کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قوقو قوقو قوقو

Tuesday, 09/08/2011, 12:00






لەکوردەواری قسەیەک هەیە دەڵێ ئەگەر کەڵەباب لەکاتی ناکات دەستی کرد بە خوێندن، ئەوە کارەساتێک روو دەدات، دەگێرنەوەو دەڵێن: لە دوای نیوەرۆیەکدا کە کاتی خوێندنی کەڵەباب نەبوو، کەڵەبابەکەنی ناوچەی ماوەت هەموویان بەیەکەوە دەستیان کرد بەخوێندن و هات و هاوار، خەڵکەکەیان هوشیار کردەوە کە کارەساتێک بەرێگاوەیە، لەناکاو لەشکری ئەسکەندەری مەقدۆنی بەدەر کەوت کە بەرەو روی ماوت دەهات، ئەگەر ئەو کەڵەبابانە نەبایەن خەڵکێکی زۆر لەناو دەچوو، کەڵەبابەکەی سەردار پشدەریش وا لەناکاو لەکاتی ناکات دەستی بەخوێندن کرد.
قوقو قوقو قوقو، راوەستن راوەستن، پێتان وانەبێ بەدانیشتن و رێککەوتنی ئێوە کێشەکان چارەسەر دەکرێن، ئێوە پێشتر هاو سەنگەرو هاو سفرەی یەکتر بوون، ئەو هاتوهوتەی ماوەی رابردووش فریودانی گەنجانی کورد بوو بۆ گەورەکردنی قەوارەی سفرەی نان خواردنەکەتان.
ئەو هاتو هوتەی لەنێوان ئەو پێنج برادەرەدایە، هاتوهوتێک نیە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە روی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە، ئەو پێنج برادەرە، پێنج کەسایەتی دۆڕاون لە سیاسەت و بەرێوەبردنی وڵاتدا، ئەگەر دەسەڵاتیان لەدەستدا نەمێنیت، هەر یەکەیان دەیان داوای داگاییان لەسەرە.
ئێمە پێمانوایە، ئەو بارو دۆخە سیاسیەی کە ئەمڕۆ لەناوچەکەدایە، پێویستی بە گۆڕانکاری هەیەو دەبێ خەڵکانی پاک و خاوێن، بەویژدان، زاناتر لەئەوانە دەسەڵات بگرنە دەست، ئەو چاکسازیانەی کە هەمویان باسی دەکەن، ئەو چاکسازی چاوبەستنە، هیچیان نایانەوێ لەخۆیانەوە دەست پێ بکەن و لە موچانەو داهاتی خۆیان دابەزێنن، ئەو مڵک و ماڵەی کە بەهۆی دەسەڵاتداریەکەیانەوە پێکیانەوە ناوە، رەتی بکەنەوە بۆ جەماوەرو ئینجا بڵێن با لێرەوە دەست پێ بکەین.
ئەگەر دەسەڵات پێی وابێ بە رازیکردنی کوێخاو مەلاکان، دنیا کش و مات دەبێ، پێم وایە بەهەڵەدا چوە، کەڵەبابێک بەسە بۆ بەخەبەرهێنانی خەڵک، ئەمڕۆ رۆژ رۆژی قەلەم و ئینتەرنێتە، بە چرکەیەک دەنگە نارازیەکان دەگەنە هەموو شوێنێک و دزی و گەندەڵی و کورد فرۆشیەکان ئاشکرا دەکرێن بۆ ناوخۆ و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی.
ئەگەر ئەو کوێخاو مەلایانەش پێیان وابێ کەئەوان نوێنەرایەتی جەماوەر دەکەن، ئەوانیش هەڵەن، پێم خۆشە باش بزانن ئەو جەماورەی لەسەرەتادا لێتان کۆ بۆوە، ویستیان ئێوە بەکار بهێنن بۆ گۆرانکاری، بەڵام کە بۆیان دەرکەوت ئێوە ئەوە نین کە جەماوەر دەیەوێت، لێتان دور کەوتنەوە، سەد دانیشتنیش بکەن، کێشەکان چارەسەر نابن.
ئێمە پێمان وایە، تا ئەو پێنج برادەرەو دارودەستەکەیان لەسەر کار بن، هیچ جۆرە چاکسازیەک لەو بەشەی کوردستان ناکرێت و بەشەکانی تری کوردستانیش فێری دزی و گەندەڵی دەبن و ئەو دەرفەتە سیاسیەشمان لەدەست دەچێت، بۆیە پێتان دەڵێم قوقو قوقو قوقو، دەست لە دەسەڵات هەڵگرن تا وەک موبارک و دارو دەستەکەی نەخرینیە قەفەزی دادگاوە.
سەردار پشدەری
لەندەن ٩ ٨ ٢٠١١
http://www.kurd-oil.net


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە