کوردستان رزگار کرا
Monday, 06/12/2010, 12:00
کاتێک هەر دەنوسم و دەبینم نەتەوەکەم بەخەبەر نایەت، بڕیار دەدەم خۆم لە نوسین دوور بخەمەوە، بەڵام کە دەبینم دوپشکێک بەرەو نەتەوەکەم دەروات و دەیەوێ پێوەی بدات، ناچارم نوکە قەڵەمێکی پێدابکەم و بڵێم هەستە دوپشکە.
بەراستی وەزارەتی دەرەوە بۆ کورد دوپشکەو دەسەڵاتی کوردی لێمان دەکاتە قیتاری سەربەخۆیی کوردستان.
با لەپێشەوە هەموو کوردێک بزانێ، هەر کەسێک لە بەغدا هەر کارێک وەربگرێ، عەرەبەکان بەو مەرجە ئەو کارەی دەدەنێ کە نابێ بەهیچ شێوەیەک باسی کوردو کوردایەتی بکات، دەبێ تەنها باسی عێراق و عێراقچیەتی بکا و بە عەرەبیش قسەبکات.
بێجگە لە پۆستەکەی جەلال تاڵەبانی کە تەنها ژەهرێک بوو بۆ خنکاندنی داوای سەربەخۆیی کوردستان، وا کاک وشیار زێباریش دەکەنە قسەکەری کورد لەناو کۆمەڵگای نێونەتەوییدا بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی کە کورد لەوە زیاتری ناوێ کە عێراقی بێت و کوردو عەرەب دووبرای باشن لە عێراقدا.
هەڵسوکەوتی کاک وشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق لە حەوت ساڵی رابردوودا، ئەوەمان نیشان دەدات کە کاک وشیار لەناو کۆمەڵگای نێونەتەوەیدا وەک کوردێک ئەوەندەی تر تارای رەشی عەرەبی بەسەر داوای کوردایەتیدا دادەدا.
لە حەوت ساڵی رابردوودا کاک وشیار بەشداری کردوە لە دەیان دانیشتنی کۆنگرەی وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبیەکان و جامعەی عەرەبیدا، دەکرێت کاک وشیار بۆمان روون بکاتەوە کاتێک بەشدار بووە، چی بەرانبەر بە کێشەی کورد گوتوە لەو دانیشتنانەدا، خۆ ئەگەر بۆخۆشی کاتی نیە، حیزبەکەی دەتوانێ تەنها لێدوانێکی کاک وشیار بکاتە یوتوبێک و بۆمان بڵاو کاتەوە، خۆ ئەگەر لەوێش هیچی نەگوتوە، چی لەگەڵ وەزیرەکانی دەرەوەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی گوتوە بەتایبەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاو بەریتانیادا ؟، دڵنیام لەوەی ئەگەر وشەیەکی کوردو کوردایەتی بەکار هێنابێ، عەرەبەکان ئامادە نەدەبوون کە ئەو پۆستەی بدەنەوە بە کاک وشیار.
ئەوەی ئێمە دەیبین، عەرەبەکان بۆ ئەوە پۆستی وەزیری دەرەوە دەدەن بەکوردو بە کاک وشیار، تاکو وەک کوردێک لەناو کۆمەڵگای نێونەتەوەیی وەک حەوت ساڵی رابردوو، ئاگر لەداوای کوردو کوردایەتی بەربدات و عێراق و عێراقچیەتی لە شوێن دابنێ.
http://www.kurd-oil.net
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست