یەك چەپڵەی قایم بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا !!!؟؟؟

Wednesday, 05/05/2010, 12:00


خوێنەرانی بەڕێز چەند لەبەرواری 2-5- 2010 چاوپێكەوتنێك لەدیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامدرا بەمەبەستی وەرگرتنی كەسێك بۆ پۆستی بەڕێوەبردنی بەشی وەرگێڕان. ڕەنگە تا ئێرە هەواڵە ئاسایی بێت و بەجۆرێك لە جۆرەكان هەمومان دڵخۆش بین بەوەی وەزارەتەكانمان لەسەرەتای "دارا دوو داری دی " بەڕێوەبردندان و لەهەوڵی ئەوەدان ڕۆتیناتی وەرگرتنی فەرمانبەری نوێ نەهێڵن !من خۆم وەك كاندیدێك زۆر خۆش حاڵ بووم بە بەشداری كردنم لەبەر ئەوەی من هەروەك ئەوانەی دەرەوەی وەزارەتەكە تەماشای كارە نوێیەكانی ئەم وەزیرە نوێیەو وەزارەتەكەم دەكرد.
بەڵام چەند ساتێك بەر لەدەستپێكردنی چاوپێكەوتنەكە هەموومان چاوەڕێمان دەكرد لەكاتی خۆیدا دەست پێبكات , لەبەر ئەوەی جەنابی وەزیر هەمیشە جەخت لەسەر چارەسەركردنی ئەو كەمكورتیانە دەكاتەوە كە پێشترو تا ئێستاو لەداهاتوشدا لە وەزارەتەكاندا دەبینرێن و لە هەوڵی ئەوەدایە سیستەمەكانی ئەوروپا و " لەندەن " لە كوردستان جێبەجێ بكات.ئەوەی جێی داخ و سەرسوڕمان و بەینی خۆمان بێـت پێكەنینیش بوو چاوپێكەوتنەكە دوو كاتژمێر دواكەوت!!!.ڕەنگە ئەمەش ئاسایی بێت لەبەر ئەوەی چی بكەین ئەمە گوناهی ئێمەو ئەوانیش نییە لەبەرئەوەی لەكوردستاندا وەك هەمیشە كات هیچ نرخێكی نەبووە تەنانەت بۆ ئەو بەڕێزانی وەزارەتی خوێندنی باڵاش! سەرەڕای ئەو دواكەوتنەش هیچكام لە بەڕیزانی لیژنە هەر هیچ نەبێت داوای لێبوردنیان لە كاندیدەكان نەكرد.
سەرباری هەموو ئەمانەش لەكاتی چوونە ژوورەوە بۆ چاوپێكەوتنەكە لیژنەی بەڕێز تەنها 10 خولەكیان بۆ چاوپێكەوتنەكە دانابوو.ئەمەش زیاتر بۆ دەرخستنی توانای زمانی ئینگلیزی خۆیان و پۆزلێدان بوو كە گوایە ئەمانە تا ماوەیەكی لەمەوبەریش لەدەرەوەی وڵات بوون و ئینگلیزییەكی باش دەزانن.من خۆم چاوەڕێم دەركرد تاقیكردنەوەیەكی 1 بۆ 2 كاتژمێری تێروتەسەلی نوسینمان بكەن چونكە لەڕاستیدا پۆستە زیاتر بۆ وەرگێڕانی نوسین بوو نەك زارەكی. پێویست دواتر كاتێكی زیاتر دابنێن بۆ ئەوەی توانای قسە كردنی كاندیدەكان تاقی بكەنەوە.بەڵام دیار بوو ئەم چاوپێكەوتنە تەنها بۆ ڕازی كردنی جەنابی وەزیر بوو كە گوایە بەڕێگەیەكی دادپەروەرانە كەسی شیاویان بۆ ئەو پۆستە هەڵبژاردووە.
هیوادارم ئەم نوسینەی سەرەوە بەرچاو ڕوونییەك بێت بۆ هەموو ئەوانەی كە بە شێوەیەكی نموونەی و ئادیاڵ تەماشای ئەم وەزارەتە دەكەن و لە داهاتوودا كاریان دەكەوێتە ئەم وەزارەتە, لە هەمان كاتدا بەخۆداچوونەوەیەك بێت بۆ وەزارەتەكە بۆ ئەوەی وا هەست نەكەن ئەوان هەموو شتێكن هەموو شتێك دەزانن و پلان و بەرنامەكانیان بێكەموكوڕین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە