هەزار جار دەستى پارتى و بارزانى خۆش بێت كەكوڕى مام غەفەیان كوشت !!
Tuesday, 26/07/2011, 12:00
((هەزار جار دەستى پارتى خۆش بێت كەخەڵكى سلێمانى كوشت ، من بام بەو تفەنگە ئەمریكیە هەموویانم دەكوشت ، بەبەڵگە دەیسەلمێنم عەلى باپیر پیاوى ئێرانە ، سەلاحەدین باوەدین هەر ناناسم و نەوشیروانیش پیاوكوژە و بەسەدان ژن و منداڵى كوشتوە و ..... هتد .)) ئەمە لەگەڵ كۆمەڵێك قسەى هیچ و پووچى تر لێدوانى پیاوێكى بەساڵاچووى دەروون نەخۆشە كەتەمەنى نزیكەى هەشت ساڵە و نەخوێندەوارە و پلەى سەربازى لیوایە و ناوى مامە غەفەیە و تائێستا خانەنشین نەكراوە و لەدوا كۆنگرەى یەكێتى خۆى هەڵبژارد و لەكۆى 1600 بەژداربووى كۆنگرە تەنها سەد دەنگێكى هێنا .
دوایى ئەوەى پارتى لە 31 ى ئاب ڕاوى نا هاوشانى سەدان نمەك بەحەرام و سپڵەى تر لەسلێمانى گیرسایەوە ئێستاش ئەوەندە سپڵە و بێ وەفایە ئەوەندە كەسایەتیەكى لاوازە هاتووە لەدیمانەیەكدا لەگۆڤارى ڕێگادەستخۆشى لەپارتى دەكات كە لەڕۆژى 17 شوبات و ڕۆژانى دوایى گەنج و لاوى گیرفان بەتاڵى خێرلەخۆنەدیوى سلێمانیان كوشت و برینداركرد ، بەڕێزان لێدوانى ئەم پیاوە دەروون نەخۆشە هاوتایە لەگەڵ لێدوانەكانى مەحمود سەنگاوى و شێخ جەعفەر و باقى جەلادانى ترى یەكێتى ، كەبەداخەوە بەهەمان عەقڵ و بیركردنەوەى شەڕى ناوخۆ ئاوات بەكوشتن و قەتڵ و عامەوە دەخوازن و دەستخۆشى لەپارتى دەكەن كەگەنج و منداڵى بێ دەسەڵاتى داماوى كوشتووە ئائەمە ئەداو كارى بەرپرسانى ئەو حزبەیە كەناوى یەكێتیە و ئەندامى ڕێكخراوێكى نێودەوڵەتیە بەناوى سۆشیال دیموكرات ، ئەگەر ئەم زرووف و سەردەمە و دزینى بوجە و داهاتى ئەم میللتە بەدەست دووبنەماڵەى مافیاوە نەبوایە و نەیان كردایە بەزارى ئەم جەلادانەوە دەبوو ئێستا جەنابى مامە غەفە هاوشانى شێخ جەعفەر پاسەوانى باخچەى ئاژەڵان یان لەبەردەركى پیرۆزى سەراو مزگەوتى گەورەى سلێمانى و خانەقاى كاكە ئەحمەدى شێخ سواڵیان بكردایە ، كەچى لەسایەیى دەسەڵاتى حزب و بنەماڵەوە سەد و هەشتا پلە پێچەوانەوە ئەم نەخوێندەوارانە دەبن بەڕاوێژكارى یەكێتى و بەدەمڕاستى سەربازى جەلال تاڵەبانى !!
من لەشوێنى مامەغەفە و هەموو بەرپرسە نمەك بەحەرامەكانى ترى یەكێتى بوومایە كەخەڵكى ئەم شارەنین دەمێك بوو ئەم شارەم هەرجێ دەهێشت و دەڕۆیشتم ، كەئەوەندە دڕەندە بن و ئەوەندە بێزاربن لەم شارە چۆن لەسێبەر و خاكەكەى ئاسوودە دەبن و سەر شۆڕانە دادەنیشن ؟ چونكە هەرگیزاو هەرگیز سلێمانى شوێنى ئینسانى نامەرد و سپڵە و بێ وەفاى تیانابێتەوە ، ئەوە ئێوەن غیرەت و ئەخلاقتان نیە و نامرن و نابن بەقەترەیەك ئاوو بەخاكەكەیدا ناچنە خوارەوەوە .
من هەر لێرەوە بەمامە غەفەى دەروون نەخۆش و هەموو ئەو بەرپرسانەى ترى یەكێتى دەڵێم كەخاوەنى فایلى بەعس و گەندەڵین و لێرە لەسلێمانى زمانیان نۆ مەتر درێژە و لەدێگەڵە و سنوورى پارتیش میز دەكەن بەخۆیانا دەڵێم بۆ غیرەت نادەنە بەرخۆتان و هەر هیچ نەبێت لەدیمانەیەكدا بڵێن پارتى بۆ لە 31 ئاب ئەو هەموو موڵك و ماڵە و سەیارەیەت داگیركردو نامان دەیتەوە و ئێستاش حسابى پەلەوەرێكمان بۆ ناكەیت ؟ ئێوە زات دەكەن ئێستاش بەئارەزووى خۆتان لەناو هەولێر پیاسەیەك بكەن ؟ ئەى خێرە لێرە ئەوەندە زمانتان درێژە بەڕشتنى خوێنى گەنجى ئەم شارە خۆشحاڵن ، ئەگەر ئەوەندە بێ منەت و ئازا و سنگ دەرپەڕێنن و ئەوەندە لەخەمى پارتى و بارزانى دان چیتان داوە لەم شارە بۆ ناڕۆنەوە باوەشى پارتى و بارزانى من لەشوێنى ئێوە بوومایە قەت قەت جارێكى تر ڕووم نەدەكردەوە سلێمانى سەرى خۆم هەڵدەگرت و بەرەو بلە و بارزان دەڕۆیشتم ، دووبارە ڕوودەكەمە مامە غەفەى قارەمانى شەڕى ناوخۆ دەڵێم ئەگەر زەڕەیەك خاوەنى شەهامەت و ئەخلاق بوویتایە ، ئەگەر تۆسقاڵًێك هەست و شعوورى مرۆڤانەت هەبووایە دەستخۆشیت لەپارتى نەدەكرد كەخەڵكى سلێمانى كوشتووە ، چونكە تۆ كوڕێكت بەدەستى ئەو حزبە مافیایە و بەدەستى بنەماڵەى خۆفرۆشى كوردفرۆشى بارزانى كوژراوە جگە لەدەیان سەركردە و پێشمەرگە و كادیرى هاوڕێت و دۆست و خزمى نزیكت ، ئەگەر وابێت دەبێ جەنابیشت ئەوەت قبوڵ بێ دوایى ئەو دەستخۆشیەیى لەپارتى كردووتە كەخەڵكى سلێمانى كوشتووە كەسوكار و هاورێ و خۆشەویستانى ئەم پۆلە شەهیدانەى ڕێگاى ئازادى بێن و پێًت بڵێن ((هەزار جار دەستى پارتى و بارزانى خۆش بێت كەكوڕى مامە غەفەی كوشت !!)) یان پارە و دۆلارەكانى جەلال تاڵەبانى بەر چاوى گرتوویى ؟ بۆیە پێدەچێت دەمێك بێ حاشات لەخوێنى كوڕەكە و جەرگى خۆت كردبێ بەم لێدوانە ڕووى خۆت و حزبەكەشت زیاتر بۆ هەموو لایەك دەرخست كەبایى چەندن و تاكوێش عەقڵتان بۆئەم ڕووداو و كارەساتانە بڕدەكا ؟ .
((بەڕێزان ناونیشانى نووسینەكە دەربڕى ناخم نیە ئەوەندە نەفس نزم نیم بێم لەم مینبەرە پیرۆزەوە دەستخۆشى لەبنەماڵەیەكى ناپاكى خۆفرۆشى كوردفرۆش بكەم كەكوڕى ئەو پیاوە سپڵەیان شەهید كردوە ، ئەمە ڕەد فعلە بۆ خودى لێدوانەكەى غەفە مەبەستم ئەوەیە دەبێ تاچەند قبوڵى بێ كەسێك بێ ئەمە بەجەنابیان بڵێ ؟)) .
((دوایى بڵاوبوونەوەى ئەم دیمانەیەیى مام غەفە یەكێتى كەوتە بەرنەفرەتى سەدان ئەندام و كادیرى خۆیان بۆیە ڕۆژنامە ڕووڕەشەكەى كوردستانى نوێ ڕوونكردنەوەیەكیان بۆ نووسیوە و دەڵێن غەفە شتى واى نەگووتووە ، لەڕوونكردنەوەیەكیشدا گۆڤارى ڕێگا ئەمەی ڕەتكردەوە و دەڵێن بەتۆمارى دەنگ لامانە و وابڕوا لەیوتوب بڵاوى دەكەینەوە)) .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست