خۆتان رێکخەن بۆ راپەرین
Saturday, 05/02/2011, 12:00
بێویژدانەکانی بیست ساڵەی رابردوو پێیان وایە: خەڵکە بەویژدانەکان ترسەنۆک و نەزانن، نازانن وڵات بەرێوە بەرن، بێویژدانەکان لە بیست ساڵەی رابردوودا تاقیکردنەوەی بەرێوەبردنی وڵاتیان داوە، سەرکەوتوو نەبوون لە بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی سیاسی و رێکخستنی کۆمەڵگاو بەدیهێنانی یەکسانی لەناو کۆمەڵگا.
بەویژدانەکان ناتوانن لەوە زیاتر دان بەخۆیاندا بگرن، کاتێک دەبینن بێویژدانەکان لە راپەڕینی ١٩٩١ دا خاوەنی دە دینار نەبوون، بەڵام بەبێ بیرنەکردنەوە لە دوارۆژی کورد، هەموو هەوڵ و تەقەڵایان بۆ باخەڵ پڕکردن و داگیرکردنی مڵکوماڵی خەڵک و دەوڵەت بەکارهێنا، خۆیان کردە ملوێنەرو خەڵکە بەویژدان و کورد پەروەرەکانیشیان دەمکوت کرد.
وا ئەستێرەی ئەو خەڵکە بەویژدان و سەربەرزانە هەڵهات کە ئامادە نەبوون سەری خۆیان شۆڕ بکەن بۆ پارەو دەسەڵات، ئێمە پشیلەی دەستەمۆ کراو نیین کە ئەگەر کوتە گۆشتێکمان بۆ نەهاوێن بمیاوێنین و ئەگەر بۆتان هاویشتین بێدەنگ بین.
دەنگی نەتەوەیی دەنگێکە داوای دوورخستنەوەی هەموو ئەو خەڵکە بێویژدانانە دەکات کە لە بیست ساڵی رابردوەوە دەسەڵاتیان لەدەست دابووەو ٧٥% ی کوردەکانی ئەو بەشەی خواروی کوردستانیان خستۆتە پشت گوێ و خوێنەکەیان دەمژن.
ئێمە لە ٢٩ ١ ٢٠١١ نامەیەکی کراوەمان بۆ دەسەڵات نارد، کە وێنەی نامەکە لە خوارەوە دانراوە، داوامان لە کاک مەسعودو مام جەلال کرد کە دەست لە دەسەڵات هەلبگرن بۆ خەڵکانی بەویژدانی هیچ پێنەبراو، لەبەر ئەوەی بەزمانی زبر نامەکەمان نەنوسیبوو، بایەخیان بە نامەکەمان نەدا، وا جارێکی تر کاک مەسعودو مام جەلال ئاگادار دەکەینەوە، ئەگەر نامەکەی پێشومان نەخوێنێتەوە و بەبێ کێشە دەست لەدەسەڵات هەڵنەگرن، ناچار دەبین رێگاکان ببەستین و لەهەموو شارو گوندەکان مەشخەڵی راپەڕین بەرز بکەینەوەو داوی دادگایی کردنتان بکەین و سامانی کورد لە ئێوەو هەموو دزو موفتەخۆرەکان بستێنینەوە.
بۆ پێشەوە بەرەو راپەرین و دروستکردنی دەسەڵاتێکی بەویژدان، پەیوەندیتان رەورەوەی راپەرینەکە بەرەو پێش دەبات و با دەنگە نارازیەکان کۆ بکەینەوە.
سەردار پشدەری ٧ ٢ - ٢٠١١
http://www.kurd-oil.net[email protected]هاو سەنگەری هیچ پێنەبراوانم
ئەگەر بێ ویژدانی بەسەر ویژداندا زاڵ بوو، کۆمەڵ دەبێتە دووبەش، بەشی بێویژدانە خواپێداوەکان و بەشی هیچ پێنەبڕاوەکان، لەدوای هەرەسی کۆمەنیزم لە بیست ساڵەی رابردوەوە، بەشێک خۆیان کردۆتە ملوێنەرو بەشێکیش هاتوهاواریەتی بۆ ژیان، ئەو دیاردەیە زیاتر لە وڵاتە ئیسلامیەکانیی رۆژهەڵاتی ناوەراست و سەرووی ئەفەریقا لەژێر سێبەری دیکتاۆریەتی دیموکراتیەت سەری هەڵدا، بێ کاری، بێ ماڵی و بێ داهاتی، ئەو بەشە هیچ پێنەبڕاوانەی لە تەواوی ئەو وڵاتانەدا رێک خست و هاتنە سەر شەقامەکان و لەخۆپێشاندانێکدا دنیایان هەژاند.
ئەو راپەرینە لە وڵات بەدوا وڵاتدا دەستی پێکردو بەم نزیکانە ئاگری ئەو راپەڕینە دەکەوێتە خوارووی کوردستانیش، لەبەر ئەوەی هەڵسوکەوتی کوردە بێویژدانەکان لە بیست ساڵی رابردوو تاکو ئەمڕۆ، ژیان و یەکسانی کۆمەڵگای ئەو بەشەی خوارووی کوردستانی بردۆتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پش ئێستا، ئەوەی لەهەموو شتێک ئازاری زیاترە، ئەوەیە کە بێویژدانەکانی کورد، بەناوی کوردایەتیەوە چینیکی کوردیان چەوساندۆتەوەو بێبەشیان کردوون لەداهات و سامانی کوردستان، بۆخۆیان خۆیان کردۆتە ملوێنەرو چینێکیش هاتوهاواریەتی بۆ ژیان.
کاتێک ئێمە ی بەویژدان وەک شاهیدێکی مێژوو کە دەستی کەم لە بیست ساڵەی رابردووەوە بارو دۆخی هەزاران خێزانی هیچ پێنەبراومان بەچاو بینیوە، نەمان توانیوە خۆمان بخەینە سەنگەری بێویژدانەکان و تورەگەی دزی و تاڵان بەمل دابکەین و دوارۆژی نەتەوە نیشتمان بکەین بەقوربانی باخەڵی خۆمان.
ئەمڕۆ کە خرۆشی راپەڕین بەرەو باشوری کوردستان دێت، وەک کوردێکی بەپەرۆش کە خۆمان بە هاوسەنگەری هیچ پێنەبراوەکان دەزانین و هیچیشمان پێنەبڕاوە، کە دەبینم ترسی تازەبوونەوی خوێن رێژی شەڕێکی دیکەی خۆ بەخۆ لەنێوان خواپێداوە بێویژدانەکان و هیچ پێنەبراوەکان دێتە ئاراوەو کە ئەوەش ئەزمونی ئەو بەشە ئازادکراوە بەرەو هەڵدێر دەبات، ناچار دەبین نامەیەکی کراوە ئاراستەی کاک مەسعودو مام جەلال بکەم و پێیان بڵێم کە وەک زین العابدینی تونس و حوسنی موبارەکی میسر مەکەن، تا کار لەکار نەترازاوەو خوێن نەرژاوە، دەست لە دەسەڵات هەڵبگرن و دەسەڵاتەکە بدەنە دەست ئێمەی هیچ پێنەبڕاو بۆ ئەوەی ئەزمونەکەمان لەدەست نەچێ، ئەگەر ئەو نامەم بخوێننەوە، وڵاتە گەورەکانیش خۆشحال دەبن و دەبێتە داهێنانێکی تازە بۆ وڵاتەکانی تریش کە لەگەڵ جەماوەری خۆیان بەشەڕ نەیەن.
خۆ ئەگەر نامەکەشم نەخوێننەوە، هیچ هێزێک نیە توڕەیی هیچ پێنەبراوانی کورد سارد بکاتەوەو ناشتوانن ئەو هەموو خەڵکە بکوژن، دوا رۆژێکی روناکیشتان بۆ نامێنێتەوەو هیچ وڵاتێک ناتانگرێتە خۆی و ئەوەی بردوشتانە لێتان دەستێنرێتەوە.
بۆیە بەدەنگێکی بەرزەوە پێتان دەڵێم: دەست لە دەسەڵات هەڵگرن و با دەسەڵاتەکە بکەوێتە دەست خەڵکانی بەویژدان، ئەگەر نا خەڵکانی توڕەو دڵگران زۆرن، سبەینێ ئێمەی بەویژدان ناتوانین بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، کە ئەوەش دەبێتە هۆی بەدبەختیەکی تری کورد.
سەردار پشدەری
لەندەن ٢٩ ١ ٢٠١١
http://www.kurd-oil.net
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست