کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ژن و پیاوێکی کورد له‌ کاری سه‌رشه‌قامه‌کانه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ کۆشکی مه‌لیکی سوید و خه‌ڵاتکران

Saturday, 31/10/2009, 12:00


"له‌لایه‌ن ده‌زگا کوردییه‌کانه‌وه‌ پیرۆزبایمان لێنه‌کرا سویدیه‌کان کردوینیان به‌ژێر گوڵی پیرۆزباییه‌وه‌ "

کارکردن له‌سه‌رشه‌قامه‌کان و بێ کاری و سه‌ختی ژیانی ئه‌وروپا ژن و مێردێکی هه‌ولێری هاندا بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌کاری گه‌وره‌تر بکه‌نه‌وه‌ بۆیه‌ش به‌تواناکانی خۆیان گه‌شتنه‌وه‌ ئه‌و ئاسته‌ی پاشای سوید خه‌ڵاتی باشترین کاریان پێ ببه‌خشێت یوسف سابیر و له‌یلا ناسیح دوو هاوسه‌ری گه‌نج خه‌ڵکی شاری هه‌ولێری باشوری کوردستانن و ساڵانێکه‌ وه‌ک هه‌موو په‌ناهه‌نده‌کانی تری کورد له‌سوید ده‌ژین ئێستا خاوه‌نی کۆمپانیایه‌کی خزمه‌تگوزارین له‌شاری ئۆریبرۆی وڵاتی سوید که‌ تایبه‌ته‌ به‌خاوێنکردنه‌وه‌ و بۆیاخی ماڵه‌کان و ڕیخستنی باخچه‌کان کۆمپانیاکه‌ی ئه‌م دوو هاوسه‌ره‌گه‌نجه‌ هه‌ولێرییه‌ له‌کێبه‌رکێی ساڵانه‌ که‌بۆ ئه‌و که‌سانه‌‌ ده‌کرێت ده‌توانن له‌ماوه‌یه‌کی که‌می مانه‌وه‌یان له‌سوید کاری گه‌وره‌بکه‌ن ئه‌م ساڵ له‌به‌رانبه‌ر زیاتر له‌ 40 کۆمپانیا پله‌ی یه‌که‌می به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی مه‌لیکی سوید یوسف که‌له‌ساڵی 2000 ه‌وه‌ له‌سوید ده‌ژی و له‌م وڵاته‌ش ژیانی هاوسه‌ری پێکهێناوه‌ له‌گه‌ڵ کچێکی هاووڵاتی خۆی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه‌ له‌دروستکردنی ئه‌م کۆمپانیاو سه‌ره‌تای کاره‌کانی خۆی و هاوسه‌ری ئاماژه‌ی کرد که‌ سه‌ختی ژیان خۆی و هاوسه‌ری توشی زۆر کارێکی سه‌ختکردوه‌ وه‌ک خاوێنکردنه‌وه‌ی سه‌رشه‌قام و ماڵه‌کان و به‌فرماڵین و وتی " دوای چه‌ند مانگێک که‌له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌م پێکه‌وه‌بوین بێ ئیشی روی تێکردین وه‌زعمان زۆر خراپ بوو بیرمان کرده‌وه‌ ده‌بێت شتێک بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بژین زۆر هه‌وڵی کارمان ده‌دا بۆ دۆزینه‌وه‌ی کار له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌یه‌کی بچوک ناو ژماره‌ ته‌له‌فۆنی خۆمان ده‌نوسی له‌دیوار و ده‌رگه‌ی دوکان و مارکێته‌کانمان ده‌دا که‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت کاربکه‌ین وه‌ک حه‌دیقه‌ بڕین و داربڕین و خاوێن کردنه‌وه‌ بۆیاخکردنی دیوارو به‌فر فڕێدان و ئه‌و کارانه‌ کێ کارێکی هه‌یه‌ ده‌توانێت په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بکات دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند مانگێک له‌م ڕێیه‌وه‌ ئیشمانکرد توانیمان سه‌یاره‌یه‌کی بچوک بکڕین ئیدی هه‌ندێک ئه‌شیای کارکردنیشمان وه‌ک مه‌کینه‌و خاکه‌نازو ئه‌و پێویستییه‌مان کڕی بۆ ئه‌وه‌ش‌ پاره‌مان قه‌رزکردبوو چونکه‌ پاره‌مان نه‌بوو به‌ڵام سه‌یاره‌که‌مان بچوک بوو موادی کارکردنیشمان که‌م بوو بۆیه‌ زۆرکات کاره‌کانیشمان زه‌حمه‌ت بوو دواتر هه‌رچۆن بوو توانیمان سه‌یاره‌یه‌کی گه‌وره‌تر بکڕین بیرمان له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ به‌ره‌سمی کاربکه‌ین و شه‌ریکه‌یه‌کی بچوک دابنێین چونکه‌ هه‌ستمان ده‌کرد خه‌ڵک په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ ده‌که‌ن و ده‌توانین کاریش بکه‌ین بۆیه‌ شه‌ریکه‌یه‌کمان راگه‌یاند که‌له‌گه‌ڵ بڵاوکردنه‌وه‌ی ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌کانمان ناوی ئه‌ویشمان بڵاو ده‌کرده‌وه‌ واته‌ کۆمپانیایه‌ک که‌ ئاماده‌یه‌ بۆ خاوێن کردنه‌وه‌ دارو حه‌دیقه‌ بڕین و بۆیاخکردنی دیوارو ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌ڵام بێ ۆفیس بوین وه‌ک گه‌رۆک کارمان ده‌کرد تاساڵێک ئاوا به‌رده‌وام بوین به‌واسته‌ی خه‌ڵک ناسین و مه‌کته‌ب و ئه‌و که‌سانه‌ی کارمان بۆکردوون وای لێهات خه‌ڵکی تریش لای ئێمه‌ کاربکات دواتر ناوی کۆمپانیاو شێوه‌ی کاره‌کانمان گۆڕی بۆ شێوه‌یه‌ک که‌ لای حکومه‌ت ره‌سیدی زیاتره‌و گه‌وره‌تریشه‌ ئێستا ئه‌و کۆمپانیامان هه‌یه‌ که‌ به‌ناوی گروپی پاک کارده‌که‌ین خاوه‌نی کرێکارو ئۆفیسی خۆمانین چه‌ندین که‌س لای ئێمه‌کارده‌که‌ن".
له‌یلا ناسیح هاوسه‌ری یوسف ده‌ڵێت من له‌ته‌مه‌نێکی زۆر مناڵه‌وه‌ کار ده‌که‌م چه‌ند نه‌وعه‌ ئیشێکم کردووه‌ به‌ر له‌ژیانی هاوسه‌ری له‌ نه‌رویج وه‌ک سسته‌ر ئیشم ده‌کرد و ده‌مویست بۆ دکتۆری بخوێنم به‌ڵام ئیدی ژیانی هاوسه‌ریم پێکهێناو هاتمه‌ سوید دوو سێ مانگیش لێره‌ وه‌ک سسته‌ر ئیشم ده‌کرد به‌ڵام سه‌ره‌تا ئێمه‌ پێکه‌وه‌ دوو به‌دوو هه‌موو کارێکمان ده‌کرد به‌راستی دۆخی ژیانمان خراپ بووزۆرکات بێ ئیشی خه‌ریک بووه‌ توشی ره‌شبینیمان بکات له‌ هه‌ندێککاتدا بێ ئیشی وایکردووه‌ که‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌م نه‌بێت ژیانمان بگاته‌‌ ئاستێک جێی ره‌زامه‌ندیمان بێت به‌ڵام بڕوابونمان به‌یه‌کترو به‌تواناو ئیراده‌ی یه‌ک وای کردووه‌ ره‌ش بین نه‌بین، له‌یلا له‌گه‌ڵ سه‌ختیه‌کانی ژیان و کاته‌ زۆره‌کانی کارکردن له‌ مه‌ڕ چۆنیه‌تی موراعاتی هاوسه‌رییان وتی"کارکردن زه‌حمه‌ته‌ زۆر کاته‌کانی بردوین چونکه‌ ژیانی ئێره‌ واده‌خوازێت که‌ زیاتر کار بکه‌یت ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش وایکردبێت وه‌کو دوو هاوسه‌ر له‌موراعاتی یه‌ک که‌مته‌رخه‌مبین وه‌ک لایه‌نی هاوسه‌ری ئه‌گه‌رنا هه‌ردوکمان بۆکارکردن و ماڵ به‌ڕێوه‌بردن هاوکارو هه‌ماهه‌نگی یه‌کین پێکه‌وه‌کاره‌کانمان راده‌په‌ڕێنین"
له‌وڵاتی سوید بێ کاری به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر به‌دی ده‌کرێت به‌ڵام کۆمپانیاکه‌ی ئه‌م ژن و پیاوه‌ و ئه‌و که‌سانه‌ی لای ئه‌مان کار ده‌که‌ن به‌رده‌وام کاریان هه‌یه‌ یوسف هۆکاری هه‌بونی کاری کۆمپاناکه‌یانی بۆ ئه‌وه‌ گێڕایه‌وه‌ که‌ به‌کاره‌کانیان توانیویانه‌ متمانه‌یه‌ک بۆخۆیان دروست بکه‌ن و به‌به‌رده‌وامی ئیشمان هه‌بێت‌ وتیشی" به‌نیازین روبه‌ری کاره‌کانمان فره‌وانتر بکه‌ین و عه‌قدی گه‌وره‌تر وه‌ربگرین که‌وایه‌ ئێمه‌ بێ کار نه‌بوین چونکه‌ توانیومانه‌ متمانه‌ی خۆمان له‌لای خه‌ڵک و لای دائیره‌ی کارو له‌لای کۆمۆنی شاره‌که‌و هه‌موو لایه‌ک بپارێزین".
ساڵانه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو کۆمونه‌کان بۆ باش به‌ڕێوه‌چونی کاری کۆمپانیاکان له‌وبواره‌ی کاری تێا ده‌که‌ن کۆمپانیایه‌ک له‌سه‌ر ئاستی سوید هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی رێزگرتنی مه‌لیکی سوید و سه‌ره‌تا کێ به‌رکێکه‌ له‌سه‌رئاستی ناوخۆی کۆمۆنه‌کان ده‌کرێت و دوای یه‌ک لابونه‌وه‌ی کێ به‌رکێی ناوخۆی کۆمۆنه‌کان کێ ىیڕكێکه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ ئاستی گشتی وڵاتی سوید ئه‌م ژن پیاوه‌ کورده‌ که‌ که‌ وه‌ک خۆیان وتیان سه‌ره‌تا به‌هۆی بێکارییه‌وه‌ هه‌موو کارێکیان کردووه‌ و دواتر به‌هه‌وڵی خۆیان کۆمپانیایه‌کیان راگه‌یاندووه‌ له‌م کێ به‌رکێیه‌ به‌شداریان ‌کر‌د و دواتریش کۆمپانیاکه‌یان له‌سه‌ر ئاستی گشتی سوید ‌گه‌شته‌ لوتکه‌ یوسف وتی"له‌ شاری ئۆریبرۆ ئێمه‌ به‌شداری کێبه‌رکێیه‌که‌مان کرد که‌ 20 کۆمپانیا به‌شداریان تیاکردبوو له‌ دیاریکردنی یه‌که‌می ئه‌و کۆمپانیانه‌ که‌به‌شدارن کۆمۆنی شارو شه‌ریکات و داموده‌زگاکانی شاره‌که‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن و ده‌نگی زۆرینه‌ بۆکێ بوو ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڵبژێردراوی ئه‌و شاره‌ ئێمه‌ له‌وه‌دا توانیمان ده‌نگی یه‌که‌م به‌ده‌ست بهێنین دواتریش یه‌که‌می هه‌موو شاره‌کان ده‌که‌ونه‌وه‌ پێشبڕکێیه‌کی تر که‌ ئه‌م ساڵ 24 شه‌ریکه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو سوید که‌وتنه‌ منافه‌سه‌ به‌ڵام ‌ ئه‌م جاره‌یان لێژنه‌یه‌کی موخته‌س و خه‌بیر بڕیار ده‌دات کام شه‌ریکه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت له‌م پێبڕکێیه‌دا سێ شه‌ریکه‌ له‌ناو هه‌موویان هه‌ڵده‌بژێرێت دوای ئه‌وه‌ی که‌ منافه‌سه‌که‌ گه‌شته‌ ئه‌و سێ شه‌ریکه‌یه‌ سیڤی کاری ئه‌و سێ یه‌‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌ستی مه‌لیکی سوید و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و تایبه‌ت به‌وکاره‌ن له‌ڕۆژی کۆتایی هه‌رسێ شه‌ریکه‌که‌ بانگ ده‌کرێن و له‌مه‌راسیمێکدا یه‌که‌مه‌که‌یان دیاری ده‌کرێت واته‌ دیاری ده‌که‌ن کێ ده‌بێته‌ یه‌که‌می کێبه‌رکێی باشترین شه‌ریکه‌ تا ببێته‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی مه‌لیکی سوید، له‌مه‌راسیمێکدا له‌کۆشی مه‌لیکی سوید مه‌لیک به‌ده‌ستی خۆی بڕوانامه‌ی پێده‌به‌خشێت و ڕێزی لێده‌گرێت ئێمه‌ توانیمان ئه‌م ساڵ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو سوید به‌کۆمۆنی خۆمانه‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر زیاتر له‌ 40 شه‌ریکه‌ یه‌که‌می کێ به‌رکێ که‌بین بینه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی شاو به‌ده‌ستی مه‌لیک بڕوانامه‌ی کارو ڕێزگرتن به‌ده‌ست بهێنین".
له‌یلا ناسیح وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که‌ی به‌خۆشحاڵییه‌کی زۆره‌وه‌ باس ده‌کرد ئاماژه‌ی کرد که‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ جێی خۆشحاڵی ئه‌وان بووه‌ و ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر به‌رده‌وام بن له‌کاره‌کانیان وتی"له‌کاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که‌ هه‌موو راگه‌یاندنه‌کانی سوید گرنگیان پێداین و ده‌ستخۆشی هه‌بوو رادێۆکان هه‌ر له‌وکاته‌دا په‌یوه‌ندی راسته‌و خۆیان هه‌بوو له‌گه‌ڵمان ته‌له‌فزیۆنه‌کانی سوید به‌هه‌مان شێوه‌ به‌سه‌ریانکردینه‌وه‌ هه‌موو ده‌زگا سویدیه‌کان پیرۆزبا یمان ده‌که‌ن گوڵی پیرۆزبایمان بۆده‌هێنن ئه‌وه‌ش مایه‌ی خۆشحاڵیه‌ که‌ ئێمه‌ وه‌ک ژن و پیاوێکی کورد وێڕای ئه‌و هه‌موو سه‌ختیه‌ی له‌ژیانمان هه‌بوو ره‌شبین نه‌بوین گه‌شتینه‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ ئێستا من بانگێشت ده‌کرێم بۆ ئه‌و مه‌کته‌بانه‌ی کار ده‌که‌ن له‌ په‌روه‌رده‌کردنی خه‌ڵک بۆ ‌دروستی کردنی شه‌ریکات له‌ دوارۆژ تا وه‌ک محازه‌ره‌ چۆنیه‌تی ژیانی خۆمان و چیرۆکی دروستکردنی شه‌ریکه‌که‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا ئه‌وکاتی بۆته‌ خاوه‌نی متانه‌ بۆ قوتابیه‌کان باس بکه‌م".
به‌ڵام هاوسه‌ره‌که‌ی له‌یلا نیگه‌ران بوو له‌ راگه‌یاندن و کۆمه‌ڵه‌وڕێکخراوه‌ کوردیه‌کان و وتی"له‌ناو ئه‌و هه‌موو شه‌ریکات و له‌ناو ئه‌و هه‌موو قه‌ومیه‌ته‌ی سویدا ژن و پیاوێکی کورد بتوانن ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌ده‌ست بهێنن ده‌بوو جێی بایه‌خ و گرنگی پێدانی راگه‌یاندن و داموده‌زگا کوردیه‌کان بوایه‌ چونکه‌ هه‌موو راگه‌یاندنه‌کان لێره‌ نوێنه‌ریان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ ده‌زگایه‌ک گرنگی به‌م باسه‌ نه‌دا چ نه‌بێت بۆ بڕوا دروستکردن لای ئه‌و کوردانه‌ی که‌ له‌م وڵاتانه‌ توش به‌دنیایه‌ک ره‌شبینی بوون هه‌روه‌ها له‌و هه‌موو ڕێکخراوو کۆمه‌ڵه‌کوردیانه‌ که‌ له‌سویدن به‌ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌ت و حزبه‌کانیشه‌وه‌ هیچ کامیان نه‌یانتوانی پیرۆزباییه‌ک بۆ ئێمه‌ بنێرن ته‌نها پیرۆزباییه‌کیان نه‌کرد به‌ته‌له‌فۆنێکیش ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدا که‌ داموده‌زگا سویدیه‌کان کردوینیان به‌ژێر گوڵی پیرۆزباییه‌وه‌ به‌ڵام ده‌زگا کوردیه‌کان نه‌ک گوڵ پیرۆزباییه‌کیشیان به‌دوو گه‌نجی کورد ره‌وا نه‌بینی به‌ڕاستی ئه‌وه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی و ره‌خنه‌ی ئێمه‌یه‌ چونکه‌ جگه‌ له‌سه‌فیری عێراق که‌له‌مه‌راسیمه‌که‌دا ئاماده‌بوو جگه‌ هاوڕێ نزیکه‌کانی خۆمان و جگه‌ له‌م گۆڤاره‌ی ئێوه‌ هیچ ده‌زگایه‌کی کوردی ئێمه‌ی به‌سه‌ر نه‌کردۆته‌وه‌".
جێی باسه‌ خه‌ڵاتی مه‌لیکی سوید جگه‌ له‌ بڕوانامه‌ی ڕێزگرتن له‌و دووهاوسه‌ره‌ کورده‌و کۆمپانیاکه‌یان بڕی 100000 سه‌د هه‌زار کرۆنی سویدیشی پێبه‌خشین و له‌هه‌مان کات کۆمۆنی شاری ئۆریبرۆ "ئه‌نجومه‌نی پارێزگا" به‌هه‌مان شێوه‌ بڕوانامه‌یه‌کی ڕێزلێنان و بڕی 10000 ده‌ هه‌زار کرۆنی پێ به‌خشین و له‌لایه‌ن کۆمپانیای ڤیسما داتا که‌ کۆمپانیایه‌که‌ تایبه‌ت به‌ کۆمپیوته‌رو ته‌کنیک بروانامه‌یه‌کی ڕێزلێنان و بڕی 15000 پازده‌ هه‌زار کرۆن به‌خشرا به‌م دوو هاوسه‌ره‌ هه‌ولێرییه‌ له‌سوید ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رجه‌م داموده‌زگاکان گوڵی پیرۆزباییان بۆ ناردوون به‌ڵام هیچ کام له‌ گروپ و کۆمه‌ڵه‌و ڕێکخراوو حزب و راگه‌یاندنه‌کوردیه‌کان وه‌ک خۆیان وتیان ته‌له‌فۆنێکی پیرۆزبایشیان بۆ نه‌کردوون‌.

تێبینی:
ناوی ماڵپه‌ڕی نوچه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ مانای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت که‌ له‌ ماڵپه‌ڕی نوچه‌.نێت وه‌رگیرابێت به‌ڵکو هاوکاریه‌ بۆ ناساندنی ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە