ڕونکرنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
Wednesday, 25/04/2012, 12:00
لەچەند ڕۆژی ڕابوردوداو بۆ مەبەستی تایبەت و بۆ بەلاڕێدابرنی کێشەکە بەرەوئاڕاستەیەکی نەخشە بۆکێشراو، کەسانێک کە هۆکاری داڕێژەری ئەم پلانە بوون کە گیانلەدەستدانی قایمقامی جوانەمەرگی سلێمانی لێکەوتەوە، بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و هەڵڕشتنی ڕق و کینەی دڵیان بەرامبەر بە کەسانێکی سەرکەوتوو و خێرخواز لە ژیان و لە کارەکانیدا کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی دیعایە و پڕوپاگەندەی بێ بنەماو نابەجێ کە ناچێتە ئەقڵی هیچ گێلێکەوە. لەکاتێکدا کە ئەوانە خۆیان کەسانی خۆپەرست و هەلپەرستن هۆکاری ئەم مەینەتیانە بوون، ناتوانن بگەنە ئاستێکی بەرزی مرۆڤایەتی و هەمیشە لە حەسادەت و چاودێری ئەم و ئەودادەژین، دەیانەوێت کەسانی سەرکەوتوو و خێرخواز گەر بە دیعایەش بێت، بۆ ئاستی نزمی خۆیان بهێننە خوارەوە
ئێمە وەک خێزان و بنەماڵەی حاجی حسین ڕوونی دەکەینەوە
یەکەم: هەموو ئەو درۆ و دیعایانە بەدرۆ دەخەینەوە کە ماڵمان لە لایەن ئاسایشەوە یان هەر
لایەنێکی ترەوە پشکنرابێت وە هیچ بڕە پارەیەک لەماڵی ئێمەدا دەستی بەسەرا نەگیراوە
دووەم: ئەگەر داواکاری گشتی بەڵگەی لەسەر تۆمەتبارەکان هەبووە، ئەشکەنجەو هەڵخەڵەتان و ترغیب و ترهبیان لە پێناوی چی دابووە؟ مەسەلەی ئەشکەنجەدان چ جەستەیی چ دەرونی، شتێکی بەڵگەنەویستە و لە لایەن چەندین لایەنی ڕەسمیەوە سەلمێنراوە لەوانەش خاچی سوری نێودەوڵەتی و لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان و نەتەوەیەکگرتوەکان/ یونامی و لەهەموشیان گرنگتر بەڕێزان خودی داواکاری گشتی و دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و هەروەها پارێزەرەکان و چەندین شاهیدی تر و بەبەرچاو و ئاگاداری چەند بەرپرسێکی ئاسایشەوە ئەنجام دراوە
سێیەم: ئێمە لە پێناوی پاراستنی ناوناوبانگی دەزگای ئاسایش وەک دەزگایەکی نیشتمانی و پارێزەری ئەمن و ئاسایشی هاوڵاتیان بۆ ناونەزڕاندنی ئەو دەزگایە چاوپۆشیمان لە زۆر مافی یاسایی خۆمان کردوە، تکا لە لایەنە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان دەکەین کە لەئاستی بەرپرسیارێتی دا بن ڕێگە بەدووبارەبوونەوەی ئەو کارانە نەدەن چاکسازی تێدا بکەن، وە داوا بەرپرسە باڵاکانی حکومەت حزب دەکەین وەک بەڵێنیان دەدا کە بێدەنگی بشکێنن بێنەوە وەڵام لەو بەڵێنانەی کەداویانە .
چوارەم : حاجی حسین کەسایەتیەکی خێرخوازە، لە کارەکانی ئەو جگە لەدروستکردنی مزگەوت و هاوکاریکردنی قوتابخانەو باخچەی ساوایان نەخۆشخانە و بێوەژن و هەژارو و نەدار و قوتابی قوتابخانەکان و هەڵکەندنی بیری ئاو بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوەکان وچەندین قوتابخانە و دروستکردنی پردو. هتد....جگە لەمانە هاوکاری چەندین کەسانی نەخۆشی نەداری کردوە بۆ چارەسەرکردن... کە جێگەی شانازی ئێمەو بنەماڵەکەیەتی، كێ دەیەوێت لە ڕاستی بکۆڵێتەوە بێمنەت بێت لە پرسیار کردن لەسەر ئەم کارانەی ناوبراو. لە کاتێکدا زۆر لە دەوڵەمەندەکان و بەرپرسەکانی ئەم شارە پارەو پولەکانیان بەتەنها هەربۆخۆیانەو کەس سودیان لێنابینێت
25.04.2012
بنەماڵەی حاجی حسین ی قولەرەسی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست