تكایە جاریكی تریش مەمان فرۆشنەوە
Thursday, 08/08/2013, 12:00
هەرچی ئەكەم باوەر بەخوم بهێنم ئەگەرچی بەدرۆشەوە بێت، ئەم دەسەڵاتە كوردییە لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیدا شەر بۆ ئێمەی داماوو رەش و رووتو بەشمەینەت ئەكاو ئەیەوێ كەركوك كەركوكی كوردو نەوت، نەوتی كورد بێت، بەڵام چی بكەم هەر خۆیان زور زوو نەك درەنگ لەو خەوم ئەكەن، ئەگەرچی هەقیانەو جێگەی دەستخۆشیشە چونكە لەراستیدا خەون بینێكی لەو چەشنە بەم دەسەڵاتەوە جگە لە خۆ فریودان هیچی تر نییە.
ئەگەر ئاورێكی خێرا بە چەند ساڵی دوای پرۆسەی ئازادی عیراقدا بدەینەوە شایەتی لەدەستدانی چەندین هەلو هەڵكەوتەی گرنگو چارەنووسسازین كە بەدەست ئەم دەسەڵاتە بەرژەوەندخواه حزبیەوە ئەنفالكراوەو خەونەكانی ئێمەیان لەچاڵ ناوەتەوە، ئیدی نازانم ئەمانە بە چ رووێكو بەچ مافێك نوێنەرایەتیمان ئەكەن.
كورتەی مەسەلەو بەڵگەی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە لەو ئەوپەری تاریكیو نهێنیدا وەك چۆن پاساو شەرعیەت بۆ خۆكاندیدكردنەوەی خۆیان تەنانەت ئامادەن پەنا بو گۆرینی سەرلەبەری دەستورو هەموو یاساو رێسا ئەخلاقیەكان بەرنو وەك بردووشیانە، ئەوەتا ئێستاش جاری رەوایی خۆكاندیدكردنەوەی جەنابی سەرۆك وەزیرانی عیراقی دوو خول هەڵبژێراومان بو ئەدەن و سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستانی دلێرانە دەڵێت ئەگەر مالكی خۆی كاندیدبكاتەوە بۆ گەڕی سێیەم ئاوا ئامادەین دەنگی بۆ بدەین.
ماوەی دوو خولی سەرۆكوزەیرانی مالیكی بە هۆی هەڵەی دەسەڵاتی كوردەوە بێت یان سیاسەتە شۆفینیەكەی عەرەبچیەتی مالكییەوە بێت، كورد قوربانی زۆری داوەو ماوەیەك قەیرانی قوڵی لە نێوان هەرێمو ناوەندا خولقاند ئەگەرچی ئەو قەیرانە بە كاریگەریو ئاسەواری جیاوازەوە هەرماوە، بەڵام سەیر لەوەدایە ئەم دەسەڵاتە كوردییە سیاسەتی نەبای دیووەو نەبۆران پیادە ئەكات وەك جاری جاران سەرۆكی هەرێمو مالكی ئاوێزانی باوەشی یەكدی بوونەوە بە بێ ئەوەی بو شەقامی كوردی روونكرێتەوە كە هێشتا قەیرانەكان وەك خۆیەتی ئەم هەموو سۆزو هەستە بەتینە لە كوێوە سەرچاوەی گرت.
من دڵنیام ئەگەر ئەم وڵاتەی ئێمە وڵاتێكی دیموكراسی بووایە هەر زوو ئەم سیاسیانەی ئێمە دەسبەسەر دەكرانو لە قەفەزی تۆمەتباریدا تووند ئەكرانو بە تۆمەتی گەمەو گاڵتە بە چارەنووس و بەرژەوندی میللەتەكەیان سزا ئەدران، چونكە ئەمانە بە پێی هەموو بەڵگەو دیكۆمێنتەكان شەری بەرژەوندی حزبایەتی خۆیان ئەكەن، سەرچاوەكان ئاماژە بەوەدەكەن ئەم پەیوەست بوونەوەی مالكیو بارزانی پەیوەندی بە گلوپی سەوزی ئێرانەوە هەیەو مالكی ئامادەیە پشتگیریو رەزامەندی بۆ كاندیدكرنەوەی بارزانی بخاتەروو، سەرۆكی هەرێمیش هەمان سیاسەت پیادبكاتەوە بەرامبەری، ئیتر نازانم ئەمە لە كوێی بەرژەوەندی میللەتی كوردایەو بە كوردایەتی پێمانی ئەفرۆشنەوە.
هەركاتێك مادەی 140 و ناوچە جێناكۆكەكانو یاسای نەوتو غازو كێشەی نەوتی نێوان هەرێم و ناوەندو بوجەو پێشمەرگەو چەندەهاو چەندەهای ترتان چارەسەركرد دوور لە بەرژەوندیەكانی خۆتانو تەنها بنەرەت بۆ ئەو رێككەوتنانە بەرژەوندی هەمەلایەنەی سەرجەم هاوڵاتیانی كوردستان بێت ئەوە ئیتر ئێوە لە باتی ئێمەش بیربكەنەوە وەگەرنا تكایە جارێكی تریش مەمانفرۆشنەوە.
تكام وایە لە هاوڵاتیانی كوردپەروەر تكایە لەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، پەرلەمانو حكوومەتێكی كاراو ئەكتیڤ هەڵبژێرن، ئیتر با هەموو خەتاكەش بەسەر دەسەڵاتیشدا نەدەینەوە، كورد واتەنی ئەگەر جاری خەڵەتاندمت خا بتگرێ ئەگەر دووجار خەڵەتاندمت خوا خۆم بگرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست