فراكسیۆن گۆڕان له دو ساڵی كاری په‌رله‌مانی دا
Tuesday, 26/07/2011, 12:00
دو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له 25\7\2009، گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری دروشمی به‌رگریكردن له خه‌ڵكی هه‌ژاری كوردستان و به‌گژاچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵ و حوكمڕانی نادادپه‌روه‌رانه‌ی له كوردستان به‌رزكرده‌وه و به ئومێدێكی گه‌وره‌وه به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد، ئه‌م به‌شداریكردنه سه‌ره‌تای كۆتایی هێنان بو به دۆخی چه‌قبه‌ستویی سیاسی كوردستان و دابه‌شكردنی سامانی وڵات به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات و بێده‌نگبونی هه‌ر لایه‌ك له هه‌ڵه‌كانی لایه‌نه‌كانی دیكه. سه‌ره‌ڕای گوشاره جۆربه‌جۆره‌كانی ده‌سه‌ڵات له سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان و به‌كارهێنانی سامانی گشتی و چه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه توانی 25 كورسی په‌رله‌مانی كوردستان به ده‌ست بێنێت و له‌گه‌ڵ بونی تێبینییه‌كی زۆر له‌سه‌ر شێوازی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه، به‌ڵام له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجامه‌كه‌مان قبوڵ كرد و گوێمان نه‌دایه وه‌رگرتن یاخود وه‌رنه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن چونكه ئێمه ئه‌وساش و ئێستاش ئه‌وه‌ی گرنگه به لامانه‌وه چاكسازیه له سیستمی سیاسی كوردستان نه‌ك شتێكی دیكه. گۆڕان هه‌روه‌ك به‌ڵێنی داب‌و به هه‌ڵبژاردنی ئۆپۆزیسیۆن بون و قۆناغێكی سیاسی تازه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هێنایه ئارا. فراكسیۆنی گۆڕان پاش دو ساڵ له كاری په‌رله‌مانی و ئۆپۆزسیۆن بون به پێویستی زانی هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ كاره‌كانی بكات وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن له په‌رله‌مانی كوردستاندا.
فراكسیۆنی گۆڕان باوه‌ڕی ته‌واوی به‌وه هه‌یه كه سروشتی كاری په‌رله‌مانی په‌یوه‌سته به رێكخستنێكی ته‌ندروستی كۆمه‌ڵگا له كایه سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕییه‌كاندا، كاره‌كانی په‌رله‌مانێكی كارا پێویسته له چوارچێوه‌ی خه‌می خه‌ڵك له‌و كایانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا به‌رجه‌سته ببێت و وه‌ك به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی سیستمێكی دیموكراسی گه‌ڵاڵه‌كردنی پرۆژه یاسا و به‌دواداچون بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایانه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه له ئه‌ستۆی خۆی بگرێت. به‌مافی خه‌ڵكی ده‌زانین له رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانیانه‌وه، خۆیان بڕیار له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و پرس و دۆزه چاره‌نوسسازانه بده‌ن كه په‌یوه‌ندی به گوزه‌ران و ئاینده‌ی نه‌وه‌كانیانه‌وه هه‌یه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌چه‌ند ساڵی رابردودا به‌و تێڕوانین و په‌یامه‌وه كاری كردوه كه كۆمه‌ڵگای كه‌متر به‌سه‌رچاوه‌ی كاره‌كانی خۆی زانیوه و له‌سه‌روی خه‌ڵكه‌وه بڕیار له‌سه‌ر زۆربه‌ی كه‌یسه‌كان دراوه، له‌و باوه‌ڕه‌شداین ته‌بایی له‌كاری په‌رله‌مانیدا بابه‌تێكی ئه‌رێنیه، به شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بێت و ته‌لاری په‌رله‌مان نه‌كرێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ تێپه‌ڕاندنی هه‌مو ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌ڕژێنه به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان وه‌ك له ماوه‌ی رابردودا به‌رێوه چوه. بۆیه به هاتنی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ نێو ته‌لاری په‌رله‌مان، توانرا ئه‌و ریتمه كلاسیكیه هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت و سنورێك بۆ سه‌پاندنی ئیراده‌ی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی حیزب دابنرێت.
له پاڵ ئه‌وه‌ی سیستمی كاری په‌رله‌مانی له كوردستان سیستمێكی قورسه، به‌ڵام فراكسیۆنی گۆڕان له پاڵ ئه‌مه‌شدا توانی ته‌كانێك به‌كاری په‌رله‌مانی بدات و له‌و چه‌قبه‌ستن و پێكوته‌كردنه‌ی كه پێشتر پێی ده‌ناسرایه‌وه تا راده‌یه‌ك رزگاری بكات. ئه‌و ته‌كانه‌ش له ئاوێته‌كردنی كاری په‌رله‌مانی به خه‌می خه‌ڵكی كوردستان خۆی ده‌بینێته‌وه.
ئه‌و كارانه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان له ماوه‌ی دو ساڵی كاركردنیدا ئه‌نجامی داوه له سه‌ر چه‌ند ئاستێكی جیاواز بوه:
1- كاركردن له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و كه‌یسانه‌ی په‌یوه‌ندی به بودجه و داهاتی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه هه‌یه، له كاتێكدا پێشتر كه‌مترین هۆشیاری له چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی پشكی هه‌رێم 17% و داهاته ناوخۆییه‌كان هه‌بوه و فراكسیۆنه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش به‌پێی ویست و داخوازی حیزبه‌كانیان ساڵانه كاریان بۆ تێپه‌راندنی كردوه. فراكسیۆنی گۆڕان توانیویه‌تی له‌سه‌روبه‌ندی گفتوگۆكانی بوجه‌دا ره‌خنه‌ی توندی له ناڕونی داهات و شێوازی خه‌رج كردنیدا هه‌بوه و زۆربه‌ی ئه‌و كه‌لێنانه‌ی له بودجه‌ی ساڵانه‌دا وێنا ده‌بون بۆ رای گشتی رونكردۆته‌وه و زۆر ده‌سكه‌وتیش بۆ خه‌ڵكی كوردستان له‌رێگای شكاندنه‌وه‌ی بودجه‌ی گشتی به‌لای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌ودا ده‌سته‌به‌ركراوه.
2- هه‌وڵی به‌رده‌وامی فراكسیۆنی گۆڕان له‌سه‌ر پرسی دروستكردنی سوپایه‌كی یه‌كگرتوی نیشتمانی و چاككردنی ژیان و گوزرانی ئه‌م هێزانه و كۆتایی هێنان به دیارده‌ی چه‌كداری حیزبی له رێگای پێشكه‌شكردنی پرۆژه یاسای گونجاوه‌وه.
3- به مه‌به‌ستی به دامه‌زراوه‌كردنی وڵات و سه‌روه‌ركردنی یاسا، چه‌ندین پرۆژه یاسا له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌وه پێشكه‌ش كراوه كه خۆی ده‌بینێته‌وه له (43) پرۆژه یاسا به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه ژماره‌یه‌كی زۆر له‌م پرۆژانه له سه‌ر بنه‌مای دیكتاتۆریه‌تی زۆرینه ره‌تكرانه‌وه.
4- له‌ڕوی لێپرسینه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ژماره‌یه‌كی زۆر پرسیار وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاوی لێپرسینه‌وه له لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه ئاراسته‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كراون و دواتریش بانگهێشتی به‌رپرسان بۆ ناو هۆڵی په‌رله‌مان و لیژنه‌كان به مه‌به‌ستی لێپێچینه‌وه له به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی و پێشێلكردنی یاسا كارپێكراوه‌كان.
5- داكۆكیكردنی لێبڕاوانه له ماف و ئازادیه‌كانی هاونیشتمانیان و هه‌وڵدان بۆ رێگه‌گرتن له تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌بنه هۆی به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادیه‌كان و پێشێلكردنی مافی هاوڵاتیان و وشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان و گه‌یاندنی راستیه‌كان پێیان و دروستكردنی رای گشتی له باره‌یانه‌وه.
6. به‌ریگردن له شه‌قام و پاڵپشتی كردنی داواكاری خۆپیشانده‌ران و به‌شداری كارای په‌رله‌مانتاران له‌و خۆپیشاندانانه‌ی ته‌عبیرن له خواستی هاوڵاتیان و هه‌وڵدان بۆ به یاسایی كردنی ئه‌و داواكاریانه و چاره‌سه‌ركردنیان.
رێگریه‌كانی به‌رده‌م كاری په‌رله‌مانی فراكسیۆنی گۆڕان
فراكسیۆنی گۆڕان له ماوه‌ی دو ساڵی رابردودا روبه‌ڕوی كۆمه‌ڵێك رێگری بوه‌ته‌وه كه تا راده‌یه‌ك كۆسپ بون له به‌رده‌م كاره‌كانیدا:
_هه‌ژمونی حیزبی به‌سه‌ر په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدا بۆته كۆسپی به‌رده‌م فراكسیۆنه‌كه‌مان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاری به‌داوداچون و لێپێچینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی له به‌رپرسه حكومیه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدا، له‌و جۆره دۆخه‌دا زۆر ئه‌سته‌مه بتوانی خاڵێكی جیاكه‌ره‌وه له نێوان ئه‌دای حكومه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی حیزب به‌دی بكه‌یت.
_نه‌بونی ستراتیج و پلانی درێژخایه‌ن له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه بۆ په‌نجه‌دانان له‌سه‌ر پرۆژه و بابه‌ته گرنگتره‌كان (أولويات)، ئه‌و خه‌سڵه‌ته وایكردوه په‌رله‌مان بۆ زۆربه‌ی ئه‌و پرس و دۆزانه‌ی كه گرنگیان بۆ ئێستا و ئاینده‌ی هه‌رێمه‌وه هه‌یه ئاماده نه‌بێت.
_گه‌نده‌ڵی وه‌كو دیارده زۆربه‌ی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت (كه‌رتی گشتی)ی ته‌نیوه و بانگهێشتكردنی وه‌زیر و به‌رپرسه باڵاكان بۆ نێو ته‌لاری په‌رله‌مان له‌سه‌ر كه‌مته‌رخه‌می و شاردنه‌وه‌ی گوژمه‌كان له رێگای دكتاتۆریه‌تی زۆرینه‌وه ئاسته‌نگی له‌به‌رده‌ممان دروستكردوه، كاتێ تێبینی ده‌كرێ فراكسیۆنه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌چه‌پڵه رێزان متمانه‌یان به به‌رپرسه كه‌مته‌رخه‌مه‌كان به‌خشیوه‌ته‌وه.
_به ئه‌نقه‌ست لاوازكردنی رۆڵی په‌رله‌مان له پێناوی مه‌به‌ستی سیاسی دیاریكراو و جوانتر نیشاندانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه ئه‌مه‌ش رێگر بوه له كاراكردنی رۆڵی په‌رله‌مان به‌شێوه‌ی پێویست تا ببێته چاودێرێكی راسته‌قینه و متمانه‌پێكراو بۆ حكومه‌ت، بۆیه ده‌بینرێ ئه‌دای حكومه‌تی هه‌رێم له لاوازترین دۆخی خۆیدایه و تا راده‌یه‌كی زۆریش چه‌قبه‌ستو بوه.
_گرفتی جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ی كه له‌خودی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه راستاندنی له‌سه‌ردا ده‌كرێت.
_قبوڵ نه‌كردنی پرسی ئۆپۆزیسیۆنبون له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و به‌نامۆ سه‌یركردنی پێشنیار و ده‌ست پێشخه‌رییه‌كانی ئه‌وان. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌خه‌مڵینی فه‌لسه‌فه‌ی یه‌كتر قبوڵكردن و رای جیاواز، ئه‌و جۆره روانگه موحافیزكار و كۆنئامێزه ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی ته‌لاری په‌رله‌مانیش هه‌بوه كاتێ بینیمان هێرشكردنه سه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی فراكسیۆنی گۆڕان له‌بۆنه و گردبونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كاندا و به‌بێ گوێدانه حه‌سانه‌ی په‌رله‌مانی، شاهید و به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنگرن له‌وباره‌یه‌وه.
_خۆ دورخستنه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌كانی ده‌سه‌ڵات له كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌روه‌ها له‌پرسه چاره‌نوسسازه‌كان به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێمی كوردستان، هه‌بونی سوپا و بنكه‌ی سه‌ربازی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و سنور به‌زاندنه‌كانیان بۆ نێو خاكی هه‌رێم به‌ڵگه‌ی رون و ئاشكران له‌مباره‌یه‌وه.
له كۆتاییدا خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه به‌رده‌وامی ده‌ده‌ین به جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه دو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێماندابون له سنوری كار و توانای ئۆپۆزسیۆن بوندا و ده‌بێت هه‌مو لایه‌كیش له هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانماندا ئه‌وه له به‌رچاو بگرن كه ده‌سه‌ڵات له‌م هه‌رێمه چ سیسته‌مێكی سیاسی په‌یڕه‌و ده‌كات و تێڕوانین و كاردانه‌وه‌ی بۆ كاری په‌رله‌مانی و ئۆپۆزسیۆن بون چۆنه‌و چیه؟
به هیوای ئه‌وه‌ین له‌ماوه‌ی داهاتوی كاری په‌رله‌مانیمان و به‌پێی نه‌خشه رێگا و پلانی كاركردنی دانراوی فراكسیۆنه‌كه‌مان كاری جیدی بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌ڵستیانه بكه‌ین و هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان له‌دۆخی و ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروستر و باشتر وه‌ك له ئێستا گوزه‌ران بكه‌ن و ژیانێكی شایسته‌ش بۆ خۆیان و نه‌وه‌كانیان مسۆگه‌ر بكرێت.
فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان25/ 7/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست