کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نارنجۆكەكەى دەستى لڤین لە سەر دەستى كوردستان پۆست تەقییەوە

Saturday, 04/09/2010, 12:00


راگەیاندن بە هەموو بوارەكانیەوە گەیەنەرێكى ئاڕاستەكراوە بۆ ئامانجێك جا ئەو ئامانجە سیاسیى بێت، یان كۆمەڵایەتى، یان هەر بوارێكى ترى ژیان، گومانى تێدا نییە ئەو ئامانجەش هەندێك جار زیان بەخشە و هەندێ جاریش ئاڕاستەیەكى پۆزەتیف و رەورەوەیەكى خێرى دەبێت بۆ دەوروبەرەكەى، بە تایبەت لە ئێستادا كە گۆڕانكارییەكى فەرهەنگى و ئەلیكترۆنى دنیاى گرتوەتەوە، لە ئێستادا كە كوردستان بە قۆناغێكى هەستیاردا تێدەپەڕێت لە ململانێى سیاسیى و ئابوورى لەگەڵ نەیارەكانى، بە تایبەت هاوسێكانى وەك توركیا و ئێران لە پاڵ حكومەتى ناوەندى، بۆیە پێویستە سیاسەتەكان بە ئاڕاستەیەك گوزەر بكەن بتواندرێت خاڵە لاوازەكانى حكومەت و هەر دوو حیزبی دەسەڵات دیارى بكەن، باشترین رێگەش سەرەتا بە راگەیاندن دەستمان پێكرد، كە هەر لە رۆژنامەى هاووڵاتیەوە تاوەكو گۆڤارى لڤین و لە كۆتاییشدا سایتى ئەلیكترۆنى كوردستان پۆست، كە هیچ یاسایەك نییە بۆ راستكردنەوە و لێپرسینەوەى ئەم كەناڵە، که‌ بە ناو ئازادى كە تاكو ئێستا بە دەیان بابەتى هەڵە و ناڕاستم تێدا بە دى كردووە، گومانى زۆری تێدایە كە دەستێكى لە پشتەوە بێت و سیاسەتى دیارى كراوى كەسێك یان لایەنێك یان گروپێك لە بازنەیەكى كێشەى ناوخۆیى بخولێتەوە، یان لە رێگەیەكى ناوخۆیى بە پێى بەرژەوەندى لایەنێكى دەرەكى كاریگەرى بكاتە سەر هاوكێشەى سیاسیى كورد و پارسەنگى كورد لە مەیدانى سیاسیى ناوخۆیى و عێراق، یان ناوچەى ئیقلیمى و جیهانى ئاڵۆزى بكات، بۆ راگرتنى هاوسەنگى وڵاتانى رۆژئاوایە، بە تایبەت ئەمریكا، هەروەك ئێستا بە ئاسانى هەستى پێ دەكرێت و سیاسەتە یەك لە دواى یەكەكانى لەم بازنەیەدا نهێنیەكانى دەبێتە ئەمرى واقیع بەسەر كورد و كێشە هەڵواسراوەكانى.
هاوبەشى بوونى سۆرانى مامەحەمە و سەردەشت عوسمان لە بازنەى تیرۆرى قەڵەم وەك كاڵایەك لە چوارچێوەى سیاسەتە شاراوەكان
سۆارنى مامە حەمە لە گۆڤارى لڤین كە كارى دەكرد و قەبارەى بابەتەكانى لە چوارێوەیەكى شمولى راگەیاندنى بەرامبەر بە حكومەت و هەردوو حیزبی دەسەڵات، كە رەنگە بابەتەكانى جۆرێك لە ئیستفزازى درووست كردبێت بەرامبەر هەردوو حیزب، بە تایبەت پارتى دیموكراتى كوردستان، بەڵام دیسان ماناى ئەوە نادات كۆتایى بە ژیانى كەسێك بهێندرێت بە هۆى چەند دێڕێك، كە رەنگە بیر و راى خۆى بێت و لەوانەشە هەر پێى نووسرابێت بۆ پێكانى ئامانجى گروپێك، یان لایەنێكى تر، بۆیە هەموو ئەو پێشهاتانە دەبێت قابیلى قبوڵ كردن بێت و گومان لە سیاسەتى رەشى دەرەكى بكرێت بۆ بە خراپ شكانەوە و دروست كردنى پاڵەپەستۆى راى گشتى لەسەر هەردوو حیزب، لەوانەشە ئەو پیشهاتانە یان روونتر بڵێم ئەو گومانە كەموكوڕى هەبێت، لەگەڵ ئەوەش تەوەقوعەكان جۆراوجۆرن، بۆیە پرسیارى ئەوە دروست دەبێت، كە كەسانێك وشە و دێڕى زۆر لەوە توندتریان نووسیوە تاوەكو ئێستاش بە هیچ شێوەیەك هەڕەشەشیان لێ نەكراوە، یان ئەگەر كرابێت تەنها هەڕەشە و لێدانى لە لایەن چەند كەسێكەوە بووە، بەڵام بەم شێوەیە نەبووە، كە كۆتایى بە ژیانى بهێندرێت، نموونەى ئەو رۆژنامەنووسانەش زۆرن كە نووسینەكانیان زۆر بوێرانە و واقیعانەن بەرامبەر بە حیزبی دەسەڵات و گەندەڵیەكان.
جارێكى تر درووست بوونەوەى تیرۆرى قەڵەم ورفاندن و شەهید كردنى سەردەشت عوسمان ئەوەش زەنگێكى خەتەرى لەسەر ئازادى را دەربڕین و ئارامى شار دا، چونكە لە بەردەم حەرەمى زانكۆ رفێندرا، هەروەك بەكر عوسمانى براى شەهید سەردەشت لە لێدوانێكى بۆ دەزگاكانى راگەیاندن ئاماژەى بە لێدانى فیشەكێك بۆ ناو دەمى شەهید سەردەشت كردوو و وتى: "تیرۆركردنى شەهید سەردەشت كێشەى گەنج و ئازادى رۆژنامەگەرى كێشەى خەڵكى كوردستانە"، روونى كردەوە كە فیشەكێكیان لە ناو دەمى داوە و لە ناو موسڵ فڕێدراوە، ئەمانە هەمووى ئاراستەى خەتەرناكن بۆ شێواندنى ئازادى رادەربرێن و رۆژنامەگەرى ئارامى هەرێمى كوردستان، بۆیە هاوبەشییەك لە نێوان تیرۆركردنى دوو گەنج هەیە، كە سۆرانى مامە حەمە لە كەركووك تیرۆر كرا و سیاسەتى جۆراوجۆر بەرجەستە دەبێت، هەست دەكرێت هەڵكشاوە بۆ ناوەوەى هەرێمى كوردستان، هەروەها جۆرێك لە نانەوەى ئاژاوە و سەرقاڵكردنى شەقامى كوردى پێوەى دیارە بە بابەتێك بۆ رادەربڕینیان لە قەزیەى سەرەكى خۆیان، ئەوكاتەى سۆرانى مامە حەمە تیرۆركرا، شەقامى كوردیان بەو باسە خەریك كردبوو بۆ دووركەوتنەوەى سەرنجى شەقامى كوردى لە بەهێزى كورد لە كەركووك و لاوازكردنى ئینتیماى كوردستانیان بە تایبەت لە كەركووك و ماددەى 140، جارێكى تر تیرۆركردنى شەهید سەردەشت لە كاتێكى هەستیارى دابەشكردنى دەسەڵاتى سەرۆكایەتیەكانى عێراق و ئیدارەى حكومەتى ناوەند، كە گومانى ئەوە دروست دەبێت كە بۆ ماوەیەكى زەمەنى درێژە كەوا خۆى لە مانگێك تێپەڕ دەكات بۆ جارێكى تر سەرقاڵكردنى سەرنجى شەقامى كوردى لە بابەتێكى لەم شێوەیە، لە راستیدا بۆ ئەمجارەش ئامانجى سیاسیى و لایەنە جۆر بە جۆرەكانى پێكا و لە هەموو لایەك بە بێ ئەوەى گوێ بگیرێت هێرشكرایە سەر حكومەت و سەرۆكى هەرێم و وەزیرى ناوخۆ، بە بێ ئەوەى بزانین چۆن داواكارى بەرز بكەینەوە داواى لێكۆڵینەوە بكەین، راستەوخۆ پارتى دیموكراتى كوردستانیان لەم بابەتە تاوانبار كرد، ئەویش بە بێ هیچ بەڵگەیەكى یاسایى، كە خۆم چەندین بابەت و كۆمێنتى ئەلیكترۆنیم لە سایتە ئەلیكترۆنیەكان خوێندەوە، كە هەڵونێكى گوماناوى پێوە دیار بوو، تا ئەو ئاستەى بناغەكەشى لاواز بوو، بۆیە هاوبەشییەكى بێگوناهى بوونى قوربانى ئەم دوو گەنجە رۆشنبیرە لە بازنەى سیاسەتە شاراوەكان دەبیندرێت، كە تاكو ئێستا روون نەبوەتەوە و مەبەست لە كۆتایى هێنان بە ژیانیان ئامانجێكى سیاسیى لە پشتە؟ یان ئەو گومانەى كە خەڵك دەیكات راستە لەسەر بوونى چەند دێڕێك كۆتایى بە ژیانى هاتووە؟!
نەبوونى دووربینى سیاسەتى بزوتنەوەى گۆڕان لە درووستكردنى هەڵچوونى شەقامى كوردى و كردنەوەى رێڕەوى دەستى دەرەكى بوونى دەنگى ناڕەزایى و سیمایەكى زۆر دیموكراسیانەى كوردستانى نیشانى دوونیاى دا، كە نەتواندرێت وەكو ناوچەكانى ترى عێراق كەوا رۆژانە بە سەدان خەڵك دەڕفێندرێت و تیرۆر دەكرێت، كەچى بۆ تیرۆركردنى گەنجێك لە هەموو شار و شارۆچكەكانى كوردستان رێپێوان و دەنگى ناڕەزایەتى بڵاوبوویەوە، هەریەك لە رێپێوان و بەیاننامەكان خۆى لە خۆیدا پەیامێك بوو بۆ هەردوو حیزب كە حكومەتیان پێكهێناوە، مامۆستایانى زانكۆى سلێمانى ئاماژیان بە مەترسى ئازادى رادەربڕین و رۆژنامەنووسى كرد و لە بەیاننامەكەدا هاتووە، تیرۆركردنى خوێندكار و رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لە ژێر هەر ناو و پاساوێك كوشتن و تیرۆركردنى جیاوازى دیموكراسى و ئازادى رادەربڕین و رۆژنامەنووسیە، بە هەمانشێوە نووسەران و رۆژنامەنووسانى كەركووك ئیدانەى كارەكەیان كردوو و لە بەیاننامەیەكدا كە هاتووە، داواى لێكۆڵینەوەى جددى دەكەن، بە هەمانشێوە كۆبوونەوەى بەرفراونى رۆژنامەنووسان لە هەولێر و رێپێوانى بەرفراوانى قوتابیان و رۆژنامەنووسانى لە شوێنى رووداوەكە بۆ بەردەم پەرلەمان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكى پەرلەمان و داواى كارى لێكۆڵینەوەى بە پەلە لەو پرسە و بە سزاگەیاندنى بكوژانى و دەركردنى بەیاننامەیەكى رۆژنامەنووسان كەواژووى 70 رۆژنامەنووسى لەسەر بوو، تێیدا حكومەتى هەرێم و هێزەكانى ئاسایش لەم رووداوە تاوانبار كردووە و داواى لێكۆڵینەوەیان كردووە، ئەمە ئاستێكى باشى تواناى رێكخراوە مەدەنیەكانى لە هەرێمى كوردستان دەرخست، بە هەمانشێوە بزوتنەوەى گۆڕان رۆڵێكى باشى بینى وەك ئۆپۆزسیۆن لەبەرى خەڵك بە تایبەت لە بانگێشتكردنى وەزیرى ناوخۆ و خوێندنى باڵا بۆ پەرلەمان لە پرسى تیرۆركردنى گەنجێك، كاروان ساڵح ئەندامى پەرلەمانى كوردستان لە فراكسیۆنى گۆڕان لە لێدوانێكى رۆژنامەوانى رایگەیاند فراكسیۆنى گۆڕان داواى پێشكەش بە سەرۆكایەتى پەرلەمان كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر تیرۆركردنى خوێندكار و رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، بە نووسراوى فەرمى بانگێشتى وەزیرى ناوخۆیان كردووە و داواى روونكردنەوەى بە پەلەیان لە بەڕێوەبەرى ئاسایشى هەرێمى كوردستان كردووە، بۆیە دەردەكەوێت كە زەختى راى گشتى و داواى یاسایى بزوتنەوەى گۆڕان لە پەرلەمان كاریگەرى خۆی هەبووە لەسەر حكومەت و حیزبی دەسەڵات، بۆیە سەرۆكایەتى حكومەت داواى روونكردنەوەى بە پەلەى كرد لە وەزیرى ناوخۆ، زیرەك كەمال راوێژمارى سەرۆكى حكومەت لە لێدوانێكى دەڵێت: "داوامان كردووە وەزیرى ناوخۆ لەو بارەیەوە روونكردنەوەى هەبێت، لێكۆڵینەوە لە بارەى كوشتنى ئەو رۆژنامەنووسە بكرێت"، بۆیە بوونى مەدەنیەت و رۆڵى ئۆپۆزسیۆن سیمایەكى جوانى دیموكراسیانەى هەرێمى كوردستانى نیشاندا، بەڵام ئەوەى بووە جێى گومان و ئاڵۆزى لە سیاسەتى كورد نەبوونى سیاسەتى دوور بینى بزوتنەوەى گۆڕان بوو لە هاندانى توندوتیژى خەڵك لە ناوەوە و دەرەوەى كوردستان، كە لە كۆبوونەوەیەكى بەرفراوانى رەوەندى كوردى لە وڵاتى نەرویج كە بزوتنەوەى گۆڕان پێى هەستابوو نامەیەكى ناڕەزاییان دایە پەرلەمانى ئەو وڵاتە، ئەنجومەنى گۆڕان لە باشوورى سوید كۆڕێكى ماتەمینى بۆ تیرۆركردنى رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لە مالمۆ سازكرد و تێیدا چەندین تەوەرى هاندانى خەڵكى دژى حكومەت و پارتى دیموكراتى كوردستان تێدابوو، كە هەموو ئەمانە وایكرد كۆمەڵێك دەستێوەردانى دەرەكى رووبدات، رێكخراوى ئەمنیستى ئەنتەرناشیۆناڵ رەخنەى لە هەردوو حیزبی دەسەڵات گرت و لە راپۆرتێك كە لە سایتى خۆیان بڵاوكرایەوە تێیدا هاتووە، باس لە توندوتیژى دژى رۆژنامەنووسان لە هەرێمى كوردستان دەكات، لە بەشێكدا رەخنە لە سەركردایەتى هەردوو حیزبە كوردیەكەى یەكێتیى و پارتى دەگرێت، كە بە یەكەوە دەستیان بە سەر دەسەڵاتدا گرتووە لە حكومەتى كوردستان لە عێراق، پارتى چەپى سویدى لە بەیاننامەیەكدا باس لە فشارى دەسەڵات دەكەن لەسەر رۆژنامەنووسان لە كوردستان و لە بەیاننامەكەیاندا هاتووە، داواى ئاشكرا كردنى بكوژانى سەردەشت عوسمان دەكەن و ئاماژەیان بەوە كردووە تیرۆركردنى سەردەشت دابڕاونییە لەو فشارەى كە دوو ساڵە دەخرێتە سەر رۆژنامەنووسان، بۆیە ئەو بێ بەرنامەییەى كە لە بزوتنەوەى گۆڕان دروست بووە كاریگەرى راستەوخۆى هەبوو لەسەر كردنەوەى رێڕەوى دەرەكى بۆ دەستخستنە ناو كار و بارى ناوخۆى هەرێمى كوردستان، چونكە تیرۆر مۆتەكەیەكە هەموو جیهانى گرتوەتەوە، كە تاكو ئێستا نەتواندراوە بنبڕبكرێت و سیاسەتى دەولى لەم رێگەیەوە یەكلایى دەكرێتەوە، بوونى هەرێمى كوردستانیش وەكو بەشێك لە جیهان پێشبینى زۆر شتى لێدەكرێت، كەچى بە بێ بوونى هیچ بەڵگەیەكى یاسایى جەنگێكى ساردى راگەیاندنى لە نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى درووست بوو، هەروەها سەرەنجامیش كاریگەرى نەرێنى لەسەر ئاسەوارى ئەم جەنگە دروست كرد، كۆمەڵێك لایەنى دەرەكى بە چەندین مەبەستى سیاسیى كاری خۆیان لەم هەرێمە كرد، بە تایبەت لە ناشرین كردنى واقیعى دیموكراسى لە كوردستان، لە چاو ناوچەكانى ترى عێراق.
بوونى لڤین و كوردستان پۆست وەك دوو سپۆنسەرى سەرەكى دەستى دەرەكى
لە تیرۆكردنى سۆرانى مامە حەمە لە ناو كەركووك بە تەنها گومانێك كە گۆڤارى لڤین كەوتە بەرتاوانەوە و راستەوخۆ تاوانباركردنى حكومەتى هەرێم و حیزبی دەسەڵات، كە بە هۆیەوە دەزگاى واڵا كرد بۆ میدیاكانى جیهانى بە تایبەت توركیا، كەوا ئەوكات ململانێى جددى هەبوو لە نێوان هەرێمى كوردستان و وڵاتى توركیا و سەرەنجام زۆر لە میدیاكانى قسەیان لەسەر بوونى پارتى لە تیرۆركردنى سۆرانى مامە حەمە دەكرد، بە بێ ئەوەى هیچ بەڵگەیەكى یاساییان هەبێت بۆ تاوانباركردنى پارتى، بۆیە گومان لەوەدا دروست دەبێت، كە ئەم گۆڤارە دەستى دەرەكى لە پشتیەوە بێت، وەك چۆن گومان لە پارتى دەكرێت دەستى لە كوشتنى سۆرانى مامە حەمە هەبێت، ئەگەر بە شێوەیەكى واقیعیانە بیر بكرێتەوە رێگە زۆر بۆ كوشتنى كەسى ئاسایى، نەك بەو شێوەیەى كە بە چەك كارەكان بكرێت، بۆیە گومانەكان زیاتر دەبێت كە خۆى لەوەدا بینیبێتەوە كە كەس و لایەن و گروپەكانى تر بۆ مەبەستێكى سیاسیى ئەو كارانە بكەن بۆ ناوزڕاندنى دەزگا ئەمینەكان و حكومەتى هەرێم، سەرەڕاى بوونى كەموكوڕى زۆر لە دامودەزگاكانى حكومەتدا، جارێكى تر تیرۆركردنى سەردەشت بە هۆى چەند بابەتێكەوە لە كوردستان پۆست خۆى گومانێكى زەقترە، چونكە كوشتنى كەسێك بەو بێ بەرنامەییە لە كارى دەزگا ئەمنیەكانى خۆمان ناچێت ئەمە لە روویەكەوە، لە روویەكى تر ئەگەر بابەتەكانى كە بۆ كوردستان پۆست نێردراوە، چۆن زانرا خاوەنى بابەت ئەو كەسەیە؟! بۆیە گومانەكان یا زیاتر روو لەو دەزگا بێ سەر و بەر و نامەسئولانە بكەین، كە كارەكانیان بە جۆرێك رێكدەخەن كەوا هیچ بەهایەك بۆ رۆحى كەسەكان دانانێت، بە بەڵگەوە دەركەوتووە زۆر لەو بابەتانە لە لایەن كارمەندى سایتى كوردستان پۆست فرۆشراوەتەوە بەخاوەنەكانیان، دواتر كێشەى جۆراوجۆرى لێدروست بووە، بۆیە پێموایە لە بوونى كێشەى تیرۆركردنى سەردەشت جارێكى تر نوێكردنەوەى فایلى سۆرانى مامە حەمە بووە و پێویستە ئەمجارەیان خەڵك بەر لەم دەزگا بێ بەرنامانە بگرن و زیاتر نەهێڵن گەنجان و رۆشنبیرانمان ببنە سوتەمەنى سیاسەتە ناوخۆیى و دەرەكیەكان، لە رێگەى ئەم كەناڵانەوە بە تایبەت لەم جارەیان كە جەنگێكى ساردى درووست كرد، لە نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و بزوتنەوەى گۆران، كە ئەمەش گەورەترین پێكانى ئامانجى ئەو سیاسەتە بوو كە پێى هەستابوو، لە رێگەى سایتى كوردستان پۆست تواندرا نارنجۆكەكەى دەستى لڤین بتەقێندرێت، جارێكى تر میدیاكانى جیهان چاو ببڕنە سەر هەرێمى كوردستان بە تایبەتى میدیاى عەرەبی و توركى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە