کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وشیار عەبدوڵڵا ده‌ڵێت گۆڕان پێویستی بەکەس نەماوە

Saturday, 20/10/2012, 12:00


لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا كارمەندێکی کەناڵی کە ئێن ئێن بۆی باسکردم، که‌‌ نیوەڕۆی پێنجشه‌ممه‌ 18 / 10 / 2012 ، وشیار عەبدوڵڵای بەڕێوەبەری ئه‌و که‌ناڵه‌، کۆبوونەوەی بە کارمەندانی کەناڵەکە کردووە و هێرشێکی زۆری کردووتە سه‌ریان، پێی وتوون بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی بە هیچ کەسێکتان نییە! دوای ئه‌وه ‌به‌تووڕه‌ییه‌وه ‌وتوویه‌تی من به‌ڕێوه‌به‌رم، بە ئاره‌زووی خۆم کەناڵەکە بەڕێوە دەبەم. ئه‌و قسه‌ قۆڕانه‌ ناخوات و لە تەلەفیزیۆندا دیموکراسی و شتی وا نییە، کێش ئه‌مه‌ی پێ ناخۆشە با دەست لە کار بکێشێتەوه‌.
ئه‌و کارمه‌نده‌ وتی، که‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ خۆی هه‌موو رۆژێک له‌ سه‌ر چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی که‌ناڵه‌که‌ بانگی ده‌کات و لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، زۆر جار لێی تووڕه ‌ده‌بێت و ده‌یشکێنێته‌وه‌، تا ده‌گاته‌ سنووری ئیهانە پێدەکردنیش، ئه‌مه‌ کاک وشیار به‌ ناڕاسته‌وخۆ باسیکرد، تا پێمان بڵێت منیش مافی خۆمه‌ ئاوا لێپێچینه‌وه‌ و به‌م شێوه‌یه ره‌فتارتان له‌گه‌ڵدا بکه‌م.
ئه‌وه‌ی سه‌یربوو، کارمەندەکەی کەی ئێن ئێن وتیشی: وشیار عه‌بدوڵلا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ که‌سایه‌تییمان بدات و بمانشکێنێت، ئەو کەسانەی جگەرە کێشن بە تلیاککێش ناوی ده‌بردن.
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌شێک بووله‌ قسه‌کانی ئه‌و که‌سه‌، که‌ له‌ته‌له‌فونه‌که‌دا بۆی باسکردم، با منیش بێمه‌سه‌ر کروکی باسه‌که‌و قسه‌ی خۆم له‌و باره‌یه‌وه‌ بکه‌م.
ئه‌وانه‌ی که‌مێک سه‌ریان بۆ سیاسه‌ت خورابێت و ئه‌زمونیان، له‌گه‌ڵ حیزبه‌ کوردییه‌کاندا هه‌بێت ئه‌وه‌ ده‌زانن، که‌ له‌ پاڵ ئه‌و هه‌موو مێژووه‌ ناشرینه‌ی پڕ له‌ خیانه‌ت و کوشتن  و بڕینه‌ی حیزبی کوردیی، به‌ هه‌موو ماناکانیه‌وه‌ واته‌ قوتابخانه‌ی شکاندنی که‌رامه‌ت، تا ئیستا له‌ کوردستاندا هیچ سیاسه‌تباز و به‌رپرسێکی حیزبی وه‌کو مرۆڤ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیی و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خۆیدا نه‌کردووه‌، سه‌رکردی حیزبه‌ کوردییه‌کان پێیان وایه‌ ده‌بێت له‌ ناو حیزبدا ئه‌مان ئاغا بن، به‌و شێوه‌یه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خۆیاندا بجوڵێنه‌وه‌، له‌ مه‌لا مسته‌فاوه‌ بۆ کوڕه‌کانی و بنه‌ماڵه‌‌که‌ی، له‌ تاله‌بانییه‌وه‌ بۆ هێرۆی ژنی و که‌سوکاره‌که‌ی، هه‌موو ئه‌مانه‌ بگره‌ تا ئه‌و هه‌موو به‌رپرسه‌ خرپن و پان و پۆڕانه‌ی حیزبه‌کان، پێیان وایه‌ خه‌ڵکی ده‌بێت کۆیله‌ و سه‌گ بێت،  داریان بۆ هه‌ڵبگرن و لێیان بده‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌ستیان نه‌یانگه‌یشتێ، له‌ دووره‌وه‌ جنێو و قسه‌ی ناشرینیان پێبده‌ن، جه‌لال تاله‌بانی به‌ناوبانگه‌ له‌ سه‌رده‌می به‌کره‌جۆدا دارکاری خه‌ڵکی ده‌کرد، له‌ شاخیش هه‌موو پێشمه‌رگه‌کان شایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن که‌ چۆن به‌ گۆچان له‌ پێشمه‌رگه‌ی ده‌دا، حیزب له‌لای ئێمه‌ قوتابخانه‌ نه‌بووه‌ بۆ په‌روه‌رده‌کردنی مرۆڤی ئازاد و پاراستنی که‌رامه‌ت، به‌ڵکو قوتابخانه‌ بووه‌ بۆ تێکشکاندن و هاڕینی که‌سایه‌تیی، ئه‌وه‌ی وشیار عه‌بدوڵڵا  له‌لایه‌ن نه‌وشیروانه‌وه‌  مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، هه‌رچه‌نده‌ راسته‌وخۆ نه‌یوتووه‌، من بڕوام پێیه‌تی، چونکه‌ سه‌رکرده‌ و به‌رپرسیارێتی له‌ ناو حیزبی کوردییدا وه‌ک وتم به‌ مانای شکاندن و سووککردن. کاتێک فه‌رمانبه‌رێک له‌لایه‌ن به‌ڕیوه‌به‌ره‌که‌یه‌وه‌ قسه‌ی پێده‌گووترێت و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی نابیت، نیوه‌ڕۆ که‌ دێته‌ ماڵه‌وه‌ داخی خۆی به‌ ژن و منداڵه‌کانی ده‌ڕێژێت، وشیار عه‌بدوڵلاش ته‌واو ئه‌و ره‌فتاره‌ له‌گه‌ڵ کارمه‌ندانی (که‌ی ئێن ئێن)دا ده‌کات، له‌ سه‌رێکه‌وه‌ وشیار عه‌بدوڵلا شایانی به‌زه‌ییه‌، هه‌رچه‌نده‌ وه‌کو کارمه‌ندانی که‌ی ئێن ئێن باسی ده‌که‌ن، ده‌ڵێن وشیار  به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌ چه‌ند سووکایه‌تیی پێ بکرێت، به‌ مه‌رجێک پۆسته‌که‌ی له‌ ده‌ست نه‌چیت و ناوی کوێر نه‌بێته‌وه‌، واش ده‌خوازێت ببێته‌ وته‌بێژیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا کۆمه‌ڵیک که‌سایه‌تیی عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ نه‌وشیرواندا کۆبوونه‌وه‌، وشیار عه‌بدوڵلاشی تێدا بوو، وشیار عه‌ره‌بی نازانێت و هیچ قسه‌یه‌کی نه‌کردبوو، که‌چی له‌ که‌ناڵه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ چه‌ند جار وێنه‌ی خۆی ده‌رخست، تا وا له‌ بینه‌ر بگه‌یه‌نێت، ئه‌میش که‌سێکی سه‌رکرده‌ی ناو ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ بووه‌، من لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم به‌رچاوی کاک وشیار رووناک بکه‌مه‌وه‌ تا سنوری خۆی بزانێت و له‌وه‌ زیاتر لانه‌دات، ئه‌مڕۆ ئاوا مامه‌ڵه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌کان ده‌کات، ده‌بێت ئه‌وه‌ی له‌ یاد نه‌چێت له‌ داهاتوودا مێژوو ره‌حمی پێناکات، بۆیه‌ به‌ پێویستم زانی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ هه‌ندێک قسه‌ بکه‌م، تا که‌مێک کاک وشیاریش وشیاربکه‌مه‌وه‌ و قه‌رزداری داهاتوو نه‌بێت، به‌و پله‌ و پایه‌ی خۆی نه‌نازێت، مرۆڤ چه‌ند پێ خوار دابنێیت، له‌ سێبه‌ری خۆتدا شه‌لیی ده‌بینێت:‌

***************************

‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، بیر و به‌رکه‌تی عه‌قڵیکی سه‌رسووڕهێنه‌ر نییه‌، ‌تا وا لێکیبده‌ینه‌وه‌،  له ‌ئه‌ستیره‌یه‌کی تره‌وه‌ بۆ کورد هاتبێته‌ خوارێ و له‌ پارتیی و یه‌کێتیی باشتر ده‌توانێت شتی عه‌جیب و غه‌ریبمان بۆ بکات، گۆڕان وه‌ک هه‌ر حیزبێک و رێکخراوێکی سیاسیی کوردی‌، له‌ سه‌ره‌تادا به‌ جوانی خۆی نمایش کرد، راستییه‌که‌ی به‌و راستییه‌ نه‌شکایه‌وه‌ وه‌ک په‌یمانیان به‌ گۆڕانخوازان دابوو، خه‌ڵکیش وای چاوه‌روان لێ ده‌کردن، وه‌ک ده‌بینن ئیستا هێدی هێدی خه‌ریکه‌ ماهیه‌تیی بزووتنه‌وه‌که‌ وه‌ک پارتیی و یه‌کێتیی ده‌رده‌که‌وێت.

براده‌رێک گێڕایه‌وه‌، که‌ دراوسێیه‌کمان سێ چوار منداڵی هاروهاج و چه‌قاوه‌سووی هه‌یه‌، گه‌ڕه‌که‌مانی ئیزعاج کردووه‌، له‌ باوکه‌که‌م پرسی کاکی خۆم ئێوه‌ که‌ ناتوانن ته‌ربیه‌تیان بده‌ن، بۆچی ئه‌و هه‌موو منداڵه‌ زۆره‌تان خستۆته‌وه‌!؟  باوکه‌که‌ وه‌ڵامێکی گونجاوی پێنه‌بوو، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت، وتی: ئاخر ژنه‌که‌م حه‌زی له‌ منداڵه‌.
ئێمه‌ی سیاسه‌تبازانی کوردیش ئه‌وه‌نده‌مان حه‌ز له‌ حیزب و حیزبۆکه‌ هه‌یه‌، له‌ پاڵ پارتیی و یه‌کێتییدا ده‌یان حیزب هه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانیت ده‌یان که‌سی وه‌ک قادر عه‌زیز و حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود و عه‌لی باپیرمان لێ په‌یدا ده‌بن و حیزب و حیزبێنه‌ت بۆ ده‌که‌ن،  کاسبییه‌کی چه‌ور و بازاڕێکی گه‌رمه‌، ئه‌م سیاسه‌تبازانه‌ی کوردکارێکی تریان پێناکرێت، بۆیه‌ حیزب دروست ده‌که‌ن. هه‌ر دایک و باوکێک منداڵێکیان ده‌بێت، گیروگرفتیان ئه‌وه‌یه‌ چ ناوێکی تازه‌ی بۆ بدۆزنه‌وه‌، تا که‌سی تر نه‌یبیستبێت، له‌ منداڵه‌که‌ی خۆیانی بنێن، له‌ ناو سیاسییه‌کانی کوردا ئه‌زمه‌ی ناولێنانی حیزبه‌، هه‌ر سیاسه‌تبازێکی کورد ده‌گریت، ئه‌گه‌ر ژانی سیاسیی گرتی، بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ چ ناوێک له‌ حیزبه‌ تازه‌که‌ی بنێ چونکه‌ دیموکراتیی و ئازادیی و سۆسیالیست، کورد، کوردستان ... هتد هه‌رچی له‌و ناوه‌ بریقه‌دارانه‌ هه‌یه‌ له‌ قاموسی سیاسییدا به‌شی ئه‌می تیا نه‌ماوه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ کورد بۆ ناوی حیزب دروستکردن به‌کاری هێناوه‌، کاتێکیش ئوباما باسی له‌ گۆڕان (Change) کرد، شه‌ش مانگی نه‌برد ئه‌و ناوه‌ بووه‌ ناوێکی سیاسیی و حیزبیی، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی لێ دروست کرا، کۆمه‌ڵگای کوردی سه‌ری لێتێک چووه‌، وه‌ک ئه‌و دایک و باوکه‌ی سه‌ره‌وه‌، که‌ منداڵی زۆری هه‌یه‌ و له‌و خه‌ڵکه‌یان به‌رداوه‌، ئاوا حیزب و حیزبۆکه‌یان له‌ کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ردراوه‌، له‌ پڕدا ده‌بیستییت له‌ گه‌ڕه‌ک و کۆڵانێدا حیزبێکی تازه‌ هه‌ڵده‌تۆقێت، ئه‌مجاره‌ له‌ گردێکه‌وه‌ ده‌زگایه‌کی وشه‌ بوو به‌ حیزب و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ری ده‌رهێنا. ئاخر کاک نه‌وشیروان تۆ که‌ داوای رووخاندنی ده‌سه‌لات ناکه‌یت و چاکسازییت پێ خۆشه‌، ئیدی حیکمه‌تی چی بوو وه‌ک قادر عه‌زیز و حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود و ئه‌م که‌سانه‌ی تر تۆش هاتیت بزوایت و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ت دروست کرد؟ بۆ له‌ناو یه‌کێتییدا نه‌مایته‌وه‌، هه‌وڵی چاکسازیی و پاکسازیی و ئه‌مانه‌ت نه‌دا؟ بۆ له‌ یه‌کێتیی هاتیته‌ ده‌رێ و چوویته‌ سه‌ر گردێت و بانگی ئاشکرای ده‌زگای وشه‌ و گۆڕانت دا؟
من ئه‌مه‌م وه‌ک پرسیارێک ئاراسته‌ی زۆر براده‌ر کردووه‌! ئه‌وانه‌ی قووڵ بیرناکه‌نه‌وه‌ ده‌ڵێن: ئاخر وه‌ک به‌رپرسه‌کانی یه‌کێتیی، کاک نه‌وشیروان  ده‌ستپیس و داوێنپیس نییه‌! من بڕوام به‌مه‌ نییه‌! وه‌لامیشم داونه‌ته‌وه‌، که‌ ئه‌و ئه‌مانه‌ نییه‌ ده‌بێت دژی بووه‌ستێته‌وه‌، مه‌رج نییه‌ مرۆڤ بۆ خۆی به‌نده‌خوێنی حه‌رام نه‌کاته‌وه‌! گیرفانی دانه‌دروبێت بۆ دۆلار! تۆ کاتێک گرده‌که‌ پڕ بکه‌یت له‌ دز و بازرگان، له‌ داوێنپیس و که‌سی بێویژدان، چاوت بنوقێنیت هه‌رچی بکه‌ن و ده‌نگ نه‌که‌یت، یان چاوباشقاڵبن و کاری ناشرین بکه‌ن، ئیتر چ جیاوازییه‌کتان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا که‌ تۆ لێی هاتیته‌ ده‌رێ!؟

به‌ڕێز کاک نه‌وشیروان من پێشنیارێک ده‌خه‌مه‌ به‌ر ده‌متان: ئایا ده‌توانیت له‌ گرده‌که‌ سندوقێک بۆ ده‌نگدان، یان سکاڵانامه‌یه‌ک بۆ ترسنۆک و شه‌رمنه‌کان دابنێیت، با ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ خۆتانه‌، له‌ که‌ناڵی که‌ی ئێن ئێنه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ سایتی سبه‌ی، هه‌ر یه‌که‌ لێیان داوا بکه‌یت به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی خۆیان بنووسن، چییان له‌ دڵدایه‌ له‌ نامه‌یه‌کدا هه‌ڵیبریژن و چی نهێنی شاراوه‌یه‌ که‌ تۆ نایزانیت و له‌ گرده‌که‌ روو ده‌دات ئه‌وان تۆی لێ ئاگادار بکه‌نه‌وه‌! داوا ده‌که‌م ئه‌م کاره‌ بکه‌یت! ئه‌و کاته‌ بۆتان ده‌رده‌که‌وێت که‌ مه‌حمود سه‌نگاوی و مه‌لا به‌ختیار، به‌ سه‌د ئاو له‌ چاو مه‌لا خالیدی گرده‌که‌دا شۆردراونه‌ته‌وه‌! له‌وه‌ زیاتر هیچی تر ناڵێم هیوادارم مه‌به‌سته‌که‌م روون و ئاشکرابێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە