کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پیاوه‌ گه‌وره‌کان ناسنامه‌ی تایبه‌تیی خۆیان هه‌یه‌‌! چۆن کۆسره‌ت ده‌بێت به‌ گیڤارا؟

Saturday, 06/11/2010, 12:00


مرۆڤه‌ گه‌وره‌کان ئه‌و که‌سانه‌ن، به‌ خزمه‌تکردن و هه‌وڵ و کۆشیی خۆیان ناسنامه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ خۆیان دروست ده‌که‌ن‌، که‌ تێکه‌ڵ به‌ناسنامه‌ی که‌سانی تر نه‌بێت. ئه‌و مرۆڤانه‌‌ بۆیه پێیان ده‌گووترێت‌ گه‌وره‌، ‌ په‌یامی گه‌وره‌یی خۆیان پێیه‌، چ بۆ پێشکه‌وتن له‌ بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگادا و چ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌کی نوێی‌ بۆ خزمه‌تکردن و پێشکه‌وتن، په‌یامیی ئه‌مان شۆڕشه‌ له‌ بیر و هزری خه‌ڵکییدا.لێ هه‌موو ئه‌م که‌سایه‌تییانه‌ له‌ خاڵێکدا یه‌ک ده‌گرنه‌وه‌ ئه‌ویش له‌خۆبوورده‌یی و نه‌بوونی گیانی خۆویستیی. بوونیه‌تیی ئه‌و خاڵه‌ش‌ له‌و که‌سایه‌تییانه‌دا دروست ده‌بێت، که‌ بیرمه‌ند و خوێنه‌واربن، به‌ کاره‌کانیان پێشبینییه‌کی رووناک بۆ داهاتوو ده‌که‌ن.

غاندی بۆیه‌ غاندییه‌ و بووه‌ ڕابه‌ڕی گه‌لانی هیندستان، چونکه‌ که‌سایه‌تییه‌کی تایبه‌تمه‌ند بوو. له‌ کات و سه‌رده‌م و شوێنی تایبه‌تیی خۆیدا، ئه‌و گاندییه‌ گه‌وره‌ بوو، که‌ ئه‌وانه‌ی له‌ دوایه‌وه‌ هاتن، نه‌یانتوانیی وه‌ک گاندیی بناسرێن، هیندستانی دوای گاندیی پێویستیی به‌ گاندیی نه‌مابوو، به‌ڵام شوێنپێکه‌ی ده‌بوو که‌سێکی تر هه‌ڵیگرتایه‌ و ئه‌و په‌یام و رێگایه‌ی دروستی کردبوو، کوێر نه‌بێته‌وه‌. دوای گاندیی کچ و کوڕه‌زا و زاواکه‌شی، ته‌نانه‌ت به‌ نه‌هرۆشه‌وه‌، نه‌یان توانی ببنه‌ گاندییه‌کی تر، چونکه‌ وه‌ک وتم سه‌رده‌م و کات و تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌ی خۆی پێویستیی به‌ یه‌ک گاندیی هه‌بوو نه‌ک به‌ دوان. ئه‌وانه‌ی دوای گاندیش هاتن، بۆ خۆشیان نه‌یان ویست پێیان بگوترێت گاندیی، چ جای سه‌رکرده‌ و رابه‌ڕانی دیکه‌ی جیهان‌، که‌ هه‌ر یه‌که‌ له‌ گۆشه‌نیگای ژیانی خه‌باتی خۆیانه‌وه‌، وه‌ک گاندیی تێکۆشاون و خه‌باتیان کردووه‌ و وڵاتی خۆیان ئازاد و رزگار کردووه‌. میلله‌تی زیندوو سه‌رکرده‌ی فه‌ل و ساخته‌چیی دروست ناکات، سه‌رکرده‌ی راسته‌قینه‌ش رازیی نابێت له‌ ره‌سه‌نایه‌تیی خۆی دابماڵردرێت و به‌رگێکی دیکه‌ی بکرێت به‌ به‌ردا.

         ماندێلای کوردستان                          تاڵه‌بانی ئه‌فه‌ریقییه‌کان

ماندێلاش ئه‌و سه‌رکرده‌ و پیاوه‌ مه‌زنه‌بوو، که‌25 ساڵی له‌ ته‌مه‌نی لاوی خۆی له‌ زیندا به‌سه‌ر برد. په‌یامه‌که‌ی هێنده‌ پیرۆز بوو، توانی گیان بکات به‌ به‌ری بزووتنه‌وه‌ی گه‌له‌که‌یدا و له‌ کۆیلایه‌تیی رزگاریی بکات، ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌فه‌ریقای خواروو جیاوازییه‌ک نه‌ماوه‌ له‌ نێوان ره‌شپێست و سپییدا، هه‌موویان وه‌کو یه‌ک هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن، ماندێلا له‌ ژنه‌که‌ی جیابوویه‌وه‌، چونکه‌ زانی ژنێکی گه‌نده‌ڵ و لووتبه‌رزی هه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتی مێرده‌که‌ی به‌کار ده‌هێنێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کانی خۆی. من تێناگه‌م چۆن که‌سێکی وه‌کو ره‌فیق سابیر، رووی دێت شیعر ده‌نووسێت، به‌ دکتۆرایه‌کی ساڵانی هه‌شتای بولگاریاوه‌، گوایه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌دا وه‌ریگرتووه‌، ئه‌وه‌نده‌ ساخته‌کار و چاوقایمانه‌، تاڵه‌بانی ده‌چوێنێت به‌ ماندێلا؟  تاڵه‌بانی چی له‌ ماندێلا ده‌چێت؟ ئایا تاڵه‌بانی بۆ رۆژێک له‌ زینداندا بووه‌؟ لێپرسینه‌وه‌ی له‌ هێرۆی ژنی کردووه‌؟ بۆ رۆژێک له‌ هێرۆ جیابوویه‌وه‌، که‌ ده‌زانێت پیسترین و ناپاکتریین و ناشرینترین مێینه‌ی ناو ده‌سه‌ڵاته‌؟ ئایا ماندێلا وه‌ک تاڵه‌بانی ئه‌وه‌نده‌ پاشقولی له‌ خه‌ڵکی کوردستان و پێشمه‌رگه‌ و هاوڕێکانی خۆی گرتووه‌؟ ئایا ماندێلا وتوویه‌تیی خه‌باتیی ره‌شه‌کان خه‌ونه‌؟ پێی وتوون بڕۆن پێستی خۆتان بگۆڕن، ببن به‌ سپیی؟ پێی وتوون ئه‌گه‌ر پێسته‌که‌تان نه‌گۆڕدرا ببن به‌ کۆیله‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌ پێست سپیه‌کان؟ ئایا سامانی ئه‌فه‌ریقای خسته‌ گیرفانی خۆیه‌وه‌؟ ئایا سازشی له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ر و دوژمنه‌کاندا کردووه‌؟ ئایا ژنی بۆ کوڕه‌که‌ی هێناوه‌ که‌ 7 ملیۆن دۆلاری تێبچێت؟ ئایا وه‌ک تاڵه‌بانی جلوبه‌رگی ساڵانه‌ی بای ملیۆنێک دۆلار بووه‌؟ ئه‌مانه‌ هه‌مویی تاڵه‌بانیی کردوویه‌تیی، لێ  ماندێلا نه‌یکردووه‌، ئیتر تاڵه‌بانی چیی له‌ ماندێلا ده‌چێت؟ کاتێک تاڵه‌بانی ده‌کرێت به‌ ماندێلا ئه‌وه‌ گه‌وره‌بوونی تاڵه‌بانیی پیشان نادات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، رووی راسته‌قینه‌ی پیشان ده‌درێت، که‌ چۆن نووسه‌ر و شاعیره‌کان رووی تاڵه‌بانیی به‌ ده‌مامکه‌وه‌ پیشان ده‌ده‌ن و رووه‌ ناشرینییه‌کانی ده‌شارنه‌وه‌. ره‌فیق سابیر بۆ پاره‌ و بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌موو شتێک ده‌کات. بۆیه‌ ئه‌و ده‌مامکه‌ی بۆ تاڵه‌بانی دروست کرد.


به‌ڕێز گاندیی ناسراو به‌ مه‌لا مسته‌فای هیندستان

حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌نیش، که‌ مه‌لا مسته‌فای کرد به‌ گاندیی، پێی وابوو گاندیی ئاشبه‌تاڵی به‌ گه‌لانی هیندستان کردووه‌، پێی وابوو، پاره‌یه‌کی زۆری ئه‌و میلله‌ته‌ی دزییوه‌ و رووی له‌ ئه‌مه‌ریکا کردووه‌، پێی وابوو گاندیش پیاو کوژه‌ و هه‌زاران هاوڵاتیی هیندستانی ته‌سلیم به‌ پاکستان کردۆته‌وه‌! پێی وابوو مه‌لا مسته‌فاش وه‌ک گاندی جله‌که‌ی به‌ری خۆی،  به‌ ده‌ستی خۆی دوریوه‌  و شیری  بزنه‌که‌ی خۆی ده‌خواته‌وه‌ و ته‌شی بۆ خۆی ده‌ڕێسێ، نه‌ک بۆ داگیرکه‌ر و دوژمنی گه‌له‌که‌ی، پێی وابوو چۆن بارزانی به‌ سۆرانی ده‌گووت سووره‌ی قوونده‌ر، ئاوا گاندییش هه‌مان جنێوی به‌ موسڵمانه‌کانی هیندستان داوه‌. بۆیه‌ حه‌مه‌ سه‌عید مه‌لا مسته‌فای خسته‌ ریزی  گاندیی.


ئه‌گه‌ر مه‌لا مسته‌فا غاندیی بێت، که‌وابوو غاندییش مه‌لا مسته‌فایه‌!!

ته‌ها به‌رواری وه‌زیری لاوانیش، که‌ نێچیرڤان وه‌زاره‌تێکی بۆ دروست کردبوو، ڕۆژێک له‌ ڕادیۆی هاوپشتیدا له‌کاتی قسه‌کردن له‌سه‌ر گرتن و بێسه‌روشوێنکردنی د که‌مالی سه‌ید قادر، ئه‌ویش ووتی (مه‌لامسته‌فا) هه‌روه‌ک گاندییه‌. من هێنده‌ ته‌ریق بوومه‌وه‌، به‌زه‌ییم به‌ خوودی گاندییدا ده‌هاته‌وه‌. ئاخر مه‌لامسته‌فا، که‌ میلله‌ته‌که‌ی خۆی جێ هێشت و بۆ چه‌ند ساڵێک له‌خه‌سته‌خانه‌کانی واشنتۆندا که‌وتبوو، به‌ڵام گاندی نه‌ک گه‌لی هندستانی جێ نه‌هێشت، که‌ مردیش بزنێک و جوتێ سه‌نده‌ڵیی و په‌شته‌ماڵێک و چاویلکه‌یه‌کی له‌پاش جێما، ئیستاش ووته‌کانی غاندی لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێ، فلیمیان له‌سه‌ر ده‌رکرد و تا ئیستا 10 ئۆسکاری وه‌رگرتووه‌. نووسین و بیره‌وه‌رییه‌کانی گاندی وه‌رگێراونه‌ته‌ سه‌ر 126 زمانی جیهانیی. مه‌لا مسته‌فاش منداڵ و بنه‌ماڵه‌یه‌کی خائین و ناپاکی بۆ به‌جێ هێشتیین، له‌گه‌ل ئه‌م ئه‌م وته‌ جوانه‌ی که‌ له‌و فلیمه‌ی خواره‌وه‌دا گوێتان لێی ده‌بێت‌:




ئه‌ی کۆسره‌ت ره‌سوڵ چیی له‌ گیڤارا ده‌چێت؟
چه‌ند که‌سێکی ده‌سته‌ڵات به‌چکه‌ی ده‌ربار، بۆ ئه‌وه‌ی ‌ لای کۆسره‌ت خۆیان خۆشه‌ویست بکه‌ن، له‌ پاڵییدا که‌مێک پاره‌ بخه‌نه‌ گیرفانیانه‌وه‌، و پۆستێک بپچڕینن، که‌ له‌م نموونانه‌ وه‌ک مێش و مه‌گه‌ز له‌ ده‌وری ئه‌و به‌رپرسانه‌ کۆبوونه‌ته‌وه‌، پێشنیاری ئه‌وه‌یان کردووه‌ کاک کۆسره‌ت ره‌سووڵ ماڵپه‌ڕێکی تایبه‌ت به‌ خۆی بکاته‌وه‌ و هه‌رچیی له‌ شاخ کردووه‌، هه‌رچی له‌ شار کردووه‌ بۆی رووتووش بکه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و شایه‌رانه‌دا که‌ گۆرانییان به‌سه‌رییدا هه‌ڵداوه‌ بیخه‌نه‌ ناو ماڵپه‌ره‌که‌یه‌وه‌، دیاره‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بێت له‌ پریاسکه‌یه‌کدا بێت و ناوی تایبه‌تیی خۆی هه‌بێت، ئه‌و پریاسکه‌یه‌شیان ناو لێناوه‌ گیڤارای کورد، واته‌ کۆسره‌ت ره‌سوڵ گیڤارای کورده‌! ئینجا با بزانین جیاوازی ئه‌م دووانه‌ چییه‌، چونکه‌ من لێکچوونێکم نه‌دۆزییه‌وه‌، ده‌نا ده‌ستیشم بۆ ئه‌وه‌ راده‌کێشا و باسم ده‌کرد.

گیڤارا، کاتێک به‌زامداری ده‌گیرێ دوای کاتژمێرێک ده‌زگای (سی ئای ئه‌ی ئه‌مه‌ریکی) و (سوپای پۆلیڤیا) بڕیاری کوشتنی ده‌ده‌ن، پێی ده‌ڵێن: ئیستا گولله‌ بارانت ده‌که‌ین! پێمان بڵێ داواکاریت چییه؟‌ گیڤارا ده‌ڵێ:
(من هیچ سه‌رمایه‌یه‌کم له‌پاش خۆم به‌جێنه‌هێشتوه‌ بۆ ماڵ و منداڵه‌که‌م، له‌وه‌ش پاشیمان نیم).
(ئه‌گه‌ر‌ گولله‌بارانم ده‌که‌ن، تکایه‌ ته‌قه‌ له‌ سه‌رم مه‌که‌ن)
(به‌ژنه‌که‌شم بڵێن: با به‌دڵی خۆی مێردێکی تر بکاته‌وه‌).
*************************

کۆسره‌ت لێره‌دا چی له‌ گیڤارا ده‌چێت؟
کۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌ هۆی دزیینی پاره‌ی حیزب و حکومه‌ت و بودجه‌، له‌ پاڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌تی‌، بۆته‌ خاوه‌نی سه‌دان ملیۆن دۆلار و به‌ ده‌یان کۆمپانیا و به‌ سه‌دان زه‌ویی داگیرکردووه‌. کۆسره‌ت وه‌ک پێشمه‌رگه‌ ئازابوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ترسنۆکترین که‌سه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ی بوو به‌ خاوه‌نی سه‌رمایه‌ و ده‌سه‌ڵات، غیره‌تی پێنامێنێت‌‌، چیدیی ئاماده‌ نییه‌‌، ‌چرکه‌یه‌ک له‌ ژیانی خۆی بکاته‌ قوربانی و له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی  که‌ پێشتر بڕوای پێی بوو جارێکی تر بیکاته‌وه‌! ئه‌وه‌ی له‌ رابردوودا کردوویه‌تیی، بۆته‌ مێژوویه‌ک، ئه‌وه‌ی لێبکه‌یته‌وه‌ رووت ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ سه‌ر لاکیی مێژووی رابردووی خۆیدا سه‌رده‌که‌وێت و ده‌ڵێت من پێشمه‌رگایه‌تییم کردووه‌ و که‌وشم له‌ شاخ دڕیوه‌، له‌وه‌ زیاتر  هیچ شتێکی پێ نییه‌ شانازیی پێوه‌بکات.
کاتێک وڵاتی کوبا رزگاری بوو، کاسترۆ پۆستی وه‌زیری دا به‌ گیڤارا، به‌ڵام چونکه‌ گیڤارا شۆڕشگێڕێکی راسته‌قینه‌ و مرۆڤدۆست بوو، ئه‌وه‌ی ره‌تکرده‌وه‌، گه‌ڕا... گه‌ڕا، تا بزانێت له‌کوێ خه‌ڵکیی چه‌وساوه‌یه‌ و نان نییه‌، له‌ کوێ که‌سه‌کان ئازاد نییین‌، بڕیاری دا بچێت بۆ ئه‌و شوێنه‌، چووه‌ بۆلیڤیا و خه‌باتی خۆی ده‌ست پێکرده‌وه‌.  ئایا کۆسره‌ت ره‌سووڵ ئه‌وه‌ی کرد، یان ئاماده‌یه‌ بیکات؟ ئیتر کوێی له‌ گیڤارا ده‌چێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و کۆپی گیڤارایه‌ ده‌بوو له‌ خیانه‌ته‌کانی تاڵه‌بانی رازیی نه‌بوایه‌ و یاخیی بوونی خۆی رابگه‌یاندایه‌، پلانی دابنایه‌ بۆ نه‌مان و نه‌هێشتنی تاڵه‌بانی، هه‌رچی خائین و ناپاکانی ناو شۆڕش هه‌یه‌ ئه‌وانیشی نه‌هێشتایه‌‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سێکی خاوه‌ن په‌یامی شۆڕشگێڕانه‌ بوو، ده‌بوو له‌ مانای ئه‌و رۆژانه‌ بگه‌یشتایه‌ که‌ چۆن و بۆچی چه‌کی تێدا کردۆته‌ شان، ئایا بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی کورد بوو‌، یان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ناو شار و دزیی و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و سووککردنی که‌رامه‌تیی میلله‌ته‌که‌ی بوو؟

کۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌بوو خاوه‌نی په‌یامی پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازا و دڵسۆزبووایه‌، کاتێک تاله‌بانی ده‌ڵێت ده‌وڵه‌تی کوردی له‌ میسته‌حیل موسته‌حیلتره‌، ئه‌م تا هێزی تێدابوایه‌ بیدایه‌ به‌ ده‌مییدا و ده‌می خوار و گیانی سه‌قه‌ت بکردایه‌، چونکه‌ تاڵه‌بانی نه‌ک سووکایتی به‌ کورد، به‌ڵکو سووکایه‌تیی به‌ مێژووی کۆسره‌تیش ده‌کات و درۆزن و ساخته‌چیی ده‌رچوو، کاتێک له‌ شاخ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ی به‌ کوشت ده‌دا. ئه‌گه‌ر گیڤارای کورد بووایه‌ ئه‌و وای له‌ تاڵه‌بانی ده‌کرد.
گیڤارا خاوه‌نی هیچ شتێک نه‌بوو، به‌ڵام کۆسره‌ت خاوه‌نی هه‌موو شتێکه‌. گیڤارا پۆست و پله‌ی حیزبی پێ قبووڵ نه‌بوو، به‌ڵام کۆسره‌ت به‌ دوای پۆستدا راده‌کات، ئه‌و سه‌رۆکوه‌زیران بووه‌، جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم بوو، جێگریی سکرتێری یه‌کێتییه‌، نه‌ک ئه‌مه‌ گیرفانی هه‌رچی که‌سوکار و خزمێتیی پڕی کردووه‌ له‌ پاره‌ و له‌ دۆلار، کوڕه‌که‌ی که‌ بۆنی شیری خاوی سیاسه‌ت له‌ ده‌می دێ، ده‌یه‌وێت پۆستی هه‌بێت و جێگای خۆی بگرێته‌وه‌. کۆسره‌ت که‌مئه‌ندامه‌ و ده‌بوو له‌ جێگادا دابنیشێت، واز له‌هه‌موو چالاکییه‌ک بهێنێت، که‌چی ئه‌وه‌ ناکات، ئایا گیڤارا له‌ شوێنی کۆسره‌ت بووایه‌ وای ده‌کرد؟ گیڤارا ژنه‌که‌ی راده‌سپێرێت و ده‌ڵێ: دوای من به‌ دڵی خۆت شوو بکه‌ره‌وه‌. چاو له‌و جوانییه‌ی گیڤارابێت، نه‌ک کۆسره‌ت چ که‌سێک له‌م سیاسیی و ماسییانه‌ی کورد به‌ بیرکردنه‌وه‌ش قسه‌یه‌کی وا ده‌که‌ن و ده‌ماریان گرژناکه‌ن؟ نووسه‌رێک که‌ رازیی نییه‌ ناوی بهێنم، ده‌ڵێت هێنده‌م دۆکۆمێنت له‌به‌ر ده‌ستدایه‌، ته‌نها چوار که‌س نه‌بێت، هه‌رچی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی و بنکردایه‌تیی یه‌کێتیی هه‌یه‌،‌  هه‌موو داوێنپیس و شه‌ڕواڵییان پیس کردووه‌‌، ئه‌و چوار که‌سه‌ش ئه‌مانه‌ن (نه‌وشیروان موسته‌فا، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، عوسمانی حاجی مه‌حمود، له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانیی). واته‌ کۆسره‌ت له‌مه‌شدا سفر وه‌رده‌گرێت، بۆیه‌ له‌ نێوان کۆسره‌ت و گیڤارادا جیاوازی زۆره‌ و له‌ سه‌ر ئه‌مه‌ زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ر ناکه‌م.

گیڤارا ده‌ڵێت:
 تا کاتێک دژایه‌تییه‌کانی چینایه‌تیی و سیاسه‌ته‌کانی دژ به‌ زه‌حمه‌تکێش مابێت، هیچ دورگه‌یه‌کی ئامانگرتوو له‌ جیهاندا بوونی نابێت.
ئه‌گه‌ر کۆسره‌ت ره‌سوڵ گیڤارای کوردبووایه‌، وا بیری بکردایه‌ته‌وه‌، نه‌ده‌بوو به‌دیار ره‌حم و شه‌فاعه‌تی تاله‌بانییه‌وه‌ دابنیشتایه‌ و ئه‌و هه‌موو سووکایه‌تییه‌ قبووڵ بکات، ئاخر پیاوی گه‌وره‌، به‌ واتا عیزه‌تی نه‌فس و که‌رامه‌تیی به‌رز!  کێ هه‌یه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانییدا مابێته‌وه‌ و بڵێت من خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و جوانییانه‌م، یان بڵێ من خاوه‌نی شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تم!؟ به‌پێ ئه‌و په‌یامه‌ی گیڤارا، ده‌بوو کۆسره‌ت ره‌سول ئه‌مڕۆ له‌ قه‌ندیل بووایه‌، له‌پاڵ خوشک و برا گه‌ریلاکانیی شان به‌شان خه‌باتی بکردایه‌، خۆ مه‌رج نییه‌ هه‌موو که‌س په‌که‌که‌ بێت، ناسنامه‌ی کوردبوونمان، چاو له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کان ده‌پۆشێت، وامان لیده‌کات هه‌موو یه‌ک ڕیز و یه‌ک ده‌نگ، له‌گه‌ڵ یه‌کدا ته‌بابین، ئه‌وه‌ په‌یامی گیڤارابوو، ئه‌گه‌ر کورد گیڤارایه‌کی تێدایه‌ ده‌بێت ئاوا بیربکاته‌وه‌.  گیڤارا له‌ کوباوه‌ چوو بۆ بۆلیڤیا، کۆسره‌تیش ده‌بوو له‌ شاره‌وه‌ بچێته‌ قه‌ندیل، نه‌ک بچێت بۆ دوکان و سه‌ری ره‌ش، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ماڵه‌وه‌ دانیشێت و هیچ نه‌کات.

کۆسره‌ت چی له ‌دوای خۆی به‌جێ ده‌هێڵێت؟
کۆسره‌ت ڕازییه‌  به‌و ‌په‌یڤه‌ی گیڤارا، که‌ له‌ناو ماڵپه‌ره‌که‌دا بۆیان داناوه‌، بێده‌نگیی نیشانه‌ی ره‌زامه‌ندییه‌، ره‌نگه‌ له‌ خۆشییدا کاتێک ئه‌و ماڵپه‌ره‌یان پیشانداوه‌، شاگه‌شبووبێت. منیش کاتێک ماڵپه‌ره‌که‌ی کۆسره‌تم بینی، شانۆگه‌ری نووسه‌رێکم بیرکه‌وته‌وه‌، که‌ خوێندبوومه‌وه‌، له‌و ‌شانۆگه‌رییه‌دا ‌قسه‌یه‌کی جوان سه‌رنجی راکێشام، هه‌رگیز له‌ بیرم ناچێته‌وه:‌ (هه‌موو که‌سێکی ترسنۆک ده‌توانێ پاڵ بدات به‌کێلی پیاوێکی قاره‌مانه‌وه‌).

له ‌ماڵپه‌ره‌که‌دا راپرسییه‌کی ساخته‌کارانه‌ کراوه‌، هیچی تێدا نه‌هێڵراوه‌ته‌وه‌، تا تۆ به‌ دڵی خۆت وه‌ڵام بده‌یته‌وه‌، جیاواز له‌وه‌ی ئه‌وان، که‌ پێیان خۆشه‌. چوار پرسیاریان کردووه‌، هه‌رچییه‌ک وه‌ڵام بده‌یته‌وه‌ به‌ دڵێ ئه‌وانه‌:
*************
چی بکرێت بۆ کۆسره‌ت به‌رامبه‌ر به‌و خزمه‌ته‌ی که‌ کردوویه‌تیی؟
1. په‌یکه‌ری بۆ دروست بکه‌ین؟
2. بکرێته‌ ره‌مزی کوردایه‌تی؟
3. هه‌موو شتێکی قابیله‌؟
4. تاکه‌ که‌سه‌ به‌ دڵسۆزی شۆڕشی کردووه‌؟).

***********
له‌وه ‌شه‌رمه‌زاریی تر نییه‌ مرۆڤی زیندوو، داوا بکات په‌یکه‌ری بۆ دروست بکرێت. کۆسره‌ت پیاوێکه‌ له ‌ڕابردوودا، ئه‌گه‌ر جوان بوو بێت، ته‌مه‌نی پێشمه‌رگایه‌تییه‌که‌ی ته‌نها سێ ساڵ بووه‌. په‌ندێکی داغستانی هه‌یه‌،‌ که ‌ده‌ڵێت: (پیاوێک ئه‌گه‌ر دانیشتبوو، ئیتر که‌س نازانێ، ئه‌و پیاوه‌ شه‌له‌، یان قاچ ساغ). کۆسره‌ت پێویست به‌وه‌ ناکات هه‌ڵبستێت تا ئێمه‌ بزانین چۆنه‌.
کوسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌وه‌نده‌ له‌ شه‌ڕی کوردکوژیی و شه‌ڕی ناوخۆدا شه‌ڕی کردووه‌ و ده‌ستی چۆته‌ خوێنی کورده‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ له‌ به‌عسیی و ئیستیخبارات و سوپای عیراقی نه‌کوشتووه‌، ئایا ئه‌مه‌ داده‌نرێت به‌وه‌ی که‌ کۆسره‌ت تاکه‌ دڵسۆزی کورد و شۆڕشه‌که‌ی بووبێت؟ ئایا ئه‌و کارانه‌ی تا ئیستا کردوویه‌تیی سیمبوڵی کوردایه‌تیین؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ من حاشا له‌ کوردبوونی خۆشم ده‌که‌م.
کۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌گه‌ر خۆکوژییش بکات، هیچ شتێکی ناگاته‌ چرکه‌ ساتێکی گیڤارا، با له‌وه ‌زیاتریش خۆی سوک نه‌کات. گیڤارا کاتێکی نه‌بوو پشووی تیا بدات، ئه‌گه‌ر هه‌شیبووبێت، کتێبێکی تێدا خوێندۆته‌وه‌. من له‌ کۆسره‌ت ده‌پرسم: تا ئیستا به‌ڕێزتان، نه‌ک ته‌نها خۆتان، هه‌موو ئه‌ندامانی مه‌کته‌به‌ سیاسییه‌که‌شتان چه‌ندتان کتێب خوێندۆته‌وه‌؟ ته‌ماشای ئه‌و وێنه‌یه‌ بکه‌، به‌ هه‌مووتان به‌ قه‌ده‌ر کاکه ‌(وشیار زێباری)ی خاڵی مه‌سعود بارزانییتان نه‌خوێندۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ نییه‌  له‌ کۆبوونه‌وه‌ و سیمینار و ئاهه‌نگه‌کانیشدا کتێبێک به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌گرێت و ده‌یخوێنێته‌وه‌؟

 وشیار زێباری، زۆر وشیاره‌ به‌ هه‌ڵه‌وگێڕاوه‌ییش ده‌توانێت کتێب بخوینێته‌وه‌

************************************************************
گۆرانی شایه‌رێک له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ی گیڤارای کورده‌وه‌





بۆ بینینی سایته‌که‌ی کۆسره‌ت ره‌سوڵ کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:
www.kosratrasul.org

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە