
با ماڵێكتان بسوتایە ئێ خۆ ئێوە فەرمانڕەوان
لەگەڵ گڕی ئەو ئاگرە توڕەییەكان دائەمركان
با كۆشك و تەلارەكانتان بە جارێ دابڕوخایە
بەڵام خوێنی لاوێكی كورد بە دەستی كورد نەڕژایە
ئەگەر ماڵت لە شوشە بێت ئەبێ وەك شوشە بێگەرد بیت
ئەگەر تەڵخ و تاریكیش بیت ئەبێ چاوەڕوانی بەرد بیت
وەڵامی بەرد بە گوللە بێت یاسا لە قەبر نراوە......؟
وڵاتێكیش بێ یاسا بێت توڕەیی گەل وەك لافاوە ....!!
كە جام پڕ بوو لێی ئەڕژێ، لێی رژا جامی توڕەیی
داوای ئاسودەیی كرا ئەو مەرگەساتە لەبەرچی ؟
نیشتمان پڕ لە كانزایە خاك و خۆڵمان وەكو زێڕن
ماف و ئازادیمان ئەوێ بۆ ئەڵێن ئاژاوەگێڕن.....؟!!
لاوەكانی ئەم وڵاتە خوێنیان بۆ ئازادی داوە
كەچی ئێستا ئازادییان دەستی بەسەردا گیراوە !!
ئەمە چ هەورێكی رەشە كە ئاوها مەرگ ئەبارێنێ
كێیە هیوا و پشت و پەنای وا گەل لەخۆی ئەڕەنجێنێ؟!
بۆ كەس ناپرسێ لە مەرگی پیر و منداڵ و لاوەكان
خۆ بەڵێن بوو بە دەستی كورد خوێن نەڕژێ لە كوردستان
دیسانەوە مانگی شوبات پڕ بوو لە مەرگ و خوێنڕژان
گوللەی كوردە و كورد ئەپێكێ نەك چەكی دەستی دوژمنان!!
رێژوان هێشتا لە ژوانا بوو چاوەڕوانی ژیانی دەكرد
گوللەی كێ بوو مەرگی هێنا بۆ دواجار لە ئامێزی گرت؟!
شێرزادەكان شێر ئاسا بوون بۆ پاراستنی نیشتمان
گیانی پیرۆزیان دەبەخشی بۆ سەربەخۆیی كوردستان
دوژمن لە خاك وەدەر نرا بە هەوڵ و خەباتی لاوان
هەر خوێنی سوركێوەكان بوو گوڵی سوری سەر كێوەكان
كێ نای بیستێ ئەو هاوارەی دەنگی دایەوە لە جیهان
زۆر لەمێژە بانگ ئەچڕن بۆ ئازادی بیلالەكان
كەسێ نەبوو گوێ راگرێ لە مەڵبەندی ئەنفالستان
پیرە پیاوێ بەر لە مەرگی پێناسەی كات نوگرەسەلمان
هێشتا لە یادی نەچو بوو گوڵ وەرینی كانی ئاشقان
گەڵای تەمەنی هەڵوەری سەركاری شاری شەهیدان
كێ وەرانی خونچەی گەشی تازە پێگەیشتوی گەرمیان
خەونی منداڵی زڕان و دایبڕی لە كاروانی ژیان
چەن بەسۆیە ژانی مەرگ و چەن دژوارە لێكدابڕان
هەتاكەی نائومێد دەكرێن كەسوكاری ئومێدەكان
ئیدی بەسە دە لێگەڕێن با ئاسودە بێ نیشتمان
ئەم گەلە خوێنی رژاوە قوربانی بەخشیوە بە گیان
ماف و ئازادی و یەكسانی زامی وڵات ساڕێژ ئەكات
نادادپەروەری و گەندەڵی كوردستان بۆ هەڵدێر ئەبات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە