كێ ئەزمونى كوردى دەخاتە مەترسى یەوە؟ - بەشى یەكەم
Wednesday, 20/04/2011, 12:00
خۆپیشاندانەكانى چەند ڕۆژى ڕابردوو سەلماندى گەندەڵى،نادادپەروەرى ،ستەم ،چەوساندنەوەى مرۆڤ،كوشتنى بەناهەق،ناسەروەرى یاسا،میلیشیاى حیزبى، لێپرسراوى نامەسئول،وەزیرى بێ دەسەڵات ،ماشینەوەى پارەى میللەت ،میدیاى حیزبى چەواشەكار...هتد بوونى هەیەو هیچ بەڵگەودكۆمێنتێكى ئەوتۆى ناوێ تەنها بەبینینى وێنەكانى خۆپیشاندانەكانى ڕابردوو مرۆڤى ژیرتێدەگات كە چ دەسەڵاتێكى نەزان بە خەمى میللەت وبێباك لەپاراستنى كەرامەت وڕێزى مرۆڤى كورد لەم پارچەى كوردستانداوستم وداپڵۆسێنەروچەپێنەرى ئازادى وپێشلكارى مافەكانى مرۆڤ وقۆرخ كارى بودجەوقوتى میللەت وسەرمایەدارى كۆمپرادۆرى دزوگەندەڵ دەستیان خستۆتە بینە قاقاى میللەتى بەشمەینەت وماف خوراوى كورد.
خەمى چەندین ساڵى ڕابردووى كوردلەم پارچەیەى كوردستاندا ڕزگاربوونى میللەتى كورد بوو لە ژێرچنگى دەسەڵاتى دیكتاتۆرى ڕژێمى بەعس وهەوڵى پێكهێنانى جۆرێك لەسەربەخۆیى سیاسى وئیدارى وبەزمانى سەركردە كوردەكان (خودموختارى وئۆتۆنۆمى) بوو ،بەڵام بەداخەوە هەرلە سەرەتاى ڕاپەڕینى خەڵكى كوردستانەوە ودەست پێكردنى گەمەى هەڵبژاردن كەكەس نەیزانى بە چ شێوەیەك بەڕێوەچوو،سەركردەكانى كورد هەروەك پیشەى جارانیان دەستیان كردەوە بەململانێ ى سەربازى وخوێن ڕشتنى لاوانى كوردوشەڕى براكوژى ویەكلاى كردنەوەى جیاوازییەكانیان كەلەسەر چەند كیلۆمەترێك وكردنى دێگەڵەوچەند ناوچەیەكى دەوروبەرى بە سنورى نێوانیان ،خوێنى هەزاران لاواى كوردیان ڕشت وچەندان كەسى تریان بەنامەردترین وناشرینترین شێوازى دوور لە عورف وبەها مرۆیى ویاسا جیهانیەكان تیرۆروڕەشبگیركردوكونجى زیندانە حیزبى یەكانیان لێ پڕكردن و دواى چەندین ساڵ دەركەوت ئەوكەسانەشیان تیرۆركردووە یاخود ئەوانەشى بەردران توشى چەندین نەخۆشى جەستەیى وڕوحى بووبوون كەهەتا مردن وەك مۆتەكە تارمایى ئەوەشكەنجەدانە دەمێنێتەوە ،بەڵام سەركردەكانى كورد وەك ئەوەى نەبایان دیبێت نەباران لەدواى رێككەوتنە فشەڵەكەى 1998ى واشنتۆن دەستیان كردە نێودەستى یەكتروپێك شوكروشادبونەوە وئەندامانى خوارەوەیان بەتاوانباروهەڵگیرسێنەرى ئەوجەنگە وێرانكەورە براكوژی یە دانا!! كەباس كردن ولەوشەڕەوململانێ ناجۆرەكانى زلحیزبەكانى (پارتى ویەكێتى) وهۆكارودەرئەنجامەكانى چەندین توێژینەوەوكۆڵینەوەى سەربەخۆیى ئەكادیمى هەڵدەگرن وئاكامە نێگەتیڤەكانى دوایى چەندین دەیەیى تریش لەسەر جەستەى تاكى كوردوگیانى میللەتەكەمان شوێنەواریان هەردەمێنێت.لەبەرئەوە هیوادارین لەداهاتودا بەپشت بەستن بەدۆكۆمێنت ونوسراوڕاگەیەندراوەكانى هەردك حیزب لەوقۆناغەدا كۆڵیارانى سەربەخۆیى كورد بتوانن كۆڵینەوەى جدى لەسەر ئەوماوەیە ئەنجام بدەن.
ئەوەى باسى ئێمەیە ڕووداوەكانى دوایى 17ى شوبات وڕۆژانى دوایى یە ،بەبڕوایى ئێمە ئەوەى لەوماوەیەى پێشودا لەنێوكایەى سیاسى وكۆمەڵایەتى كوردیدا ڕوویدا ئەنجامە نەك هۆكار وەك ڕۆشنبیرە گەوجاوەكانى حیزبە دەسەڵاتدارەكان جاروبار لێرەولەوێ باسى لێوە دەكەن ومیدیا چەواشەكارەكانیان سەرى زمان وبنى زمانیان تاوانباركردن وتۆمەت وتەشهیركردن بەخەڵك وڕۆشنبیرانى خەمخۆرى میللەتەكەمانە كەكاتێك باس لە بوونى گەندەڵى وبەفیڕۆدانى سەروەت وسامانى میللەت وزوڵمى لێپرسراوان لە میللەت وبەخشنەوەى سامانى گشتى دەكەن .
ئەوڕووداوانەى ئەم دوایەى كوردستان دەتوانین بەپشت بەستن بەچەندین بەڵگە لەم هۆكارانى خوارەوەدا كۆبكەینەوە:
1. بوونى گەندەڵیەكى زۆر لەنێودام ودەزگاكانى حكومەت وبەفیڕۆدانى سەروەت وسامانێكى زۆروبەیاسایى كردنى گەندەڵى.
2. خەم ساردى حكومەت ولێپرسراوان بەرامبەر خواستەكانى میللەت وداواكاری یەكانی لە پێشكەش كردنى خزمەتگوزاریە سەرەتایى یەكانى وەك (ئاو،كارەبا،....هتد) كەدوایى 20ساڵ لەحوكمڕانى خۆماڵى نەتوانراوە تاوەكوئێستا وەك پێویست پێداویستى یە سەرەتایى یەكان دابین بكرێت ،سەرەڕایی بوونى بودجەیەكى زەبەلاح بەتایبەت دوایى ئازادكردنى عێراق لە2003وە كەبەپێ ى ئامارەكان 17%ى بودجەى گشتى عێراق بۆسێ پارێزگاكەى هەرێم هاتووە .
3. كارانەبوونى دەزگاى باڵاى میللەت كە پەرلەمانە ،پەرلەمانى كوردستان كە لەساڵى 1992وە چەندین هەڵبژاردنى بەخۆوە بینیوە بەڵام لەقۆناغەكانى شەڕى ناوخۆدا نەك نەیتوانى بەرگرى لەمافى میللەت بكات بەڵكولەهەندێك قۆناغدا بەشێك بوو لەوشەڕە وبووبووە دەزگاى شەرعیەت دان بە كارە نایاسایى وخۆش كردنى ئاگرى ئەوشەڕە وێرانكەرە،هەروەها لە قۆناغى ئاشتى دوایى ساڵى 2003ودروست بوونى ڕێكەوتن نامەى ستراتیژى لەنێوان (یەكێتى وپارتى)ئەودەزگاباڵایە قۆرخ كرابوو بۆبەدیهێنان وبەیاسایى كردنى كارە نایاسایى یەكانى خۆیان وتێپەڕاندنى ئەوماددانەى كەلەبەرژەەوەندى دەسەڵاتە حیزبى یەكەى خۆیاندایە وەك یاسایى (دژە تیرۆر كەبەبڕواى ئێمە ئەویاسایە وەك لەم دوایەدا دەركەوت یاسایەك بووە بۆ شەرعیەت دان بەگرتنى هەموو ئەوكەسانەى كەدژى دەسەڵاتەكەى ئەودوو زلحیزبەن نەك تیرۆرستان نمونەى ئەوانە گرتنى مامۆستایانى ئاینى ولایەنگرانى پارتە ئیسلامى یەكان وخەفەكردنى دەنگى ناڕازى خەڵك ،بێجگە لەوەى ئەوهێزانە سەربە حیزبى دەسەڵاتن وئینتماى تەواویان بۆ(یەكێتى یان پارتى بەتەنیا هەیە)و سەرپەرشتى كردنیشیان سپاردووە بەنزیكەكانى خۆیان بۆنمونە (لاهورى شێخ جەنگى وپاڤێڵى كوڕى جەلال تاڵەبانى سكرتێرى گشتى یەكێتى نیشتمانى كوردستان)، هەروەها یاساكانى ترى پەرلەمان وەك(بودجەو مەسەلەى یەكگرتنەوەى ئیدارەوهێزە چەكدارەكان ویاسای جگەرە كێشان وخەتەنەو...هتد كەنەك پێویست نین بۆئەم قۆناغە بەڵكو جێگەى پێكەنینن).ئەمەو بەدەر لەوەى یاسا تەنهاوتەنها بۆخەڵكى هەژاروبێدەسەڵات بوونى هەیە باشترین بەڵگەش بۆئەوە ئەوەیە كە هەتاوەكو ئێستا كەس نەیبینى لەكوردستاندا تەنها یەك (لێپرسراوى حیزبى كەزۆربەیان بەمەسەلەیەكى قانونى تاوانبارن ووەزیروبەڕێوەبەران كەئەمانیش زۆربەیان بە دزى وگەندەڵى وبوونى 2500ڕاپۆرتى گەندەڵى دیوانى چاودێرى هەیە كە هەتاوەك ئێستا ئیشیان لەسەر نەكراوەومتمانە بەدرێژایى 6كابینە لەهیچ كەسێك بسەنرێتەوە لەسەر كارە گەندەڵیەكانى كە ئەمە مەهامى پەرلەمانە)
4. بونى چەوساندنەوەى ئابوورى وكۆمەڵایەتى وسیاسى بەهەموو شێوەكانى یەوە (هەر لەدەست بەسەراگرتنى موڵك وماڵى حكومەت وخەڵك لەلایەن دەسەڵاتدارانى حكومى وحیزبى دەسەڵاتدار هەتاوەكو باڵادەستى كوڕەلێپرسراوەكان لەسەروى یاساوە).
5. بڵاوبوونەوەى هەژارى وبێكارى لەكوردستاندا ئەمەو سەرەڕایى بوونى بودجەیەكى زۆر بەڵام نەبوونى پلانێكى ستراتیژى ودرێژخایەن وبوونى مەحسوبیەت وواستەوخزمایەتى فاكتەرى دروست بوونى ئەم مەسەلەیەن.
6. یەكێكى تر لەهۆكارەكانى دروست بوونى ئەم ناڕەزاییانە دەتوانین بڵێین كارانەبوونى دەزگاى دادوەرى یە لەكوردستاندا كە ئەم دەزگاگرنگە لەلایەن حیزبەوە بەتەواوى هەناسەى لەبەر بڕاوە وەك دەزگایەكى حیزبى مامەڵەى لەتەكدا دەكرێ وهیچ حسابێك بۆئەم دەزگایە ناكرێت وبڕیارەكانى فەرامۆش كراوە بەتایبەت لەگرتنى تاوانبارانى ژێر باڵى حیزب ولەدانیان بەم دەزگایە.نمونە ڕادەست نەكردنى تاوانبارانى كەیسى ئەنفال (جاشەكان)*و تاوانبارانى 17ى شوبات وِۆژانى دوایى...
7. میلتاریزەكردنى كایەكانى كۆمەڵگەى كوردى وبوونى میلیشیاى حیزبى وبەكارهێنانیان لەیەكلاى كردنەوەى ململانێكاندا بەتایبەت كاتى هەڵبژاردنەكان وڕووداوەكانى ئەم دوایى یەى سەرمەیدانى كوردستان وهێنانى بۆسەر شارى سلێمانى لەشەوى 18ى شوبات وڕۆژانى دوایى(بەبێ ئاگادارى سەرۆكى حكومەت كەئەمەش باشترین بەڵگەى سەلمێنەرى ئەوڕاستیەیە كەلەلایەن حیزب وسەرانى حیزب ومەكتەب سیاسى یەوە هێزدەجوڵێنرێن نەك سەرۆكى حكومەت ودەزگاى یاسایى).
8. پاشەكشەى گوتارى ئەم دوای یەى سەركردایەتى سیاسى كورد وسازش كردنى لەسەر مەسەلە نەتەوەیى یەكانى وەك (مادەى 140وگەڕانەوەى بۆسەر هەرێم وچارەسەر كردنى كێشەكانى ترى نەوت وپێشمەرگەو....هتد) چونكە بەبڕواى چاودێرانى سیاسى ئەوانەى لە بەغدادى پایتەختن وەك نوێنەرى كورد كاریان نەكردووە بەڵكو بۆبەرژەوەندى حیزبى وشەخسى كاریان كردوە ،هەروەها لەكاتى بەرزبوونەوەى دەنگى ناڕەزاى كۆمەڵانى خەڵك لەنێوخۆى هەرێمدا دەسەڵاتدارانى دوو حیزبەكە(پ.د.ك و ى.ن.ك) موزایەدەى نەتەوەیى بوون وسەرقاڵ بون بەوكێشانەیان بە كۆمەڵانى خەڵك فرۆشتۆتەوە وزۆرجاران خۆپیشاندانەكانى لە نمونەى (خۆپیشاندانەكانى 2006ى هەڵەبجەو كەلارو..هتد) بەدەستى ئاژاوەگێڕى ودەرەكى زانیوەوبەمیدیا بیستراو وخوێنراو وبینراوە چەواشەكاریەكانیان كەبەبودجەى میللەت بەڕێوەدەچێت دەیان تۆمەتى ناڕەوایان داوەتە پاڵیان وهەوڵى شاردنەوەى ئەودەنگە ناڕازی یەیان داوە..كەلەڕاستیدا بەمەیان كارێكى خراپیان كردۆتە سەر سایكۆلۆجیایى تاكى كوردوئیرادەى بیركردنەوەودەربڕینى ناخى پەنگ خواردویان لێ زەوت كردووە ،كە ئەمەش بێ گومان لەم دوایەدا لە هەڵسوكەوت ودروشم وهاوارى هەموو ئەوگەنجانەى كە خۆپیشاندانیان كرد ڕەنگى دایەوە ،زۆرجار وەك پەرچەكردار خۆی نواند..
9. لەلایەنى سیاسەتى ستراتیژیەتى دەرەكى سەركردایەتى دوو حیزب تۆزقاڵێك دبلۆماسیەت وئەتەكێتى سیاسیانەى ژیرى پێوەنەدەبینرا وەك سەرۆك خێڵ وبزنسمان وپیاوى ناودار پێشوازیان لەناوەندە دەولى وهەرێمیەكان لێدەكرا وەك (هەموو سەردانەكانى سەرانى حیزبى دەسەڵاتدار بەسەرۆكى هەرێمەوە لەساڵانى ڕابردوودا باشترین نمونەى ئەمەش لەوسەردانەى ساڵى ڕابردووى سەرۆكى هەرێم بینرا بۆتوركیا كاتێك ڕۆژنامەنوسێك پرسیارى لێ كردلەسەر ئاڵاى هەرێم) ئەمەش لەناوەندى ڕۆشنبیرى كوردیدا جێگەى سەرنج وڕەخنەى جدى بووە لەم جۆرە هەڵسوكەوتانە .
10. نەبونى هیچ پلان وستراتیژێكى دوور مەوداو درێژخایەن لەبارەى داهاتووى نەتەوەیى لەم پارچەى كوردستان،كە داخۆ سیاسەتى داهاتوى دەسەڵاتدارنى كورد چى دەبێت وچۆن دەبێت؟ ئەمەو بەدەر لەو لێشاوە لێدوانە بێ مانا وجەوهەرانەى كە ڕۆژانە گوێمان لێ دەبێت لە سەركردەكانى ئەم دوو حیزبە (نمونەى لێدوانەكانى تاڵەبانى كاتێك بۆمیدیاكانى توركیا لەسەر گۆڕى ئەتاتورك وتى:دەوڵەتى كوردى خەونى شاعیرانەیە!!)بەپێچەوانەشەوە زۆرجار لێدوان ودروشمى وەك (مافى چارەى خۆنوسین)تەنها قاوغەو هیچ ناوكێكى نى یەو تاوەكو ئێستا هەنگاوى پێویستى دوایى 20ساڵ لەحوكمڕانى بۆنەنراوە،وەك دەزانین فیدڕاڵیەتەكەش وەكو ئەزمونێكى دیفاكتۆمامەڵەى لەگەڵدادەكرێت.
11. ئەمانەو دەیان هۆكارى ترى وەك دزینى نەوت وڕەوانەكردنى بۆئێران لەلایەن كەسەدیارەكانى حیزب وبوونى پاڵیۆگەى نایاسایى وشاردنەوەى داهاتەكەى لەمیللەت لەكاتێكدا هەموو كەس دەزانێت كە نێوخۆ چەندپێویستى بەسوتەمەنى هەیە،خۆدزینەوە لە ئاشكراكردنى داهات وبونى لەدەستى حیزبدا..زۆرجاران بەبیانوى ئاسایشى نەتەوەیى وپاراستنى ئەزمون تەنها خەریكى درێژەپێدانى كارە گەندەڵیەكانیان بوون...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست