کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ساماڵ پۆست، دواى وەرچەرخان بۆ هەڵچەرخان

Thursday, 24/06/2010, 12:00


هەموو كەس دەزانێت لە دواى تیرۆركردنى سەردەشت عوسمانەوە كوردستان وەرچەرخانێكى گەورەى بە خۆوە دى و بۆ یەكەم جار خەڵك لە سلێمانى و هەولێردا هاتنە سەر شەقام و یەك خەمیان پێبوو. بەڵام بە داخەوە هەندێك كەس كە زۆر زۆرن هیچ مێشێكیش نە بووە میوانیان وە هەندێكیش لەم وەرچەرخانە مەدەنیەدا هەنگاوى نەناو بگرە پاشەكشەشى كرد وەك گۆڤارى ساماڵ پۆست.
گۆڤارى ساماڵ پۆست تاكە گۆڤارێك بوو لە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى پارتیدا (هەولێر)، ئەیەویست بە زمانێكى جیاوازترو بە ئاڕاستەى جوداتر لە هەموو ڕۆژنامەو گۆڤارە سێبەرەكانى حیزب كاربكات. لێ لە دواى تیرۆركردنى سەردەشت عوسمان ئەم گۆڤارە بەڕێزە ڕاڕەوەكەى بە تەواوى بە 180 پێچەوانە بووەوە. ئەگەر چى ئەبوایە ئەم كردە نامرۆڤانەیە گوڕوتینى پێبدانایە لە پێناو ئازادى و مرۆڤایەتى. شانازى ئەو گەنجە لە خۆ بوردوو نەترسەیان بكردایە بە سەنگەرى كاركردنى خۆیان كە چەند ژمارەیەك كارى تێدا كردووە. بەڵام بە داخەوە لە ژمارەى كۆتاییدا (ژ-7) ناتوانن بە ڕۆژنامەنوسیش ناوى ببەن. بۆ ڕوونكردنەوەى زیاترو دیارى كردنى ئامانج لە سەر چەند شتێك ڕادەوەستم بە تایبەتى جیاوازى ژمارە 7و ژمارەكانى پیشتر، یان بڵێم پێش و پاش شەهیدكردنى سەردەشت عوسمان.
1- زمان لە ژمارەى كۆتاییدا: لەم ژمارەدا زمانێكى فریشتەییانە كاردەكات، بەداخەوە بە زمانى ڕادەربرینى تر (ڕۆژنامە ئەهلییەكان) بە ڕادەربڕینێكى فەوزەوى و ئاژاوەچییان ناودەبات. لە ژمارە (7)ى گۆڤارەكەدا پێنج بابەت لەسەر شەهیدكردنى (سەردەشت عوسمان) نوسراوە. لە هەر پێنج بابەتەكەدا بە ڕوونى ئاڕاستەى پاكانەكردن و خۆپاككردنەوە بۆ ەسەڵات و لە هەمانكاتدا پاككردنەوەى پارتى لەو پیسى و پۆخڵاواتەى كە پێوەى دراو لەڕێگاى ڕاگەیاندنەكان ئەیەوێت خۆى پاككاتەوە.ئەم پێنج بابەتە سیانیان لەلایەن دوو كەسەوە نوسراوە بە ناوەكانى (محمد عبداللە كلارى و پشكۆ جبارى) ئەم دوو كەسە بە جۆرێك ڕاپۆرتەكانیان داڕێژاوە لە ڕووى زمانەوە، وەك ئەوەیە كە ئەوان لە هەسارەیەكى تر بژین و خەڵك لە هەسارەیەكى تر. زمانێكى نەرم و هەندێك جار ڕەق لە بەرامبەر گۆڕان و میدیاى ئەهلى، گاڵتەیان بەو خەڵكەو میدیاى ئەهلى دێت كە ئەم ڕووداوەیان داوەتە پاڵ پارتى (بە قسەى ئەوان) بۆیە دەبوایە چاوەڕێ بكرێت تا لێكۆڵینەوەكان تەواو دەبن. هەركەسێك سەیرێكى ژمارەكانى پێشووى ئەم گۆڤارە بكات زۆر بە ئاشكرا بۆى دەردەكەوێت دەیەوێت جێ پێى ئەو میدیا ئازادە هەڵگرێت كە لە ساڵى 2001ەوە لە سلێمانى سەرى هەڵداوە. چونكە لە هەندێك جێگادا زۆر بوێرانە ڕەخنەیان لە دەسەڵات گرتووەو لە ناویشیاندا پارتى لەوانە كە ئەكرێت ئاماژە بكەین بە:
لە (ژ 1)دا (نێچیرڤان بارزانى پارتى لە مۆمیا ڕزگار دەكات)، (لە ژێر باڵى فازیل میرانیدا مافى بازرگانێك دەخورێت). لە (ژ2)دا (پارتى و یەكێتى خەڵك بێزار دەكەن)، لە(ژ3)دا (ساماڵ پۆست نهێنى شەڕى براكوژى بڵاو دەكاتەوە)، لە (ژ5)دا (مەسئولێكى لقى 24 نهێنى لقەكەى هەڕاج دەكات)، كە لە (ژ6)دا ڕوونكردنەوە دەدات كە لەسەر ئەوە هەڕەشەیان لێكراوە، (غەفور مەخمورى: پاراستن و زانیارى لەسەر كەسایەتى حیزبەكان كاردەكەن)، (ڕزگار كۆچەر، لەبەر منداڵە جاش و بەعسیەكان لەناو پارتى جێگەمان نابێتەوە)، لە (ژ6)دا (شەقڵاوە شارى فیرعەونەكان). هەموو ئەمانە دەریدەخەن كە ئەم گۆڤارە و ئەم ستافە بە زمان و ئاڕاستەیەكى تر كاریانكردووە، بەڵام لە (ژمارە7)دا تەنانەت یەك ڕەخنە نابینرێت كە لە پارتى گیرابێت، تەنها لە یەك جێگادا ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت كە یەكێتى قوتابیان كارێكى سلبیان كردووە ویستویانە خۆیان بكەن بە خاوەنى مەسەلەكە (مەبەست لە خۆپیشاندانەكانى كاتى ونكردن و تیرۆركردنى شەهید سەردەشتە)، لەگەڵ چەند ڕەخنەیەكیش لە كەمتەرخەمى دەزگا ئەمنیەكان.
مرۆڤ كاتێ ڕێى دەكەوێتە بیابان سەرابى لێ دەبێت بە ئاو و هەر شوێنی دەكەوێت ڕەنگە ئەم گەنجە ئازیزانەى ساماڵ پۆستیش وایان زانیبێت ئەوەى هەفتەنامەى ڕووداو بڵاوى دەكاتەوە شوێنكەوتى ئازادى بێت نەیان زانیوە ئەوە سەرابى ئازادییە.
2- هەڕەشەكردن لە ستافى گۆڤار: لە (ژ7) لە لاپەڕە (3)دا لە هەواڵێكدا دەلێت: "كە لەدواى دەرچوونى چەند ژمارەیەكى ساماڵ پۆستەوە چەند كەس و لایەنێك هەڕەشەیان لێمان كردوەو بەم بۆنەوە خاوەن ئیمتیاز دەستى لە كاركێشاوەتەوە ئەگەر چى بە ویستى خۆیشى بووە(!). هەروەها هەڕەشە لە سەرنوسەرو جێگرى سەرنوسەر كراوە، هەروەها چەند كەسێكى نەناسراوەوە هەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵ سەرنوسەرو هەڕەشەى كوشتنیان لێكردووە ئەگەر دەست لە پۆستەكەى نەكێشێتەوە"پاشان ئەگەر بەراوردى لاپەڕەى یەكەم (ژ7) بكەین و لەگەڵ (ژ 6) هەمان لاپەڕە، سەیردەكەین جێگرى سەرنوسەر نەماوەو دیزاینەریش گۆڕاوە. ئەگەر سەیر بكەین دەبینین تەنها سەرنوسەر بەیەك باڵەیى ماوەتەوە. دەتوانین بڵێین ئەم گۆڤارە توشى ئەزمەیەكى تەواو كراوە. ئالێرەدا حەقمانە بپرسین ئاخۆ سەندیكاى ڕۆژنامەنوسان ئیشیان چییە؟ وا ئاوا دەكرێت لە ڕەعیەتەكەى؟؟ مەگەر لێیان بەرپرس نییە؟
3- دوایین نوسینى سەردەشت عوسمان:لە لاپەڕە (2)ى كۆتا ژمارەدا (7) لە هەواڵێكدا دەڵێت: "بەر لە شەهید بوونى هاوكارمان سەردەشت عوسمان دوایەمین نوسینى خۆى بۆ گۆڤارەكەمان ناردبوو بەمەبەستى بڵاوكردنەوەى، لە نوسینەكەیدا ئاماژە بە چەند لایەنێك و كەسایەتیەك دەكات بە تایبەتى ئەو لایەن و كەسایەتیانەى كە دواى تیرۆركردنى بوونە بەشێك لە نانەوەى ئاژاوەو خۆ بەخاوەن زانى سەردەشت عوسمان".هەروەها هاتووە "بەڵام ئەوان بۆ ئەوەى خۆیانى پێهەلنەكێشن و مزایەدە بە خوێنى شەهیدەوە نەكەن بڵاویان نەكردۆتەوە بەڵكو داویانە بە سەرچاوە ئەمنیەكان تاكو ببێتە سەرچاوەى زانیارى." بە ڕوونى دیارە لێرەدا مەبەستى گۆڕانە. باشە با بپرسین ئەگەر مەبەستتان گۆڕانە هەر یەكەم شەو ڕووداوەكە كە سەرنوسەرى بەڕێز تەلەفۆنى كرد بۆ كەناڵىKNN بۆ ئەمەى نەدا بە ڕووى ڕاى گشتیدا. یان ئەگەر سەرچاوە زانیارییەكەى بەلاوە گرنگە تەنها بۆ وەك ئەم كورتە هەواڵەى كۆتا ژمارە باسى نەكرد.ئاخر ئەمەش دەكرێت بڵێین لە سیناریۆكانى هەفتەنامەى ڕووداو و ڕووبەرو ڕاگەیاندنى لیژنەى لێكۆڵینەوە بێت. چونكە بە ڕوونى دیارە كە سێ بابەتى ئەم گۆڤارە بۆ دوو كەس كە بەتەواوى بەو زمانە پڕ لە ڕییاكارییەوە ئاڕاستەى گۆڤارەكەیان گۆڕیوە لەگەڵ بابەتى (شەهیدكردنى سەردەشت عوسمان لە پرۆژەى سیاسیدا) (لا 6و7) كە هەر لەزمانى ئەوان دەچێت. حەقى خۆمانە بپرسین ئایا ئەمانە لەلاى دەسەڵاتەوە نەهاتوون دزەیان نەكردووە كە بەمەجبوریش ئەبێ ئەو بابەتانە دابەزێنرێت؟.
4- دوو قسەى دژ بە یەك: لە (لا33)ى (ژ7)دا لە ژێر ناونیشانى (مەرگى سەردەشت لە نێوان هەڵوێستێكى ئینسانى و گەمەیەكى سیاسیدا) نوسینى (پشكۆ جەبارى) ئاماژە بەوە دەكات كە "ڕۆژى سێ شەممە ڕێكەوتى 4/5/2010 لە نێوان دەمژمێر 8.00-8.30خولەكى سەر لە بەیانى لە نێوان كۆلیژى ئەدەبیات و پەیمانگاى هونەرە جوانەكان لەلایەن دەستەو تاقمێكى نەناسراوەوە قوتابیەك بە ناوى (سەردەشت عوسمان حەسەن) دەڕفێنرێت لە كاتى هاتنى بۆ دەوامى زانكۆ لە ناكاوا ئۆتۆمبیلێك دێتە بەردەمى و چەند كەسێك لێى دادەبەزن و ڕاستەوخۆ هێرش دەكەنە سەرى و پاش لێدانى فیزیكى و ئیهانە كردنى دەیگرن و فڕێى دەددەنە ناو ئۆتۆمبیلەكەوەو دەیڕفێنن بۆ شوێنێكى نادیار." لە هەمان ژمارەو لە (لاپەڕە 24و25)دا بە ناونیشانى (كوشتنى سەردەشت عوسمان ئامراز بوو یان ئامانج) ڕاپۆرتى شیكارى (محەمەد عبداللە كلارى) لە (لا25)دا دەنوسێت: "هەروەك لە ڕاگەیەندراوى لیژنەى لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە ئاماژەى پێدراوە (بە پێى وتەى شایەتحاڵەكان ئەوانەى سەردەشتیان بردووە سێ كەس بوونە كە جلى مەدەنیان لە بەردابووە چەكیان پێنەبینراوەو تاوانلێكراویان سوارى ئۆتۆمبیل كردووە كە لە جۆرى مینى پاس ڕەنگ سپى بووە) (پاشان نوسەر دێتە قسە)، لەو كاتەى ڕووداوەكە ڕوویداوە ئەو شەقامەى بەردەم كۆلیژى ئەدەبیات زۆر قەرەباڵغەو دوو ترافیك لایتیش لەمبەرو ئەوبەرییەوە هەیە ئەى چۆن لە نێو ئەو جەنجاڵییەى ئۆتۆمبیلدا سەردەشت هەوڵى نەدا داواى فریاكەوتن بكات؟! كەواتە لێرەدا گومانمان بۆ دروست دەبێت كە سەردەشت بكوژەكانى خۆى ناسیبێت و پێش ڕووداوەكە پەیوەندى تەلیفۆنى لە نێوانیاندا هەبوو بێت"
لێرەدا دەبینین لەسەر ڕفاندنەكەى ئایا لێیدراوە یان نا. پاشان سوارى ئۆتۆمبیل كراوە نوسەرانى ئەم دوو بابەتە بە دوو جۆر باسى دەكەن لە یەك ژمارەو یەك گۆڤاردا، ئایا دەبێ حیكمەت لەمەیاندا چى بێـت؟. بەڕێزى دەیەوێت سەردەشت هاوارى بكردایە وا دەزانێ قەرەج و جەردەو ناكردەیەك فڕاندویانە تا بوارى هاوار كردنى بدەن. بەڕێزى نازانێ هەموو ئامادە باشیەك دەكەن و ئەوانە زۆرباش ڕاهێنراون، بەجۆرێك كە مرۆڤى ئاسایى هەر بیریشى لێناكاتەوە.
5- سەرنوسەر، كاپتنێكى تەنها: سەرنوسەر ڕەنگە ئێستا ئیتر حەزنەكات بەو ناوە ناوى ببەن، بەڕاستى منیش لەبەر ماندویى و بریندارى ئەو ناوى نابەم. چونكە لە دنیادا لەوە ناخۆشتر نیە كە خاوەنى خەون و پرۆژەیەك بیت و لەناكاوا هەوسارەكەت لە دەست َبستێنن. هەروەك كاپتنى كەشتیەك لە دەریادا بێگانە بێنە ناو كەشتیەكەى و ئاڕاستەى كەشتیەكەى بە هەوەسى خۆیان بكەن. ئەم سەرنوسەرەش (كە زۆر ڕێزو حورمەتم هەیە بۆى بۆیە ڕەخنەى لێدەگرم) هەستەكەم هەمان كارەساتى بەسەر هاتبێ. ئێستا مەگەر ئەوانەى كە خەڵكانێك دێن و دەست دەگرن بەسەر پرۆژەكەنیا بتوانى تامى ئەو ئازارە بكات. كەشتیەكە دەڕوات بەڵام بۆ ئەو كەنارە نە، كە تۆ دەتەوێت.
6- دەرەنجام: لێرەدا وەك دەرەنجامێك دەمەوێ بە دوو خاڵ كۆتاى پێبێنم و بڵێم: پارتى وەك چۆن هەموودنیا گومانى لێیەتى منیش گومانى لێدەكەم لە تیرۆركردنى (سەردەشت)دا چونكە زۆر پاڵەوانە یەكێك بیەوێت ئاوا بكات لە ژێر دەستى پارتی و دەزگاكانیدا بێجگە لە خۆى.بۆیە من پێموایە پارتى بەم كارەى دوو پەیامى بەخشى:
1- لە ڕێگاى تیرۆركردنى سەردەشتەوە كە سوكایەتى كردووە بە بنەماڵە لە ڕیگاى ڕەخنە قورسەكانى لە بنەماڵەچێتى و پارتى (لاى عەشرەتەكان لە كوردستاندا تا ئێستا ئەو جۆرە ڕەخنانە سوكایەتیە) توانیان هەم سەردەشت بێدەنگ بكەن و هەم گۆڤارەكەش كە تا چەند ساڵى تر مەحاڵە شتى وەها لە هەولێردا دروست ببێتەوە، چونكە ئەو گۆڤارە دەیەویست گومان لاى خەڵك دروست بكات كە پارتى فریشتە نییە. ڕەنگە هەندێك بڵێن خۆ لڤین و هاوڵاتى و ئاوێنەش دەچنە هەولێرەوەو ڕەخنەى زۆریشى تیایە لە پارتى؟ بەڵام ئەمانە دەمێكە لاى خەڵكى كوردستان وا وێنە كراون كە ناحەزى پارتى و ڕێبازى بارزانین.
2- لەكاتى بە دەنگ هاتنى ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتى گۆڕان پارتى بۆى دەركەوت ئەتوانێت لە جیاتى یەك پەیام دوو پەیام ئاڕاستە بكات تاكو بەو پەیامەى لایەنێكى خاوەن نفوسى گەورەش (گۆڕان) بێدەنگ بكات لەو پەیامەیدا دەڵێ: هیچ كەس ناتوانێت وێنەى ناشیرینمان ناشیرینكات بۆیە بە ڕوونى دیارە وەك لەو خاڵانەى ئاماژەم پێداوە بەتایبەتى (خاڵى 3 دوایەمین نوسینى سەردەشت عوسمان) كە دیارە پارتى كێى تاوانبار كرد بە مزایەدە چى دەیەوێت كوشتنەكەش بخاتە ملى ئەو مزایەدەچیە كە گۆڕانە ئیدى چ سیناریۆیەك لە ئارادایە ئەوە ئیشى گۆڕانە ئاشكراى بكات و بكەوێتە خۆى.
13/6/2010
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە