میتی تورکی کۆنگرهی 13ی ههڵدهسوڕاند؟!..
Wednesday, 15/12/2010, 12:00
ئەگەر پێش بەدیهاتنی کارەساتەکان دەنگی بێلایەنەکان بخوێنرێتەوەو هەڵسەنگاندنی لەسەر بکرێ، رەنگە کارەساتەکە روو نەدات و روونەدانی کارەساتیش بە بەرژەوەندی هەموو لایەکە.
لەکێشەی نەوت و غازدا، سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، نامەکانی ئێمەیان نەدەخوێندەوەو بە زانستی خۆیان بەرێگادا رۆیشتن و ئەنجامی کارەکەشیان لەلای هەموان ئاشکرایە کە لەرووی یاسایەوە بەهیچ جێگایەک نەگەیشتون و خراپیش بەسەریاندا شکایەوە.
وەک لە حەوت ساڵی رابردوەوە تاکو ئەمڕۆ بۆمان دەرکەوتوە، عەرەبە دەسەڵاتدارەکانی هاوسەنگەری بارزانی و تاڵەبانی، ڤیتو دژی هەموو داوایەکی نەتەوەیی بەکار دەهینن و دەڵێن عێراق مڵکی هەموانەو دەبێ باسی عێراق و عێراقچیەتی بکەین دوور لە داوای کوردایەتی، بارزانی و تاڵەبانیش ئەوەیان پەسند کردوەو تاکو ئێستا هەڵوێستێکی نەتەوەییان وەرنەگرتوە لەسەر هیچ خاڵێکی دەستکەوتی نەتەوەیی، عەرەبەکان کە بەشداریەکی توندوتۆڵیان کرد لە کۆنگرەی ١٣ ی پارتیداو بەدەنگێکی بەرزەوە ڤیتۆی خۆیان تازە کردەوە لەدژی خوێندنەوەی نامەی نەتەوەیی و داوایان کرد کە دەبێ کورد تەنها باسی عێراق و عێراقچیەتی بکات، سەرانی کۆنگرەش ئەوەیان پەسند کردو لە ژێرناوی مافی چارەنوسدا، چارەنوسی خۆیان بۆ عێراق و عێراقچیەتی تازە کردەوە، ئەوەتا کاک نێچیرو کاک بەرهەم بەئاشکرا هاوار دەکەن و دەڵێن مافی چارەنوس لەژێر ئاڵای عێراق و بۆ عێراقە.
میتی تورکیش وەک خەرتەل یان داڵاشی کەلاک خۆر، بێجگە لەوەی لە رێگای هەندێ لە کوردە چڵپاو خۆرەکانەوە دەستی بەسەر کوردستانی سەروودا گرتوە، بە بەرنامەی جۆراوجۆرەوە لەرێگای چڵپاو خۆرەکانەو بەرەو خواروش بەرێکەوتوە، وەک هەموو دەزانین، تورکیا وەزارەتی پەروەردەیان داوەتە کوردێک و بە ئەو کوردەش کورد بۆ تورک بەتورکی پەروەردە دەکەن، ئەو وەزیرە کوردەشیان راسپارد کە ڤیتۆیەک بەکار بهێنێ بۆ هێنانە سەرکاری سەفینی موحسن دزەیی کە پازدە ساڵ لە تورکیا لە قوتابخانەی میتدا پەروەردە کراو لە کۆتایدا کردیان بەوەزیری رەوشەنبیری هەرێمی کوردستان بۆ پەروەردە کردنی مناڵی کورد بۆ خۆ نزیک کردنەوە لە تورک، کە هەموو کورد دەزانێ کاک سەفینی موحسن دزەیی بۆ ئەوە نابێ کە بیکەیتە مامۆستای قوتابخانەیەک، نەک ببێتە وەزیری پەروردە.
میتی تورکی لەکۆتای کۆنگرەی ١٣ دا، رۆڵێکی بەرچاوی بینی لە داگیرکردنی کۆنگرەکەدا لە رێگای بەشدار کردنی (وەزیری پەروەردەی تورکی و جێگری سەرۆکی پارتی دەسەڵاتداری تورکی و باڵوێزی تورکی و چەند کۆرێکی چڵپاو خۆر) لەژێر ناوی ئەندام پەرلەمانی تورکیدا، هەر هەموویان ڤیتۆی خۆیان بۆ کاک نێچیرەوان بەکار هێناو کاک مەسعودیان ناچار کرد کە کاک نێچیر بکاتە جێگری خۆی، چونکە کاک نێچیر لەو یەک دوو سەفەرەی ئەو دواییەدا کۆمەڵێک مامەڵەی ژیر پەردەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا کردبوو و بۆ جێبەجێ کردنی ئەو مامەڵانەش دەبێ کاک نێچیر دەسەڵاتێکی زۆری بۆ دروست بکرێ، کاک مەسعودیش کە زۆر باش ئاگادارە کە تورکەکان کاک نێچیریان لێ راست کردۆتەوەو ئەگەر ڤیتۆی تورکەکان قبوڵ نەکات، ئەوا پارتەکەی دوو لەت دەبێ و دەسەڵات لەدەست دەدات، لەلایەکی ترەوە کاک مەسعود ئاگادارە کە کاک نێچیر خەریکە ژنێکی تر بهێنێ، ئەوەش وای کرد کە کاک مەسعود ڤیتۆ دژی دوو ژنی بەکار بهێنێ و نەهێڵی کاک نێچیر ژن بەسەر کچەکەی بهێنێ.
میتی تورکی کە پێشتر بەچاوێکی زۆر خراپ سەیری کاک مەسروری کوڕی کاک مەسعودی دەکردو زەربی سوری بەسەردا هێنابوو، بە ترۆرستی ناو دەبرد، لە کۆنگرەی ١٣ شدا ڤیتۆی لەدژی بەکار هێناو لەدوا رۆژی کۆنگرەدا رێگایان پێنەدا وەک دوو رۆژی پێشوو لەپێشەوەش دابنیشێ و ناردیانە ریزی دواوەو هیچ بایەخێکیان بۆ دانەنا.
ئەو کوردە بێخەبەرانەی کە لە کۆنگرەکەدا هەڵدەپەڕین و ئاڵای کوردستانیان هەڵدەسوڕاند، وەک کوردێکی نەتەوەیی تاوەکو ئێستاش لەخەوێکی قوڵدان و پێیان وایە پارتەکەیان دوا رۆژێکی روناک بۆ کورد پەیدا دەکات، نازانن چوارپەلی حیزبەکەیان کەوتۆتە ژێر سەری داگیرکەران و سەرانی حیزبەکەیان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن دەسوقاچی خۆیان لەژێر سەری داگیرکەران دەربهێنن و ئەنجامی ژێردەستەییش وەک ژێردەستەیەکەی شۆڕشی ئەیلولە کە کۆتاییەکەی بۆ بەهەرس و شیوەن بۆ کورد.
لەندەن 15 12 2010
http://www.kurd-oil.net کوردستانپۆست: بهداوای لێبوردنهوه له پشدهریی ، ئێمه ناونیشانێکمان بۆ وتارهکهی ههڵبژارد ، بهرێزیان ناونیشانی دانهنابوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست