کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئێمە..كاندیدەكانى مەرگ

Monday, 17/05/2010, 12:00


ئەوەى كەمێك ویژدانى هەبێت و هەست بە بەرپرسیارێتى مرۆڤایەتى بكات من بێگومانم لەوەى كە چاوى لە هیچ كورسیەكى ئەم هەرێمە نیە كە بە پۆستەوە لە سەرى دابنیشێت, ئەمەش لە خاترى ئەوەى چونە سەر ئەو كورسیانەى كە لێوەى فەرمان دەردەكرێت هەر واكاڵتەو ئاسان نیە لانى كەم دەبێت كۆمەڵێك شت هەیە لە ماناى مرۆڤایەتیدا دەرى بكەیت, وەك ویژدان و وەفا و راستگۆیى و چالأ هەڵكەندن و...هتد. ئەوەى كە بتوانێت ببێتە خاوەنى ئەو شتانە بێگومان ناتوانێ ببێتە خاوەنى كورسى و پایەو دەستەڵات, كەوایە منێك كە پیشەى رۆژنامەنوسیم كردبێتە پێناسەیەك هەرگیز لە بیرى ئەوەى دانیم لە پێناو كورسى و دەستەڵاتدا ئەو بەهایانە لەخۆم دابماڵم, ئیدى تێناگەم ئەو خاوەن كورسیانە لە چ شتێكى من دەترسن, منانى وەك سۆرانى مامە حەمە و سەردەشت عوسمان.. منانى وەك ئەو خاوەن قەڵەمانەى كە دەنك و دەزگیران و فێلامان قەڵەمەكەمانە..
ئاخر ئەو هەموو منەى كە نەوەى ئەم نیشتمانەین چى لەگەلأ دەستەڵاتدا كۆمان دەكاتەوە؟ بە چ خوێنێك لەگەلأ بەڕێوەبەرانى مەملەكەتدا تێكەڵین؟ ئایا كاتێك منداڵى بەرپرسێكى ئەم خاكە دەرفێنرێت دەستەڵات هەمان بێدەستەڵاتى خۆى دەنوێنێت؟ هەمان چاو نوقاندن و هەمان بێ هەڵوێستى دەنوێنێت؟ ئایا كە منداڵى بەرپرسێك دەرفێنرێت و دواتر تەرمەگەى بۆ خاوەنەكەى دەگەڕێنرێتەوە خێرا وەزیرى ناوخۆو بەرپرسانى دەزگاى ئاسایشى وڵات دەستلەكار كێشانەوەى خۆیان رادەگەیەنن؟ لەكاتێكدا لە ژێرسایەى دەستەڵاتى ئەوانەوە نەوەیەكى ئەم وڵاتە دەرفێنرێت؟یان زۆر لایان ئاساییەو كێشەى ئەوان تەنها كێشەى چۆن پاراستنى كورسى و دەستەڵاتەكەیانە؟ ئەزانن دنیایەك پرسیار بونى هەیە؟ ئەزانن كە نەوەیەویەك ئێستا بوونى هەیە و ترسى لە مەرگ و كوللە نیە لە پێناو ووتنى راستیەكدا؟ دەزانن ئەگەر مەملەكەت هەمان ئەم مەملەكەتەى ئێستا بێت و گیان و ژیانى رۆژنامەنوسان تێدا لەو پەڕى نائارامیدا بێت چ دەقەومێ؟ دەزانن بەدەست هێنانى سەربەستى و ووتن بە ئازادى چەندە قوربانى دەوێت و هیچ كاتیش دەستى رەشى تیرۆر نابێتەهۆى پاشەكشەو ترس و تۆقاندن بۆى؟پرسیار لەدواى پرسیار, قسەلەدواى قسەو نوسین لەدواى نوسین دەبنە هەوێنى وەرگرتنەوەى وەڵامێكى دروست؟ ئەو وەڵامەى كەپێمان دەڵێت ئەگەر ناتوانن ببنە پارێزەرى سەرو گیانى هاوڵاتیان لێگەڕێن با كەسانى بەتواناو خاوەن خەمى میللەت بێنە پێشێ و بەعەقڵیەتێكى دوور لە تاریكى و بێ بیركردنەوە لە تیرۆروتۆقاندن ببنە پارێزەرى وڵات, ئاخر ئەم وڵاتە بەتەنها موڵكى ئێوەنیە.. بەتەنها ئێوەنین كە قوربانیتان بۆ بەدەست هێنانى ئەم ئازادیەى ئێستا داوا كە لەسایەیدا مەرگى ئازادى دەبینین..
بەڕێزان.. سەرۆكەوكان, كاتێك سۆران و سەردەشت شەهید دەكەن بە سەدان سۆران و سەردەشتى دیكە لە دایك دەبن, ئەم رێگایە دوور و درێژە یەك لەدواى یەك كۆتایى رێگاى هاوڕێكەى دەكاتە سەرەتاى هەنگاوەكانى خۆى, ئیدى ئەمەیە ژیان چاو سوركردنەوەو دەمانچەى ژەنگاوى لاكەمەر كەس ناترسێنێ.. ئێمە هەمیشە لە پێناو ووتنى هەقیقەتدا دەبینە كاندیداى مەرگ و ئێوەش دەتوانن دەنگى خۆتانمان پێ بدەن, دەشتوانن دەنگمان پێ نەدەن و لە تەك ئێمەى خاوەن قەڵەم و بیرى گەنجدا ببنە كاندید و ئەو كات كەسێك هەڵمان نابژێرێ بۆ مەرگ..
هاوڕێكانم.. رۆژنامەنوسە ئازاكان ئیدى كاتى ئەوە هاتوە بەماناى وشە هەنگاو بۆ كەشفكردنى كەیسى شەهیدان سۆرانى مامەحەمە و سەردەشت عوسمان بنێین, چونكە بەراستى ئەمە خەتەرێكى گەورەیە لەسەر ژیان و ئازادى هەر یەكەمان, پێرێ سۆران و دوێنێ سەردەشت بێگومان دەبێت چاوەڕێ بین و بپرسین كە داخۆ سبەینێ سەرەى كاممانە؟ زمانى كێمان دەقرتێنن و سەرى كێمان لە لاشە دەكەنەوەو گیانى كێمان بە دیارى بۆ دایكانمان دەبەنەوە...؟
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە