کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەموو شتێك بۆ حزب، ئەى چى بۆ ئێمە؟

Wednesday, 05/01/2011, 12:00


لەوڵاتێكدا، كاتێك حزب مێخى پتەوى خۆى بە رەواو ناڕەوا، بە عەدالەتو ناعەدالەتى، لەهەموو پنتێكى ژیانو لەهەموو بوارێكى گەشەسەندنو خۆ پێشخستنى مرۆڤدا دابكوتێت، ئیدى هیچ پرسیارێك لەوە رەواتر نییە كە بڵێین (هەموو شتێك بۆ حزب، ئەى چى بۆ ئێمە؟).
رەنگە هیچ جیلێك لەجیلەكانى ئەم كۆمەڵگەیەى ئێمە، بەقەد ئەو جیلە تووشى نەهامەتىو ژیان بەفیڕۆچوون نەبووبێت كە هەموو تەمەنى لاوى، ئەو تەمەنەى كە تێیدا مرۆڤ خۆى دەناسێتو هەولأ بۆ بەدیهێنانى حەزو ئارەزووەكانى دەدات، كەوتە نەوەدەكانى سەدەى رابردووەوە.. ئەو ماوەیەى كە (پارەى كتێبو دەفتەرو رحلەى خوێندنگەو نەوتى زۆپاكانى نێو پۆلەكانو.. هتد) هەموو بەمۆلأ دەچوونە گیرفانى چەند بازرگانێكى چەكەوەو دەدرانە راجیمەو كاتیۆشاو حزبەكان دەیاننا بەیەكەوە، لەسەر گردێكى رووتەن كە تەنانەت دڕكیشى لەسەر ناڕوێ یەكتریان پێ قڕ دەكرد.. هاوكات لاوەكانیشى بەبێ ئەوەى دینارێكى ئاسنی ئەو سەردەمەیان لەگیرفاندا بێت روویان لەپۆلە ساردو سڕەكانى خوێندن دەكرد. بەڵام كادیرەكانى حزب، چونكە بەهەموو رێگەیەك رەواییان بەو شەڕە ماڵوێرانكەرە دەدا، چونكە نوكى قەڵەمەكانیان بەقەد لولەى تۆپو هاوەنو راجیمەو كاتیۆشاكان رۆڵیان هەبوو لەشەڕدا، خاوەنى هەموو ئیمتیازێك بوون.
لەئێستاشدا كە شەڕ كۆتایى پێهاتوەو ئیدى هەمووان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەى كە شەڕ كەس ناگەیەنێتە سەركەوتن، سەردەمى ئەوە دەستى پێكرد كە ئەو ئیمتیازاتانەى پێشتر حزبەكان لەبیریان چوو بوو بە كادیرەكانیانى ببەخشن، ئێستا پێیان ببەخشن، ئێستا سەردەمى ئەوەیە كە حزبێك بتوانێت زیاتر بەرگى (بەكالۆریۆس، ماستەر، دكتۆرا) بەباڵاى كادیرەكانیدا بدوورێت، ئەمەش بووەتە ئەرزى واقیعو ئێستا ئەو ئیمتیازەش لەوانە سەندرایەوە كە كادیرى حزب نین.
لەماوەى رابردوودا (وەزارەتى خوێندنى باڵا) مژدەى دایە رۆژنامەنووسان كە گوایە چەند كورسییەكى بۆ رۆژنامەنووسان تەرخان كردووە، بەڵام بەدانانى مەرجەكانى باشتر وابوو كە ئەو كورسیانەى هەر تەرخان نەكردایە. ئەوەى بووە مایەى دڵخۆشى ئێمە ئەوەبوو كە وەزارەت رایگەیاند رۆژنامەنووسان دەتوانن بەپارەى خۆیان بخوێنن، ئەمە بۆ ئێمە مژدە بوو، گەرچى دەبوو لەدەمى خۆمانو مندالأو خێزانمان بگرینەوە تا بتوانین بخوێنین، ئەمەش بۆ ئێمە هەر شتێكى ئاسایى بوو، دەكرێ مرۆڤ چوار سالأ بكەوێتە ناڕەحەتییەوە لەپێناو بەدیهێنانى خەونێكدا كە بەهۆى حزبو جەنگەكانىو سیاسەتو ناعەدالەتییەكانییەوە لەدەستى چووە، بەڵام كارەسات لەوەدایە كە تۆ بتەوێت بەپارەى خۆت بخوێنیت، هێشتا حزبو كادیرەكانى رێگەت نەدەنو ناعەدالەتى بگاتە ئاستێك كە چیدى نەتوانیت لەئاستیدا بێدەنگ بیت.
مەبەستمانە سەرەتا لە بەشى راگەیاندنى زانكۆى سلێمانى بپرسین (خێرە لەنێو 40-50 كەسدا كە بەشدارى لەسیناریۆیەكدا بەناوى (تاقیكردنەوە)وە دەكەنو كێبڕكێ بۆ شەش كورسى خوێندن دەكەن، بەڵام لەیەكەم تا شەشەمى ئەو شەش كورسییە شەش كادیرى حزب دەربچنو دەرفەتى خوێندنیان بدرێتێ؟). ئەمە لەكاتێكدا كە پێشتر هەواڵى ئەوە بڵاوبۆوە كە گوایە پرسیارەكان دزەى پێكراوەو دراوەتە دەست كادیرەكانى حزب، بەشى راگەیاندنى زانكۆش لەبەرامبەر ئەم زانیارییەدا بێدەنگى هەڵبژارد، بێدەنگیش نیشانەى رەزامەندییە. ئەمە جگە لەوەى كە هەر رۆژى سیناریۆكە، بەشێكى زۆرى بەشداربووان هیوا بڕاو بوونو بەئاشكرا چەند ناوێكیان ریزكردو دڵنیابوون لەوەى كە ئەو چەند ناوە كورسییەكانیان گرتووەو كەس بەنیازى كورسى نەبێت.
لەو پرسیارەش رەواتر ئەوەیە، لەبەشى راگەیاندنى زانكۆى سلێمانى بپرسین، (خێرە نمرەى ئەو شەش كەسەى وەرگیراون، زۆر زۆر لێكەوە نزیكن؟ ئەمە ماناى ئەوە نییە كە هەواڵى دزەكردنى پرسیارەكان راستە؟).
تەنها تكامان لەبەشى راگەیاندنى زانكۆى سلێمانى ئەوەیە ئەگەر وەڵامى ئەم نووسینەیان دایەوە با بەوە وەڵام نەدەنەوە كە گوایە ئێمە لە تاقیكردنەوەكەدا خراپ بووینو ئەوان باش بوون، چونكە ئەنجامەكان بەڕوونى پێمان دەڵێن كە ئەو تاقیكردنەوەیە جگە لەسیناریۆیەكى فاشیل بۆ پەردەپۆش كردنى وەرگرتنى چەند كەسێكى مەبەستدار، هیچى تر نەبووە، جگە لەشەرعیەتدان بەحزب بۆ دانانى چەند كادیرێكى لەزانكۆدا، هیچى تر نەبوو، بۆیە باشتر وایە وەڵامێك بدەنەوە كە قەناعەتمان پێبكەن، چونكە تەنها مەبەستى ئێمە لەم نووسینە ئەوەیە بەبەشى راگەیاندنى زانكۆو بەوەزیرى خوێندنى باڵاش بڵێین (بەویژدانى ئێوە رەوایە ئێمە بەپارەى خۆمان بخوێنینو هێشتا واستەشى بۆ بكەین؟ بەویژدانى ئێوە رەوایە تاكە تروسكاییەك كە بۆئێمەى سەربەخۆ مابۆوە خوێندن بوو، ئێستا كادیرەكانى حزب ئەو تروسكاییەش لەژیانماندا بكوژێننەوەو ئیدى هیچ شتێك نەمێنێت كە حزب بۆ خەڵكە سەربەخۆكەى بهێڵێتەوە؟).
سەیرە وەزیرى خوێندنى باڵا لەوەتەى پۆستى ئەو وەزارەتەى وەرگرتووە، باس لەریفۆرم دەكات لەخوێندنى باڵادا، بەڵام پرسیارى لەزانكۆى سلێمانى نەكرد كە بۆچى لەنێو ئەو هەموو گەنجەدا چەند كادیرێكى حزب دەردەچنو دەرفەتى خوێندنى بەپارەیان پێدەدرێت؟ ئەگەر وەزیرى خوێندنى باڵا رازییە لەسەر ئەوەى كە ئەو كورسییانەى بەناو بۆ رۆژنامەنووسان تەرخان كراوە، هەموو بەر كادیرەكانى حزب بكەون، ئەوا باشتر وایە چیدى نەڵێ كورسى بۆ رۆژنامەنووسان تەرخان دەكەین، باشتر وایە بنەڕەتى مەبەستى تەرخان كردنەكە بڵێو بەڕوونى ئاماژەى پێبدا كە چەند كورسییەك لەژێرناوى رۆژنامەنووساندا بۆ كادیرەكانى حزب تەرخان دەكات، هیوامان وایە وەزیرى خوێندنى باڵا ئەم بابەتە بەجددى وەربگرێو لێكۆڵینەوەیەكى بێلایەنانە لە ئەنجامەكاندا بكات. چونكە وەك ئاماژەمان پێدا هیچ مانایەك لەم دەستكەوتەكەى وەزیرەكەماندا نامێنێتەوە كاتێك بەپارەى خۆمان بخوێنین، بەڵام لەگەڵیدا گەر كادیرى حزب نەبیت، یان كڕنووش بۆ حزب نەبەیت، رێگەت نەدرێ، هیچ مانایەك لەو خوێندنەدا نامێنێت ئەگەر ناعەدالەتى لەئەنجامەكاندا بگاتە ئەو ئاستەى كە پێش دەرچوونى هەر ئەنجامێك، بەشداربووەكان بزانن كێ وەردەگیرێو كێ پشتگوێ دەخرێو دەبێتە قوربانى ئەو ناعەدالەتییەى كە جگە لە كادیرەكانى حزب، میللەتێك بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
لەژمارە (692)ى رۆژنامەى (هاوڵاتى) بڵاوكراوەتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە