لوبنان، ململانێ، یان شه‌رێکی سارد له ناوچه‌که

Tuesday, 07/12/2010, 12:00





لوبنان بۆه‌ته جێگه‌ی قۆدره‌ت نواندنی ئه‌و وڵاته بچکۆڵانانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و هه‌ر رۆژه یه‌کێک له به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران خۆیان ده‌که‌ن به لوبناندا و له‌وێ له لایه‌ن خه‌ڵکی لوبنانه‌وه زۆر به گه‌رمی پێشوازیان لێده‌کرێت.
ئه‌م هات و چوو کردنه بۆ چیه و لوبنان بۆ چی گرنگیه‌کی تایبه‌تی هه‌یه بۆ ناوچه‌که، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بۆ پێک هێنانی گرێبه‌ستی سیاسی وئابووری چوو بۆ لوبنان و له لایه‌ن به‌شێکی به‌رچاو له هه‌واداری سه‌عد حه‌ریرین پێشوازی لێکرا، لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه به‌وه بکه‌م که دوای لاواز بوونی سعودیه و چوونی سه‌عد حه‌ریری بۆ ئێران بۆشاییه‌کی به‌رچاو له‌م ناوه‌دا ده‌بینرا که تورکیا ده‌یه‌وێ ئه‌م بۆشاییه به شێوه‌یه‌ک پڕ بکاته‌وه ، هاتنی تورکیا بۆ ناو ئه‌م گه‌مه سیاسیه شه‌ڕێکی سارد له ناوچه‌که دروست بووه و بۆ لاواز بوونی ئێران و که‌م کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له ناوچه‌که تورکیا ته‌نیا هێزێکه که ده‌توانێ هه‌نگاوی ئه‌رێنی هه‌ڵبگرێت له‌و بواره‌دا.
پێشوازای کردنی خه‌ڵکی لوبنان له ئه‌ردوغان وه‌ک پێشوازی کردن له سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وره بوو، ده‌یان هه‌زار که‌س له‌و پێشوازیه که زۆربه‌یان له هه‌وادارانی سه‌عد حه‌ریری بوون به‌شداریان کرد و ئه‌مه ئه‌و سناریویه ی که ئه‌حمه‌دی نژاد و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی وا نیشانیان دا که پێشوازای کردنه‌که‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد به ئه‌رێنی بۆ خۆیان وه‌سف کرد و ئه‌و هه‌موو پڕ و پاگه‌نده‌یان له سه‌ر کرد و وایان نیشاندا که به‌ڵێ ئێمه بڕاوه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستین.
به بروای من ئامانجی سه‌فه‌ره‌که‌ی ئه‌ردوغان کورت ماوه نیه وتێروانێنێکی سیاسی درێژ ماوه‌ی له پشته وئه‌م چوونه بۆ ئه‌وه‌یه که تورکیاش هاتوه‌ته ناو گه‌مه‌ی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و له‌مڕۆ به‌ولاوه گه‌مه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست خۆشتر ده‌بێت ، له‌م په‌یوه‌نده‌دا یه‌کێک له‌و شتانه‌ی له سه‌ری رێک که‌وتون و زۆر جێگای باسه ئه‌وه‌یه که ده‌یانه‌ویت بازارێکی گه‌وره له نێوان لوبنان ، سوریه، ئه‌رده‌ن و تورکیا دروست بکه‌ن و به‌شدار نه‌بوونی ئێران له‌م گه‌مه‌دا جێگه‌ی تێڕامانه و ئێستا تورکیا ساڵانه 700 میلیون دوڵار شت هه‌نارده‌ی لوبنان ده‌کات و ئه‌وه له حاڵێکدایه که لوبنان ته‌نیا 100 میلیون دوڵار شت هه‌نارده‌ی تورکیا ده‌کات.
ئه‌گه‌ر چی بازرگانی له نێوان سووریه و تورکیا زۆر خۆشتره و ساڵانه زیاتر له 2 میلیارد دوڵار تێده‌په‌رێت وتورکیا ده‌یه‌ویت به دانانه ئه‌و بازاره پێگه و جێ پێی خۆی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست قایم بکات و بتوانێ جێگه‌ی ئێران به تایبه‌تی له سووریا و لوبنان پڕ بکاته‌وه و خۆی ببێت به یه‌که تازی مه‌یدان وبه بروای من ماوه‌یه‌کی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا گۆرانی جدی به‌سه‌ردا هاتوه.
به بروای پسپۆرانی سیاسی ئێران و عه‌ره‌بستان له ناوچه‌که زۆر لاواز بووه و بۆیه تورکیا ده‌یه‌وێ ئه‌م هه‌له بقۆزێته‌وه و ئه‌و بۆشاییه پڕ بکاته‌وه و هه‌ر وه‌ها ده‌یه‌وێ پێگه‌ی خۆی وه‌ک هێزی ناتو وئه‌ندامێکی موسلمانی ناوچه‌که بپارێزێت و له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستی ڕۆڵی سه‌ره‌کی ببینێت و هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌دایه که ده‌سه‌ڵاتدارانی تورک زوو زوو ده‌چن به گژ ئیسراییلدا و په‌یوه‌ندیه‌کانی خۆیانیان له گه‌ڵ ده‌پچڕێنن بۆ ئه‌وه‌ی له ناو موسلمانانه ناوچه‌که خۆیان خۆشه‌ویست بکه‌ن.
هه‌ر له‌و په‌یوه‌نده‌دا بوو که ئه‌ردوغان له لوبنان ئاماژه‌ی به پرۆوه‌ی دادگاییکردنی قاتلانی ترۆری رفیق حه‌ریری کرد و وتی ئێمه به هیچ هێزێک ئیزن ناده‌ین ئاسایشی لوبنان تێک بدات و ئه‌مه ڕێک هه‌ره‌شه بوو که له حزبا الله‌ی کرد ئه‌و حزبه‌ی که سه‌ر به ئێرانه و کاتی سه‌فه‌ره‌که‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد پێشوازێکی گه‌رم و گۆریان له ئه‌حمه‌دی نژاد کرد .
جا ئێستا ده‌بێ بزانین ئێران چ کاردانه‌وه‌یه‌کی ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و قسانه‌ی ئه‌ردوغان، ئایا شه‌رێکی سارد له ناوچه‌که هه‌ڵده‌گرسێت،یان ئێران له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌کشێته‌وه و که‌مره‌نگ بوونه‌وه‌ ڕۆڵی خۆی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست قه‌بووڵ ده‌کات.
به‌بروای من تورکیا ده‌یه‌وێ به ئارسته کردنی سیاسه‌تی سه‌ر به‌خۆ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست هاوپه‌یمانی زۆر باش بۆ خۆی دروست بکات ، تا بتوانێ له‌و ڕێگه‌وه سیاسه‌ته‌کانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌رێوه به‌رێت ، هه‌ر بۆیه له کۆتایی سه‌فه‌ره‌که‌یدا ئه‌و ڕسته‌یه‌و سه‌دری باوکی وته‌وه که لوبنان سه‌رچاوه‌ی ژیانی هاوبه‌ش و ئاشتیخوازانه‌یه و ده‌بێ به هه‌موو شێوه‌یک ئێمه لوبنان بپارێزین و ئێمه چیمان له ده‌ست بێت بۆ لوبنانی ده‌که‌ین.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە