خەیاڵپڵاویى كڵاوى كردە سەری ئیسلامییەكان هاوپەیمانێتییەكى هەڵە
Saturday, 29/08/2009, 12:00
* دەبێت ئیسلامییەكان خۆیان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە بكەن بەموجامەلەیەكى تاڵەبانى حەمەی حاجی مەحموود دەچێتەوە سەر خوانەكەى دەسەڵات، بۆ حزبی زەحمەتكێشانیش دەبێـت چاوەڕێ بین
* پەسەندكردنى رەشنووسى دەستوور، زیانێكى گورچكبڕى لە ئیسلامییەكان دا بەشێوەیەك زۆر خەڵكى پەشیمان كردەوە لەپشتیوانیى لیستى چاكسازیى
* لاوازیى راگەیاندنى یەكگرتوو وكومەڵ لەماوەى چوار ساڵى رابردوودا، هۆیەكى گرنگى شكستى ئیسلامییەكان بووە
ئاشكراكردنى دەرەنجامى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى كوردستان یەكگرتوى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامى، تووشی شۆكێكى گەورەى كردو لەبەرامبەریشدا هەردوو حزبى عەلمانى: سۆسیالیست و زەحمەتكێشانی زۆر خۆشحاڵكردو خۆیان بەسەركەوتوو بینییەوە. ئەگەر لەشەرمى ئەو دوو حزبە ئیسلامییە نەبووایە تائێستاش كەناڵى جەماوەر، كە زمانحاڵى حزبى سۆسیالیستە دەستى لەدەهوڵ و زوڕناى سەركەوتن هەڵنەگرتبوو. وەك چاودێرانى سیاسیى باسى دەكەن كە دوو حزبە عەلمانییەكەى هاوپەیمانى ئەم دوو هێزە ئیسلامییە هێندە لاوازببوون، ئەگەر ئەو هاوپەیمانێتییە نەبوایە ئێستاكە كۆتایى بەژیانى ساسییان دەهات. هەڵەى ستراتیژیى وگەورەى ئیسلامییەكان ئەوەبوو كە پێیانوابوو خەڵكى ناڕازى لەپارتى و یەكێـتى دەنگ بەئیسلامییەكان نادەن بۆیە پەنایان بردە بەر ئەو دوو حزبە عەلمانییە زۆر لاوازە، بەو ئومێدەى ئەم هاوپەیمانێتییە ببێتە دەوارێك بۆ پاراستنیان لەڕەشەباى راگەیاندنى یەكیـَتى و پارتى و لەو رێگایەشەوە دەنگى ناڕازى جەماوەر بەدەستبهێنن.
ئەگەر درووستكردنى ئەو هاوپەیمانێتییە بۆسۆسیالیست و زەحمەتكێشان زیرەكی ئەوانی نیشاندابێـت و توانییبێتیان لەو رێگایەوە تاچوار ساڵی تر بەشداربن لەكایە سیاسییەكاندا ئەوا تەواو بەپێچەوانەشەوە ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ هەر دوو هێزە ئیسلامییەكە شكستێكى گەورەى پێوە بوو هەروەك كەمیى لێهاتوویى سیاسیى سەركردایەتى ئەم حزبانەشى پیشانداین.
خەیاڵپڵاویى ئیسلامییەكان سەركردایەتى كۆمەڵ و یەكگرتوو پێیانوابوو ئەوان لەڕێگاى هاوپەیمانێتییەوە تەواوى دەنگى عەلمانییە ناڕازییەكان بۆ خۆیان مسۆگەر دەكەن، بێئاگا لەوەى كە ئەوان لەگەڵ دوو حزبى عەلمانیدا لیستى هاوبەشیان دروستكردووە كە زۆر لاوازن، لەگەڵ ئەوانەشدا حزبێكى وەك سۆسیالیست لەنێو شەقامى كوردییدا بەحزبە خێڵەكییەكە ناسراوە، بەهیچ شێوەیەك جێگاى رەزامەندیى توێژى گەنجانى كورد نییە كە ئێستا لەیەكێتـى و پارتى تووڕەن!. بەڵكو بەپێچەوانەشەوە تا ئێستاشى لەسەر بێت خەڵكى پارتى و یەكێتییان پێ پەسەندترە لەحزبەكەى كاكە حەمە، خەڵكى هەرێم بەجەماوەرى ئیسلامییەكانیشەوە ئەو راستییەیان دەزانى كاكە حەمە سكرتێرى سۆسیالیستە، ئەندامى پەرلەمانیشەو وەزیرى هەرێمیشە، لەهەمان كاتیشدا لەریزبەندى پەرلەمانتارەكانى لیستى خزمەتگوزاریى و چاكسازیى هەردوو ئەندام پەرلەمانەكەى ئەم حزبە لەسەر بنەماى خێڵەكیى دانراون، ئەندام پەرلەمانى یەكەمیان براى كاكە حەمە خۆیەتى و ئەویتریان كچى ئەندامێكى مەكتەبى سیاسییانە.
ئیسلامییەكان بەتەنیا دەمێننەوە یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامیی هەمیشە وەك دوو هێزى زۆر شەرمن زۆر قەرزاربار سیاسەتیان لەگەڵ یەكێتى و پارتى كردووە، ئەم ترس و شەرمە تا ئاستێك رۆشتووە كە ئەندامانى ئەم دوو حزبە هەست بەترس و دڵەڕاوكێ بكەن ئەو سیاسەتە گەیاندوونییە ئەو بڕوایەى باسى گرتنە دەستى دەسەڵات بۆ ئەوان هێڵى سوور بێت. هەر لەبەرئەمەش بوو لیستى چوار حزبەكە پێكهات چوون ئیسلامییەكان نەیاندەتوانى بەتەنیا رووبەڕووى دەسەڵات ببنەوە ئەگەر لەسەرەتاى دروستكردنى ئەم هاوپەیمانێتییەدا زەحمەتكێشان باجی دابێت، ئەوا دەرنجامەكەى بۆ ئەو حزبە دڵخۆشكەرەو قەرەبووى ئەو زیانەى بۆ دەكاتەوە.
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا سۆسیالیست و زەحمەتكێشان ئامادەن لەم تەنگانەیەدا ئیسلامییەكان بەجێنەهێڵن؟، من لەوە دڵنیام سۆسیالیست هەر زوو باى باى خۆی دەكات و لەئێستادا چاوەڕوانى خێرو بەرەكەتى دەسەڵاتە، دەبێت ئیسلامییەكان خۆیان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە بكەن كە بەموجامەلەیەكى تاڵەبانى كاكە حەمە دەچێتەوە سەر خوانەكەى دەسەڵات، بۆ حزبی زەحمەتكێشانیش دەبێـت چاوەڕێ بین، بزانین كێشە نێوخۆییەكانى ئەو حزبە بەكوێدەگات؟. دڵنیام بەلایەكداكەوتنى ئەو كێشەیە داهاتووى قادر عەزیز لەگەڵ ئیسلامییەكان دیارى دەكات! لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت خەونى ئیسلامییەكان بۆ بەدەستهێنانى دەنگە ناڕازییەكانى پارتى و یەكێـتى بەهۆى ئەو هاوپەیمانێتییەوە لەخەیاڵپڵاویى زیاتر هیچى تر نەبووە، جارێكی تر دەچنەوە نێو ئەو بازنەیەى كە دەمێكە دەیانەوێت لێى بێنە دەرەوە.
بۆچى لیستى گۆڕان پێشبڕكێكەى بردەوە؟ هەر لەسەرەتاى دەستپێكردنى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكان پێشبڕكێكە لەنێوان لیستى كوردستانى ولیستى گۆڕان ولیستى خزمەتگوزاریى وچاكسازییدا بوو، لەگەڵ ئەوەى لیستى چوار حزبەكە ئەوەیان چەندین جار دووپات دەكردەوە، كێبڕكێكە لەنێوان ئەوان و لیستى كوردستانییە، بەڵام بەپێچەوانەوە جمووجوڵەكانى شەقامى كوردیى ئەوەى پیشان دەداین لیستى گۆڕان تەنیا ئەوە كە كێبڕكێ دەكات لەگەڵ دەسەڵاتدا. من نازانم لیستى چاكسازیى بەچ بەڵگەو داتایەك ئەو قسانەیان دەكرد؟، بەڵام لەخۆڕازیبوون و دڵنیابوون لەلایەن سەركردایەتى ئەم حزبانەوە جێگاى پرسیارە!، سەركردەكانى ئەم لیستە پێیانوابوو هەڵمەتەكانى هەڵبژاردن بەهاتوهاوار ناكرێـت و گۆڕان بەو هاتوهاوارە ناتوانێت دەنگە ناڕازییەكان بۆ خۆى بباتەوە، لەكاتێكدا گۆڕان، زۆر زیرەكانە كارى لەسەر خاڵە لاوازەكانى دەسەڵات دەكرد و توانی راى گشتى زوو بخرۆشێنێت.
بانگەشەى لیستى چاكسازیى لەزۆر كاتدا خزمەتى بەڕكابەرەكانى دەكرد، بەتایبەتیش لیستى كوردستانى كە زۆر خۆشحاڵ بوون بەلاوازیى بانگەشەى لیستى خزمەتگوزاریى و چاكسازیى، بۆ نموونە دەیانگووت: ئێمە ناڵێین هیچ نەكراوە بەڵام دەبێت زۆرتر بكرێت. لەبەرامبەردا لیستى گۆڕان لێبڕاوەنە هەڵمەتى دژى دەسەڵات دەبردو ئەو ترسەشى لەشەقامى كوردییدا شكاند كە پێشتر لەبەرامبەر پارتى و یەكێتى هەبوو. هەڵمەتى هەڵبژاردنى لستى گۆڕان نەك هەر ناڕازییەكانى دەسەڵاتى سەرسام كردو دەنگیان پیێدا، بەڵكو دەنگى سوودمەندەكانى دەسەڵاتیشى بۆ خۆى برد هەروەكو ئێستاش دانیپێدادەنرێت كە دەنگەكانى چاكسازیش بەشێكیان بۆلیستى گۆڕان رۆشتووەو دەنگیان بەو لیستە داوە.
دەركەوتنى توندڕەوەكان ئەگەرچى ئێستا بزووتنەوەى ئیسلامى خەریكى شایى و لۆغانە و مەستى ئەو سەركەوتنە رێژەییەیە كە بەدەستى هێناوە، بەڵام چاودێرانى سیاسیى پێیانوایە تامی ئەو سەركەوتنانە زۆر درێژە ناكێشێت و لەهەڵبژاردنەكانى چەند مانگى داهاتوودا رێژەى راست و دروستى خۆیان دەزانن، دەشگەنە ئەو باوەڕەى ئەو دەنگانە دەنگى خۆیان نەبووە، ئەمەش دەكەوێـتەوە سەر هەوڵى ئەو دوو حزبە ئیسلامییە: یەكگرتوو، كۆمەڵ، كە خاڵە لاوازەكانیان دەستنیشان بكەن و چارەسەرێكى گونجاویان بۆ بدۆزنەوە. بۆ ئەوەى لەهەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاكان و پەرلەمانى عێراقدا قەرەبووى ئەو شكستە بكەنەوە كە لە25-7 تۆماریان كرد و ئەو دەنگدەرە تۆراوانە بگێڕننەوە كە لەدژى هاوپەیمانێتى لەگەڵ عەلمانییەكان دەنگیان بەبزووتنەوە دابوو.
كادرێكى باڵاى یەكگرتووى ئیسلامى پێیوایە: لەهەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاكان و هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا بزووتنەوەى ئیسلامى وسۆسیالیست و زەحمەتكێشان ناتوانن سەربكەون و ئەگەر دەنگى هەرسێكیشیان كۆبكەیتەوە یەكسان نابێت بەرێژەى یاسایى بۆ بەدەستهێنانى كورسییەكى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى. ئێستا مشتومڕو جەدەلێكى بێسود لەنێو رێكخستن و كادرەكانى ئەم دوو حزبەدا هەیەو جارجاریش ئەم شەڕە دێتە سەر رووپەڕى رۆژنامەكان، ئیسلامییەكان لەناو رێكخستنەكانیان نەیانتوانیوە خاڵە لاوازەكانى ئەو شكستە دەستنیشان بكەن، ئەوەى دەیبینن تووڕەبوون و هەڵچوونێكى دەروونییە، پێیانوایە لەبەرئەنجامى ئەو هاوپەیمانێتیەى لەگەڵ عەلمانییەكاندا بەستوویانە نەك جەماوەرى ئیسلامى بەڵكو خوداشیان لەخۆیان رەنجاندووە و ئەو دەستەواژانەى كە ئێستا لەلایەن نووسەرانى ئەم حزبە ئیسلامییانەوە دەردەپەڕێنرێت: كە دەڵێن نزیكبوونەوە لەهێزە عەلمانییەكان ئەگەر لەپێناوى بەرژەوەندیى باڵاو گشتیش بێت یەكسانە بەدووركەوتنەوە لەشەرع و بنەما دینییەكان.
بەئاشكرا دەنگێك دێتە بەرگوێ كە دژى پێكەوە ژیانن و ئەگەر ئەو دەنگانە نزیكببنەوە لەدەسەڵات یان بەهێز ببن كومەڵگاى كوردیى بەرەو قەیرانێكى كۆمەڵایەتى و سیاسیى گەورە دەبرێت. كادرێكى باڵاى كۆمەڵى ئیسلامى ئەو راستییەى سەرەوە ناشارێتەوە كە ئەوان خەڵكانێكیان تێدایە توندڕەون لەپەیڕەوكردنى بنەما شەرعییەكاندا، بەڵام ئەو پێیوایە ئەو دەنگانە لەبارودۆخی ئێستادا جەماوەرى ئیسلامى گوێیان لێناگرێت، بەڵام ئەگەر بارودۆخەكە لەبار بێت دەتوانن بێنە پێشەوەو لەئاستى سەركردایەتی ومەكتەبی سیاسیش خەڵك هەیە پشتیوانیان لێدەكات، بەڵام سەركردایەتى كۆمەڵ پێیوانییە هۆكارى شكستەكە ئەوەبێت كە لەگەڵ عەلمانییەكاندا هاوپەیمانن بەڵكو كێشەكە ئەوەیە ئێمە لەگەڵ دوولایەن هاوپەیمانیمان كرد، بەهەردوو لایان لە دەهەزار دەنگ زیاتر دەنگیان نەدەهێنا، خۆ ئەگەر ئێمە لەگەڵ لیستى گۆڕاندا هاوپەیمانیمان بكردایە ئێستا كەس رەخنەى لەو هاوپەیمانییە نەدەگرت و بەناشەرعى نەدەزانى.
خاڵە لاوازەكان فەزاى هەڵبژاردنەكانى ئەمجارە بەشاهیدى هەموو لایەك باشترو رەخساو تر بوو لەهەڵبژاردنى پێشوو "2005" سەرنەكەوتنى ئیسلامییەكان و نەهێنانەوەى دەنگەكانى هەڵبژاردنى پێشوویان لەهەڵبژاردنێك كە لێوانلێو بوو لەكێبركێكردن، سەرى سەوڕمانن و دەیانەوێت بەزوویى هۆكارەكانى ئەو شكستە تێپەڕێنن. بەڕاى چاودێران شكستى ئەمجارەى ئیسلامییەكان زیاد لەهۆكارێكى هەیە، سەرەكیترین خاڵە لاوازەكانیان بریتییە لە:
1-بەشداربوونى ئەم دوو حزبە لەكابینەى پێشووى حكومەتى هەرێم كەگەورەترین هەڵە بوو ئیسلامییەكان كردیان. ئەوان باش دەیانزانى بەشدارپێكردنیان شكڵییەو ئەو رۆڵەیان پێنادرێت كە خۆیان دەیانەوێت، دەشیانزانىحكومەتەكە حكومەتێكى یەكگرتووى كارا نییەو حكومەتى پارتى ویەكێتییە. هەریەكەیان وەزارەتى دارایى و وەزارەتى پێشمەرگەو وەزارەتى ناوخۆى خۆى هەیە، بەشداریكردن لەحكومەتێكى لەمجۆرە نەك هەڵە بەڵكو لاى بەشێك لەئیسلامییەكان وەك گوناحێكى گەورە سەیر دەكرا.
2-هاوپەیمانیكردن لەگەڵ دوو هێزى لاوازى عەلمانى كەخاوەنى پێگەیەكى بەهێزى جەماوەریی نین نەك دەنگیان بۆ ئیسلامییەكان زیاد نەكرد بەڵكو دەنگى ئەوانیشیان بۆ خۆیان برد.
3-سیاسەتى چوار ساڵى پێشوى ئیسلامییەكان جێگاى نیگەرانى ئەندامان و كادرانى ئەو دوو حزبە بوو، نەرمی نواندنى هەمیشەیى لەبەرامبەر دەسەڵاتداو شەرمنى سیاسیى و هەڵوێستى لاوازى پەرلەمانتارەكانیان، هۆكارێكى گرنگ بوو بۆ ساردبوونەوەى ئەندامان و جەماوەرى ئەم دوو حزبە. رووداوەكەى ساڵى دوو هەزارو پێنج و بێدەنگى یەكگرتوو لەئاستى ئەو تاوانەى كە پارتى بەرامبەریان كردی. هەمیشە ئەو پرسیارەى دەهێنایە كایەوە كە ئەو حزبە تواناى داكۆكیكردن لەخۆشی نییە.
4-نە ئۆپۆزیسیۆنێكى كارا، نەبەشداریى بەهێز لەدەسەڵاتدا. هەمیشە لایەنگران و ئەندامانى ئەم دوو هێزە نەیانزانیووە ئۆپۆزیسیۆنن یان دەسەڵات؟ نە توانیوویانە رەخنەى جیددی و كاریگەر لەدەسەڵات بگرن و هیچ كاتێكیش نەیانتوانیوە پشتیوانى پڕۆژەكانى حكومەتى پارتى و یەكێـتى بكەن، هەمیشەش لەژوورە تاریكەكان لەگەڵ پارتى و یەكێـتى رێككەوتوون و ئەگەر رەخنەشیان هەبووبێت ئەوا لەژێر لێوەوە پێیان راگەیاندوون.
5-لاوازترین هەڵمەتى هەڵبژاردنیان هەبوو. گومانی تێدا نییە هەڵمەتەكانى هەڵبژاردنى لیستى كوردستانى و لیستى گۆڕان گەرم وگوڕ بوون، تا ئاستێك هاوشان دەبووەوە لەئاستى هەڵمەتى هەڵبژاردنى وڵاتە پێشكەوتووەكان. ئەوەى جێگاى تیبَبینى بوو لیستى خزمەتگوزاریى و چاكسازیى بەپێچەوانەوە، لاوازترین هەڵمەتى بەڕێكرد، لیستى خزمەتگوزاریى و چاكسازیى نزیكەى 18 كورسیان لەپەڕلەمانى پێشو هەبوو لەحكومەتییش بوون، دەیانتوانى دەیان خاڵى لاوازى یەكێتى و پارتى دەستنیشان بكەن و هێرشیان بكەنە سەر، بەڵام ئامادە نەبوون ئەو كارە بكەن، جەماوەریش هەڵمەتى لاوازى وا شرۆڤە كرد كە ئیسلامییەكان ناوێرن راستییەكان بڵێن و موجامەلەى پارتى و یەكێتی دەكەن.
6-پەسەندكردنى رەشنووسى دەستوور، زیانێكى گورچكبڕى لە ئیسلامییەكان دا ئەوكاتەى TVكانى دەسەڵات لێدوانەكانى محەمەد حەكیمى پەخشكرد و ناوبراو رایگەیاند ئەوان لەگەڵ دەستوورن و داواكانى ئەوان جێبەجێ كراوە وەك ئیسلامییەكان ئیتر كێشەیان نییە، خەڵكى عەلمانى زۆر تووڕە كردو بەشێوەیەك كە زۆر خەڵكى پەشیمان كردەوە لەپشتیوانیى لیستى چاكسازیى.
7 -سەركردایەتییەكى شل وشێواو سەرچاوەى ئەو گرفتانە بوون كە لەسەروە باسمان كردن. ئەگەر سەیرێكى تێپەڕاندنى دەستوور بكەین دەبینین چۆن كڵاو كرایە سەر ئیسلامییەكان، پێویستبوو سەركردایەتى ئەو دوو حزبە ئەو راستییە بزان كە چەندین دەق و ماددەى ئەو دەستوورە ناتەبایە لەگەڵ دەستوورى هەمیشەیى عێراق. خۆ ئەگەر لەراپرسیشدا پەسەند بكرێت لەبەر ناكۆكبوونى لەگەڵ دەستوورى هەمیشەیى عێراق، ئۆتۆماتیكى ئەو دەستوورە هەڵدەوشێنرێتەوە لەلایەن دادگاى دەستورییەوە، بەڵام ئیسلامییەكان لەوە تێنەگەیشتن و لەو كاتەدا چەندین هەڵەیان بەسەردا تێپەڕى كە بەم رۆژەى گەیاندن.
8-لاوازیى راگەیاندنى یەكگرتوو وكومەڵ لەماوەى چوار ساڵى رابردوودا، هۆیەكى گرنگى شكستى ئیسلامییەكانە، ئەگەر كەناڵى پەیامی ئاسمانى لێ دەربكەین كە ماوەیەكى كەمە پەخشى خۆى دەستپێكردووەو زمانحاڵی كۆمەڵى ئیسلامییە كەتاڕاددەیەك كەناڵێكى سەركەوتووترە بەڕێژەیەكى باش، لەچاو كەناڵەكانی ترى ئەو دوو حزبە. جگە لەو كەناڵە تێكڕاى راگەیاندنى ئەو دوو حزبە بەنوسراو و بەبینراو و بەخوێنراوەوە زۆر لاوازبوو، تەنیا بۆ ئیسلامییەكان خۆیان پەخش دەكرێت، ئەم كەناڵانە ئەوەندەى خەریكن بەبڕوانامەى لاوازى دینى هێندە نایەنە سەر كێشەو گرفتەكانى خەڵك. ئەگەر كاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكان بەنموونە وەربگرین دەمانبینى كەناڵى KNN كەسەر بەكۆمپانیاى وشەیە دەچێت دیمانە لەگەڵ ئەو خێزانانە دەكات كە سەر بەحزبە ئیسلامییەكانن وكەسێكى خانەوادەكەیان لەلایەن پاڤێلى كوڕى تاڵەبانى یان دەزگا نهێنییەكانى ئەو حزبەوە بێسەرو شوێنكراوە ئەو بابەتە هەستیارە دەوروژێنن و دەیكەنە خاڵى لاوازى دەسەڵات. بەڵام لیستى خزمەتگوزاریى و چاكسازیى بەدەیان كەناڵى راگەیاندن نەیانتوانی سەرنجى دەنگدەر بەلاى خۆیاندا رابكێشن سەركەوتوش نەبوون لەدەستنیشانكردنى خاڵە لاوازەكانى لیستى كوردستانى.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست