بە بەڵگەوە: نەبەز گۆران بە بگوژی سۆران و سەردەشت سەرسامە..!
Saturday, 05/05/2012, 12:00
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کوردستانپۆست، ئەوەیە، کە دەرگای خۆی بۆ هەموو نووسەر و رۆژنامەنووسێک واڵا دەکات، کاتێک دەزانێت میدیاکانی دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن، ئەهلی بایکۆتیان دەکەن، لە نمونەی وەک شوان ئەحمەد و خزمەکەی قاسم ئاغا و سەدانی وەک ئێمە، تەنانەت نەبەز گۆرانیش لە رابردوودا تەنها کوردستانپۆست نووسینی بۆ بڵاودەکردەوە، کاتێک شەڕی دژی سەرۆ قادر دەست پێکرد.
ماوەیەکە کوردستانپۆست دەرگای رەخنەی لە سەر کەم و کورتی و هەڵەکانی میدیاکانی وەک ئاوێنە، لڤین و هاوڵاتی کردۆتەوە، چونکە هەندێ بەرپرسی ئەو میدیایانە، هەروەها نووسەرە ئەهلییەکانی وەک نەبەز گۆرانیش، تووشی هەمان دەرد و ڤایرۆسی بێموراڵیی پارتی و یەکێتی بوون، دەردی ئەمان زۆر بە ترسناکتر دەزانم وەک لە دەرد و پەتای نووسەر و رۆژنامەنووسە حیزبییەکانی دەسەڵات، بۆیە کارێکی باشە چاودێری بکرێن و بە ئەرکی هەنووکەیی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەزانم. هاوکات با خەڵکیش لەوە ئاگاداربن و هوشیار بکرێتەوە، کە ئەمانیش مرۆڤن، ناکرێت بە چاوی پیرۆزیی و دوور لە رەخنە تێیان بڕوانرێت، چاوپۆشی لە هەڵە و لە خیانەت بکرێت. ئەوانەی پێیان وایە ئەم رەخنانە دەچێتە گیرفانی دەسەڵاتەوە، بە هەڵەدا چوون، ئەم رەخنانە تەنها بۆ راستکردنەوە و بەخۆداچوونەوەیە، بۆ خۆناسین و لەیەکتر گەیشتنە. گەندەڵیی و خیانەت، ناپاکیی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە دەرەوەی دەسەڵاتیش بوونیان هەیە، بێدەنگیی و چاوپۆشی شەرعیەتدانە بەو مێژووە ناشرین و قیزەوەندەی دەسەڵات، تا بەردەوام بێت و بە جوانی خۆی نمایش بکات، کاتێک دەگوترێت کۆمەڵگا گەندەڵ بووە، یان گەندەڵیی بۆتە کەلتور، ئەمانە دەبنە پاساو، تا زیاتر دەستی پیسی پارتی و یەکیتیی و بنەماڵەکانیان درێژتر بێت، بۆ بەڵگەی ئەم قسەیەم دەتوانم دەیان نمونە لەسەر گەندەڵیی و ناپاکی مێدیا و نووسەرە ئەهلیەکان بهێنمەوە، کە بێ ترس و خەم ئەم کارانەیان ئەنجامداوە، وەکو دەنگدان و شانازیکردن بە عێراقییبوون، پشتگیری بەرپرسە خۆفرۆش و خیانەتکارەکان، بە شان و باڵا هەڵدانی سەرکردە و بەرپرسە پیس و پۆخلەکانی پارتی و یەکێتیی، رەوادان و پینەوپەڕۆکردنی گەندەڵیی و دزیی، کە لەناو میدیای ئەهلییدا لە مێژە سەری هەڵداوە و ئێقی کردۆتەوە. نەبەز گۆرانی نووسەری ئەهلیی، کە لەم دواییەدا کەوتۆتە پینە و پەڕۆکردنی گەندەڵییەکانی کەمال رەئوفی سەرنووسەری هاوڵاتی، نمونەیەکی بچوک و پاساوە بۆ دزیی و گەندەڵیی، بەتایبەتیی کاتێک داوای بەشی خۆی لەو زەوییە دەکات، کەمال رەئوف برادەرێتیی و بە ئەرکی خۆی دەزانێت لە تاڵیی و شیریینیدا، لە تاریکیی و رووناکییدا پشتی بگرێت و بەری نەدا، پەلاماری کوردستانپۆستی بۆ بدات، گاڵتە و نوکتە دروست بکات!
لەم ماوەیەدا چەند برادەر و خوێنەرێکی کوردستانپۆست پەیوەندییان پێوە کردم، داوایان کرد، تا هەوڵ بدەم کلومی ئەو نووسین و رەخنانە بکەن، کە لە سەر نەبەز گۆران بڵاودەکرێنەوە، لە وەڵامدا پێم وتن: نەخێر من لەگەڵ ئەوەدا نییم، پێویستە دەرگای رەخنە لەسەر هەموو کەسێک، لەسەر هەموو بابەتێک والابێت، راگەیاندنی ئێمە پێویستیی بە نووسەری خاوەن ویژدان و بە موراڵە، لەو نمونانەمان کەمە، با هەوڵی زیادکردنی بدەین، نابێت کەسەکان پیرۆز بکرێن، میدیای ئازاد دەبێت نووسەر و رۆژنامەنووسەکانی خۆی بەرەو ئەو ئاراستەیە بەرێت، لێرەدا هێڵی گەیشتنی نووسەر و روناکبیرەکان بە خەڵکیی لێرەوە دەست پیدەکات، مێدیا ئەهلییەکانی کورد، بە پێچەوانەوە، تا بێن لە دەسەڵات نزیک و لە میللەت دوور دەکەونەوە، بەشێک لەو کارەساتانەی ئەمڕۆ بەسەر کورددا دێت، تاوانی دەکەویتە تەوێڵی میدیای ئەهلیی و نووسەر و رۆژنامەنووسەکان، خۆشبەختانە تا ئیستا کوردستانپۆست لە سەر ئەو هێڵە ناڕوات، تا بۆ لای دەسەڵات بڕوات و دەستی پۆخڵیی راموسێ.
نووسەری زۆڵ و بێژیی
لە دوایین نووسینیی نەبەز گۆراندا بە ناونیشانی (
نوسینی بێ دایك و باوك)، هەرچی نووسەری نەناسراو و ناوخوازراوە بە زۆڵیان دەچوێنێت، سەرەتا پێناسەی زۆڵ بەوە دەکات، کە ئەمە دەستەواژەیەکی کلاسیکییە، وەک بەناونیشانی نووسینەکەدا تێماندەگەیەنێت، زۆل واتە کەسێکی بێ دایک و بێ باوک، گوایە لەمەشەوە هەر نووسەرێک بەناوێکی خوازراوەوە بنووسێت، ئەوە زۆڵەنووسەرە، ئەم پێناسە و بیرکردنەوەیە، تێگەیشتنمان لەسەر ئەم نووسەرە هەرزەکارە دەخاتە کەناری گومانەوە، لەویدا راگیرمان دەکات، کە نەبەز گۆران لە مێژوو، لە ئاین، لە ئەدەب و هونەر، شارەزا نییە، بۆیە دەستەواژەکان تێکەڵ بە یەکتر دەکات، بەو شێوەیە لێکیان دەداتەوە و هەڵیاندەگێڕێتەوە، تەنانەت ئەوەشمان پێدەڵێت، کە لە مانای کلاسیکیش نەگەیشتووە، نازانێت زۆڵ دەستەواژەیەکی کلاسیکیی نییە، بەڵکو ئاینییە، لە ئاین و شەریعەتی ئیسلامدا (زۆڵ) ئەو مانایە دەگەیەنێت، کە هەر ژن و پیاوێک لەلای قازی، یان مەلا، ئەگەر لە یەکتر مارەنەبڕان، منداڵەکانیان زۆڵ دەردەچن، نەبەز گۆران خراپتر لە کەسایەتیی زۆڵ دەروانێت، پێی وایە زۆڵ یانی بێ دایک و بێ باوک، بەڵام زانستی ئەمڕۆ ئەوە رەت دەکاتەوە، کە دەتوانرێت زۆڵیش بە (DNA) دایک و باوکی بناسرێتەوە. ئەم کورتە قسەیەم، تەنها بۆ باسکردن و روونکردنەوە بوو لە سەر چەمکی زۆڵەکەی نەبەز گۆران.
ئەوەی نەبەز گۆران لەو نووسینەدا مەبەستێتی ئەوەیە بڵێت ئەو دوو نووسینەی، لە کوردستانپۆستدا لەسەرم نووسراون خاوەنەکانیان زۆڵ و نووسینەکانیش زۆڵەکن، ئەم نەهاتووە وەڵام بە ناوەرۆکی قسەکان بداتەوە، ئایا ئەوانەی لەسەری نووسراوە تۆمەت و بوختانە، یان راستییە، بەڵکو خۆی لێیان دزیوەتەوە، گریمان ئەم بۆچوونەی نەبەز راستە و زۆڵ لە شوێنی خۆیدا بەکاری هێناوە، کەوابوو دەبێت ئێمە زۆر کەسی دیکەش بەو شێوەیە پێناسە بکەین، بۆ نمونە سەردەشت عوسمان، تا ئەو رۆژەی خۆی ئاشکرا نەکرد و نەیگوت من خاوەنی (
من عاشقی کچەکەی بارزانیم) ئەوە بە پێی تیوریەکەی نەبەز گۆران، زۆڵ و بێژیی بووە، سەردەشت و سۆرانی مامە حەمە، کە بەدەیان هەواڵ و راپۆرتی نهێنییان، وەک پەیامنێری کوردستانپۆست بڵاوکردۆتەوە، دیسان زۆڵ بوون، چونکە ناوی راستەقینەی خۆیان لە سەر نەنووسیوە، کەمال رەئوف تا لە کەنەدا بوو، بە قسەی خۆی دەیان نووسینی بە ناوی خوازراوەوە نووسیوە، کارزان کەریم کە بە ناوی خوازراوەوە چەندین هەواڵی لە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر نووسیوە، تا ئەو رۆژەی پاراستن گرتی، ئەویش هەر زۆڵ و بێژیی بووە! گومانم نییە نەبەز گۆرانیش بە دەیان جار بە ناوی خوازراوەوە هەواڵ و نووسینی بڵاوکردۆتەوە. نەوشیروان مستەفا، جەلال تالەبانی، دەیان کەس لە شار و لە شاخ بە ناوی خوازراوەوە کاتی خۆی دەیاننووسی، دیسان بە پێی تیورییەکەی کاکە نەبەز، هەموو ئەمانە زۆڵ و بێژیی بوون! ئەگەر لە نووسینەکەی نەبەز هەڵە تێگەیشتبم و مەبەستەکەییم خراپ لێکدابێتەوە، بەوەی مەبەستی لەو کەسانەیە، کە لە سەر خۆی نووسیویانە، تەنها ئەوانی پێ زۆڵ و بێ دایک و باوکە، ئەوا من خوێنەر دەکەمە حەکەم و لەگەڵ کاک نەبەزدا بەیەکیاندا دەدەم.
ئینجا دێمەوە سەر باسەکەم و دەڵێم، ئەوە بێدەنگی و قسەنەکردن و رەخنەگرتنی رابردوومان بووە، کە ئەم سەرەنجامەی لێکەوتەوە، چ لە شاخ و لە شار بەرامبەر بە بنەماڵە و حیزبەکان، ئەم رۆژەیان بۆ دروستکردین، ئەوە چاوپۆشی لە هەڵە و ناتەواوییەکان بوو، برەویان بە خیانەت و گەندەڵیی و هەڵەی گەورەتردا. با بەتورەبوونەوە بڵێین ئەگەر گۆڤاری بەڵگە کار بۆ ناشیرینکردنی نەیارانی پارتی و یەکێتی دەدات. وەلێ ئێوە لە یادتان چووە، کە رەخنەی کوردستانپۆست لەسەنگەرێکەوەیە نووسەرەکانی سەر بە دەسەڵات نین، تا وەک گۆڤاری بەڵگە پشتی تێبکەن، وەک نەعامە سەرتان لە زەوییدا بچەقێنن و سەرتان بشارنەوە، راستیەکانیش لە سەرتان باس بکرێت کەستان سەنگی بۆ دانەنێن، من ئاگادارم زۆر لەوانەی وەک ئێوەیە رەخنەیان لێگیراوە ئەو قسەیە دەڵێنەوە، گوایە گرنگ نییە کوردستانپۆست چیمان لەسەر دەنووسێت، بەڵام لە سەر هەر یەکێکتان نووسرابێت، یەکجار پێی تێک چوون و کەوتوونەتە جنێودانی بازاڕییش.
لە ماوەی رابردوودا هەواڵیکی کوردستانپۆست ئاماژەی بەوە دابوو، کە لە سەردان و دیدارەکەی سەرنووسەری هاوڵاتی بۆ لای تاڵەبانی، پەیمانی دوو دۆنم زەوی پێدراوە،
کلیکی ئەم لینکە بکە:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=61b26b45 ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی نەبەز گۆران، لە رۆژنامەی هاوڵاتی بە شیوەیەکی ئیستفزازی و گالتەجاڕیی لە سەر کوردستانپۆست بنووسێ، بە بێ ئەوەی ناوی کوردستانپۆست بهێنێت. چونکە خۆی زۆر پێ گەورە و پاکتر بوو لە کوردستانپۆست!
کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
http://www.hawlati.co/babetekan/15688نەبەز گۆران و چەند دەنگ و رەنگێکی تری ناو ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هاوسەنگیان لێتێکچووە، لووتیان بەرز و لە خۆیان بایی بوون، وا دەزانن ئەگەر پشت لە هەر ماڵپەڕ و ڕۆژنامەیەک بکەن، بازاڕی ئەو شوێنە کز و لاواز دەبێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر پشتگیرییان لە هەر ماڵپەر و ڕۆژنامەیەک کرد، ئەوە دەیبەنە ئاسمان. نازانن ئەگەر مرۆڤ ناو و دەنگ و هەڵوێستیشی هەبێت، بەڵام بە تاکە دێرێک، بابەتێکی ناشرین و بەرگری لە خیانەت و لە دەسەڵات، دەبێتە مایەی خۆکوشتن و بێباوەڕی لای خۆێنەر، ئاخر بۆ خۆی هونەرە ئەگەر نەهێڵیت هاوسەنگی خۆت لە دەست بدەیت، خۆت نەناسیتەوە و بە دوو دیدار و دوو سێ دەست خۆشیکردنی ئەم و ئەو، لە لوتکەدا خۆت ببینیتەوە و خۆت بگەیەنیتە ئاسمان.
ئەوەندەی من ئاگاداربم، بەر لە نەبەز گۆران، چەندین کەسی تر رەخنەیان لە کوردستانپۆست و ستافەکەی گرتووە لە سەر هەواڵ و بابەت، کوردستانپۆست بۆشی بڵاوکردوونەتەوە، جاری واش بووە کوردستانپۆست داوای لێبوردنی بەرامبەر بە هەڵەکان کردوە، نەبەز نەدەبوو خۆی بخاتە شەڕێکەوە، بە پەلە داکۆکی لە کەسێکی وەک کەمال رەئوف بکات، چونکە زۆرینەی ڕۆژنامەنووسان کەمال رەئوف باش دەناسن، کە کەسێکی ناڕاستگۆیە و دۆستایەتی بەهێزی لەگەڵ زۆربەی بەرپرسە گەندەڵ و پیسخۆرەکاندا هەیە. کەمال رەئوف کەتنی زۆری کردووە و هاوڕێ و کەسی نزیکی خۆی تێوەگلاندووە، بۆ نمونە لە گەرمەی بڵاوبونەوەی گەندەڵی ڕێکخراوی ئاسودە، هات و پاکانەی کرد پشتگیری لەو ریکخراوەیە کرد، گوایە ئەمە تاوان و بوختانە بەرامبەر بە ڕێکخراوێکی داکۆکیکەری ژنان دەکرێت. دەیان ڕۆژنامەنوس و پەرلەمانتار و نووسەری تێوەگلان، وایکرد هاوبەشی کامپینەکەی بکەن بۆ داکۆکیکردن لە خانم رەحیمی دەستگیرانی، ئیستاش ئەم شەڕەی دژی کوردستانپۆست، بەرەو رووی نەبەز گۆران کردۆتەوە، ئەوی تێوەگلاندووە و خۆی لێ دوور خستۆتەوە، بۆیە من بە نەبەز گۆران دەڵێم ئەگەر تۆ ڕۆژنامەنووسی فەرموو، کار لەسەر ئەو دۆسیەیە بکە و لە کەمال رەئوفی هاوڕێت و خیزانەکەیەوە دەست پێبکە، بپرسە: ئایا ئەو بڕیارەی دادگا بە قازانجی کێ شکایەوە؟ یان ئەوانەی خیزانەکەی کەمال رەئوف سکاڵای لەسەر تۆمار کردن مەسەلەکە بۆ کوێ چوو؟ بۆ زانیارییتان تا جەلالی عومەری سام ئاغا دەستی لە کار نەکێشایەوە، رێکخراوی ئاسودە ناوی لە لیستی رەشدا بوو، کاتێک جەلالی عومەری سام ئاغا خۆی خانەنشین کرد، یەکێکی گەندەڵ و ناپاکیان بە یارمەتی حاکم قادر خستە شوێنی، ئەوسا لەو گەندەڵیی و دزییە ریکخراوی ئاسوودە خاوێن کرایەوە! نەبەز گۆران دەتوانیت بەدواداچوون لە سەر ئەمە بکات، کە ئایا بۆچی دۆسیەی لیژنەی چاودیری دارایی لە هاوڵاتی بڵاو ناکاتەوە؟ ئایا ئەو بەڕیزانە ئامادەن شەفافانە داهات و موڵک و ماڵیان ئاشکرا بکەن؟ نەک نەبەز گۆران تەنها داوا لە بەرپرسان بکات، کە ئەمە بکەن، بەڵام بەرامبەر بە هاوڕێ نزیکەکانی خۆی با چاو نەنوقێنێت و پشتگیرییشیان لێنەکات.
نەبەز گۆران یەکێک بووە، لە چەکدارەکانی 31ی ئاب!
نەبەز بۆ ئەم مێژووەی خۆی وەڵامی پێیە و دەڵێت:
ئەوە سەردەمى نەفامى، واتە سەردەمى موڕاهیقى پارتى بووم، هەموو کەسێکیش لەو تەمەنەدا هەڵە دەکات.
لێرەدا نازانم ئایا هەموو کەسێک لە تەمەنی گەنجییدا هەڵەی گەورەی وای کردووە؟ بەهەرحاڵ من دەستخۆشی و ئافەرین لە کاک نەبەز گۆران دەکەم، رام وایە بە بێ رەچاوکردنی تەمەن و ئەزمون هەر کەسێک لەبەرەی دەسەڵات و خیانەت، بگەڕێتەوە بۆ نێو بەرەی گەل، نەک دەستخۆشی بەڵکو جێگای شانازیشە، بەڵام گەڕانەوە، بە تەنها جێگۆرکێکردن نییە، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، ئەو کەسەی لە سەنگەرێکەوە، بە هەمان بەرگ و لەشی پیسەوە بچێتە سەنگەرێکی تر، نەک بە جوانی نابینرێت، بەڵکو مەترسی ئەوەیشی لێدەکرێت سەنگەرەکەی تریش بە خۆیەوە پیس بکات، لیرەدا مەبەستم لە نەبەز نییە، بە گشتگیریی قسە دەکەم، لێ ئەوەی پەیوەندیی بە نەبەزەوە هەبێت، ئەوەیە پێی دەڵێم تۆ کاتێک هاتیتەوە نێو بەرەی خەڵکیی، دەبوو هەرچی رووخسار و خەسلەتە ناشرینەکانی ناو پارتی و قوتابخانەی بارزانیی هەیە، لە خۆتت بکردایەتەوە، بە خۆتا بچووتایەتەوە، تا راستگۆ و دڵسۆز بیت بەرامبەر بە خەڵکیی، دژی دزیی، ناپاکیی و گەندەڵیی بێت بە هەموو چەشن و جۆرەکانییەوە، ئەمە ئەرکی هەر کەسیکە بیەوێت بێتەوە ناو خەڵک و نیشتیمانەکەی خۆی، ئەمە تەنها ئەرکی تۆ نەبوو، وەک نووسەر و رۆژنامەنووسێکیش ئەرکی دیکەشت خستە سەر شانی خۆت، بارەکەت قورستر و زەحمەتتر بوو، نەبەز لەمانەدا سەرکەوتوو نەبووە، بە ئیستاشەوە هەمیشە بەرگری لە هاوڕێ و کەسە ناپاک و دزەکانی نزیکی خۆی کردووە، باسکردن لەسەر دز و گەندەڵەکان کە هاوڕێ و ناسیاوی خۆیەتی لای نەبەز گۆران هێڵی سوورە.
نەبەز گۆران بە مەسرور بارزانی سەرسامە!
یەکێک لە پرۆپاگەندەکان، کە بۆ گەنج و منداڵەکانی بنەماڵەی مەلا مستەفا دەکرێت، لە لایەن نووسەرە دەربارەکانەوە بۆ نمونە ئەوەیە کە دەڵێن لەبەر ئەوەی نێچیر و مەسرور بارزانی گەنجن، لە ئازاری گەنجەکانی ئەم ولاتە تێدەگەن، چاوەڕوانی پاشەڕۆژێکی باشیان لیدەکرێت، ئەم گەنجانە دەتوانن خزمەت بکەن و رۆڵی سەرکردە و رابەر ببینن، یەکێک لەم کەسانە نەبەز گۆرانە، کە لە دیمانەیەکدا، هەڵۆ مەرگەیى لێی دەپرسێت:
بەڵام ئێوە سەرسامیتان یان چاوەڕوانییەکى زۆرتان لە هەمبەر ئایندەى (مەسرور بارزانى) پشانداوە؟
وەڵامی نەبەز تەنها دوو وشەیە، کە دەڵێت:
چونکە گەنجە.
کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
http://www.kurdistanan.net/index.php?sid=9856ئەم دوو وشەیە ڕاشکاوانە و بێ شەرمانەیە، هەر کەسێک سەرسامی خۆی بەرامبەر بە سەرۆکی دەزگای پاراستنی پڕ لە تاوان (مەسرور بارزانی) پیشان بدات، نەبەز مەرجی بۆ هەڵسوکەوت و رەفتاری گەنجبوون نییە، وەک دەردەکەوێت هەموو گەنجێک لای ئەو جوانە، ئیتر ئەو گەنجە کوڕی بەرپرسێک بێت، منداڵی سەرکردە باڵادەسەتەکان بێت، لای نەبەز هەموویان جوانن و ئەم پێیان سەرسامە، بەتایبەتی مەسرور بارزانی، کە سەرۆکی ئاژانسی پاراستنە و دەستی سوورە لە کوشتن و تیرۆرکردنی دەیان گەنجی ئەم وڵاتە. ئەگەر سەرنج لە پرسیارەکە بدەین، ئەوەشمان بۆ روون دەبێتەوە، ئەم پرسیارە پێشینەی هەیە و لە سەرەنجامی ئەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە نووسین و هەڵوێستی پێشووتری نەبەز گۆراندا ئەوەی پیشانداوە، وەک لە پرسیارەکەدا دەردەکەوێت، ئەمە یەکەمینجاری نەبەز نییە، سەرسامی خۆی بۆ مەسرور بارزانی دەبڕیبێت و قسەی لەسەر کردبێت، دیارە پێشتریش لەم جۆرە نووسین و قسانەی کردووە و لەسەری نووسیوە، بەداخەوە من دەستم بە نووسینەکانی دیکەیدا نەگەیشتووە تا کۆپیان بکەم و بیانخەمە بەر دەستی خوینەرە بەڕێزەکان.
وەک دەردەکەوێت لە هەمبەر ئایندەی مەسرور بارزانی، نەبەز گۆران چاوەڕوانییەکی باشی لێدەکات، چونکە مەسرور گەنجە، ئەم قسەیە لە ٣١ ٥ - ٢٠٠٨دا کردوویەتیی بە دوایدا و پاش کەمتر لە دوو مانگ، دەزگاکەی مەسرور،
سۆرانی مامە حەمە لە ٢١ ٧ ٢٠٠٨ دا تیرۆر دەکەن، نەبەز گۆران وەک خۆی دڵێت هاوڕێ و هاوپیشەی سۆرانیش بووە، کەچی دوای تیرۆرکردنی سۆران بێ هەڵوێست وەستاوە و لە سەرسامی خۆی بۆ ئایندەی مەسرور ناکەوێت، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، کە دەبوو راستەوخۆ لە دوای ئەو رووداوە، لە رابردووی قسەکانی خۆی پەشیمان بوایەتەوە، داوای لێبوردنی بکردایە، بیوتایە: مەسرور بارزانی گەنجێکی پیاوکوژ و تیرۆریستە، چونکە هاوڕێیەکی هاوپیشەی خۆمی کوشت، من وەک نەبەز گۆران هەڵەم کرد کە وتم سەرسامم بەو گەنجە بارزانییە، چونکە ئیستا بۆم دەرکەوت، کە پیاوکوژە.
نەبەز گۆران بەردەوام داکۆکی لە مرۆڤە پیسەکان کردووە و هەوڵی جوانکردنیانی داوە، بە میزاج و ناسین و پەیوەندیی هاوڕێبوون ووشەکانی گوڵبژارکردووە، بۆیە لە نووسیندا روو بە رووی سەدان پرسیار و گومان و ناراستگۆیی و ناهۆشیاریی بۆتەوە. سەرهەڵدانی نەبەز لە هەولێرەوە بووە، لەو کاتانەدا بووە، کە دەنگی بوێر لە هەولێردا کەم و قاتیی بووە، ماوەیەک هەندێ بابەتی دەنووسی، کە بۆ ئەو سەردەمە کەم کەس باسی دەکرد. ئەمەش بەشیکی زۆری گەمە و ململانێی نیوان باڵەکانی نێو پارتی بوو، بەشێک لەو بەرپرسانەی پارتی زانیارییان پێی دەدا و دەیانپاراست، تا شەڕەکانی خۆیانی پێبکەن، لە بەرامبەریشدا بەشێک لە بەرپرسانی تری پارتی ئەشکەنجە و ئازاریان دەدا. واتا زۆربەی کار و نووسینەکانی نەبەز لە ئەنجامی ململانێی نێوان دوو بەرەی پارتی بوو، بەڵام دواتر بە تەواویی لە پارتی هەڵگەڕایەوە کەوتە رەخنەگرتنی نەرم لە بنەماڵەی بارزانی.
مەلا مستەفا دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرز، بەرزتر لە ماندێلا و لە گاندی
نەبەز گۆران بە مەلا مستەفای مردوو دەڵێت:
(
لە گۆڕەکەت وەرە دەرێ و هەستەرەوە ئەو ئاوەی تۆ رشتووتە، رێڕەوەکەیان گۆڕی!)
بە مەلا مستەفا ناڵێت ئەزبەنی، بەڵکو دەڵێت:
(
پیاوی بەشكۆ، پایەدار... خاوەن شكۆ... جەنابی سەركردە...) داوای لیدەکات و دەڵێت:(جەنابی پایەبەرز زۆربەیان خەریكی بەتاڵانبردنی هەموو شتێكی نیشتمانن. گەورەیان نییە بۆیە بەو هەموو لاوازییەی خۆیانەوە بوونەتە گەورەی خەڵك. باتفەنگەكانیان دانێن چونكە ناتوانن لە تۆ بچن) لە خوارەوە تەواویی نووسینەکە بخوێنەرەوە
نەبەز دەیەوێت وا پیشان بدات، مەلا مستەفا پێغەمبەر و سەرکردەی کاریزما و رابەڕی رۆحیی، خاوەن عەقڵ و رێبازی کوردایەتیی، شۆڕشگێر و دڵسۆز و دەست و داوێنپاک بووە، وای لێکدەداتەوە، کە ئەوەی ئەمڕۆ مەسعود و کوڕ و کورەزاکانی دەیکەن، هیچی لە ئەتوار و رەوشتی مەلا مستەفادا بوونی نەبووە، ئەوان لە پەیام و قوتابخانەکەی بارزانی لایان داوە، یاخی بوون، روویان لە دزیی و خیانەت و ناپاکی کردووە، نەبەز داوا لە مەلا مستەفای مردوو دەکات، زیندوبێتەوە و چارەسەرێکی ئەم نەهامەتییە بکات کە بەهۆی ئەمانەوە کورد تووشی هاتووە!
نەبەز وەک مریدێکی مەلا مستەفا خۆی دەناسێنێ، ئەو مەلا مستەفایەی کە یەکەم سەرکردە و قوتابخانەی کوردبوو، خەڵکی فێری پارە دزین لە شۆڕش کرد (١٠٠ ملیۆن دۆلاری زیاتری لە دوای ئاشبەتالەکەی ساڵی 1975 دزی). ئەو مەلا مستەفایەی، کە یەکەم بەرپرسی کورد بوو، چەندین سەرکردەی کوردی بەشەکانی تری شەهید دەکرد و تەرمەکانی بە داگیرکەرانی کوردستان دەفرۆشتەوە، یان بە زیندوویی رادەستی دەکردن، تەنانەت یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو کاتی حیزبی دیموکرات زۆریان لیدەپاڕێتەوە کە لە بەر ئەوەی پیرە و بەرگەی ئەشکەنجە و ئازار ناگرێت، بیکوژن و تەسلیم بە ئێرانی نەکەنەوە، تەماشای ئەرشیفەکەم بکەن لەو بارەیەوە زۆرم لە سەر ئەمە نووسیوە، نەبەز لەو نووسینەدا بە شان و باڵی مەلا مستەفادا هەڵدەدات، لێرەدا منیش بەراشکاوی دەیڵێم، کە ئەم نووسینەم خوێندەوە نەمتوانی تەواوی بکەم، چونکە بۆ خۆم هێڵنج و ڕشانەوەی سیاسیم دەهات، هەرچەندە ئێستا نەبەز خۆی فێرکردووە رەخنە لە مەلا مستەفا دەگرێت و هەڵسەنگاندن بۆ کتێبەکەی جەرجیس فەتحوڵڵا دەکات و ئەو وتانەی کە بەشیکی نهێنێ و کاری قێزەوەنی مەلا مستەفا بارزانییە بڵاویدەکاتەوە، ئەمەی نەبەز دڵمان خۆش ناکات، ئیزدیواجی و دوورووییە، تۆ کە داوای لێبوردن لە رابردووت نەکەیت، نازانین دەیەوێت بۆ ئەمڕۆ چیمان پێ بڵییت و چۆن باوەڕت پێ بکەین؟ هەر کەسێک بەم شێوەیە بنووسێت، تەنها دوو لێکدانەوە بۆ کەسایەتیی و سایکۆلۆژیەتی دەکرێت: یەکەم: ئەو کەسە ساویلکە و بێ ئەزمونە، یان دووەمیان ئینتیهازیی و بەرژەوەندیی پەرستە کە ئەمە بۆ مەبەست و بۆ خاتری شتێک دەڵێت و وا دەکات. زۆر کەس پێیان وایە: نەبەز گۆران هەر دوو هۆکارەکە هاندەرە بۆ زۆربەی نووسینەکانی.
نەبەز کە لە هەولێر هەڵات و رووی کردە سلێمانی ئیتر بە پێچەوانەوە کەمێک دەستکراوەتر قسەی بە بنەماڵەی بارزانیی دەگووت. زۆربەی نووسەر و رۆژنامەنووسە کوردەکان، خۆیان پێ عاقڵتر، زیرەکتر و وریاترە، پێیان وایە، خوێنەر کەسانی ئاست نزم و تێنەگەیشتوون، بۆیە هەرچییەک ئەمڕۆ ئەمان بۆیان دەنووسن، ئەگەر بۆ ماوەیەکی تر پێچەوانەکەیان نووسی، لە بیر خەڵکی دەچێتەوە سەوداو مامەلە لەگەڵ رابردوودا ناکەن. ئێستاش نەبەز گۆران کە دەنوسێت، یان لە تەلەفیزیۆنەکانەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکریت، هەموو دەبێت بزانین ئەوە پشتی بە بزوتنەوەی گۆڕان بەستووە، بۆیە نەبەز با زۆر بە خۆی نەنازێ، کە وەک رۆژنامەنووس، یان نووسەرێکی سەربەخۆ کار دەکات، نەبەز وەک بێ پشتەکان نییە، لە هەموو تەمەنی نووسینی نەبەز گۆراندا هەمیشە گروپێک هاوکارییان کردووە، هەردوو لایان، واتە (نەبەز و ئەوان) یەکترییان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار هێناوە.
نەبەز هەوڵی جوانکردنی مرۆڤە تاوانبارەکان دەدات!
نەبەز گۆران وەکو عەدنان عوسمان چەندین بابەتی قێزەوەنی هەیە، تێیدا هەوڵی داوە مرۆڤە پیس و تاوانبارەکان، وەک جەوهەر نامقمان بۆ بکەن بە فریادرەس و دژە گەندەڵ و نیشتمانپەروەر، بە بێ ئەوەی لە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیان لە سەر کەسایەتی ئەو تاوانبارە کردبێت. جەوهەر نامق دەیان ساڵی تەمەنی سیاسیی پرە لە تاوان و ناپاکیی گەورە، وەک کارەساتی هەکاری، شەهیدکردنی چەندین سەرکردەی باڵای یەکێتی لە هەکاری و بادینان و شەڕی ناوخۆ و رەسەدی تۆپبارانی ئۆردوگا هەژارەکانی بنەسلاوە و دارەتوو، هەروەها لەم بارەیەوە جەوهەر نامق کەڵکی لە پۆستی سەرۆکی پەڕلەمان وەرگرتبوو، رەسەدی تۆپەکانی ئاڕاستەی دەیان ماڵی هاوڵاتی سڤیل دەکرد و بووە هۆی شەهیدکردن و بریندار بوونی سەدان هاوڵاتی، جەوهەر نامق کە لە ناو قیادەی موەقەتە بە سەلیمە سوور ناسرابوو، دەیان ساڵ بەرپرسی باڵای پاراستن بوو، ئەو دەزگا بەدناوەی، کە خاوەنی سەدان تاوان و ناپاکیی نیشتیمانیی و نەتەوەییە، کەچی نەبەز گۆران و عەدنان عوسمان دەیانەوێت هەموو کارەسات و تاوانەکەی لە یاد ببەنەوە، لەو رۆژەوە بۆی حساب دەکەن کە لە ماڵی بارزانی توڕە بوو و هاتە دەرێ، بە تایبەتی چەند بابەتێکی نووسی، بە بێ ئەوەی رەخنەیەکی جدی لە هەرەمی ئەو دوو بنەماڵەیە بگرێ!
نەبەز گۆران پەیامی شەهید سەردەشت بچوک دەکاتەوە
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، پاش دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا هاوکات نەبەز گۆران نووسینێک لەسەر سەردەشت عوسمان دەنووسیت، دێت و دەڵیت بەراستی سەردەشت عاشقی کچێکی بارزانی بووە، بۆیە ئەوەی نووسیوە! (
ئەو نووسینەی لە پەیجەکەی خۆیدا لە فەیس بووک بلاوکردۆتەوە).
سەرەتا دەبێت بڵیین دەکرێت پاش نەمانی هەر کەسێک چیرۆکی ئاوای لەسەر دروست بکرێت، بە تایبەتی یەکێک بڵێت من و سەردەشت عاشقی یەکتر بووین، بەڵام خۆدان لەم مەسەلە هەستیارە، بێ ئەوەی بەڵگەی یەکلاکەرەوە هەبێت، هیمایەکی مەترسیدارە لەسەر بچوککردنەوەی پەیامەکەی سەردەشت عوسمان، ئەوەی سەردەشت نووسیوێتی روون و ئاشکرایە، بۆ خۆشەویستیی کچێکی بارزانیی نەبووە، ئەو نووسینە نامەی دڵداریی و عەشق نییە، ئەمەی نەبەز گۆران لە خزمەتی بنەماڵەی مەسعود بارزانییدایە، کە دەیەوێت لە قورسایی ئەو نووسینە سیاسییەی سەردەشت کەم بکاتەوە و ئەرکەکە لە سەر شانی بنەماڵەی مەسعود بارزانی سووک بکات، چ وەک ناوەرۆکی نووسینەکە، چ وەک ئەوەیش ئەو پەیامە دەدات، کە مەسعود و مەسرور و پاراستن دەستیان لە تیرۆرکردنی سەردەشدا نەبووە، ئا لێرەدا گومان لە سەر نەبەز گۆران زیاد دەبێت، دەزانین ئەمە دەستدانە لە کاریکی خەتەر، گەمەیەکی دۆڕاوە، نەبەز خۆی پێناشرین دەکات ! ئەم قسەیەی نەبەز بنەماڵەی مەسعود بارزانی بی سوودمەند دەبێت و کەڵکی لێوەردەگرن.
لە کۆتایشدا دەڵێین: نەبەز گۆران وەک سەدان بەرپرسی سیاسیی، دوای بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگانە ئایا هوشیاریی بەرەو ئەو ئاستەی دەبات، بویرانە بڵیت بمبورن من هەڵەبووم، کە کاتی خۆی وتوومە سەرسامم بە مەسرور بارزانی، بمبوورن چیدی مرۆڤە ناشرینەکان جوان ناکەم، بمبورن تاوانبارەکان بە ماندێلا و بە خاوەن شکۆ ناکەم، یان بڵێ بمبورن و تۆبە شەڕی هاوڕێ گەندەڵەکانم بە وەکالەت ناکەم، ئایا پاشگەز دەبێتەوە و داوای لێبوردن لەو ناوشیارییەی خۆی دەکات، کە دەڵێت ئەو نووسینەی سەردەشت پەیوەندیی بە کچێکی بارزانییەوە نییە؟
****************************************
نامەیەك بۆ مەلامستەفا، تكا دەكەم هەستەوە كاتیەتی ئەو ئاوەی تۆ رشتت ئێستە رێڕەوەكەیان گۆڕیوەنەبەز گۆران23- 08 - 2009سڵاو پیاوی بەشكۆخەونێكم هەیە دەستی لێ هەڵناگرم، یا دەبێت بە وشە ئەم وڵاتە بگۆڕین یا دەبێت زۆربەمان بمرین، ئەوانەی خەیاڵی گوللەكان داگیری كردوون با هەنگاوێك لەتفەنگەكانیان دووربكەونەوە و هەنگاوێك لەكتێبەكان نزیك ببنەوە تاپێكەوە ئەم وڵاتە بكەینە ماڵێك بۆ هەموومان، چەند شەرەفمەندانەیە لەكاتێكدا بمری هەژارێك دەموچاوی پڕ بووبێت لە پێكەنین، ئەركی ئێمە تەنها وتن نییە، بەڵكو نووسینە بەخوێنی خۆمان، ئەمانە بەخوێنی ئێمە هاتوونەتە سەر حوكم، دەبێت خوێنیش بڕێژن ئەوسا بەجێی دەهێڵن، هیچ تروسكایەك نەماوەتەوە رووی تێكەین جگە لەهەڵگرتنی قەڵەمەكان بەرامبەر بە توڕەبوونی ئەوان، دەكرێـت ئەوكاتەی هەڕەشەی مەرگمان لەسەرە بیر لە شكاندنی بتێكی تر بكەینەوە نەك بێدەنگی دامانگرێت، پایەدار ...ئێمە لەئێوە فێربووین سەرمان كز نەكەین بۆ هیچ كەس و شوێنێك، كەچی ئەمانە دەیانەوێت فێری سەركزیمان بكەن!! بۆیە پێیان دەڵین جارێكی تر دەچینەوە سەر ئەسڵی خۆمان و بەمانەی ئێستە دەڵێین ئەگەر پێتان ناكرێت خۆتان بگۆڕن ماڵەكانی خۆتان باشترین شوێنە بۆتان، ئێمە لەرابردوودا هەموو ژیانمان وێستگەی شكست و هەڵسانەوە بوو، ئومێد دەكەم ئەمجارە بەیەكجاری هەڵسینەوەو ئیدی شكستێك نەیتە رێگەمان، هەرچۆن ئێوە لەسەردەمێكدا كوردتان هەڵسانەوە لەئێستاشدا لەناو خۆماندا تووشی شكست بووین و پێویستمان بەهەڵسانەوە هەیە، ئەوەی كە هەڵماندەسێنێـتەوە ئیمانی راستەقینەمانە بە پاكی نەك بەمانەی دوای تۆ جڵەوی دەسەڵاتیان گرتەدەست، ئەمانە جگە لەشكست بۆ ناوخۆمان كارێكی مەردانەیان لەدەست نایەت، گەر باوەڕیشم پێناكەیت بامن كەمێك لەچیرۆكی ئەمانەت بۆ بگێڕمەوە.
بمبورە جەنگاوەری بەهێز.. شەرم دەكەم دەنگم بەرز بكەمەوە دەرهەق بەتۆ دەڵێم نەكا راچڵەكێیت، بەڵام چارەمان نییە ئیدی ئەوەندە عەزیەتیانداوین ناچاربووم ئەمجارە پەنا بۆ تۆ ببەم، پەناهێنانم بۆ تۆ پەناهێنانە بۆ رۆحێكی جوامێر، بۆ كوردێكی رەسەن، هەرچەندە ئەوانەی ئێستە جڵەوی ئەم وڵاتەیان بەدەستە ناگەنە ئاستی سێبەری چۆكی تۆ، وەلێ كەزیندانیەك نائومێد بوو بەدەنگی پێی زیندانەوانەكەش ئومێدی بۆ دێت، راستە تۆ لەو بناری گوندەی خۆتاندا راكشاوی، بەڵام باوڕ بكە بەو راكشانەی خۆشتەوە كە لەگەڵمان نیت زۆر لەمانە گەوەرتری كە ئێستە بانگەوازی دەسەڵات بۆ خۆیان دەكەن، تكا دەكەم بمبەخشە هەق نەبوو بەم درەنگوەختە تۆ راچڵەكێنم چونكە هەمیشە پێموایە تۆ هەم سەركردە بوویت و هەمیش جەنگاوەرێكی بەهیز و هەمیش گەریدەیەك كە بەشوێن كوردا دنیات تەیكرد، سەیركە ئەوەندە موحتاجی هاواركردنین تەنانەت نامە بۆ تۆش دەنووسین، ئەوەندە دەستیان خستووەتە قورگی ئەم میللەتە هەژارەوە ناچار دەبێت نەهێڵین بە ئاسودەیش راكشێیت، نەدەبوو وابكەن، بەڵام كردیان، بۆیە ئەم نامەیەش بۆ تۆ دەنێرم ئیدی ئەمانە ئەوەندە كاری ناشیرینیان كردووە دەڵێم بەشكوم بەناو هێنانی تۆ كەمێك شەرم بیانگرێت، بەڵام باوەڕ بكە نە شەرم لەتۆش دەكەن و نە لە قازی و نە لەهیچ كەسێكی بە هیمەت، من نازانم ئەم رووە قایمەی ئەمانە چییەو و بۆ بە هیچ شتێك باكیان نییەو لەكەیف و سەفای خۆیان ناكەون؟! موسیبەتی گەورەش ئەوەیە تێر نابن، تەنانەت ئەوەندە بێ ئابڕو بوون خۆیان دەدەنە پاڵ هەیبەتی تۆ و لەوێوە دەست بۆ كەرامەتی نیشتمان دەبەن، كەسێكیش نییە ئەو دەستانە ببڕێتەوە و تەمبێیان بكات، ئاشەكە تائێستەش بەدەست خوداوەیەو خاوەنی نییە، نە كەسێك هەیە بمانباتە بەردەم ئەشكەوتەكەو نە كەسێكیش هەیە لە ئەشكەوتەكانەوە بێتەدەر، ئێمە لێرەین لەم لێرەوارە سەختەداو ئەوانیش لەسەر ئەو قولەیە بای باڵی خۆیان دەدەن، سەیركە چەند دوورین لەیەك و چەند بێزارین لەیەكدی.
پایەدار...ئەو میللەتەی تۆو هاوكارەكانت شۆڕشتان بۆ كرد ئێستە ئەوەندە بەدەست شۆڕشگێڕەكانەوە نیگەرانە خەریكە گەشتوونەتە ئەو باوەڕەی نەفرەت لەشۆڕش بكەن گەر ئەمە بەرهەمەكەی بێت، خۆزگەم بەخۆت كە لەئێستادا لەناوماندا نیت، چونكە شۆڕشگێڕەكانی جاران لەئێستادا بوونەتە خوێن خۆری ئەم خەڵكە، بوونەتە میراتگرەوەی خودا لەم سەرزەمینەی ئێمەدا، كەسیان نییە لەسەر داهاتی ئەم وڵاتە نەبووبێتە سەرمایەدارێكی گەورە، كەسیان نییە ئارەزووی شەوی سوور نەیدابێت لەسەری، كەسیان نییە توانیبێتی كەرامەتی ئەم وڵاتە بریندار نەكات، من زۆرم پێ سەیرە بەم هەموو پیسیەی خۆیانەوە شەرم ناكەن دایم ناوی تۆ لەسەر زمانیانە، هەركاتێك لێیان دەقەومێت بەسەر كزیەوە دێنە سەر گۆڕەكەت تا بچووكی خۆیان بشارنەوە، هەركاتێكیش غروور گرتنی هەموو شتێك لایان غەریزەیە، ئەو حیزبەی كاتی خۆی تۆ دروستتكرد ئێستە بووەتە گەوەرترین مەترسی لەسەر ژیانی هەموومان، كاتێك یەكێكمان قسەیەك دەكات ژیانی دەكەوێـتە مەترسییەوە، دەزانی بۆچی چونكە ئەوەندە لاوازن بەرگەی دوو قسەی راستەقینە ناگرن، حەیف كە لەتۆ ناچن و پێیان ناكرێت حورمەتی ئەوە بگرن بەشوێن جێپێكانی تۆدا نەبێت كەس هەنگاوەكانیان ناخوێنێتەوە، ئەو رۆژەی تۆ كوردت بەجێهێشت لەم وڵاتەدا پارچە زەوییەك نەبوو ناوی تۆی لەسەر بێت، كەچی ئێستە وەرە سەیركە بزانە دوای تۆ چیدەكەن، بزانە پارچە زەوییەك ماوە بۆ میللەت ناوی ئەوانی لەسەر نەبێت، بزانە ئەوەی تۆ خەونت پێوە دەبینی ئەوە بوو كە ئەمان لەسەری دەژین؟ بزانە هەرگیز تەحەمولی ئەو ناعەدالەتییە دەكەیت دوای تۆ بەجێما؟ چەند دڵخۆشیت لەم سەردەمەدا نەژیات، چەند سەربەرزیت توانیت بەپاكی بمریت و چاوت بەچاوی ئەم هەموو پیاوە پیسەی ئەم زەمەنە نەكەوێت، جارێكیان وتبوبت حەزدەكەم ببم بە سەپانی میللەتەكەی خۆم، وەلێ ئێستە بەپێچەوانەی ئەو قسەی تۆوە ئەوانەی شۆڕشگێڕبوون میللەت ئەكەن بە سەپانی خۆیان، گەر باوەڕیشم پێناكەی تەنها بۆ یەك سات هەڵسەوەوە ببینە چ حەشرێكە ئەم مەملەكەتە، چەند خۆش دەبوو لەمەسیح بچوویتایەو بۆ چەند رۆژێك بهاتیتایەوە، كۆشك و سەرمایەی شۆڕشگێڕەكانت بەچاوی خۆت بدیبایە، بدیبایە چ شەڕێك دەكەن بۆ دەسەڵات و خۆشگوزەرانی، بدیبایە خانەوادەی ئەنفالەكان چۆن بە پێڵاوی لاستیكەوە بەماندوویەتی رێگە ئەبڕن و خانەوادەی بەرپرسەكانیشت بدیبایە لەچ مەلیكیەتیكدا سەیری ژیان دەكەن، من ژنێكی ئەنفالدیدەم بینی ماڵەو ماڵ ئەگەڕا بۆ لەتێك نان، كوڕە شەهیدێكیشم بینی لەهەژاریدا رەش هەڵگەڕابوو، پێشمەرگەیەكی دێرینی نەناسراوم بینی رۆژەكانی ماندوویەتی خۆی ئەژمارد بۆ درۆزەكەرێك و جاشێكیشم بینی لەسەر كورسییەكانی دەسەڵات سەرقاڵی ژماردنی خیانەتەكان و سەرمایەكانی ئێستەی بوو!! لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی دوای تۆش ئەبینم چەشنی ئیمپراتۆرەكانی رۆما خۆیان دەنوێنن، حاكمێك نییە لەم مەملەكەتەدا بەشوێن ئەم ئازارانە بكەوێت تا تیماریان بكات، ئیدی ناچار دەبێت هەموومان بەدیار سێبەری توڕەبوونەوە دانیشین و ئەسەف بۆ كورد بخوازین كە چەند بەدبەخت و بێ خاوەنە.
خاوەن شكۆ...شەڕی تۆ بۆ نەمانی ستەم بوو، شەڕی ئێستەی ئێمەش بەهەمان شێوە بۆ نەمانی ستەمە، تۆ لەگەڵ عەرەبە بێگانەكان شەڕت دەكرد تا ستەم لەكورد نەكەن، كەچی ئێمە لەگەڵ شۆڕشگێڕە كۆنەكاندا شەڕ دەكەین تاكو دەست لەو ستەمە هەڵگرن دەرهەق بەم میللەتە بەكاری دەهێنن، تۆ ریگەكانی غەریبیت بڕی تا تروسكایەك بكەوێـتە ناو ماڵی كورد، ئەمان هەموو چراكان دەكوژێننەوە تا كورد بەكوێری بژیت، تۆ لەگەڵ پێشمەرگەكان دەژیایت، ئەمان لەگەڵ خانمە جوانەكاندا دەژین، من نازانم چیت پێبڵێم بەس باوەڕ بكە ئەمانەی پاش تۆ هەرچی بن شایەنی ئەوەنین وەك شۆڕشگێڕ تەماشایان بكەیت، پێشیان وایە بە لەشكر و سوپا و داگیركردنی زەوی وسامانی ئەم وڵاتە دەبن بەدەسەڵاتدارو ودەبن بەگەورەی ئێمە، كەسیان بیر لەوەناكەنەوە تۆ و قازی هیچ كام لەو شتانەتان نەبوو، بەڵام چوونە ناو دڵی ئەو جیلەوە كە لەسەردەمی ئێوەدا ژیان، نازانن كورسی كەس ناكاتە پاڵەوان، تێناگەن سەركردە رۆح دروستی دەكات نەك دەسەڵات، ئەمانە ئەوەندە گوناهن وەهمی لەشكرو سەرمایە هەمووشتی لەبیر بردوونەتەوە، ئیدی خۆ نازانن ئەو میللەتە درەنگ توڕە دەبێت، كە توڕەش بوو وەك _با_ هەر چییان هەیە تێك و پێكی دەشكێنێ، لەپێش چاومە رۆژێك دەبینم هەرچۆن دامودەزگاكانی رژێمی پێشوو بەسەر شانی خەڵكەوە دەبرانەوە بۆ ماڵ بەهەمان شێوەش دامودەزگاكانی ئەمانیش دەبرێتەوە ماڵ، ئەوەی لەخەڵكیان سەندبوو لێیان دەسەنرێتەوە، بمبورە گەر ئەم قسەیە دەكەم ئێستە وای لێهاتووە قسەكردن لەسەر شۆڕشگێڕە بەدەسەڵاتەكان واتای هەڵبژاردنی مەرگێكی حەتمیە، ئەوەندە غروور گرتوونی قبوڵی هیچ ناكەن، بڕێكجاریش واخۆیان پیشان دەدەن بەوێنەی تۆ سادە سادەن كەچی زۆری پێناچێت دەچنەوە ناو قاڵبەكەی خۆیان، دەزانی بۆ وایە چونكە ئەوان ناتوانن سەركردە بن و پێشیان ناخۆشە دان بەم حەقیقەتەدا بنێن، باوەڕبكە، پێشمخۆشە هیچ نەبێت یەكێكیان لەتۆ بچێت بەس بۆ بەدبەختی ئەوانەیان دەیانویست لەتۆ بچن زوو مردن، ئەوەشیان دەیەوێت لەتۆ نزیك بێتەوە زۆربەیان رێگرن لەبەردەمی و پێیان خۆش نییە مەترسییەك بێتە رێگەیان!
بەراست جارانیش لەسەردەمی تۆدا مەكتەب سیاسییەكانی حیزب وەك ئەمانەی ئێستە بوون؟ ئەگەر وەك ئەمانە بووبن بەراستی تەحەمولێكی باشتكردووە لەگەڵ ئەو هەموو پیاوە لاوازەدا دانیشیت، باوەڕ بكە كەسی وایان تێدایە بەراوردكردنی لەگەڵ مەیمونێكدا شەرمەزارییەكی گەوەریە، مەخلوقی وای تێدایە جگە لە تۆپەڵێك غەریزەی پیس هیچی تر نییە، شتی وای تێدایە مەیلی بەلای هەموو شتێكدا دەچێت جگە لەشەهامەت، ئەمانە چین و لەكوێوە هاتوون بۆ لە مرۆڤی ئەم سەردەمە ناچن؟ ئەگەر تۆ بمایتایە دڵنیام قبوڵت نەدەكرد ئەم هەموو بێحورمەتییە لەلایەن ئەم مەخلوقە بۆگەنانەوە بەرامبەر بە خەڵك بكرێت، كەچی زۆربەیان پێكەوە وەك تیمێكی هەڵپەركێ دەستیانگرتووەو خەریكی بەتاڵانبردنی هەموو شتێكی نیشتمانن. گەورەیان نییە بۆیە بەو هەموو لاوازییەی خۆیانەوە بوونەتە گەورەی خەڵك.
باتفەنگەكانیان دانێن چونكە ناتوانن لەتۆ بچن
جەنابی سەركردە...برێكجار حەز دەكەم بێمە سەر گۆڕەكەت بەدەنگی بەرزپێت بڵێم بەوانەی دوای خۆت بڵێ بۆ وادەكەن بەم میللەتە، بەڵام ناوێرم لێت نزیك بكەومەوە دەترسم مۆركی حیزبێكم پێوە بكەن، لەئێستاشدا ئەو حیزبە ئەوەندە ناشیرین بووە زەحمەتە پیاوێكی گەورە جورئەتی ئەوە بكات لەدووریشەوە سەلامێكی لێبكا، بۆ بەدبەختیش دوای مەرگی تۆ هەر بەزۆر تۆیان لەخەڵك سەندەوەو كردیتیان بەئەندامی حیزب، دەزانی بۆ؟ چونكە خۆیان هیچ نەبوون دەیانویست لە پەنای تۆدا سەر بەرزبكەنەوە، لەوەتەی ئێمەش هاتووین دەمانەوێت خەونەكەت بهێنینە دی و لەو حیزبە بێمانایە بسەنینەوەو بتگەڕێنینەوە بۆ خەڵك كەچی پیاوە لاوازەكان ناهێڵن، هەمیشە بۆ ئەوەی مەعنایەك بەخۆیان بدەن خۆیان دەخزێنە ژێر ناوەكەی تۆوە.
هەندێك بۆ ئەوە هاتوونەتە دونیاوە ژینگە پیسكەن، كەچی هەر ئەوانەشن بوونەتە میراتگرەوەی شۆڕش!! ئارەزوومە پیاوێكی گەورە بێت و لەماڵی دەسەڵات ئەو بێكەڵكانە بكاتە دەرەوەو رێگە نەدرێت ناوی تۆ شەرمەزار بكەن بەكارە خراپەكانیان، كەچی پەتای بێدەنگی و چاوپۆشی لەهەڵەكان لەوڵاتی ئێمە بووەتە عادەتی ژیان!! باشترین كەس لەمرۆدا ئەو كەسەیە لەوانە دووربكەوێتەوە، چونكە نزیك بوونەوە لێیان واتە تووش بوون بە دەردی كوشندەوە، خۆت دەزانیت كاتێك خۆشە بچیت بۆ قودس كەبزانی خودا لەوێیە تا قسەی لەگەڵ بكەیت، بێمانایە بچت بۆ قودس و خۆدا لەوێ نەبێت، من نازانم ئەو خەڵكە بەستەزمانە بەشوێن چی كەوتوون، بەڵام باش دەزانم رۆژێك تۆیان لێبسەنرێتـەوە ماڵێكی چۆڵیان بۆ دەمێنێت، خۆ ئیدی هەموومان لەوە تێدەگەین كاتێك بازەكان فڕین گێلییەتییە دۆستایەتی كردن لەگەڵ قەلەڕەشەكاندا.
جەنگاوەری بەرێز، جارێكیان وتبووت دەترسم رۆژێك بێت دەسەڵات و پارە بەرپرسەكان بگۆڕێت و هەموو شتێكمان لێبسەنێتەوە، هێشتا قسەكەت كاڵ نەبووەتەوە لەنزیكترین كەسەكانی خۆتەوە ئەم حاڵەتە سەری هەڵداوە، بەتەواوەتی باسی ئەوانی تر ناكەم چونكە شایەنی ئەوە نین هەموو كارە نابەجێیەكانیان باسكەم بۆ تۆ، شەرمیش دەكەم بڕێك جار چیرۆكی هەموویانت بۆ بگێڕمەوە، چونكە باش دەزانم لە ئێستای ئەم وڵاتەدا بۆ ئەوەی پیاوێك پیس بدۆزیتەوە باشترین شوێن ماڵی ناكەسێكە نەك شوێنێكی پیرۆز، وەلێ برێكجار دەبێت تەحەمولی ئەوە بكەین بۆنی پیاوە خراپەكان تابەردەرگای شوێنە پیرۆزەكانیش دەچێت، سەیركە ئەوەندە خراپەكارییەكانیان زۆرن حەز دەكەم بیانناسیت چ توخمێكیان لێدەرچووە، خۆ ئێستە وەك سەردەمی تۆ نییە هەر بابایەو دێت بەناوی ئاشنایەتی بەمێژووی تۆوە خەڵك دەچەوسێنێتەوە، ئەوانەیان هیچیان نەبوو ئێستە كتێبی خەلیفەكان و حەرەمسەراكان دەخوێننەوە، لاوازەكان لاوازتربوون، بەهێزەكانیش بەهێزتر، گەر باشتر لەم خەڵكە نزیك ببیتەوە دەزانی لە كەوێك دەچێت لەناو قەفەزێكدا پەڕوباڵی هەڵكەنراوە، بەدەستی كێش بەدەستی شۆڕشگێڕەكان!! كەس نازانێت شكستی ئەمجارە چ كارەساتێك دەهێنێت بەسەرماندا، بۆیە باسی شكست دەكەم چونكە گەر تۆش ئەمانە بناسیت تەنها بیر لەشكست دەكەیتەوە.
ترسێك باڵێ كێشاوە بەسەر نیشتماندا لە تارماییەكانی بەعس دەچێت، كەچی بەعس نییەو ترسی كۆنە شۆڕشگێڕەكانە!! زۆرێك لەنووسەركانیان كردە كۆیلەو نێردران تا هەرەمی شكۆی ئەوان بنووسنەوە، بڕێكیشیان بەچەشنی ئاسنگەرێك هەرخەریكی شكاندنی ئەو قفڵانەن دەسەڵاتدارەكانی ئێرە بۆ خەڵكی دروست دەكەن، لەبری ئەوەی لەناو رۆحی گەنجەكاندا بۆ نەتەوە بگەڕێیت، دەبێت بچیت لەناو بەیتەكانی حاجی قادردا بۆی بگەڕێیت!! تەنانەت رۆحی نەتەوەشیان كوشت و كردیانە رۆحی حیزب، تۆ سەیركە شەقام و كۆڵان و گەڕەكەكانیشیان ناشیرینكرد، ئەگەر كەسێك نەیەت بیانوەستێنێت هەموو شت دەشێوێنن، تكایە هەڵسەوە بەچاوی خۆت ببینە بزانە چیمان لێدەكەن ئەم كوردە ناڕەسەنانە.
جەنابی پایەبەرز...چی پیاوكوژی شەڕی ناوخۆ و چی جاش و كۆنە بەعسی هەیە خزاندویانەتە ناو زانكۆكانەوە تا كەرامەتی زانست بكشێنن، ئەوەی رۆژێك بەعسییەتی كردبێت بووەتە باشترین هاوڕێیان و ئەوەی رۆژێك نانێكی بە پێشمەرگەیەكیش دابێت لەسوچێكی ئەم وڵاتەدا فەرامۆشیانكردووە تا رۆحی كوردانەی بمرێت!! چی مزگەوت هەبوو پڕیانكرد لەخانەی سیاسەت، جا چ سیاسەتێك دیوە بۆگەنەكەی، كەچی ئەوەندە سەیرن بڕنەوەكان دەكەنە شانیان و جامانەكان دەكەنە سەریان بۆ ئەوەی لەتۆ بچن!! نازانن كەسانێك هەیە پێیاندەڵێت بڕنەوەكان دانێن ئێوە لەو ناچن.
كاتی خۆی ئەوانەی جاشایەتیان خولقاندو لەتۆ هەڵهاتن نەدەبوو بیانبەخشی، ئەوەی ئەوكاتە بەخشیت ئێستە یەكێكە لە كێشە گەوەركانی ئەم وڵاتە، سەچاوەی ئاوەكەت وشك بكردایە لەسەردەمی خۆیدا ئێستە رێرەوەكەی نەدەگۆرا، سەیركە ئێستە هەر ئەوانن لەگەڵ شۆڕشگێڕەكاندا وڵاتیان دابەشكردووە و هەر ئەوانیشن دەتوانن ئاشوبێكی باش بن، پێم سەیر بوو چۆن توانیت كاتی خۆی ئەو كەسە ناڕەسەنانە ببەخشی كە دەتزانی لەكۆتاییدا ئەو جەوهەرە پیسەیان دەبێـتە هۆی شێواندنی زۆر شت لەم نیشتمانەدا؟! كەچی بەو ناڕەسەنیەی خۆیانەوە لەگەڵ خەباتگێرەكاندا بوونەتە تیمێك بۆ پارچە پارچەكردنی كەلاكی نیشتمان، كەس تێناگات پیاوێك دێت نیشتمان دەكاتە گۆڕەپانی گەمەكانی خۆی و یەكێكی دیش دێت هەموو شتێك وێراندەكات لەپێناوی خۆیدا بۆ ئەوەی كورسییەكەی لەدەست نەچێت كەسیش نییە دەستیان بگرێت و بیانوەستێنن، ئیدی ئەو خەڵكە ئەوەندە بێكەس بووە قیبلەیەك نەماوە رۆی تێكات بۆیە دەڵێیت عاشورایە وڵات، كاتێكیش دەم دەكەنەوە شۆڕش دەكەنە قوتێك و دەیخۆن، بەڵام بەهەر هەموویانەوە ناتوانن قسەیەكی تۆ بهێنە دی كە بۆ كەركوكت كردبوو، سەیركە چەند لاوازن! چەند بەدبەختن بەهەموو هێزو توانای خۆیانەوە بەقەت قسەیەكی تۆ قورساییان نییە بۆ ئەم سەردەمەی ئێمە، نە توانای سیاسەتێكی پڕ بەرهەمیان هەیە، نە پێیان دەكرێت حوكمێكی عادیلانە لەوڵاتدا پەیڕەو بكەن، نە دەهێڵن خەڵك بەبێ ئینتیما بۆ حیزبەكانی ئەوان شەرەفمەندانە بژیت، نە كورسییەكان بەجێدەهێڵن و نە دەشتوانن ببنە حاكم، كەچی پێماندەڵێن نابێت قسە بكەن ئەوەی بەدەست هاتووە ئێمە دروستمانكردووە، بیریان چووەتەوە ئەگەر خەڵك نەبوایە ئەوان توانای هەنگاوێكی مەزنیان نەدەبوو، هەر كاتێكیش بە وشەیەك رووبەڕوویان ببیتەوە خەیاڵی تفەنگەكانیان دەكەن، بەس كەدەچنە سەر مێزی بێگانەیەك بۆ كێشەكانی وڵات بە دۆڕاوی دەگەڕێنەوە، دڵنیابە جەنابی سەركردە، هەمیشە ئێمە لە لێرەواری شكستدا دەژین و هیچ كەسێك نەیتوانیوە دڵنیامان بكاتەوە كە ئیدی ناكەوین و بەردەوام دەبین لەم ژیانە، هۆكەشی ئەوەیە خاوەنێكی راستەقینەمان نییە، بشمبورە بەناوی خۆتەوە نامەم بۆ ناردی، راستییەكەی لەئێستادا ئەوەندە خەڵكی خراپ نازناوی بارزانیان هەڵگرتووە پێم شەرمێكی گەورەیە تۆ تێكەڵی ئەوانە بكەم، ناوەكەی خۆتم پێباشتربوو تا وشەی بارزان بخەمە تەنیشت ناوەكەت لەبەر هیچ نا لەبەر ئەوانەی بەم ناوەوە ستەم لەخەڵك دەكەن و دەیانەوێت سێبەری ناوەكەشت بكەنە حوكمی دەسەڵات، چەن ئەسەفێكی گەوەرەیە جورئەتی ئەوە دەكەن بەناوی بارزانەوە خراپە دەكەن و شەرم لەتۆ ناكەن، دەشزانم تۆ بۆ ئەوەت نەكرد رۆژێك ئەم نازناوە ببێتە خەیرو بڕژێت بەسەر ئەواندا كەچی ئێستە وای لێهاتووە، ئەو ماندوو بوونانەی تۆ بەو نازناوەوە ئێستە كۆشك وتەلاری لەسەر بنیات دەنرێت، لەم ئاخریەدا دەڵێم حیكایەتی ئەم میللەتە لەگەڵ ئەمانەدا ئەوەندە سەختە زەحمەتە بتوانین هەمووی بگێڕینەوە، وەلێ تەمەنا دەكەین گۆڕانێك بێتـە پێشەوە چیدی ئەو دەموچاوە ئازاراویانە نەبینن و رۆژێك بێت لەرۆژەكانی حوكمڕانی ئەمانە نەچێت، تۆش نیگەران مەبە راكشێ تۆ لەمانە ناچیت و حەیفیشە بكەویتە بابی ئەمانەوە، ئێمە هەر هیچمان پێنەكرێت دەتوانین تۆ و قازی لەم مەخلوقانەی ئێستە جیابكەینەوە، دڵنیاشم زۆری پێناچێت درزێك دەكەوێتە دەسەڵاتیان و مۆدێلێكی دی سەر هەڵدەدات كە لەمەی ئێستە نەچێت.
*****************************
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست