دەنگی نەتەوەیی پێتان دەڵێ بڕۆن بڕۆن بەبێ خوێنرێژی
Thursday, 17/02/2011, 12:00
هەر حەوت ساڵ جارێک نامەیەکی کراوەم بۆ مام جەلال و کاک مەسعود ناردوەو پێم ووتوون هەڵە سیاسیەکانی رابردوتان و نەزانی لە بەرێوەبردنی وڵات، وای لەکۆمەڵگای نێونەتەویی کردوە کە دەرگای سیاسی لە ئیوە دابخات و ئێوەش زۆر بێویژدانانە بۆ پاراستنی دەسەڵاتداریەتی خۆتان هەل و مەرجی سیاسی نێونەتەوەیی لەدەست کورد دەدەن.
وا ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی سیاسی نێونەتەوەی هاتۆتە ئاراوەو ئێوەش جارێکی تر بەپشتیوانی داگیرکەرانی کوردستان چۆکتان لەبەرانبەر بە کورد چەقاندوەو ناتانەوێ بەبێ خوێنڕێژی کورسیەکانتان بەجێ بهێڵن، بۆچ نازان کەناتوانن هیچی تر کورسیەکەی خۆتان بپارێزن و ئەوهەڵوێستەتان دەبێتە هۆی لەناوچونی ئەو ئەزمونەو دڵگرانی ئەمەریکاو بەریتانیاو کشانەوەیان لەوڵات و گەرانەوەی دەسەڵاتی داگیرکەران بۆ ئەو بەشە ئازادکراوەی کوردستان.
دەنگی نەتەوەیی کە دەنگێکی بێلایەنەو داوی بەلانانی ئێوە و دروستکردنی دەسەڵاتێکی تازەی پاک و خاوێن دەکات، دەنگێکە کە خۆی بەدوژمنی کەس نازانێ و دەستی سور نیە بەخوێنی کوردو دۆلارێکی کوردی پێنەبڕاوەو مڵک و ماڵی خەڵکی داگیرنەکردوەو ئەگەر دەسەڵاتیشی بکەوێتە دەست، پارتی بازی ناکات و دژی کورد کوژی رادەوەستێ و بەم شێوە وڵات بەرێوە دەبات:
هەنگاوی یەکەم:
١ پکهێنانی کۆمیتەیەکی بیست و پێنج کەسی لە پیاو و ئافرەت پاک و خاوێن کە هیچ داوایەکی ناوخۆیی و نێونەتەوەییان بەدواوە نەبێ و بەشداری نەکردبی لەبەرپرسی هیچ حیزبێک و دەسەڵات و دەوڵەت لە بیست ساڵەی رابردوودا بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و لەماوەی یەک مانگ دا دەوڵەتێکی کاتی یەک ساڵی پێک دەهێنێت و ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵبژاردن.
هەنگاوی دووهەم:
٢ پێکهێنانی دادگایەکی بێلایەنەی پاک و خاوێن وەک دەسەڵاتێکی دادوەری بۆ بەرێوەبردنی وڵات.
هەنگاوی سێهەم:
٣ ئازاد کردنی رادوێ و تەلەفزوێن و رۆژنامەو گۆڤارەکان بە ئەندازەی وڵاتە دیموکراتیەکانی دنیا، ئەو میدیا ئازادانە دەبنە چاودێر بەسەر گەندەڵی کۆن و تازەدا.
هەنگاوی چوارهەم:
٤ بۆ ماوەی ساڵێک تا هەڵبژاردن، بەرێوەبەرایەتی سەرۆکی هەرێم دەخرێتە دەست پیاوان و بەرێوەبەری دەوڵەت دەدرێتە ئافرەتان و ئافرەتێک دەکرێتە سەرۆک وەزیر.
هەنگاوی پێنجەم:
٥ یەکەم بڵاوکراوی دەسەڵاتی تازە بۆ بەرزکردنەوەی پلەی ژیانی هەژاران و کەم کردنەوەی موچەی خواپێداوەکان، دەوڵەت کرێ خانو بۆ هەموو کرێچیەک دەدات و موچانەی هەموو لایەکیش لە سەرۆکی هەێمەوە بۆ سەرۆک وزییر و هەژارێکی کورد وەک یەک دەبێتە مانگی چوارسەد دۆلار.
هەنگاوی شەشەم:
٦ پێداچوونەوە بە تاپۆی ئەرزو خانوەکاندا دەکرێت لە ساڵی ١٩٩٠ وە بۆ ئەمڕۆ، مڵکوماڵی داگیرکراو دەگەرێتەوە بۆ دەوڵەت و خاوەنەکانی خۆیان.
هەنگاوی حەوتەم:
٧ پێداچوونەوە بە پیوەندی لەگەڵ داگیرکەرەکانی کوردستان، بەتایبەتی لەگەڵ بەغدا.
هەنگاوی هەشتەم:
٨ هەوڵدان بۆ تێکەڵ کردنەوەی هەر شوێنێک کە کوردی لێیە لە ناو عێراقدا بەو سێ پارێزگایەیەی کە پێی دەگوترێ ئەزمونی کوردستان.
هەنگاوی نۆهەم:
٩ دەسەڵاتی تازە دەست لە داگیرکەران هەڵدەگرێ و دەبێتە هاوکاری کوردەکانی هەموو بەشەکانی تری کوردستان بۆ راپەرین و خۆ رزگار کردن و یارمەتیدانی تێکڕای کوردە ئاوارەکان لە هەر شوێنێکی دنیادا، دەوڵەتی تازە ساڵی جارێک کرێی تەیارە بۆ هەموو کوردێک دابین دەکات بۆ سەردانەوەی وڵات.
هەنگاوی دەیەم:
١٠ دەسەڵاتی تازە پێشوازی لە ئەمەریکاو بەریتانیاو ناتۆ دەکات بۆ کردنەوەی بنکەی سەربازی لەو بەشە ئازادکراوەی کوردستان.
دەنگی نەتەوەی بەبێ ترس و ژێر دەستەی، دەیەوێ رێڕەوی رەورەوەی سیاسی و بەرێوەبەرایەتی کورد بەرەو پێش بەرێ و بەشێوەیەکی زانستی سەردەم فەرمانڕەوای دەکات و هەوڵ دەدات بۆ یەکگرتنەوەی کوردستان و بەدیهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ.
سەردار پشدەری
لەندەن 17 2 2011
http://www.kurd-oil.net
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست