پاڵەوانەكان لە ژێر كەوانەى سەركەوتندا تێناپەڕن
Saturday, 16/03/2013, 12:00
وهرگێڕانی لە عەرەبیەوە: (یاسین لەتیف)
لە كتێبخانەكەى خۆمدا دانیشتووم و لاپەڕەكانى ڕۆمانە نوێكەم لە بەرانبەرمدایە ، بەرەبەیان لە پاش یەك كات ژمێر بە توندى و بە پێ ڕێكردن هەست بە چالاكى دەكەم . نیو كات ژمێر مەلە كردن لە ئاوێكى قوڵى سارد و دواجار چاییەكى گەرم بە شێنەیى دەخۆمەوە لە گەڵ قرتاندنى لە سەرخۆی نانێكى بچكۆلەى دەرەوەى فڕن . بە شادیەكى سەر چاوە نادیارەوە پێشوازى لە ڕۆژێكى نوێ دەكەم . وەكو ئەوەى خەو شۆرد بێتمى و عەقڵم گەورە دەكات، بیر كردنەوەم ڕوون دەبێت و بەرز دەبێتەوە وەكو لاپەڕەیەكى تەنك . لەو دیدەوە قۆناغەكانى تەمەن و ژیانمى تێدا دەبینم ، جوڵە دەخاتە نێو كەسایەتیەكانى ڕۆمانەكەم. بە نووسین دەیانگێڕمەوە، ڕوخساریان دەگەڕێتەوە و بەردەوام دەبن لە لاپەڕەكاندا، چاوەكانیان لە ڕستەیەكەوە بۆ ڕستەیەكى دیكە ئاراستەم دەكەن . گەنجێكى ڕۆژنامە نووس پرسیارى نهێنى بەختەوەرى ژیانم لێدەكات، پێى دەڵێم نووسین و خوێندنەوە . مەبەستم نووسینى ڕۆمانە نەك نووسینێكى تر، خوێندنەوەى ئەدەبى داهێنان نەك خوێندنەوەیەكى دیكە، ئەوەش چركە ساتى دەرەوەى گەردوونە ، چركە ساتى داهێنانە ، خانە تاریكەكانى بیركردنەوەو عەقڵ ڕۆشن دەكاتەوە . شاخى ترس هەرەس دێنێت و گرێى زمان دەكرێتەوە ، بێدەنگ و بێدەنگ كراو قسەى لە سەر دەكات ، قسە نەكەریش قسە دەكات وەكو ئەوەى سەر لە نوێ لە دایك بوبێتەوە . بەختەوەرى منداڵیم دادەپۆشێت ستەمكار ، بەختەوەرى خۆشەویستى و جنس و راستگۆیى و خواردن و وەرزش و خەوتنى قووڵ لە شەوەكانى زستاندا بەرز دەبێتەوە . منداڵى دەگەڕێتەوەو دەدات لە شەقەى باڵ و دەفڕێت ، دڵى تەپە تەپ دەكات وەكو یەكەم خۆشەویستى ، ڕەنگە لە پێناوى چێژى داهێنان جوانى دنیاو ئاخیرەت بكرێتە قوربانى ، چێژى داهێنان هەموو ناڕەحەتى و شادیەكان دادەپۆشێت و هیچ نامێنێتەوە تەنها شادیەك نەبێت . چاو دەخەمە سەر لاپەڕەكانم و تواناى خۆیشمە ، وشەكان و كەسایەتیەكانى ڕۆمانەكەم دەخوڵقێنێت . نوسینى داهێنان بریتیە لە ژیانم ، هەست بە دەوڵمەندیەكى تەواو دەكەم لە هەموو شتەكانى دیكەى وەكو خزمان و هاوڕێیان و سامان و ناو بانگ و پۆست . دەست پێكردنى ڕكەبەرایەتى لە سەر كورسى پەرلەمان وەكو ململانێى كەڵەشێرەكانە بۆ لانەى بەچكەكان . دەسەڵاتى سەرۆكى ئەمریكاو سندوقى نەختێنەى نێو دەوڵەتى و جائیزەى نۆبڵ پراوێزگەلێكن دەكەونە خوارەوەى لاپەڕەوە . مانەوەم لە ڕۆمانەكەدا مەلە كردنە لە دەریایەكى فێنكدا ، لە خوێندنەوەى ڕۆژنامە دەوەستم ، هەست دەكەم سیاسەت ئەدەب و داهێنان لە ناو دەبات ، دیسان خەیاڵ و عەقڵ و بیركردنەوە و شۆڕشیش . هەست دەكەم شۆڕش پەیوەندى بە سیاسەتەوە نییە ، شۆڕش پێچ و پلوچى حزبەكان و ڕێگاى فەزائیەكان نازانێت . پاڵەوانەكانى شۆڕش بەشدارى مامەڵە كردنەكان ناكەن . كێ ئەم دێڕە شعرانەى گوتووە ؟
پاڵەوانەكان بە ژێر كەوانەى سەركەوتندا تێناپەڕن
جەماوەر بە ناوى پاڵەوانەوە هۆتاف ناكێشن
پاڵەوان بە كارەكەى خۆى هەڵدەستێت و خوێن دەچۆڕێت
بە تەنهایى تێدەپەڕێت لە تاریكە شەودا
سوارى كەشتێكەى دەبێت بۆ كنارێكى دیكە
لە دەریادا وون دەبێت
مێژووى شۆڕشەكان تەنها پاڵەوانێكیش تێیدا ڕكەبەرایەتیان نەكردووە بۆ كورسى دەسەڵات و پەرلەمان ، ئەندامانى پەرلەمانەكان تەنها گەلێكیان ڕزگار نەكردووە لە مێژوودا ، تێكڕاى شۆڕشەكان لە دەرەوەى پەرلەمان و لە دەرەوەى حزبەكان و لە دەرەوەى سیاسەت بەرپا بوون . داواكاریەكانى شۆڕش لە سەر دوو وشە چڕ دەبێتەوە ((ڕوخاندنى ڕژێم)) بە حزب و پەرلەمانەكانیانەوە ، هەرگیز پاڵەوانەكانى شۆڕش لە مێژووى كۆن و نوێدا نەچوونەتە سەر دەسەڵات ، پاڵەوانەكانى شۆڕشى 1919 ئەوان پاشاكان ، ئەندامى حزبەكان نەبوون چوونە سەر دەسەڵات و جەماوەریش هۆتافى بۆیان كێشا ، پاڵەوانەكان مردن لە پشت چوار چێوەى ئاسنى شەمەندەفەرەكان یان لە خۆپیشاندانەكان . پاڵەوانەكانى شۆڕشى 1952 هەندێكیان لە شەڕى دژ بە ئنگلیزەكان گوژران ، یان لە گرتووخانەكاندا مردن ، یان لە نێو شاخەكاندا . پاڵەوانەكانى شۆڕشى 2011 هەندێكیان لە شەقام و شارو سەربازگەكاندا مردن ، هەندێكیشیان تا ئێستا لە گرتووخانەكاندا دەژین ، یان لە تاریكیدان لە پاش تەقینى چاویان . لە كتێبخانەكەم دادەنیشم لە پشت لاپەڕەكانى ڕۆمانەكەمدا ، ڕۆژنامە ناخوێنمەوە ، ووتارە لێك چوو و دووبارە بووەكان ، لە نێوان ((نەخێر)) و ((بەڵێ)) دەسوڕێتەوە ، وێنەكە هەمان وێنەیە لە سەر كۆڵەكەكە لە هەموو سەردەمەكاندا . ململانەكان ئەو ململانێیە بۆ كورسى و لیستەكانى هەڵبژاردن ، ڕكەبەرایەتیەكان هەمان ڕكابەرایەتیە بۆ دەسەڵات و سامان لە پاش هەموو شۆڕشێكەوە ؟ . ئەگەر بە مێژوودا بچنەوە بۆتان ئاشكرا دەبێت پاڵوانەكانى شۆڕش ناچنە نێو ئەنجومەنى گەل و شوراوە ، هەرگیز بە ژێر كەوانەى سەركەوتندا تێناپەڕن .
نوال السعداوى ــــ حوارالمتمدن ـــ ژمارە ((3971)) لە 13/ 1 / 2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست