کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی و گۆڕان و ئه‌ڤاستین

Tuesday, 28/05/2013, 12:00


ده‌رزی ئه‌ڤاستین و کوێره‌وه‌ری 30 مرۆڤی کوردی بێ تاوان بۆته‌ هۆی مقۆ قۆ و قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر ئه‌کرێ. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ میدیاو له‌ دیوه‌خانه‌کاندا هه‌موو خۆیان له‌ڕاستیه‌کان به‌لادا ئه‌ده‌ن و هه‌ر بابایه‌ و چۆنی حه‌ز لێبێت به‌مشێوه‌یه‌ باسی ئه‌کات‌. لایه‌نه‌ حزنیه‌کانیش که‌ هه‌رده‌م ئه‌وپه‌ڕی بێحورمه‌تیان بۆژیان و گیانی مرۆڤی کورد هه‌یه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ئاقارێکی تردا ئه‌به‌ن و هه‌ریه‌که‌و بۆ به‌ژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی به‌کاری دەهێنێت.
یه‌کێک له‌ هه‌وڵه‌ نه‌فامه‌کان ئه‌وه‌یه‌ گوایه‌ هه‌وڵ ئه‌درێت وا له‌خه‌ڵک بگه‌یانن که‌ ده‌رمانی ئه‌ڤاستین هی شێرپه‌نجه‌یه‌ و بۆ چاو به‌کارنایه‌ت تا هۆکاره‌ ڕاستیه‌که‌ی کوێر بونه‌کان بشاردرێنه‌وه‌. من وه‌ک لێکۆله‌ره‌وه‌، هه‌ر له‌ پێشه‌کیه‌وه‌و به‌ بێ هیچ گومان ئه‌ڵێم به‌ڵێ ئه‌ڤاستین بۆ چاو به‌کاردێت له‌ پێشکه‌وتوو ترین نه‌خۆشخانه‌کانی جیهان و تاقیکردنه‌وه‌ش کاریگه‌ری سه‌لماندووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری چاو. به‌ڵام کام ئه‌ڤاستین؟ به‌ دڵنیایی ئه‌و ئه‌ڤاستینه‌ پاکه‌‌یه‌ که‌ کاتی به‌سه‌ر نه‌چووه‌و به‌ قاچاخ ناگه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌کان.
به‌ناودارترین زانکۆی پێشکه‌وتووی وه‌ک نۆتنگهام و ستۆکهۆلم و ترینیتی و مه‌سیشوتس کاریگه‌ری ئه‌ڤاستینیان سه‌لماندوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری چاو. ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی پێ ده‌ورووژێندرێ له‌ که‌ناڵه‌کانی پارتی و که‌ی ئێن ئێنه‌که‌ی گومڕا که‌وا ئه‌و ده‌رمانه‌ ته‌نها بۆ شیرپه‌نجه‌یه‌ له‌گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن و ڕکابه‌ری یه‌کێتی و لکه‌دارکردنی وه‌زیر ته‌ندروستیه‌که‌ی یه‌کێتی زیاتر هیچی تر نیه‌ یه‌کێتی به‌سته‌زمانیش به‌دووری مامه‌ ئێجگار هه‌تیو بوه‌ و له‌حه‌زره‌تی پارتی هیچی بۆ ناوترێ نه‌وه‌ک بڕه‌ مه‌عاشی مانگانه‌یه‌ن ببڕن. ئه‌گینا ئه‌وه‌ی یه‌ک تۆزقاڵ شت بخوێنێته‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌ڤاستین ئه‌زانێت که‌ ئه‌و ده‌رمانه‌ پێی ئه‌ڵێن (میره‌کل دره‌گ) miracle drug واته‌ ده‌رمانی موعجیزه‌، چونکه‌ بۆ چاره‌سه‌ری زیاتر له‌ نه‌خۆشیه‌ک به‌کاردێت. واته‌ بۆ سه‌ره‌تان و بۆ چاو و شتی تریش. به‌ڵام ئێجگار بێ ویژدانیه‌ خه‌ڵک خه‌ڵه‌تاندنه‌ که‌ بڵێن ئه‌و ده‌رمانه‌ بۆ چاو به‌کارنایه‌ت و کاکی که‌ی ئێن ئێنیش ته‌نها بۆ خاتری دامرکاندنی عوقده‌ کۆنه‌که‌یان به‌رامبه‌ر یه‌کێتی به‌لێدانی وه‌زیره‌ که‌ ته‌ندروستی و خه‌ڵک چه‌واشه‌ ئه‌کات.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی بابه‌تی ئه‌ڤاستین ئه‌وروژێنن چەند پرسیارێکی گرنگ فه‌رامۆش ئه‌که‌ن ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌:
ئایا سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ وڵات دروسته‌؟
ئایا لیژنه‌یه‌ک هه‌یه‌ به‌دوای ده‌رمان دابچێ و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌م شێوه‌ که‌یسانه‌ بکات؟
ئایا لێژنه‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ ئامۆژگاری بدات به‌ دکتۆره‌کان ده‌رباره‌ی نوێکاری له‌ زانستی ده‌رمان و به‌رده‌وامی به‌کارهێنانی ده‌رمانه‌کان یان ڕاگرتنیان ئه‌ویش به‌ پشت به‌ستن به‌ لیکۆڵینه‌وه‌ی زانستی و نوێ؟
ئایا کاکی گۆڕانچی و حکومه‌تی پارتی هه‌وڵیان داوه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی بکرێت بۆ ده‌رمانی هاورده‌؟
ئایا لیژنه‌یه‌ی ته‌ندروستی په‌رله‌مان هیچ پێشنیاری کردوه‌ که‌ به‌دواداچوون بۆ ده‌رمان بکرێت پێش به‌کار هێنانیان؟ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌ڤاستین له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات وه‌ستانرابێت - که‌واش نیه‌ ئێستاش له‌نه‌خۆشخانه‌ جیهانیه‌کان بۆ چاو به‌کاردێت - ئه‌وا دیسان گه‌نده‌ڵیکی تری ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردمان پیشان ئه‌دات - کاتێ خۆیان ئاماده‌کردوه‌ ببین به‌ دوبه‌ی و که‌چی ‌ که‌ سه‌نته‌رێکی لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچونی ده‌رمانمان نیه‌. خۆ لێره‌ کاکی دکتۆره‌کانی چاویش هه‌موو ئه‌و ڕاستیانه‌ له‌ به‌نده‌ باشتر ئه‌زانن بۆ چێ ناچنه‌ سه‌ر ده‌زگاکانی میدیا و به‌ ڕاشکاوی بڵێن کاکه‌ ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌که‌یه‌ ئه‌ڤاستینه‌که‌ ئێکسپایه‌ره‌ و فڵانە ئەندامی سەرکرایەتیی حیزب (....) له‌مه‌کته‌بی سیاسیه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیاره‌ بۆیه‌ مه‌سه‌له‌که‌ به‌ئاقارێکی تردا براوه‌. به‌ڵام ئه‌م به‌ڕێزانه‌ش دیاره‌ هه‌ر خه‌ریکی گیرفانی خۆیانن و نایانه‌وێت پاره‌ی عه‌یاده‌ی ئێوارانیان له‌ده‌ست بچێ بۆیه‌ خۆیان بێ ده‌نگ کردووه‌.
ئەی دکتۆرەکانی چاو لە کوردستان ... فەرموو ڕاستیه‌کانمان پێ بڵێن هه‌موو میلله‌ت پشتگیرتانه‌. منێک که‌ پسپۆر نیم له‌ بواری پزیشکی و ئه‌توانم قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌ڤاستین بکه‌م خۆ ئێوه‌ له‌وانه‌یه‌ دنیایه‌ک ئارگیومه‌نتی زانستیتان لا هه‌بێ. بۆ ئه‌ترسن؟
لێره‌وه‌ کاکی دکتۆره‌کان هه‌ر غیره‌ت ناکه‌ن ئه‌م شته‌ بکه‌ن، من په‌یمان ئه‌ده‌م که‌ باسێکی تێرو ته‌سه‌ل پێشکه‌ش بکه‌م که چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ پسپۆڕانی چاو و ده‌رمان بکه‌م له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و به‌خه‌ڵکی ڕه‌ش و ڕوتی ڕابگه‌یه‌نم له‌هه‌ر که‌ناڵێکی ڕاگه‌یاندنیش ڕێم پێ بدات ئه‌نجامه‌کانی به‌ بۆی ده‌خه‌مه‌ڕوو جا باپارتی هه‌ر زوڕنا بژه‌نێ و با بیکات گه‌ر هاتمه‌وه‌ کوردستانیش با بمگرێ چۆن وه‌ک ک س ق ی گرت له‌ 2006 و لێکۆڵینه‌وه‌کانم به‌ درۆبخاته‌وه‌.

  ئه‌ی  که‌ پیرت کردم میلله‌ت که‌ی هوشیار ئه‌بیته‌وه‌؟ کاکی گۆڕان درۆت له‌گه‌ڵ ئه‌کات ته‌نها بۆ لێدانی یه‌کێتی. پارتی درۆت له‌گه‌ڵ ده‌کات له‌پێناو پاراستنی ئابڕوی ئه‌ندامی باڵای که‌ قاچاغچی ده‌رمانه (ئه‌و ئابڕوه‌ی که‌ له‌ئه‌زه‌لدا نه‌یانبوه‌)‌. دکتۆره‌کانمان که‌ بونه‌ته‌ تاجری مرۆڤ خۆیان بێده‌نگ کردوه‌ نه‌وه‌ک پارتی چاویان لێ سووربکاته‌وه‌... هیوادارم میلله‌ت  به‌هارێکی به‌تۆفان و بروسکه‌ به‌رپابکه‌ی کوردستان له‌م هه‌مو گه‌نده‌ڵیه‌ بشۆریته‌وه‌و بحه‌سێینه‌وه‌. 
هه‌تا خراپ نه‌بێ چاک نابێ.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە