کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوەی کۆبانی تا ئێستا نەیکردوە!

Friday, 13/03/2015, 11:27


کەم ماڵ هەیە لەکوردستان پەرتووکی قورئان و بەرماڵی نوێژی نەبێ. کەم ماڵ و خوێندگا و دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتی و فەرمی و نافەرمی هەبێ لەم دوو شتە بەناو پیرۆزەی تیا دەست نەکەوێ. ڕەنگە زۆربەمان لەخۆشەویستی و پیرۆزی و گرنگی قاپ قورئان و ملوانکەی ئاڵتونی بەناوی خودا و لەزۆربەی کاتدا قورئانێکی بە قەوارە بچووکمان لەگیرفاندا هەڵگرتبێ. پێمان وابوە ، پیرۆزی ئەمانە پێوستن و لەکاتی تەنگانە و ناخۆشیدا فریامان ئەکەون. وامان زانیوە گەر ئەمانەمان هەبێ، ژیانمان پارێزراوە و لەنەهامەتی و کوشتن و بڕین بەدوور ئەبین. کێ هەیە نەزانێ ووشەی خودا و قورئان و پەیامبەرەکەی لەنێو کوردا پانتاییەکی وای داگیرکردوە کە مەحاڵە هەستی پێ نەکرێ! جا بەهەر شێوەیەك بێ، ئایا لەترس وەیان لەخۆشەویستی ، مرۆڤی کورد هەمیشە بەئاگاوە هەست و نەستەکانی تەواو تەرخان کردوە لەسایەی ئایینی ئیسلام و پەرتووکە پیرۆزەکەی و پەیامبەرە مەزنەکەی تا بیان پارێزێ.

هێرشەکانی ئەم دواییەی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانی و پەیامی ئەبوبەکر بەغدادی کە ووتی؛ پێوستە تەرمی کوردەکان بسووتێنرێ. تەواو میللەتەکەمانی لەو خەوە قووڵە ڕاچڵەکاند کە چیتر ئیسلام و خواو و قورئان و موحەمەد مایەی سەرچاوەی پاراستن نین بۆ کورد . ئەو ماڵانەی چەتەکانی داعش داگیری کردن، هەمووی پڕی بوو لە قورئان و بەرماڵ.کەچی هێشتا ئەم چەتانە بەوپەڕی دڕندەیی و بێبەزەیی بەربوونە گیانی هاوڵاتیان و جگە لە کوشتن و بڕین ،ئەنفال و ئەتکردن و بێ ڕێزی و پاشان لاقە کردن و مامەڵە پێوەکردنیان بوو وەك گۆڕینەوەی کۆیلە لەبازاڕەکان و سووکایەتی پێکردن پێیان. میلەتی کورد کەونە پرسیار کردن؛ ئەی بۆ خواو قورئان و پێغەمبەر نەی پاراستین؟ ئەی کوا ئەو بەڵێنانەی خوا بە موسڵمانانی داوە سەبارەت بەوانەی نوێژو ڕۆژوو خواپەرستی ئەکەن،ئەی بۆ ئەمان نەپارێزران؟ داخۆ میلەتی کورد کەوا چەندین سەدەیە خواپەرستی ئەکا،ئەی بۆچی جگە لە ئەنفال و جینوساید و قات و قڕی نەبێ هیچی تریان لە ئیسلام و قورئان سەوز نەکردوە؟
چەندین سەدەیە کورد ملی ڕێگای سعودیەی عەرەبی ئەگرێ و بەرەو عومرەو حەج ئەڕوا و چەندین کات خوا پەرستن و بەڵێن تازە ئەکاتەوەو لەو ڕێگایە بەهەزارەها دینار خەرج ئەکا و لەوێ مەڕ سەرئەبڕێ ودواتر فەرزەکانی ئیسلام جێ بەجێ ئەکا. کەچی تەواو پێچەوانەکەی دەست کەوت. تەواو نائومێد بوو لەو هەموو هیلاکی و شەونوخونیەی بۆ ئیسلام و خواوەندەکەی کرد. کورد هەر لە منداڵیەوە ئاشنا ئەکرێ بە خواو پێغەمبەر و قورئان. فێری نوێژ کردنی ئەکەن و ڕەوانەی حوجرەو مزگەوتەکان ئەکرێن. کەچی لەو ڕۆژەوە کورد ئیسلامیەتی خۆی ڕاگەیاندوە تەنها دیوە نیگەتیڤ و خراپەکەی چنیوەتەوە.
ئێستی کاتی خۆی هاتوە کەوا کورد هەڵوەستەیەکی جوامێرانە بکا و هەستێ بەم کارانەی لای خوارەوە:

کۆکردنەوەی هەرچی قورئان و پەرتووکی ئایینی ئیسلامی و ڕەوانەکردنەوەیان بۆ ئەو شوێنانەی لێوەی هاتوون.
هەرچی بەرماڵ و ئەو قوماشانەی نەخشێنراون بە جوانکاریەکانی ئیسلامی و هاوتاکانی کۆبکرێنەوەو جارێکی تر شتی نوێیان لێ دروست بکرێتەوە و کەڵکی ڕاستەقینەیان لێ وەربگیرێ.
هەرچی مزگەوت و شوێنی خواپەرستی ئیسلامی هەیە بکرێن بە خوێندنگا و بینای تەندرووستی ،وەیان بکرێن بەشوێنی ئاوارەو لێقەوماوان و شەهیدان.
داخستنی بەناو وەزارەتی ئەوقاف و ڕەوانەکردنی ستاف و کارمەندەکانی بۆ سەر کاری تر دوای ئەوەی ڕاهێنانیان پێ ئەکرێ.
ڕەوادان بە خواپەرستی تەنها لە ماڵەکان و قەدەغەکردنیان لە شوێنە گشتی و فەرمیەکان.
ناردنەوەی سەرو یەك تیراژ لە قورئان بۆ سعودیەی عەرەبی لەڕێگای حکومەتەوە .
گۆڕینی هەموو ئەو ناوە عەرەبی و ئیسلامیەی بەسەر مناڵان و ناوی شار و گوند و خوێندگاکان و گۆڕینیان بۆ سەر زمانی کوردی.

هیوادارین ئەو بۆشاییەی ئایین و ئیسلامی دروستیان کردوە ،میدیاکان و دەزگای ڕاگەیاندن بتوانن بەشتی بەکەڵك و زانیاری باش و زانستی پڕی بکەنەوەو وانەی ئایینی چیتر نەمێنێ و لەجیاتی فێری خۆشەویستی نیشتمان و خاك بکرێن. پێوستە میلەتی کورد فێری وانەی جوامێری و مێرخاسی بکرێن و فێری ئەوە بکرێن کەوا چۆن گیانی فیداکاری و قوربانی لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەکانی تر بناسرێن و ڕێگەی خۆشەویستی و هاریکاری و پێکەوە ژیان ببێتە نمونەی وانەکانی ژیان تاکو کورد بتوانێ خۆی خۆش بوێ و پاشان گەلانی تریشی خۆش بوێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە